وەڵامێك بۆ سایتی كوردستان پۆست لە نوسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە
Wednesday, 29/08/2012, 12:00
سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆییەی گوایە لەسەر جەنابی كاك كۆسرەت ڕەسوڵ و یەكێك لە كوڕەكانی بڵاوتان كردۆتەوە , پێمان باش بوو ئەم چەند ڕاستیە بخەینە بەر چاوی ئێوە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان , تا چیتر خۆل نەكرێتە چاوی كەسەوە و ڕاستیەكان نەشێوێنرێن .
1- سەرەتا دەمانەوێت زۆر لەوە دڵنیاتان بكەینەوە كە ئەوانەی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا هاتوون نە كاك كۆسرە ت و نە هیچ كام لە كوڕەكانیەتی , دیارە خۆشتان لەو بارەیەوە گومانی خۆتان نەشاردۆتەوە .
2- ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە هیچ كەسێك و لە هیچ فڕۆكە خانەیەكی دونیا بە عێراق و هەرێمی كوردستانیشەوە ناتوانێت لە (10000 $) دە هەزار دۆلار زیاتر بە كاشی لەگەڵ خۆی هەڵبگرێت و بیگوازێتەوە , بەڵام ئێوە باسی چوارسەد هەزار دۆلارتان كردووە .
3- دڵنیاتان ئەكەینەوە كە جەنابی كاك كۆسرەت لە هیچ بانكێكی دونیا لە دەرەوەی ووڵات , هیچ ژمارە حسابیەكی نیە تا لێیەوە بتوانێت بڕ پارەی لەو جۆرە ڕابكێشێت و سەرفی بكات .خۆ ئەگەر ئێوە گومانتان لە ڕاستی ئەم زانیاریەمان هەیە تكایە با ئێمەش لێ ی ئاگاداربین .
4- دوا جار ئەوە مەتەڵێكی قورس نیە كە بزانرێت ئەم جۆرە كارانە كاری سایتێكی ئەلەكترۆنی سادەی وەك كوردستان پۆست نیە بە تەنها , بەڵكو ئەوە مەعلومە كە هاوكاری ئێوە بۆ دروست كردنی بوختانێكی ئاوا گەورە و بێ بنەما دەزگایەكی هەواڵگری گومانلێكراوی خاوەن ئەزموونە لەو مەسەلانەدا .
ئەوەی پێشبینی كراوە ئەوەیە كە ئەم جۆرە كارە قێزەونانەی دەزگا سیخوڕیە بەد ناوەكان , نە یەكەم جارە و نەدوا كاری ناجوامێرانەشیان دەبێت لە بارەیەوە كەلە دژی كەڵە سەركردەیەكی وەك جەنابی كاك كۆسرەت ئەنجام بدرێت ,بەتایبەتیش ڕاستەوخۆ پاش بڵاوبوونەوەی دوا چاوپێكەوتنی بەڕێزیان لە گەڵ ڕۆژنامەی ئاوێنە و خستنە ڕووی ڕاشكاوانەی تەواوی دیدو بۆچونە ڕاست و دروستەكانی لە مەڕ مەسەلە هەستیارەكانی ناو هەرێم و ناوچەكە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست