کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەزموون لە نێوان دەسەڵات و خۆپیشاندەراندا.

Sunday, 27/03/2011, 12:00


لە بنچینەدا زۆر حەزبەوە ناکەم لاپەڕە ڕەشەکانى مێژووى ئەم دووحیزبەی دەسەڵاتداری ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان هەڵبدەمەوە، بەڵام كاتێك دەبینم لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا هەندێك زاراوەى ناشرینى وەك ئاژاوەگێڕو گێرەشێوێن و تێكدەردەخرێتە پاڵیان، یان کە بیرلەخراپەکاریەکانی ڕابردووی ئەم دوو حیزبە دەکەمەوە، ناچاردەبم کە، ئەزموونى كوردستان لەگەڵ مێژووى ئەم دووحیزبە و داخوازیەكانى جەماوەرى خۆپیشاندەر بەراورد بكەم بۆئەوەى خەڵكى خۆپیشاندەرو ئەوانەیشى كەسەربە دەسەڵاتن بزانن ئەزموونى كوردستان لەكوێى سیاسەتى ئەواندا مانایەكى هەبووە و هەیە؟
ئەگەر ئەم دووحیزبە ئەوەندە لەخەمى ئەزمووندا بوونایە ئەوا نەدەبوو لەتەواوى مێژووى كورد ساڵێك هەبووایە بەناوى (٦٦و٩٦)، بەدیوەكەی تریشدا ئەگەر سەرانى ئەم دووحیزبە مێژووى خۆیان جارێك خوێندبێتەوە ئەوا نەدەبوو ڕووى ئەوەیان هەبێت باسى ئەزموون بكەن، خۆئەگەریش مەبەستیان لەئەزموون درێژەدانبێت بە گەندەڵی دەسەڵاتی تۆتالیتاری و بنەماڵەی و ناوچەگەری ئەوا بەدڵنیاییەوە لەماناى ئەزموون تێنەگەیشتوون.
با ڕوونتر بدوێین و ڕوو لە هەموو لاێک بکەین و بڵێین ئەزموونی کوردستان بە دەنگی خۆپیشاندەران لەبارنەچووە، بەڵکو ئەزموون هەرئەوڕۆژە لەبارچوو كە یەكێتى وپارتى لەساڵى ١٩٩٢دا ئەنجامی هەڵبژاردنێکیان پەسند کرد کە یەکەمین جار بوو لە تەواوی مێژووی هەڵبژاردندا زاراوەى (فیفتى بەفیفتى) لەسەر دەستی یەکێتی و پارتی هاتە ناو چەمکی هەڵبژاردن.
باشە براکانم، گریمان ئەو هەڵبژاردنە بەهۆى كەم ئەزموونیتان بوو یان بەهەڵە تێگەیشتنتان بوو لەواتاى هەڵبژاردن و سیستمى دیموكراسى، بەڵاَم خۆ ئەوەندەی نەبرد کە كاتێك هەرخۆتان بوون بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک لە مانگی ١٠ی ١٩٩٢دا یەکەم فیشەکی شەڕی براکوژی دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ تان بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان(پە کە کە) تەقاند و هەزاران جەنگاوەری ئەو پارتەتان شەهید کرد و ئەزموونی هەرێمی کوردستانتان لە بنچینەدا لەبار برد ئەوڕۆژە نەک خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ، ئەمە و دواتر یەکێتی بە تەنها کەوتە گیانی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ دووەمجار فیشەکی شەڕی ناوەخۆیان نایەوە بە گیانی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە و لە دواتریشدا هەر خۆتان بوون لەسەر پارەی گومرگی (ابراهیم خەلیل) شەڕی ناوەخۆیان هەڵگیرساند وجاڕی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دا هەرێمی زەردو سەوزتان دامەزراند.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئەرێ ئێوە کە ئەمڕۆ بە خۆپیشاندەران دەڵێن گێرەشێوێن وتێكدەرانى ئەزموون ئەوڕۆژە لە كوێ بوون تاکو ئەزموون بپارێزن؟.
بەڵێ هەڵگیرساندنى شەڕى ناوخۆی چوارساڵە ئەتكێكى گەورە بوو بەم گەلە هەژارەی هەرێمی کوردستان كراو لە کۆتایشدا هەردوو تاوانبار (جلال و مەسعود) ڕایان گەیاند ئێمە بێ تاوانترین کەسی شەڕی ناوەخۆین.! ئەرێ ئێستا پێمان ناڵێن دوای ئەم هەموو شەڕو کوشتنە شتێك ماوەتەوە بەناوى ئەزموون تاکو ئێوە بانگێشەی بۆ بکەن؟،ئاخر پێمان ناڵێن دەست گرتنی ئێران و تورکیا و حکومەتی عێڕاق بۆ هێنانە ناو خاکی کوردستان بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکەنتان شەرمەزارترین شەرمەزاری نیە بە ناوچەوانەوە؟ ئایە ئەمە گەورەترین هەوڵتان نەبوو بۆ لەناوبردنی ئەزموونی کوردستان؟ ئەی چۆن لە ڕووتان دێت بەخۆپیشاندانی ئەمڕۆی کوردستان بڵێن تێکدەری ئەزموون؟
بەڵێ ئێوە لەگەڵ یەكەم فیشەكى شەرى ناوخۆ ئەم ئەزموونەتان تیرۆركرد، کەچی نازانم ئێستا خێرە ئاوا ئەمڕۆ خۆتان کردووە بە پارێزەری ئەزموون؟، ئەی بێ ئەزموونەکانی کورد، ئاخر چوار ساڵ شەرى ناوخۆ، چوار ساڵ براكوژى، چوارساڵ ماڵوێرانى گەل،چوارساڵ سوكایەتى كردن بەخوێنى شەهیدان چ مانایەكى هێشتۆتەوە بۆتان تاکو باسی ئەزموون بکەن؟؟؟
ئێستا هەموومان دەپرسین ئەرێ هۆخەڵكى بە ویژدانى كوردستان خۆتان ببن بە دادوەر، ئایا كامیان ئەزموونى كوردستان لەباردەبەن؟، خیانەتە نەتەوەییەكەى 31ى ئابی ١٩٩٦ ، كە لە مێژووى گەلەکەماندا وێنەى کەمە، كاتێك مەسعودی بە ناو سەرۆکی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بە تانک و تۆپ و سەربازەکانی ڕژێمی(سەدام حوسێن)و(عەلى كیمیا)ی كودەتایان بەسەر ئەزموونى كوردستاندا كردوو بەپشتى دەبابەكانى بەعس هەولێری پایتەختیان داگیر کردو و بینای پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەربازەکانی حکومەتی عێڕاق دەستی بەسەردا گیراو دواتر هەموو بارەگاكانى یەكێتى وحیزبە هاوپەیمانەكانى ئەوساى بەئەندام و لایەنگرانیەوە لەسنوورەكانى هەرێمی كوردستان وەدەرناو ئاڵاى پیرۆزی كوردستان ئەو ئاڵایەی کە گوایە (قازی محمد) بە ئەمانە داویەتی بە (مەستەفاى باوکی مسعود) لەسەر بیناى پەرلەمانى كوردستانیان داگرت وئاڵاى ڕژێمى بەعسیان لەسەر هەڵکرد، یان خۆپیشاندەرانى سەراى ئازادی سلێمانى و شارەکانی تر كە داواى چاكسازى و گۆڕینى سیستمى فەرمانڕەوای دەكەن تاكو ئەم ڕوداوانە دووبارەنەبنەوە جارێکی تر لەسە خەڵکی کوردستان؟
ئەرێ بەڕاست ئەو ڕۆژە سەدام و على كیمیای دڵسۆزبوون و جلال تاڵەبانى وجەماعەتەكەى خیانەتكارو بەكرێگیراوى دووژمن بوون؟، سەیرە هاتنەوەتان بەپشتى دەبابەكانى سەدام بەئەزموون دەزانن وخۆپیشاندانى جەماوەریش بەتێكدەرو دەستى دەرەكى وئاژاوەگێر دەزانن!. دووبارە دەپرسم خەڵكى سەراى ئازادى پاسدارەكانى ئێرانیان هێناوەتە ناوكوردستان یان میتى توركى ودەبابەكانى بەعس؟!
نامەوێت زۆر لەمە زیاتر لەسەر مێژووی ڕەشتان بنووسم چونکە مێژووتان هێندە ڕەشە ئەگەر بخرێتە سەركاغەز ئابڕووى تكاوتان تك تك دەتكێتەوە دووبارە سەدبارە.
ئەرێ بەناوپارێزەرانی ئەمڕۆی ئەزموونی کوردستان لەبیرتان چووە؟ خۆ هێندە لەمێژنیە هێشتا مرەكەبى ئیمزاكەتان وشك نەبۆتەوە كاتێك بەعسیەكانتان لەناو یاساى ڕیشەكێش كردنى بەعس دەرهێنان وبە ئیمزای ئێوە کران بە سەرۆكى پەرلەمانی عێراق، ئەوەش موبادەرەى سەرۆك بارزانى بوو؟، خۆش موبادەرە.
بەڕاست ئەوڕۆژە ئەزموون لەكوێى هاوكێشەكانى سەرۆكەکەتاندا بوو؟ لەبیرتان چوو لە کاتی پێکهێنانى حكومەتى عێراقدا بە سەرۆكى حكومەتتان ووت مادەى 140 بۆخۆتان وهەرچى كورسیش بەر لیستى گۆڕان دەكەوێت بیدەن بە كۆنەبەعسیەكان!. تەنها لەبەرئەوەى جەماعەتى گۆڕان بەتەپڵَى ئێوە هەڵناپەڕن؟ ئەرێ بەڕاست ئێستاش پێتان وانیە كە ساڵَح موتڵەگ و ئوسامە نوجێفى زۆر لە نەوشیروان مستەفا دڵسۆزتروخۆشەویسترن؟. من دەترسم ئەمجارەیان لە31 ئابى ئەمساڵدا تانک و تۆپە كۆنەکانی بەعس بهێنەوە بۆداگیركردنى گردەكەو ئاڵاى كوردستان وگۆڕانى لەسەر گردەکە داگرنو وئاڵا كۆنەكەى سەدام لەسەر گردەکە هەڵَبكەن لەبەرامبەردا ئەمەشدا مادەى 140 لەدەستوردەربهێنن و لەپاداشتى ئەرك كێشانیشیاندا، كەركوكى دڵَتان بكەنە مەدلیاى رێزوو بەبەرۆكى ئوسامە نوجەیفى دا هەڵَبواسن ئەگەر بەوەش ڕازی نەبوو مەدالیاکەی ئیتاڵیاشتان بکەنە دیاری بۆ ساڵح موتڵەگ.
/ بەریتانیا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە