كێشەى لیستى گۆڕان لەسەر چى یە ؟
Saturday, 17/10/2009, 12:00
سەرانى لیستى گۆڕان هەمیشە لەوتووێژەكانیاندا لەگەڵ خەڵكدا وایان نیشان داوە كە كێشەى ئەوان لەسەر پارەو دەسەڵات نییە بۆخۆیان ، چونكە پارەو دەسەڵاتمان هەبووە نەمان ویستووە وازمان لێهێناوە ، وەك كوڕ لەماڵى باوكمان هاتووینە دەرەوەو بەشەماڵى خۆشمان ناوێت ، خەباتەكەشمان خەباتى دیموكراسیانەیەو شەڕى خۆ خۆرانەشى لێ ناكەوێتەوە با ئەوە بۆخۆیان بێت تێڕوانینى من پێچەوانەى ئەوانە . لەڕووى كردارییەوە (ى . ن .ك)بۆتە دووبەش بەشێك مام جەلال و بەشەكى تر كاك نەوشیروان ڕێبەرایەتى دەكەن ، چۆن لەڕەنج و تەمەن و گیان خوێن بەخشیندا هاوبەش بوون لەپارەو دەسەڵاتیشدا هاوبەشن ، تەنیا بەو شێوەیە دەتوانن تەمو مژو ڕق وكینەى دەمارگیرى ململانێكانیان كۆتایى پێ بێنن ، بە پێودانگى ئاینى و مرۆڤایەتى و نەتەوایەتى ماڵ بەشكردنەكەیان یان لێك جیابوونەوەیان بەئاشتى و برایانە باشترین ڕێگاى ڕاست و دروستى زانستیانەیە ، جیا لەو ڕێگایە هەر ڕێگایەكى تر شەڕى خۆ خۆرى لێ دەكەوێتەوە ئەوكاتەش ڕوون دەبێتەوە كامە لایە دەسەڵات و پارەى گەل پێ بەخشراو بۆخۆیان یا بۆگەل بەكاردێنن . خراپترین داهێنانى تازەى سەرانى (ى . ن .ك) موچە بڕینى هەزاران ڕەش و ڕووتى هاوسەنگەرى تەمەن و ڕەنج و خوێن و گیان بەخشینى خۆیان بوو كە ئەوە توڕە بوون و ناڕەزایى و بێزاریى و عاجزى جەماوەرى لێكەوتەوە كە لە ساڵى 1976 - 1991فرە مینبەریەكەى (ى . ن .ك)كە فرە تێكدەریى و فرە چاوەشەكەریى و فرە خۆخۆرى لەناو خۆییدا دروست كردبوو بەشى هەرە زۆرى شاردرابۆوە لەبەر هەڵمەتى بەرەنگاربوونەوەى رژێمى بەعس و شەڕە خۆخۆرییەكانى پارتى و بەرەى جوود . دواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 2009 تەواو ساغ و یەكلا بۆوە بابەتێك لە خۆخۆریەكانیان نەما كە پێى بگوترێ بابەتى شاراوە كەواتە سەرانى (ى . ن .ك)یان دەبێ بەو ڕێگایە لێك جیا ببنەوە یان ڕیزەكانیان یەك بخەنەوەو بەیەكەوە گۆڕان و چاكسازى و پاكسازى بەكردەوەیى بكەن ، كە ئەو دوولایە هەڵ نەبژێرن ئەوە دیارە شەڕى بێ ئابڕویى خۆخۆرى كورد كوژانە هەڵدەبژێرن و بەتەواوى خۆیان سوك و چروك ڕسوا دەكەن.
ڕانیە 15/10/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست