پەرلەمانى ئاهەنگ یان باشترە بڵێین پەرلەمانى بێ دەنگ
Saturday, 22/08/2009, 12:00
هەموومان ڕۆژى 20 ئاب مان بینى كە چۆن ئەندام پەرلەمانە تازەكان سوێندران، سەیر لەوەدایە دواى زیاتر لە نیو مانگ لە ئاشكرا كردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەكان تازە پەرلەمانى هەڵبژێردراو كۆ دەبێتەوە چۆن كۆبونەوەیەكیش كۆبونەوەیەك كە زیاتر لە ئاهەنگ دەچوو چونكە هێندە میوان بانگ كرابوون، پاشان ئەوەندەى چەپڵە بۆ سوێند خواردنێك لێدەدرا كە زۆربەى ئەندامەكانى پەرلەمان نەیان دەزانى بە تەواوى سوێندەكەش بخوێننەوە نیو هێندەى چەپڵەكان ئەندام پەرلەمانە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكان دەنگیان لێوە نەهات. لە بەرامبەر ئەوەى كە دەبوایە سەرۆكى پەرلەمان و جێگرەكەى و سكرتێرى پەرلەمان بە دەنگدان دەرچونایە بۆ ئەوەى سەنگ و قورسایى سەرۆك و جێگرەكەى بزانرایە لە پەرلەماندا، ئەو نوێنەرانەى خەڵك كە ئێستا چوونەتە پەرلەمان لە كاتى پڕو پاگەندەى هەڵبژاردنەكاندا داوایان دەكرد خەڵك دەنگیان بداتێ بۆ ئەوەى ئەو بێدەنگییەى كە لە خولەكانى پێشوى پەرلەماندا باڵى بەسەر هۆڵى پەرلەماندا كێشابوو ئەو بێدەنگییە بشكێنن كوا ئەى ڕۆژى 20 ئاب بۆ نقەتان لێوە نەهات. 25 ئەندامى گۆڕان لەگەل 13 ئەندامى چوار حیزبەكە لە هوڵەكەدا بوون بۆچى دەنگتان نەكرد دواى كۆبونەوەكە لە كەناڵەكانەوە راتانگەیاند لەو كارە نارازى بوون تازە لە پاى چى، لیستى گۆڕان و لیستى4 حیزبەكە لە كاتى ئاشكرا كردنى ئەنجامى كۆتایى هەڵبژاردنەكان پاش ئەو هەموو تەزویرو ساختەكارییە كە لیستى دەسڵات لێى كردن ، بە بیانوى تێك نەچونى وەزعى ئەمنى كوردستان و دروست نەبوونى ئاژاوە وناكوكى ئەنجامەكانتان قبوڵ كرد،ئەدى ئەو بێدەنگیەى ڕۆژى 20ى ئاب بیانوى چى بۆ دەهێننەوە، من دڵنیام شەرمێكى زۆرتان دەكرد لە ئەو میوانانەى لەوێ بوون. زۆرزانى دەسڵاتى كوردى لەوەدایە بۆ هەموو شتەكان دەبێت كۆمەڵێك میوانى بێگانە ئامادە بن بۆ ئەوە ى ئەو بەناو دیموكراسییەى ئەوان باسى دەكەن پیشانى میوانەكانى بدەن ئەگینا پەرلەمانَێك كە خەڵك هەڵیبژاردوە و بۆ دانانى سیستەمێكى چاك و بۆ گۆڕینى ژیان و گوزەرانى خەڵك چ پێویست دەكات نوێنەرى چەندین دەوڵەت دەعوەت بكەیت بۆ كۆبونەوەى پەرلەمان .كام پەرلەمانى دنیایە لە كاتى كۆبونەوەكانى خۆیدا میوانێكى بێگانە راكێشێتە ناو هۆڵى پەرلەمان ئەمە بەس لە كوردستانە گەندەڵەكەى ئێمەدا هەیە، لە ڕۆژى 20ى مانگەوە ئیدى من ئومێدێكى دیكەم بە لیستە ئۆپوزسیۆنەكانى ناو پەرلەمان نەما چونكە لە دانیشتنەكانى دیكەى پەرلەمان لە داهاتووا چەندین كارى ئاواى دیكەیان بە سەردا دەگوزەرێ و بێدەنگن لە ئاستیدا، ئومێد دەكەم من بە هەڵەدا چووبم لە بۆچوونەكەمدا پەرلەمانى داهاتوو ببێتە پەرلەمانێك كە زورترین گفتوگۆ لە سەر بریارەكان بكرێت كە دەردەچن. وە لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان بە كارى جدى خۆیان هەستن ونەهێڵن چیدى پارەو سامانى كوردستان بە هەدەر بروات بۆ ئەوەى لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەڵبژاردنەكانى داهاتوودا هەمان متمانەى جەماوەرەكەیان بە دەست بێننەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست