کۆمهڵگاکهمان به سهدان قوربانی وهک شیرینی لێکهوتۆتهوه، ئهی چارهسهر چییه؟
Monday, 13/09/2010, 12:00
له سهر مهسهلهی ژنه لهشفرۆسهکان که کوردستانپۆست به زنجیره لهسهر شیرین دهدوێت، دەربارەى كێشەكەى شیرین پرسیارى ئەوە كراوە
چى شەرع و یاسایەك ڕێگا دەدات كچێكى (13) ساڵان لە پێاوێكى چل ساڵ مارە ببردرێت، بێگومان ئهگهر ئێمە وەك و ڕووداوێكى مێژوویى باسى دەكەین كە بە فیعلى روویداوە و ئیستا ئایینى ئیسلام سەرجەم ژیانى كۆمەڵگەى كوردەوارى گردووەتەوە، زۆر ئاساییه مهلایهک کچێکی منداڵ له دهرهوهی یاسا له پیاوێکی پیر ماره ببڕێت..
لەعێراقدا بە گشتى و لە كوردستانیش بهتایبهتیی بە هۆى سیاسەتى هەڵەوە بە سەدان هەزار لە بابەتى شیرین هەن، تەنانەت لە پاش نەوەدەكان وەك و باس دەكرا لە بەغداد كوڕى دە دوانزە ساڵان بە بێشەرم لە خەڵك و لە یەكترى لە ساحەیەكدا پێكەوە دادەنیشتن چاوەڕێیان دەكرد تا یەكێك بێت بیانبات بۆ كارى سیكسى لە بەرانبەر بڕێك پارەدا، ئەوە لەشفرۆشى ژنان بەهەموو تەمەنەكانەوە لە باسكردن نایەت.
بۆ چارەسەركردنى ئەم كێشانەش هەندێك لە ملیشیاكان كەوتنە كوشتنى ئەو خەڵكانەى كە لەبنەڕەتدا قوربانین، تەنانەت ڕەوتى (سەدر) داهێنانێكى جهەنمیان داهێنا بۆ سزادانى هۆمۆكان ئەوەش بە سواقدانى كۆمیان بە چەسپى یابانى كە ئیتر پاش ئەوەى بە زۆر خواردنێكى زۆریان پێیان دەداو ئەو خواردنە لە لەشیان دەرنەدەچووە دەرەوە دەمردن.
ئەمە لایەنێكە لە ژیان لایەنەكانى دیكەى لە برسێتى و شەڕو تەقینەوە و ناعەدالەتى، كە ئەمەیە ژیانى خەڵكى ئەم وڵاتە.
بەهەر حاڵ ئێمەو مانان شەو رۆژ پرته و بۆڵمانە دەربارەى ئەم دیاردانە، بەڵام ئایا ئەم نەهامەتیانە بە رۆیشتى ئەم دەسەڵات و هاتنى ئەو دەسەڵات كۆتاییان پێدێت؟ ئایا زەمینەى گشتى لەبارە بۆ هاتنى سیستەمێك ئازادى تاك و خۆشگوزەرانى تاكى تێدا بەرجەستە بێت؟.
بێگومان لە ڕۆژگارى ئەمڕۆماندا لە هەر دەوڵەتێك بە باشورى كوردستانیشەوە ئەمرۆ چەند هێز و لایەنێكى سیاسى هەیە كە ئەبێت یان شەڕ پێكەوە بكەن و كێشەكانیان بە چەك یەكلایى بكەنەوە كە ئەوەش هەموو دیاردە سلبیەكانى بەدوادا دێت یان دەبێت سەردەمانە لە ڕێگاى دیموكراسیەوە جێگەو پێگەى خۆیان وەربگرن، ئەمە چارەسەرى زۆربەى كێشەكانە، ئەو ڕێگایەش، ڕێگاى دیموكراسى پێویستى بە كرانەوەى عەقڵى خەڵكى هەیە، لاى ئێمەش ئەو لایەنانەى، كە عەقڵى خەڵكى بەرەو داخران دەبەن زیاترن لەو لایەنانەى كە عەقڵى خەڵك بەرەو كرانەوە دەبەن. وەرە تۆ لە باشوورى كوردستان ئەم پرسیارانە بوروژێنە:
1 ـ خەڵك هەیە مانگانە سێ سەد دۆلار بە كرێى خانوو دەدات، ئەگەر بانكێكى ئەهلى سولفەى بداتى بە قازانجى(5%)، ئەوە پاش چەند ساڵێك هەموو قەرزەكە دەداتەوە و دەبێتە خاوەن خانووى خۆیشى، كەچى ئێستا ئەو پارەیە دەدات وخانوەكەش هەر هى خەڵكە. ئەمە لە وڵاتى ئێمە حەرامە كەسیش ئامادە نییە سولفەى بەلاش بدات بێ قازانج، واتە سیستەمى ئایینى شتێكى قەدەغە كردووە كە بەدیلیشى بۆ دانەناوە. ئایا گریمان دەوڵەت نەوتى نەبوو ئەوە كێشەى نیشتەجێبون چۆن چارەسەر دەكرا؟
2 ـ ماوەیەكى دیكە كاتى قوربانى دێت بە ملیۆنەها دۆلار دەدرێتە ئاژەڵ و سەردەبڕێت بە ناوى خێرەوە، دابەش دەكرێتە سەر ماڵەكاندا كە كەم كەس موحتاجى ئەو نیو كیلۆ گۆشتەیە، ئایا دەكرێت ئەم هەموو پارەیە بۆ شتى بەسوودتر ئاراستە بكرێت؟ كە بێگومان ئەم پرسیارە كردنى قەدەغەیە؟.
3 ـ لە مانگى ڕەمەزاندا منداڵێكم بینى تەمەنى هەر (12) ساڵ دەبوو بەرچاوى تاریك بووبوو ئاویان دەكردە بە سەریدا بە رۆژوو بوو، كاتێك ووتم ڕۆژووەكەت بشكێنە هەموو دەوروبەر مۆڕەیان لێم كرد. ئایا دەكرێت بڵێیت منداڵى لەو تەمەنە ئەگەر لە مانگى ئابدا چواردە سەعات ئاو نەخوات نوقسان دەردەچێت هەر ئەو نوقسانەس دەبێتە سەرۆكى حزب و كاربەدەست و بەڕێوەبەر.
4ـ خۆم قوتابى زانكۆ بووم ئاگام لە زانكۆ هەیە، لاى ئێمە زانكۆ بریتییە لە دەزگایەكى بێ گیان لەهەندێك جێگاش بووەتە مزگەوت، قوتابى بەلاى كەمەوە (50%) ى بیرى لاى سێكسەو كە بەردەوام خۆى سەركوت دەكات، ئەو باقى كاتەكانیشى لە نیوان موناقەشەى ئایینى و وەرزش و ئەو شتانە بەسەر دەبات، كچ و كوڕیش پێكەوە دێن و دەچن سڵ لە یەكتر دەكەن، داب و نەریت هەموویانى لەغاو كردووە.
5 ـ کۆمهگاکهمان بۆته كۆمەڵگەیەكى كۆڵكە مەلا: لە حەفتاكان بە دواوە پاش ئەوەى پارەیەكى زۆر دەستى خەڵكى جەزەیرەى عەرەبى كەوت ئیتر نەهامەتییەكانى فیكر لە جیهانى عەرەبى و ئیسلامى دەستى پێكرد، برۆ تەماشاى عەقڵ و فكر بكە لە شەستەكان و حەفتاكانى میسر و ئێستا، كە پروسەى بە مەلا بوونى كۆمەڵگا حاڵى حازر شتێكى نەهێشتووە پێی بووترێت فكر، لاى ئێمەش ئەو نەخۆشییە رۆژ بە ڕۆژ پەرە دەسێنێت، لە گەڵ برادەرێكدا چوین بۆ دەرمانخانەیەك كە خاوەنەكەى ماوەیەك لە خەستەخانە لەسەر دەرمانخانە بوو، تەماشا دەكەین كتێبێكى ئایینى بەدەستەوە گرتووە و تەلەفزیۆنەكەشى لەسەر كەناڵێك بوو مەلایەكى ڕیش پان قسەى دەكرد، برادەرەكە داواى دەرمانى دوانزە گرێى لێكرد كەچى ئەو حەپێكى پێ داو وتى ئەوە هى قۆڵۆنە، برادەرەكە وتى من دەڵێم دوانزە گرێ، خاوەنى دەرمانخانە وتى هەردوگى یەك شتە، برادەرەكە وتى ماڵ باوكت بە قور گیرێت دوانزە گرى لەسەرەوەیە قۆڵۆن لە خوارەوەیە چۆن یەكێكە؟
جا بۆیە پێویست دەكات ئەم كۆمەڵگەیە پێش هەموو شتێك بەرهو عەقڵانیەت ببرێت و لە خورافات ڕزگار بكرێت ئینجا دەكرێت سیستەمێكى سیاسى بونیاد بنرێت كە لە خزمەتى مرۆڤایەتیدا بێت.
ئەگەر هەموو باشوورى كوردستان ببێتە كۆڵكە مەلا ئەوسا نە كێشەى كرێچییەك چارەسەر دەبێت نە ئەو هەموو كاتەش سەرف دەكرێت بۆ بەكۆڵكە مەلا بوون گڵۆبێك دادەگیرسێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست