كەریم سنجاری: حساب بۆ سلێمانی ناكەم
Friday, 06/07/2012, 12:00
دوای (12) ساڵ ئاوارەیی، جارێكیتر هاتمەوە بۆ زێدی لەدایكبوونم لە سلێمانی، لەلایەك دڵشاد بووم بە بینینەوەی خێزانەكەم و خۆشەویستانم، لەلایەكیتریشەوە زۆر دڵتەنگ بووم بۆ وەزعی سلێمانی چونكە چۆن جێمهێشتبوو كە هاتمەوە دوای سەدان ملیۆن دۆلار بودجە، خراپتر ببوو!.
لەم رۆژانەدا سەردانی مەسئولێكی بەرزی مرورم لە سلیمانی كرد، كاتێ پێموت حاڵی شارەكە بەهۆی زۆری و بۆری سەیارەو كەمی نیشانەی هاتوچۆو ترافیك لایتەوە خراپە، دوای هەندێ گلەیی و گازاندە، بە چپەوە وتی لەو كاتەی هەردوو ئیدارەی حكومەت یەكیانگرتۆتەوە و كەریم سنجاری بۆتە وەزیری ناوخۆ، ئامادە نییە تەنانەت ئەو پارەی خۆمان بە غرامە و معامەلە و پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلە تازەكان پەیدای ئەكەین، تۆزقاڵێكمان بداتەوە تا هیچ نەبێ هەندێ ترافیك لایت بۆ شەقامە قەرەباڵغەكان بكڕین یان تاسەی ئەندازەیی دابنێین بەكورتی و بەكوردی كەریم سنجاری حساب بۆ شاری سلێمانی ناكات ئەگینا زۆرجار داهاتی ساڵێكمان گەیشتۆتە 60 ملیار دینار كە نزیكەی 60 ملیۆن دۆلار ئەكات، بەڵام رازی نییە (1/100)ی ئەو پارەیە بۆ هاتوچوی شارەكە تەرخان بكەین!!!!!!.
داوا لە نێچیرڤانی سەرۆكی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئەكەم لیژنەیەك بۆ ئەم سوكایەتی و پەراوێز خستنەی شاری سلێمانی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و هاتوچۆوە دابمەزرێ تا خۆیان بگەنە ئەم هەقیقەتە..
داواش لە شاری هەڵمەت و قوربانی ئەكەم ئەو سوكایەتیە قبوڵ مەكەن و بەگژ ئەم ناعەدالەتییەی كەریم سنجاریدا بچنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست