قهندیل دهکهین به زهلکاو بۆ سوپای پاسداران...
Friday, 29/07/2011, 12:00
KCR کۆردیناسیۆنی کۆمەڵانی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" کەجەرە" بە دەرکردنی لێدوانی سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر باشووری کوردستان ڕایگەیاندووە: ئێمە گەریلا گەنجەکانی کوردستان، قەندیل دەکەینە شوێنی حەماسە بۆ گەلی کورد و زۆنگاوێک بۆ سپای پاسداران.
لێدوانەکەی" کەجەرە" بەو شێوەیە دەست پێدەکات:کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوە ڕووبەڕووی دژوارترین ئاستەنگی سیاسی بووەتەوە و ترسی لەهەر چەشەنە گۆڕانکاریەکە. لە رێکەوتی ١٦ی جولای هێرشی کردە سەر سنوورەکانی باشووری کوردستان. زیاتر لە ١٢ ڕۆژ بەسەر بەرخۆدانی گەریلاکانی هەرەکە لەبەرانبەر ئەو هێرشانە تێپەر بووە. لەو ماوەیەدا، بەرخۆدانی بێ وێنەی گەریلاکانی پەژاک، هێزەکانی سپای پاسدارانی لە قەندیل زەمینگیر کردووە و زەربەی زۆرگرانیان لێکەوتووە.
کەجەرە بەو شێوەیە باس لە ئامانجی هێرشی سەر باشووری کوردستان دەکات:"بێگومان کردەوە دڕندانەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمان دەستپێکی هاتنە سەر کارییوە، ڕووبەڕووی خاکی کوردستان بووەتەوە. تۆپبارانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و ئاوارە بوونی گوند نشینانی کورد بە مەبەستی لاواز کردنی باشووری کوردستان لە لایەک و پاکتاوکردنی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە لایەکیتر، ماوەیەکی زۆرە کەوتووەتە ڕۆژەڤی سپای پاسدارانەوە. ئەم هێرشەی دووای بۆ سەر باشووری کوردستان، بەرفراوانترین هێرشێکە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئەنجامیداوە.
بەڵام ئەو فاکتۆرەی کۆماری ئیسلامی لەبیری کردبوو، ئەوەبوو کە گەریلا گەنجەکانی پەژاک هەرگیز ڕێ نادەنە هیچ هێزێک هێرش بکاتە سەر خاکی کوردستان.
بە تایبەتی لەو قۆناغە هەستیارەدا کە گەلەکەمان لە باکوور و باشووری ڕۆژئاوای کوردستان لە چووارچێوەەی خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیکدا دەستکەوتی زۆری بەدەست هێناوە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بێجگە لە ژیانێکی ئازاد بە هیچ شتێکیتر ڕازی نابێت و گەریلاکانی پژاک بۆ پاراستنی هەر چەشەنە هێرشێک لە دژی گەلی کورد، لەوپەڕی ئامادەییدان و تێکشکاندنی هێزەکانی سپای پاسداران لە قەندیل بەشێکە لە ڕۆحی بەرخۆدان. رۆحی بەرخۆدان و فیداییانەی گەریلا گەنجەکانمان لە ١٢ رۆژ بەرخۆدان، لاپەڕەیەکی زێڕینە لە مێژووی کوردستاندا و لە پێش چاوی جیهانەوەیە.
لە لێدوانەکەدا ڕوو لە دەوڵەتی ئێران و هێز بەکرێگیراوەکان هاتووە:ئێمە کۆمەڵانی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو لە دەوڵەتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی و هێزە بەکرێگیراوە سپاییەکان ڕادەگەیەنین کە دەست لە هێرشکاری بەردەن. هەر گەریلایەکی گەنج بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سپای پاسداران و وەڵامدانەوە بەو هێرشانە لەچاوەڕوانیدان. ئەو ڕۆحی بەرخۆدان و فیدایی بوونەوە بە هیچ تۆپ و تانێک تێک ناشکێندرێت و هەر لە ئێستاوە پشترڕاست بووەوە کە گەڵاڵە داڕێژەرانی هێرش بۆ سەر قەندیل و هێزە تێکشکاوەکەی سپای پاسداران لە چ زۆنگاوێکدا گیریان کردووە. بۆ هەمووان ئاشکرایە کە داگیر کردنی قەڵای بەرخۆدان و ئازادی واتە قەندیلی سەربەرز، خەێاڵێکی خاوە.
کەجەرە لە لێدوانەکەیدا بەو جۆرە باس لە هەستیاری ئەم قۆناغە دەکات:دەرفەتێک ئەمڕۆکە بۆ پاراستنی شووناس و کەرامەتی گەلی کورد و نووسینەوەی مێژووی بەرخۆدان و ئازادی ڕەخساوە لە هەموو قۆناغەکانیتر لەبارترە کە پێشەنگەکانی ئەو گەریلا گەنجانەن کە بە بەخشینی خوێنیان هاواری" یا ئازادی یا ئازادی" لە مەیدانی شەڕ و بەسەر کێوە سەرکەشە و خۆڕاگرەکانی قەندیلەوە دەڵێنەوە و ترس دەخەنە دڵی دوژمنانەوە.
جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە ئەم قوناغە هەستیارە مێژووییە بە باشی هەست پێبکەن و لە مەیدانی بەرخۆدان و پاراستنی خاکی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری بکەن و لە کاروانی گەریلا شۆڕشگێرەکان بەدووا نەکەون.
لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکه هاتووە: ئێمە وەک کەجەرە داوا لە سەرجەم جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی گەریلاوە بەشداری کردنی خۆیان لە هەموو مەیدانەکانی تێکۆشاندا نیشان بدەن و ڕۆڵی پێشاهەنگی خۆیان بەجێی بێنن. هەروەها بە بنچینە گرتنی کولتوری دژە بەسیجی و پێشخستنی تێکۆشان، خۆیان لەهیچ چەشنە کردەوەیەک کە خزمەت بە کۆماری ئیسلامی دەکات بە دوور بگرن بە تایبەتی سەربازی کردن. پێویستە بە پەیوەست بوون بە ڕێزەکانی گەریلا و لەبەرەی بەرخۆدانی قەندیل، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و ئامانجی شەهیدان پەیمانی خۆیان نوێ بکەنەوە. ئێمە جەوانان لەو ڕێیەوە دەتووانین وانەیەکی وا بدەینە دوژمنان کە بۆ هەمیشە لە مێژوودا تۆمار بکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست