کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دووفاقیەتێك لە هەڵوێستی حكومەتی عێراقدا دەربارەی مانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە عێراق

Wednesday, 08/04/2009, 12:00


لەبەر رۆشنایی لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئەلعەڕەبیە (بەڕاشكاوی)
لە مێژوودا زۆرێك نموونە هەبووە كە كاتێ كاروباری ناوخۆی وڵاتێك لە لایەن وڵاتی دیكەوە دەخرێتە بەر دەستدرێًژكردن، دیمەنی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە، دەشێوێندرێت و یەكەم لایەنیش كە تیایدا زەرەرمەند دەبێت دانیشتووانی ئەم وڵاتەیە و هەر بۆیە هێز و لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكان و تەنانەت كاربەدەستانی وڵات تووشی بەرپرسایەتییەكی قورس دەبنەوە كە تەنیا بە رێًگەی بەرخۆدان و هەست بە مەسئولیەت لە ئاست گەلەكەیان و دۆزینەوەی راستییەكان دەتوانن لیًَی رزگار بن. بێگومان هەنگاوی لەمجۆرە پێویستی بە ئازایەتی و بوێری هەیە.

هەڵوێستە‌كانی بەڕێز هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئەلعەڕەبیە و لە رۆژی 27ی مارسی ئەمساڵدا، بە بۆچوونی من یەكێك لەم هەنگاوانەیە و دەبێ رێز لە ئازایەتی و بوێری بەڕێزیان بگیردرێت، چ وەك وەزیری كاروباری دەرەوەی عێراق و چ وەك كوردێكی كاربەدەست لەم حكومەتەدا.

من پێموایە هەڵوێستی بەڕێزیان بەر لە هەر شتێكی دی، دەرخەری ئەم سیفەتەیە لە خستنەڕوی راستیەكان دەربارەی كەیسێكی هەستیار، كە هەرایەكی زۆری ناوەتەوە و هەر دێت و زیاتریش دەبێت. لەبەر ئەوەی لەمڕۆی عێراقدا، خستنەڕوی راستییەكان خۆی لە خۆیدا بەشێكی گەورەیە لەو هەنگاوانەی دەوڵەت و كۆمەڵ بەرەو دیموكراتیەت رادەكێشێت. بە واتایەكی دی، بەشێكی گرینگە لە چارەسەری كێشەكان. ئەو كەس و لایەنانەی بە ترسەوە مامەڵە لەگەڵ راستییەكان دەكەن ناتوانن دیموكرات یان پارێزەری بەرژەوەندییەكانی گەلەكەیان بن. هەر بۆیە لە شەقامی ئەمڕۆی عێراقدا و دەربارەی پرسی دەركردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە عێراق دووفاقیەتێك بەرچاو دەكەوێت لە شێوازی روانین و مامەڵەكردن لەگەڵید و باس لە دوو هەڵوێستی جیاواز دەكات.

یەكەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێز و لایەنانەی بە داخەوە بەشێك لە حكومەتی عێراقیان داگیر كردووە و بە جۆرێك لە جۆرەكان لە بەرژەوەندیی رژێمی ئێراندا كار دەكەن و لەمڕۆی عێراقدا لە لایەن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە نوێنەرایەتی دەكرێن. جم و جۆڵ و هەنگاونانی ئەم لایەنانە لەسەر بنەمای درۆهەڵبەستن و چەواشەكاری و خەوشداركردنی كەش و هەوای دیموكراتیانەی كۆمەڵە بە مەبەستی ترس‌نانەوە و تۆقاندن و، ئاكامەكەشی بریتیە لە گوشارهێنانی لە رادەبەدەر بۆ سەر كەمپی پەنابەرانی وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەتی كەمپی ئەشڕەف لە پارێًزگای دیالە كە هەر دێت و زیاتر بەرەو روودانی كارەساتێكی مرۆی هەنگاو دەنێت. ئەم لایەنانە چارەنووسی خۆیان بەستۆتەوە بە لە سەر پێ مانەوەی رژێمی ئێران و هەر بۆیە بە پەشۆكاوی و هیسترییانە و زۆر نەزانانە و گاڵتەجاڕانە هاتوونەتە مەیدان و دەیانەوێت جل و بەرگی عێراقیبوون بە پلانەكانی رژێمی ئێراندا بكەن و تەنانەت بە راشكاوی ئاسایش و مانەوەی رژێمی ئێران بە ئاسایش و سەقامگیربوونی حكومەتی عێراق دەنوێنن. ئەم لایەنانە چێژ لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ وەردەگرن و تەنانەت هەڵگری داب و نەریت و ئەدەبیاتی رژێمی ئێرانن لە بیركردنەوە و قسەكردن و كرداری خۆیاندا. موەفەق روبەیعی لە لێدوان لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئەلفوڕات گوتبووی: كارێكی وا دەكەین كە دانیشتووانی كەمپی ئەشڕەف بەرگەی مانەوە لە عێراق نەگرن و ناچار بن عێراق جێبهێڵن. دوابەدوای ئەمە بوو كە تەنانەت رێگرییان كرد لە سەردانی پزیشكانی عێراقی بۆ كەمپی ئەشڕەف و بۆ نەشتەگەریكردن بۆ چەند دانیشتووی كەمپەكە و لەوانە ژنێكی كورد كە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و بڕیار بوو هەر ئەو رۆژە (هەینی 14ی خاكەلێوە) نەشتەگەریی بۆ بكرێت. تاوانێك كە تەنانەت لە بەندیخانەكانی دەسەڵاتێًكی دیكتاتۆریشدا نموونەی زۆر كەمە.

بەرێز هۆشیار زێباری بەر لە هەر شتێك لە وڵامی ئەم لایەنانەدا كە بە درۆ باسی ئەوە دەكەن كە دانیشتووانی ئەشڕەف چەكدارن گوتی: ئەوان لە چەك داماڵڕاون. پێشتر لە لایەن ئەمریكاوە، چەكە قورس و مامناوەندی و تانك و زرێپۆشەكانیان لێ سەندراوەتەوە و ئێستا ئەم سەربازگەیە بە بێ چەك دادەنرێت و بە پشت بەستن بە دەستووری عێراق گوتی: بە پێی دەستوور هیچ گروپێكی چەكدار بۆی نیە دژ بە بەرژوەندیی وڵاتانی دراوسێ هەنگاوی تیرۆإیستیانەی هەبێت و لە سنوورەكانمانەوە هەڵسێت بە كاری سەربازی. بە پێی دەستوور ئەم كارانە رێگەنەدراون. دەوڵەتی عێًراق ئەرك و ئیلتیزامگەلێكی هەیە لەم بوارەدا. لە راستیدا ویستوویەتی بڵێت كە دەركردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە بیانوی چەكداربونیان نایاساییە. لەبەر ئەوەی ئەوان چەكدار نین.

بەڕێزیان لە بەشێكی دی لە لێدوانەكەیدا باس لە پێگەی یاسایی و جەماوەری و سیاسی موجاهیدین دەكات و دەڵێت: بە تەئكید موجاهیدین لە عێراق دەرناكرێن، دەركردنی ئەوان كارێكی هاسان نییە. ئەوان لە لایەكەوە رێككەوتننامەیەكی ستراتیژییانەیان ئیمزا كردبوو لەگەڵ حكومەتی پێشوو و لە لایەكی دیكەوە ئەوان ئێستاكە تۆڕێك لە پەیوەندی و كار و بەرژەوەندییان درووست كردووە لەگەڵ كۆمەڵی عێراق و رێبەرانی سیاسی عێراقی و عەشایری هەن كە پشتگیرییان لێدەكەن و بابەتەكە هەرگیز بەم هاسانییە نییە و ئەگاتە ئەو دەرەنجامە كە ئێمە پابەندین بە تەسلیم‌ نەكردنەوەیان یان دەرنەكردنی ئەوان و سەرپێچیكردن لەو رێككەوتننامانەی عێراق ئیمزای كردوون، واتا پابەندین بە پەیماننامە مرۆییەكان و گوتیشی: كاتێ ئەمریكا ئەم سەربازگەیەی رادەستی كاربەدەستانی عێراق كرد، دەوڵًەتی عێراق بەڵێنی دا كە رێز بگرێت لە مافەكانیان و پابەند بێت بە پەیماننامە نێودەوڵًەتییەكان و پەیماننامەكانی مافەكانی مرۆڤ و پابەندبوونی خۆی راگەیاند بە نەگەڕاندنەوەی هەر كام لە ئەندامانی رێكخراوەكە بە زۆرەملی بۆ ئێران یان بە بێ ئاڕەزویی خۆیان. مەگەر بە ئارەزووی خۆیان بێت.

بەڕێز هۆشیار زێباری دەربارەی رەوشی دانیشتووانی ئەم كەمپە چەند خاڵێك بەرجەستە دەكات كە هەتا رادەیەك دەرخەری راستییەكانیانە و لەوانەشە لایەنە دۆست و پەیوەندیدارەكانی رژێمی ئێران ئەمانەیان بە لاوە خۆش نەبێت، كاتێ باس لە بڕیار و یەكدەنگی ئەم پەنابەرانە دەكات دەربارەی مانەوەیان لە عێراق و باوەڕی مەحكەمیان بە رێبازەكەیان و هەروەها بەهێزبوونی رێكخستنەكانیان و دەڵێت: هەیئەتەكانی سەر بە وەزارەتی مافەكانی مرۆڤ، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عێراق هەڵسان بۆ هاندانی ئەوان بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران یان یارمەتیدانیان بۆ چوون بۆ وڵاتانی دی، بەڵام سەرنەكەوتین و گوتیشی: ئەوان چالاكن و باوەڕی توندیان هەیە بە بیرۆكەی رێكخراوكەیان و نەیاری جێهێشتنی ناوچەكە و چوون بۆ دەرەوەی عێراق یان گەڕانەوە بۆ ئێرانن، هەرچەند زۆربەی ئەوان پاسەپۆرتی ئەوروپاییان هەیە و لەو پەنابەرانەن كە لە زۆرێك لە ولًَاتانی ئەوروپادا نێشتەجێ بوون.

ئەوەی لە سەرەوە بە كورتی ئاماژەم پێدا، چەند لایەنێكی لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی عێراق بوو كە بە بۆچوونی من جێی سەرنج و تەئكیدكردنە و باس لە رای گشتی لە عێراق دەكات و لە هەمانكاتدا هەڵوێستی كورد دەربارەی ئەم پرسە دەردەخات و گونجاوی ئەو چەند بەیاننامەیەیە كە پێشتر بۆ پشتگیریكردن لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەركرابوو لە لایەن ملوێنان عێراقی بە كورد و عەڕەبەوە و بە تایبەتی سێ ملیۆن شیعەی عێراق و هەر بۆیە رژێمی ئێران بە تەواوی تۆقاوە لە هەبوون و مانەوەی ئەوان لە ناو خاكی دراوسێ رۆژئاواییەكەیدا.

ئەوەی وەزإیری دەرەوەی عێراق باسی كردووە لەم لێدوانەدا، نەك دیفاعكردن لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بەڵكو بینینی راستیەكان و خرانەڕوویانە و ئەم كارەش خۆی لە خۆیدا ئازایەتییە و بەر لە هەر شتێك لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق و دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵ و حكومەتە ساواكەی عێراقدایە.

لەندەن

29ی مارسی 2009


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە