جەنگەوەرانی ئەودیو پەردە، جەنگەوەرانی بێ ناسنامە (ئیرۆن بەنمونە)
Wednesday, 18/03/2009, 12:00
ساتێك ناسنامە دەبێتە پێوەرێک بۆ بینین و درككردن بە مشتێك راستی، یان هەر نەبێت دیوێك لە دیوەكانی رووداوێك، ئەوا ئەودیو پەردە بریتی دەبێت، لە كۆی ئەو هەنگاوانەی شوناس بە رووداوێك دەبەخشێت.
رۆژنامەكانی كوردستان تا دێت پر دەبن لە ناوی خوازراو و ناوی كورت و نەناسراو، ئەم دیاردەیە دوو دەرئەنجامی سەرەتایی دەدەن بەدەستەوە:
یەكەمیان: نەبوونی ئازادی رادەربرین و ترس لە دەرخستنی راستیەكان.
دووەمیان: شەرمنی و ترسنۆكی ئەو نووسەرانەی ناوێرن بەناوی راستەقینەوە بابەتەكانیان بڵاوبكەنەوە.
ئەم نوسینە تەرخانە بۆ تیشكخستنەسەر خاڵی دووەمی ئەم دیاردەیە، چونكە گەر خاڵی یەكەم واقع بیخوڵقێنێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە خاڵی دووەم لاوازی كارەكتەر و ئیرادە دەیخوڵقێنێت.
ئیرۆن..... ناوێكە، ناوێكی سەیروسەمەرە، ناوێك بە باڵای ئەو كەسایەتیەی هێجگار قێزەوەن و نالەبارە، دروست ناوێكە پر لەشەرم و كەسێكە پرلە ترس ، زاتێكە پرلە گومان....
ئەم ناوە دەیەوێت سەرلەبەری مێژووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاوەژووبكاتەوە، دەیەوێت بێحورمەتی بەرامبەر هەموو ئەو كەسانەش بكات كە هەتا ئێستا بە نەفەسی شۆرش و خەباتی شاخەوە ژیان بەسەردەبەن.
ئەم ناوە كەدواتر نیشانی دەدەین چ كەسێكە، ئەگەر تەماشای هەڵسوكەوتەكانی بكەین دەبێت بەردەوام لە پشتی پەردە و بێ ناسنامە و پێگە بیدۆزینەوە، كەسێكە لە شەرمەزاریدا سیاسەت دەكات، سیاسەتی شەرمەزاری جگەلەوەی كۆیلەیەتی و بەدئەدگاری و بێ بنەمایە، لەهەمان كاتدا جۆرێكە لە راڤەی سیاسەت، كە شەرم لە جەماوەر و رابردوو و ئێستاشی ناكات، سیاسەتێكی بێ پێوەرە، واتە هەرگیز ناپرسێت (لەكەناڵەكانی خۆیانەوە) مەوقع و قورسایی و تەماشاكردنی خەڵك چۆنە بۆ ئەو، ئەم جۆرە لە سیاسەتكردن جۆرێكە لە خۆكوشتن، بۆیە سانایە رووی نەیەت هەندێك تەسریح بەناوێكی ترەوە بڵاوبكاتەوە.
برێكی زۆری ئەو جەنگانەی قەتل و عامێكی زۆری تێدادەكرێت هەموو بكەرەكانی ناسراو نین، بەڵام سەركەوتن بۆ هەموو خەڵك دەگەرێتەوە، لەو جەنگە چارەنوسازانەدا دەشێت چەند ناوێك بارزبێت، بەڵام جەنگەكە بریتی نابێت لەو كەسە، لیون تروتسكی لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا كە باس لە شۆرشی ئۆكتۆبەر دەكات پێی وابوو، گەر لینین لەو كاتەدا نەگەرایەتەوە ئەوا شۆرشی ئۆكتۆبەر ئەو دەرئەنجامەی نەدەدا بەدەستەوە.
ئەم نمونەیە بۆ ئەوەیە بزانین هەندێك ناو لە هەندێك قۆناغێكی مێژوویدا كاریگەری تەواویان بەسەر رووداوەكانەوە هەیە، بەڵام رووداوەكان روودەدەن و كاتەكان تێدەپەرێت، و ناوەكانیش وەك سومبل و نوكی رمەكان هەر تێدەپەرن، ئێستای یەكێتی كە چەند ناوێكی خوازراوی وەك ئیرۆن دەیانەوێت بە هەرەشە و گورەشە تا دێت ئازادیەكانی ناو ئەم حزبە بەرتەسك بكاتەوە، تا دێت ئەگەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەم حزبە بەهێزتر دەكات، تا دێت خۆی زیاتر بێ ناسنامە و ئەدگاردەكات، ئەم ناوە هەرەشە بەدوای هەرەشە دەنوسێتەوە وەك ئەوەی لە كوردستانی نوێی ژمارە 4821 لە ژێر ناونیشانی رووداوەكانی ئەم دواییەی ناوخۆی یەكێتی و میدیاكان، لە چەندین پەرەگرافدا (كە شایەنی ئەوە نییە لەم وتارەدا بیان نوسینەوە، با خوێنەر خۆیان بۆ ئەو وتارە بگەرێنەوە) هەرەشە لە كادرەكانی یەكێتی دەكات، هەرەشە لە ئازادی دەكات، هەرەشە لەو دەنگانە دەكات كە راستیەكان نیشاندەدات، هەرەشە لەو كەسانە دەكات كە گەندەڵیەكان كەشفدەكات، ئەم زاتە !! چی لێدەوەشێتەوە جگە لەو نوسینانەی كە لێوان لێوە لە بوغز و كینە و تۆڵە و سەرلێشێواندن، بێگومان ئێستا خوێنەر دەزانێت كە ئەم ئەقلأ مەخۆلە مەلا بەختیارە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست