کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


د. بەرهەم ساڵەح هەڕەشەیەكی ترسناكە بۆ امنی قومی كوردستان

Wednesday, 21/04/2010, 12:00


لە گرنگترین ئەو مەفهومانەی كە لە سەر ئەمنی قومی نوسراوە ئەوی وەزیری بەرگری ئەمریكا (رۆبرت مەكنمار) نووسیوێتی سەبارەت بەو زاراوەیەو و دەڵێت: ئاسایش مانای بەرەوپێشەوەچوون و گەشەسەندنە جا لە ڕووی ئابووریەوە یان كۆمەڵایەتی یاخود سیاسییەوە بێت و لە درێژەی ڕوونكردنەوەكەیدا بۆ امنی قومی دەڵێت: ئاسایشی ڕاستی بۆ دەوڵەت لە زانینی قووڵی دێت بۆ ئەو سەرچاوانەی هەڕەشە لە توانا جیاوازەكانی دەكات و لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەیدا, بۆ دروستكردن و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەسەندنێكی تەواوی ئەو توانایانەی گەشەسەندنێكی ڕاستییانە لە هەموو بوارەكاندا جا چ بۆ ئێستا بێت یاخود داهاتوودا.. لەگەڵ ئەمەشدا وردترین مەفهوم بۆ زاراوەی امنی قومی ئەوەیە كە لە قورئاندا هاتووە و دەڵێت: (فلیعبدوا رب هدا البیت* الدی اگعمهم من جوع و امنهم من خوف) لێروە دەردەكەوێت كەوا ئاسایش دژی برسێتییە, و ترسیش بەمانا تازەكەی هەڕەشەی فراوانە لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیەوە لە ناوخۆو دەرەوە. بەڵێ ئەركی جێبەجێكردنی مەفهومی ئەمنی قەومی و پاراستن و بەهێزكردنی لە ئەستۆی حكومەتەكانەو هەریەكەو بەگوێرەی سامانی مرۆیی و سروشتی خۆی و پێگە جیۆپۆلۆتیكی خۆی, بەڵام جێی داخە بەرهەم ساڵەحی كابینەی شەش وەكو هەڕەشەیەكی گرنگ دەردەكەوێت لەسەر ئاسایشی نیشتمانی كوردستان چ لە ناوخۆو چ لەدەرەوە بەو ئاكامانەی لە هەڵسووكەوتەكانی سەرهەڵدێنێ ئەمە لەبری ئەوەی كار بۆ بتەوكردن و بەهێزكردنی بدات و سوود وەرگرێت لە سامانە سروشتی و بەشەرییەكانی كوردستان وپەرەی پێبدات و هەنگاوی دروستی بۆ دەسەبەر بكات و لە مەترسیە هەرێمایەتییەكان و ناوخۆش بیپارێزێت و كار بۆ وەدیهاتنی ڕەهەندەكانی ئەمنی قەومی لە ڕووی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی بكات, لە كاتێكدا وەك ئاشكرایە هەرێمەكەمان هێشتا لە شۆڕشدایە بەڵام جیاواز لە شۆڕشی چەكداری و بەڵكو شۆڕشێكی دیبلۆماسیەو زیاتر لە سەردەمی شاخ دووژمنمان زیاترە و جاران تەنها سەددامی دیكتاتۆر دوژمنی سەرەكیمان بوو بەڵام ئێستا تەواوی وڵاتە دراوسێكانمان دووژمنی ئەزموونەكەمانن و جگە لە سەددامە شێوەگۆڕاوەكانی عێراق.. لێرەدا دەركەوتنی د. بەرهەم ساڵەح وەكو هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە لە بەغداد بوو:
1- سەرەتا كاتێك بەرهەم ساڵەح لە بەغدا وەزیری پلاندانان بوو هیچ پلانێكی لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا نەبوو بەڵكو بۆ یەكەمجار ئەو ڕۆڵی خۆی بینی لە زیادكردنی نرخی سووتەمەنی بە هەمووجۆرەكانییەوە و بەشە سووتەمەنی بە نیوەش نەدەگەیشتە هەرێم ئەمەش كاری كردە سەر ئاسایشی نیشتمانی كوردستان و تووڕەبوونی هاوڵاتیان و دروستبوونی چەندین خۆپیشاندان و لەو كاتانەشدا توركیا هەڕەشەیەكی گەورەبوو بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بووە مایەی دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
2- كاتێك بوو بە جێگری سەرەك وەزیرانی عێراق جێگربوو بۆ كاروباری دارایی و بەرپرسی لێژنەی دارایی وئابووری بوو نەیتوانی كار بۆ ئەمنی نیشتمانی كوردستان بكات بەوەی:
أ‌- هێشتا كێشەی 17% بەردەوامە و هەموو ساڵێك زیندوو دەبێتەوە و نەیتوانی وەكو بەرپرسێكی ئیداری بەرزی كورد لە بەغداد ئەو بەشە داهاتە بچەسپێنێ.
ب‌- بوودجەی ناوچە دابڕاوەكان هەموو ساڵێك پڕكێشەو غەدرو ستەمە بۆ كوردستانییەكانی ئەوناوچانە و نەیتوانی میكانیزمێكی باش بۆ ئەو بودجەیەو نەهێشتنی ستەمەكان بخولقێنێ.
ت‌- لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی عێراقدا هەمدیس پارێزگاكانی هەرێم دووچاری ستەم و غەدر لێكردن بوو بە بەراورد كردن لەگەڵ پارێزگاكانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق و كەمكردنەوەی بەشی پارێزگاكانی كوردستان و هەندێ ساڵیش بڕینی و ئەمەش وایكرد كە پارێزگاكانی كوردستان لە بەشە داهاتی 17%ی هەرێم میزانیە بۆ پەرەپێدانیان تەرخان كراوە و ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر ڕەهەندەكانی ئەمنی قەومی كرد و هەڕەشەیەكی گەورەش بو بۆ سەری, ئەم خاڵانەی دەكرا د.بەرهەم كار بۆ چەسپاندنی بكات و نەبنە مایەی هەڕەشە بۆ هەرێم بەوەی ئێستا عەرەبە شۆفینییەكانی عێراق هەڕەشەی بڕینی 17% و تەواوی ئەو بودجانە دەكات كە پشكی هەرێم و ناوچە دابڕاوەكان لەژێر هەڕەشەی بڕیندایە و عەرەبەكانیش كردوویانەتە كارتی موساوەمە كردن و بۆ تەنازول پێكردن بە دەسەڵاتی كوردی بەكاری دەهێنن... گەر 17% ببڕێت یاخود كەمبكرێتەوە چی بەسەر هەرێم و ئاسایشی نیشتمانی ناوخۆو دەرەكی دێت؟ یان گەر بیچەسپاندایە عەرەبەكان ئەیانتوانی وا هەڕەشە لە ئەمنی كوردی بكەن؟ ئەمەو لە كاتی هەڵبژاردنیشدا كە لە بانگەشەكەیدا بۆ حیزبەكەی بەڵێنی دا كە لە هەموو قەزاكانی كوردستاندا زانكۆیەك بكاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر سۆزی خەڵكانی كوردستان بەلای حیزبەكەیدا ڕابكێشێت و بەبیانووی ئەوەی كە فێرخوازان بەشی زۆریان باری ئابووریان باش نییەو هاریكاریان دەبێت, بەڵێ من لەگەڵ ئەوەدام نەك تەنها لە قەزاكاندا بە ڵكو لە لادێكانیشماندا زانكۆیەك هەبێت بەس كاتێك كە هەموو پێداویستییەكانی دابین بكرێت لە مامۆستای پسپۆرو بیناو هۆڵە زانستییەكان و پڕ تاقیگە بێت و تاكو بتوانرێت سوود لە تواناو ئاستی زانستی و هۆشمەندی فێرخوازان ببینرێت زانكۆش ئامانجی خۆی بپێكێت, بەڵام ئەوەی د. بەرهەم دەیەوێت بیكات كارێكی سەقەتە چونكە ئەو زانكۆیانە تەنها بینایەك بەو لاوە هیچی تری تێدا بەسەر نییەو وا دەكات گەنجەكانمان لە بازنەی قەزاكانیاندا قەتیس ببن و چاوییان نەكرێتەوە و تواناو بەهرە زانستییەكانیشیان گۆربەگۆڕی ناخیان ببێت و كۆمەڵگەی كوردیش لە كۆی گشتی ئەم دەرئەنجامەنەشدا زەرەرمەندی گەورە دەبێت و بَیبەش دەبێت لەو توانایانەو مەترسی دەكەوێتە سەر ئاسایشی نیشتمانی, چونكە بەپێی مەفهومی ئەمنی قەومی سوود وەرگرتن و پەرەپێدان و پاراستنی سامانی مرۆیی وڵاتەكەیە, كەچی د. بەرهەم كارێكی لەوجۆرە دەكات و بیری چووەتەوە كە ئێمە زانكۆكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆكمان مەرجی زانستی تیادا نییە و ڕیزبەندییان لە نێو زانكۆكانی دنیادا لە دوای دواوەیە ئەمە ئەگەر داخیلی ئەو ڕیزبەندییە كرابێت لە بنەڕەتدا؟؟ ئاستی مامۆستایان و بیناو تاقیگەكانیشیان وەكو پێویست نییە لەگەڵ بوونی چەند مامۆستایەكی خاوەن زانست و توانا كە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت.
لەگەل دەست بەكاربوونیشیدا وەكو سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان, هەڕەشەكانی د. بەرهەم بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی لە پەرەسەندندایەو ئاراستەكەشی توندتر بووە بەوەی:
1- لە دەسپێكی دەسبەكاربوونیدا ژمارەی نانبڕوانی زیاتر كرد كاكی لیبڕال و دیموكراتی خوازو پەروەردەی كەشو هەوای ڕۆژئاوا بەس لەبەرئەوەی خاوەن بیروڕای جیاوازن و لیستێكی تریان هەڵبژاردووە و لە یەكێتی دووركەوتوونەتەوە و بوو بەدووژمنی سەرەكی 25% دانیشتوانی كوردستان نانبڕاوی كردن و هەڕەشەیەكی ترسناكی خستە سەربژیۆی ژیانیان و ڕقێكی ئەستووری لە ناخی ئەو خەڵكە چاند بەرامبەر بەحكومەت و ئاسایشی ناوەخۆی نیشتمانی ژێرباری مەترسیەكی گەورە كر.
2- هێڕشكردنە سەر ڕۆژنامە نووسان و گێڕانەوەی مۆدیلی كەژاوەی سەیارە و هۆرن لێدان و هاتووچوونیان بە خێراییەكی موراهیقانە ئەوەندەی تر ڕقی خستە دڵی خەڵكانی كوردستانەوە.
3- قسەی زل و بەڵێنی بێ بنەماو خۆ نیشاندانی لە كەناڵە ئاسمانییەكان گەورەترین دەسكەوتی د. بەرهەمە تا ئێستاش بەم ئاكارانەشی كاری كردۆتە سەرنەمانی بڕواو متمانە لە نێوان حكومەت و خەڵكدا و بەلە جیاتی دانانیش بووەتە مایەی لاوازكردنی هەستی نیشتمانی لای تاكی كوردی و بەوەی كە هیچ ئومێدێكیان بە م حكومەتە نیەو چاوەروانی هیچی لێ َناكەن و بە فاكتەری نەمانی هەستی نیشتمانی ئاسایشی ناوخۆ لاواز دەبێت و ئاسایشی نیشتمانی دەرەكی لە بچوكترین هەڕەشەدا دەكەوێتە بەر مەترسییەكی گەورە چونكە گەر متمانە نەما لە نێوان دەسەڵات و شەقامی كوردیدا ئەوا ئەو خەڵكە بە هانای حكومەتەوە نایەت و بە قسەشی ناكات.
4- ملكەچبوونی بۆ ململانێیی نێو باڵەكانی حیزبەكەیی و ڕۆڵ گێڕانی لەو نیزاعەو فەرامۆش كردنی كاروپرۆژە و ئەركەكانی حكومەت هۆكارێكی تری بەهەڕەشە بوونی د. بەرهەمە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆو دەرەكی نیشتمانی.
لەكاتی خستنەڕووی بودجەی هەرێمدا لە پەرلەمانی كوردستاندا هەڕەشەیەكی كوشندەی ئاراستەی ئاسایشی نیشتمانی كرد بەوەی تەنها گرنگی داواوە بە بونیەی فەوقی و بنیەی تحتی فەرامۆش كردووە ئەویش بەگرنگیدانی تەنها بە زیادكردنی مووچەی مووچەخۆرانە... بەڵێ ئێمە لە گەڵ زیادكردنی مووچەداین بەڵام دەبێت لە بەرامبەر ئەوەشدا ژێرخانی ئابووری كوردستان گرنگی پێبدات و بەشێوەیەكی تەریب بەیەكتر و نابێ ئەم لە سەر حسابی ئەویتر بكرێت ئەمەشی بۆ بەرژەوەندی حیزبەكەی كردووە و ستێرنی حكومەتی ئاراستەی هەستانەوەی حزبەكەی كردووە, بێگومان تا ژێرخانێكی بەهێزی ئابووریت هەبێت ئەوەندەش ئاسایشێكی نیشتمانیت بەهێز دەبێت و بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.
5- هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ بۆ سوود وەرگرتن و پەرەپێدان و تەقاندنەوەی توانای تاكی كوردی و هەروەها بابەتی توێژینەوەی زانستی و دیراساتی ئیهمال كردووە لە كوردستاندا بڕێكی كەمی پارەی بۆ تەرخانكراوە و ئیتر نازانم چۆن زانكۆو تاك و ژێرخانی ئابووری گەشە دەكات! لە كاتێكدا گەر فەڕەنسا وەكو نموونەیەك نەك وەك بەراوردكردن دەبینین ساڵێك لە ساڵەكان بڕی 120 ملیار دۆلارییان تەنها بۆ توێژینەوەو پەرەسەندنی دیراساتی فڕۆكە تەرخان كردووە نەك بۆ دروستكردنی ئەمەش كاتێك بوو كە هەستیان كرد فڕكەی میراجی فەرەنسی بەرامبەر فڕۆكەی ئەمریكیدا لە دابەزیندایە!! كەجی لای ئێمە لە سلوكمانەوە تا ئیشكردنمان و نوستنمان و هەڵسان و دانیشتنمان و زانستمان هەموو پێویستی بە توێژینەوە هەیە بۆ ئەوەی وەكو مرۆڤێكی سروشتی ئاسا بژین هەروەها لە چوارچێوەی قەوارەیەكدا كە ئەمن و ئاسایشی تێدا پارێزراوبێت دوور بێت لە مەترسیە هەرێمایەتییەكان ئەمە مافێكی سادەوساكاری خۆمانە كەچی لە سایەی كابینەی شەشەم و د.بەرهەم ساڵەح ترس گەشتۆتە ڕادەیەك كە هەڕەشە نەك لە سەر خۆمان وەكو تاك بەڵكو هەرێمەكەشمانی گرتۆتەوە, چونكە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران و توركیاو سوریاو هەندێ قەوارەی ناوخودی عێراق ئەم لاوازیو كێشەو گرفتانەی كە لە گەڵ لەدایكبوونی كابینەی شەشەمدا سەری هەڵداوە بقۆزنەوەو لە بۆسەیابن بۆ فەوتاندنی هەرێم و لەناوبردنی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە