کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌رکه‌وتن و تێکشکان به‌ نۆره‌یه‌؟!

Tuesday, 11/08/2009, 12:00


ساڵی 2005 زۆرایه‌تی سه‌رانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان هاوباڵیان له‌گه‌ڵ کاک نه‌وشیروان مسته‌فادا پێکهێنا به‌ناوی چاکسازی و پاکسازی و گۆڕان له‌ناو (ی.ن.ک) دا. خاڵبه‌ندی پێشنیاره‌کانیان دایه‌ مام جه‌لال به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵکردنی شنه‌بای توڕه‌یی مام جه‌لال به‌شێکیان بایاندایه‌وه‌ و په‌شیمان بوونه‌وه‌ به‌شه‌که‌ی تریش له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌ هه‌ڵپه‌سێردران و ده‌رکران بۆ ماڵه‌وه‌. هه‌تا چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وه‌ی خۆی به‌ هاوڕێی کاک نه‌وشیروان زانی له‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌رکران، به‌شی هه‌ره‌ زۆری بێ ده‌سه‌ڵاته‌کان که‌ لایه‌نگری کاک نه‌وشیروانیان کرد موچه‌کانیان بڕدرا له‌ ساڵی 2006 دا له‌ هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌نده‌کاندا باڵی کاک نه‌وشیروان خه‌راپ شکا و سێهه‌م ده‌نگی هێنا ئه‌مجاره‌ش سه‌رانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان موژده‌ی دڵنیا کردنه‌وه‌ی تێکشکانی کاک نه‌وشیروان و هاوڕێکانیان دایه‌وه‌ مام جه‌لال ، پێش هه‌ڵبژاردنی 25/7/2009 سه‌رانی (ی.ن.ک) به‌ مام جه‌لالیشه‌وه‌ که‌وتنه‌ به‌شینه‌وه‌ی پاره‌ و سه‌یاره‌ و ده‌مانچه‌ به‌سه‌ر به‌رپرسه‌کانیان دا و به‌سه‌ر سه‌رۆک تیره‌ و هۆز و خێڵاندا، به‌شێکیشیان له‌ سه‌رانی کاک نه‌وشیروان کڕیه‌وه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ی نرخی نه‌بوو گه‌ل و ڕه‌نج و خوێن و گیان به‌خشیوانی بوون، که‌ ئه‌و سه‌رمایه‌ دزرا و به‌تاڵان براوه‌ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ر ئه‌وانن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شێکی جه‌ماوه‌ری توڕه‌ و بێزار و ناڕازی له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ کورد و کوردستان خۆره‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی ئاراسته‌ی کاک نه‌وشیروان مسته‌فا کرد ئه‌گه‌ر ساخته‌کاری و پێشێلکاره‌ جۆراو جۆره‌کان نه‌بونایه‌ کاک نه‌وشیروان و لیسته‌ گۆڕانه‌که‌ی و سه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ی (د.که‌مال میراوده‌لی) ده‌نگی یه‌که‌میان ده‌هێنا.!! هه‌ر دوای ئه‌وه‌ سه‌رۆک مام جه‌لال زریان و گه‌رده‌لوولی تووڕه‌بوونی خۆی هه‌ڵکرد و ئاراسته‌ی مه‌ڵبه‌نده‌کانی کرد، زۆر له‌ به‌رپرسه‌کانی ده‌رکردن بۆ ماڵه‌وه‌!! که‌ له‌ ڕاستی دا هۆکاری ئه‌و تێکشکانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ی (ی.ن.ک) مه‌ڵبه‌نده‌کان نه‌بوون، به‌ڵکو خودی مام جه‌لال و سه‌رانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی بوون، چونکه‌ به‌ ته‌واوی خۆیان ساغ و یه‌کلا کرده‌وه‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تی چینێک یان توێژێکی مشه‌خۆری گه‌نده‌ڵی بێ به‌رهه‌می ته‌واو نامۆ به‌ کورد و کوردستان ده‌که‌ن. کاک نه‌وشیروان سه‌ره‌ڕای سه‌ر ڕه‌قی و سازش نه‌کردن له‌سه‌ر بیر و ئامانجی سیاسی خۆی و ڕه‌وشت به‌رزی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دژه‌گه‌نده‌ڵی که‌ له‌ ساڵی 1991 ه‌وه‌ وه‌ک تاقه‌ سواره‌ هه‌تاکو 2005 به‌گژ گه‌نده‌ڵه‌کاندا چۆبۆوه‌، که‌مو کوڕی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی له‌وه‌ دابووه‌ زوو توڕه‌ ده‌بێ و زوو بێ ئومێد و ڕه‌شبین ده‌بێ و زوو ده‌شکێ، به‌ڵام زووش هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ به‌رپرسانی (ی.ن.ک) خۆیان زه‌مینه‌ی سزادانی سه‌رۆک مام جه‌لالیان ڕه‌خساندووه‌ بۆ هه‌ڵپه‌ساردن و په‌راوێز کردن و ده‌رکردنی کاتی ئه‌وه‌یان به‌ خه‌ڵات زانیووه‌ چونکه‌ دڵنیا بوون که‌ مام جه‌لال ده‌سه‌ڵاتی له‌وه‌گه‌وره‌ تریان پێده‌داته‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ سزادانی مام جه‌لال بۆ سه‌رانی (ی.ن.ک). زۆر به‌رپرسی خۆ گێلکه‌ر و چه‌واشه‌کار که‌ ئه‌و بابه‌ته‌م له‌گه‌ڵدا باس کردوون دۆ و دۆشاویان تێکه‌ڵاو کردووه‌، تووڕه‌ بوون ووتویانه‌ (چۆله‌که‌ خۆت چی و شۆرباوت چی؟) چه‌ند جاران بۆ خۆت توشی ئه‌و سزادان و خه‌ڵاته‌پێ به‌خشینه‌ بوویت؟! من هیچکاره‌ نه‌بووم له‌ (ی.ن.ک) دا تاکو که‌س خه‌ڵاتم بکات و سزام بدات. سزادانی من له‌ 1983 وه‌ بۆ 1991 وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان بووه‌ ئه‌ویش هه‌ڵپه‌ساردن و لێساندنه‌وه‌ی پله‌ی سیاسیم بووه‌ چونکه‌ هه‌رگیز خۆم به‌ (ی.ن.ک) نه‌زانیووه‌ هه‌تا ئێستاش وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ له‌ بازنه‌ی کورد و کوردستانی بوون دا ده‌خولێمه‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌شه‌ (ی.ن.ک) له‌ ڕووی کرداریه‌وه‌ ئێمه‌ی به‌ هی خۆی نه‌زانیوه‌ به‌ هاوڕێیانی کاک نه‌وشیروان مسته‌فاشه‌وه‌ له‌کاتێک دا من و شه‌هیده‌کان و هاوسه‌نگه‌ر و براده‌ری زۆر به‌ڕێز و خۆشه‌ویستی کاک نه‌وشیروان بووین به‌ڵام چۆله‌که‌ش خۆی هه‌یه‌ و شۆرباویشی هه‌یه‌ !! چونکه‌ ڕه‌نج و خوێن و گیانی به‌خشیوه‌ بۆ هاوچۆله‌که‌کانی و هێللانه‌که‌ی که‌ کورد و کوردستانه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌یه‌تی.

  ڕانیه‌
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە