لەدژى دەستگیرکردن ودیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانى کوردستانى ئێران دەنگى ناڕەزایەتى هەڵبڕن!
Friday, 18/03/2011, 12:00
بەپێى هەواڵێک کە"کەمپینى نا بۆ دیپۆرت کردنەوەى کوردى ئێرانى" 9 کەس لەپەنابەرانى کوردستانى ئێران، دانیشتووى شارى سلێمانى بەناوەکانى سهعید میر ئهحمهدی، جهمیل عهلایی، سۆران عبدالله، محمد بدیع، حسێن محمد، مهدی نعمت، قدرت اسکندری، فاتمه علی، کاوه بابا محمد، لەلایەن هێزەکانى ئاسایشى یەکیتى نیشتمانیەوە دەستگیر کراون وبەدەست وقاچ بەستراویەوە لەنشینگەى سلێمانیەوە ڕەوانەى زیندانى جولەکان کراون، تا ڕادەستى جمهورى ئیسلامى ئێران بکرێنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کەدەسەلاتدارانى ئێران زیندانەکانى خۆى سیخناخ کردووە لەهەڵسوڕاوانى سیاسى نەیارى خۆیى و شەپۆل شەپۆل دەیان کێشێتە بەردەم پەتى سێدارەوە.
ئەم هەنگاوەى دەزگاى ئاسایش وسەرکردایەتى یەکیتى نیشتمانى، بەتەنها هەنگاوێک نییە بەهەقى ئینسانیەت وژیانى ئاسوودەیى پەنابەرانێک کەڕازى نین بەمانەوە لەژێرسایەى ئیستبدادى ڕەش وخوێناوى دەسەلاتى مەلاکانى ئێران، بەڵکە ڕیشەى لەسیاسەتی دەستگیرۆیى وهاوکاری کردنى حزبە دەسەلاتدارەکانى کوردستاندایە بۆ جمهورى ئیسلامى ئێران کەبەدژى نەیارانى جێگیر لەکوردستانى عێراقدا پەیڕەویان لێکردوە. ڕاکێشانى دەستى دەوڵەتانى کۆنەپەرستى ناوچەکە بەدژى هێزە نەیارەکانى ئەم ولاتانە و کردنى شارەکانى کوردستان بەمۆڵگەى چەندین دەزگاى تیرۆریست وموخابەراتى وئینسان کوژى، کەتائێستا بەتیرۆرى سەدان پەنابەر وهەڵسوڕاوى سیاسى وچەندین بارەى لەشکرکێشى تەواوبووە، گۆشەیەک لەم سیاسەتى هاوکارى ودەستگیرۆییەى حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانى کوردستان بۆ دەوڵەتانى کۆنەپەرستى ناوچەکە دەخاتەڕوو. هەموو ئەم سیاسەتەش تەنها بۆ بەدەستهێنانى ئیمتیازاتى سیاسى و بازرگانى وڕاکێشانى دەستى سەرمایەداران وکۆمپانیاى بازرگانی دەوڵەتانى ناوچەکە بووە لەسەر حسابى ژیان وخوێنى هەزاران پەنابەرى نەیارو خەباتگێڕ.
لەئێستادا کەخۆپیشاندان وناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، شارەکانى کوردستانى عێراقی گرتۆتەوە، دەستگیر کردن ودیپۆرت کردنەوەى ئەم پۆلە لەپەنابەرانى کوردستانى ئێران، لێدانى ئاماژەیەکە بۆ لایەنە ئۆپوزسیۆنەکانى جمهورى ئیسلامى ئێران تا هەڵوێستى بێدەنگى وکەنارەگیرى لەم بزوتنەوەیە وەربگرن وسەرەنجام شۆرش و هاتنە مەیدانێکى شۆڕشگیرانە کەلەکوردستانى عێراق کەوتۆتە ڕێ، لەپشتیوانى کردنى هێزە ئازادیخوازەکانى ناوچەکە داببڕن.
حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان، وێراى مەحکومکردنى ئەم هەنگاوەى دەزگاى ئاسایشى سەربە یەکیتى نیشتمانى، دوا دەکات کەدەستبەجێ ئازاد بکرێن و ژیانێکى ئاسوودەو ئازاد بۆ پەنابەرانى کوردستانى ئێران ولایەنە نەیارەکان دابین بکات. هاوکات حزبى کۆمۆنیستى کریکاریى کوردستان داوا لەسەرجەم خەڵکى ناڕازى کوردستان دەکات کە خواستى دەستبەجێى ئازاد کردنى ئەم گیراوانە و دەست هەڵگرتن لەدەستگیرکردنى پەنابەران ولایەنە نەیارەکانى جێگر لەکوردستانى عێراق بکەنە یەکێک لە خواستەکانى خۆپیشاندان وناڕەزایەتیە جەماوەریەکانى خۆیان.
حزبى کۆمۆنیستى کریکاریى کوردستان
17/3/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست