کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شه‌ڕی قڕکردنی کورد له‌لایه‌ن خومه‌ینیه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

Wednesday, 19/08/2009, 12:00


له‌ ساڵی (1979) دا شه‌ڕی قڕکردنی کورد به‌ بڕیاری (خومه‌ینی) ده‌ستی پێکرد، به‌ سه‌رۆکایه‌تی یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی شیعه‌گه‌ری تورک و فارسان به‌ناوی (به‌نی سه‌در) که‌ ناوی شه‌ڕی جیهادی (خومه‌ینی)یه‌، خومه‌ینی وای نیشان دا گه‌لی کورد بێباوه‌ڕه‌ و دژی خوا و پێغه‌مبه‌ر و قورئانه‌. (خاڵ خاڵی و مسته‌فا چه‌مران و ئه‌ندازیار بازرگان) وه‌ک سه‌رانی ڕژێمی خومه‌ینی له‌گه‌ڵ به‌نی سه‌در دا به‌ (ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان)ــدا هاتن وه‌ک پێشڕه‌وانی (سوپای خومه‌ینی) کورد کوژ، له‌ هه‌ر شار و گوندێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا که‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت کۆمه‌ڵ کوژیه‌کی زۆریان کرد به‌بێ جیاوازی ژن و پیاو و کچ و کوڕ و منداڵ ته‌نانه‌ت سه‌دان منداڵی کوردانیان به‌ (بزماران) کوشت!! ئه‌و کاته‌ زۆرایه‌تی گه‌ل و خاکی ڕۆژهه‌ڵات له‌ژێر ده‌ستی (حیزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕش گێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان) دا بوو. تێکۆشه‌رانی (ی.ن.ک) به‌تایبه‌تی و تێکۆشه‌رانی (حیزبی شۆشیالستی کوردستان) و (پارتی شۆشیالستی کورد پاسۆک) و هه‌رێمی کوردستانی (حیزبی شۆعی عێراقی) ڕه‌نج و خوێن و گیانیان پێشکه‌شی گه‌لی قاره‌مان و خاک و جوڵانه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد له‌و هێرشه‌دا لوتی به‌رزی سه‌رانی له‌خۆبایی خومه‌ینی و سوپا داگیرکه‌ره‌که‌ی شکا، ناچار په‌نای بۆ وتووێژی ساخته‌کارانه‌ و فێڵبازانه‌ برد که‌ ئه‌وه‌ به‌ درێژایی مێژوو نه‌ریتی داگیرکه‌رانی کوردستان بووه‌، کاتێک به‌وه‌ش هیچی بۆ نه‌کرا هێرشی کورد قڕکردنی ده‌ستپێکرده‌وه‌ توانی هه‌تاکو ساڵی (1985) ته‌واوی خاک و گه‌لی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بخاته‌وه‌ ژێر ده‌ستی خۆی، ئه‌وه‌ی هێنده‌ زوو بوو به‌ هۆکاری داگیر کردنه‌وه‌ی کوردستان ئازایه‌تی و تواناکانی ئه‌و ڕژێمه‌ کورد کوژه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو شه‌ڕی کورد خۆری و خۆ خۆری نێوان دێموکرات و کۆمه‌ڵه‌ بوو که‌ هه‌ر له‌ ساڵی (1980)وه‌ هه‌تاوه‌کو کۆتایی (1987) درێژه‌ی هه‌بوو زۆر جاران ڕاده‌وه‌ستا به‌ڵام له‌ ساڵی (1985) بوو به‌ شه‌ری سه‌رتا سه‌ری ئه‌وه‌ش به‌ڕێبه‌رایه‌تی (دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملو) و (عه‌بدوڵڵای موهته‌دی) شایه‌نی باسه‌ ڕێکخراوی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیسلامی کوردستان به‌ ڕێبه‌رایه‌تی مامۆستا شێخ جه‌لالی حوسێنی به‌شداری شه‌ڕی به‌رگری کورد و کوردستانیانه‌ی کرد. (مامۆستا شێخ عێزه‌دینی حوسێنی) وه‌ک تاکه‌ ڕێبه‌رێکی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینی و مرۆڤایه‌تی گه‌لی کورد نه‌خشی به‌رچاوی هه‌بوو له‌ یه‌کێتی ڕیزه‌کانی گه‌لی کوردستان دا. (حیزبی دیموکراتی کوردستان) له‌ ساڵی (1945) دامه‌زراوه‌، بۆ ڕۆشنبیرانی کورد باش ناسراوه‌، خاوه‌نی هه‌زاران ڕه‌نج و خوێن و گیان به‌خشیوه‌ ڕێبه‌ره‌ گه‌وره‌کانی که‌ گیان و خوێنیان به‌خشیوه‌ بریتین له‌وانه‌: 1- پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دله‌ ساڵی 1947. 2- عه‌بدوڵڵای ئیسحاقی ناسراو به‌ ئه‌حمه‌د تۆفیق له‌ ساڵی (1970) له‌ پایته‌ختی عێراق (به‌غدا) له‌لایه‌ن به‌عسیانه‌وه‌ بێ سه‌ر و شوێن کرا. 3- دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملو له‌ ساڵی 1989. 4- دکتۆر سادقی شه‌ره‌ف که‌ندی که‌ برای مامۆستا هه‌ژاری شاعیره‌ له‌ ساڵی 1992.
کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان له‌ ساڵی (1969) دامه‌زراوه‌، له‌ سالی (1979) خه‌باتی ئاشکرای ده‌ستپێکردووه‌ به‌ ڕێبه‌رایه‌تی گیان و خوێن به‌خشیو سه‌رکرده‌ی هاوچه‌رخ و نوێ خوازی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان (فوئادی مسته‌فا سوڵتانی) که‌ ناسراوه‌ به‌ (کاک فوئاد) له‌هه‌مان ساڵدا له‌ نێوان شاری (سه‌قز و بانه‌)دا گیان و خوینی به‌خشیوه‌ هه‌رچه‌نده‌ یه‌که‌م گیان و خوێن به‌خشیوی کۆمه‌ڵه‌ که‌ ڕۆژی کۆمه‌ڵه‌شه‌ (کاک حه‌مه‌ حوسێنی که‌ریمی)یه‌ که‌ (ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌)یه‌، کاک شوانی قاره‌مان پێشه‌نگی پێشمه‌رگه‌کان له‌ شاری سنه‌ گیان و خوێنی به‌خشی. ئه‌وانه‌ نمونه‌ی سه‌رکرده‌کانی کۆمه‌ڵه‌ بوون، ئێستا حیزبی دیموکرات بۆته‌ دوو به‌ش (مسته‌فای هیجری و عه‌بدوڵلای حه‌سه‌ن زاده‌) ڕێبه‌رایه‌تی ده‌که‌ن باره‌گای سه‌ره‌کیان له‌ (شاری کۆیه‌)ی سه‌ربه‌ (پارێزگای هه‌ولێر)ی باشووری کوردستانه‌. کۆمه‌ڵه‌ سێ حیزبی کۆمه‌نیست و پێنج کۆمه‌ڵه‌ی لێ که‌وتۆته‌وه‌ ڕێبه‌رانی کۆمه‌ڵه‌کان: 1- ئیبراهیمی عه‌لی زاده‌. 2- عه‌بدوڵڵای موهته‌دی. 3- عومه‌ری ئیلخانی زاده‌. 4- عه‌بدوڵڵا دلێر. 5- سه‌عیدی وه‌ته‌ن دۆست. باره‌گای سه‌ره‌کیان له‌ (شاری سلێمانی) ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو جوڵانه‌وه‌ی به‌ لاڕێدا برد و پارچه‌ پارچه‌ی کرد شه‌ڕه‌ خۆ خۆریه‌ جۆراو جۆره‌کان و بیری گه‌وجانه‌ی ده‌سته‌گه‌ری و ناوچه‌گه‌ری و ئێرانچێتی و کۆمه‌نیستی خه‌یاڵی دوژمن به‌ کورد و کوردستانیان بوو، بیری خۆ سه‌پێنی و پاوان خوازی ده‌سه‌ڵاتیش هۆکارێکی تری شه‌ڕی خۆ خۆری و خنکاندنی ده‌نگ و ڕه‌نگی ئازادیخوازانه‌ی دژ به‌و شه‌ڕه‌ بوو. هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵی (1979) بۆ (2003) په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسی عێراقی دا هه‌بوو به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیی سیاسیان له‌ده‌ست نه‌دا، نه‌ک له‌ دژی جوڵانه‌وه‌ی باشووری کوردستان، ته‌نانه‌ت له‌ دژی ڕژێمی ئێرانیش سیخورایه‌تی و گه‌له‌ جاشه‌تیان په‌سه‌ند نه‌کرد، سه‌دان ڕه‌نج و خوێن و گیانیشیان به‌ گه‌ل و باشوری کوردستان به‌خشی که‌ ڕژێمی به‌عس به‌ چه‌کی کیمیایی لێی دا به‌ ئه‌نقه‌ست، ئه‌و ڕه‌وشت و ناموسه‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌ کوردانه‌یه‌ش له‌ (پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د) و (فوئادی مسته‌فا سوڵتانی)ـیه‌وه‌ وه‌ک میرات بۆ مایه‌وه‌، سه‌ری به‌رزی هه‌ڵۆی سه‌ربه‌رزانه‌ی کورد و کوردستانیانه‌م بۆ گه‌ل و خاک و ڕه‌نج و خوێن و گیان به‌خشیوانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا داده‌‌نه‌وێنم .

ڕانیه‌ 19/8/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە