روونکردنه‌وه‌یه‌ک بۆ به‌درۆخستنه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌کی دانیمارکی
Friday, 14/08/2009, 12:00
فوئاد چه‌له‌بی
رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی رابردوو رێکه‌وتی (9.8.2009)، رۆژنامه‌ی (ئێکستغا بڵاژیت)ی دانیمارکی به دوور‌و درێژی له‌چوار لاپه‌ڕه‌دا بابه‌تێکی له‌سه‌ر من و (بێریڤان سه‌رهه‌نگ)ی هاوسه‌رم نووسیبوو. من نامه‌وێت به ووردی بچمه ناو بابه‌ته‌که، به‌ڵکو بۆ لێکۆڵینه‌وه و دادگای به‌جێ ده‌هێڵم. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت روونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بده‌م له‌پێناوی به‌درۆخستنه‌وه‌ی رۆژنامه دانیمارکییه‌که دوو خاڵن.
خاڵی یه‌که‌م: رۆژنامه‌ی ناوبراو له‌سه‌ر زاری چه‌ند کوردێکی دانیشتووی دانیمارک و کوردستان باسی ئه‌وه‌ی کردووه که گوایه من (فوئاد چه‌له‌بی) پێشتر ئه‌ندامی حزبه‌که‌ی سه‌دام حوسێن (حزبی به‌عس) بوویمه و که‌چی ئه‌مڕۆکه به‌رپرسێکی باڵام له کوردستان.
سه‌باره‌ت به‌و درۆ شاخدار و بوختانه‌ی ئێکستغا بلاژیت و ئه‌گه‌ر چه‌ند کوردێکیش قسه‌ی وایان کردبێت ده‌ڵێم: من له‌ساڵی (1972)دا کۆلیژی سه‌ربازی به‌غدام ته‌واو کرد و هه‌مان ساڵ به پله‌ی مولازم دامه‌زرام. به‌ڵام ساڵێک تێ نه‌په‌ڕیبوو، له مانگی یه‌کی ساڵی (1973)دا له‌گه‌ڵ سێ که‌سی تر که هه‌ر چوارمان ئه‌ندامی رێکخستنه نهێنییه‌کانی پارتی دیموکراتیی کوردستان بووین، په‌یوه‌ندیمان به هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و پارتییه‌وه کرد بۆ خزمه‌تکردنی کورد و مه‌شق پێکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان. هه‌رسێ هه‌ڤاڵه‌کانی تریش له‌ژیاندا ماون که بریتین له هه‌ریه‌ک له:
1. ئیبراهیم په‌یداوی دهۆک. ئێستا له ئه‌مه‌ریکا ده‌ژیت.
2. عه‌بدولڕه‌حمان په‌یداوی دهۆک. ئه‌وه‌یان له‌ناو ریزه‌کانی سه‌رکردایه‌تی کاتی به‌سه‌رۆکایه‌تی شه‌هید سامی عه‌بدولڕه‌حمان به سه‌ربه‌ست ناسرابوو، که له‌گه‌ل ئیبراهیم په‌یداوی ئامۆزان و ئێستاکه له هۆڵه‌نده ده‌ژیت.
3. وه‌لید موزه‌فه‌ر نه‌قشبه‌ندی خه‌ڵکی هه‌ولێر. ئێستا له کوردستان هه‌ولێر ده‌ژیت.
ته‌نانه‌ت له‌دوای هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی کوردستان له‌ساڵی (1975)دا خۆم راده‌ستی رژێم نه‌کرده‌وه‌و، هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌لگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌له‌گه‌مان به‌ڕابه‌رایه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ساڵی (1976)دا، له‌گه‌ڵ یه‌که‌م مه‌فره‌زه‌دا له شام گه‌ڕامه‌وه کوردستان‌و درێژه‌م به خه‌بات و تێکۆشان‌دا تاوه‌کو کۆتایی ئه‌نفاله‌کان له‌ساڵی (1988)دا.
ئه‌وه‌ی منیش بناسێت ده‌زانێت که هه‌رگیزا و هه‌رگیز رۆژێک له رۆژان به‌عسی نه‌بوویمه، به‌ڵکو هه‌رده‌م و به‌درێژایی ته‌مه‌نم له‌خزمه‌تی شۆڕشی کورد‌و له‌پێناوی کورد‌و کوردستان و رزگارکردنی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی کورد‌و له‌دژی به‌عس و داگیرکه‌رانی کوردستان خه‌باتم کردووه. که‌چی نازانم رۆژنامه‌ی ناوبراو و ئه‌و چه‌ند که‌سه بێ ویژدانه چۆن به‌سه‌ر زاریاندا هاتووه به بوختان بمکه‌ن به به‌عسی؟
خاڵی دووه‌م: سه‌باره‌ت به بێریڤانی هاوسه‌رم، رۆژنامه‌که کۆمه‌ڵێک تۆمه‌تی داوه‌ته پاڵی، چونکه بێریڤان له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی (25.7.2009) وه‌کو ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ خوڵی داهاتوو ده‌ستنیشان کراوه، واته هێشتاکه ده‌ست به‌کار نه‌بووه و مووچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه. دواتر بێریڤان به‌رله‌وه‌ی له‌ڕێکه‌وتی (27.6.2009)دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ کوردستان، شاره‌وانی و به‌رپرسه‌که‌ی خۆی ئاگادارکردۆته‌وه که بۆ په‌رله‌مانی کوردستان کاندید کراوه و ده‌یه‌وێت بڕواته‌وه بۆ کوردستان. خۆ ئه‌گه‌ر بێتوو به‌خت یاوه‌ری بێت وه‌کو ئه‌ندام په‌رله‌مان ناوی ده‌رچێت، ئه‌وکاته نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ دانیمارک. ئه‌وه‌بوو به‌رپرسانی شاره‌وانی یه‌کسه‌ر مووچه‌که‌ی ئه‌ویان بڕی و دوو مانگیشه هیچ وه‌رناگرێت. دوای راگه‌یاندنی ناوه‌کانی لیستی کوردستانی و ده‌ستنیشانکردنی بێریڤان وه‌کو ئه‌ندام په‌رله‌مان، دووباره خۆی هه‌م به ته‌له‌فۆن و هه‌م به ئیمه‌یڵ به‌رپرسانی شاره‌وانی ئاگادارکرده‌وه که نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ دانیمارک، من و منداڵه‌کانیش چاوه‌ڕێی ئه‌و رۆژه‌مان ده‌کرد ئه‌و ده‌رچێت، ئێمه‌ش لێره ئیشوکاره‌کانمان ته‌واو که‌ین و خانووه‌که راده‌ست که‌ینه‌وه‌و به یه‌کجاری بگه‌ڕێینه‌وه کوردستان.
فوئاد چه‌له‌بی دانیمارک
14.8.2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست