گەر دەسەڵاتى خۆسه‌پێنی كوردی تا دوێنێ بەعسی بووە ئەمرۆ ئیتلاعاتیشە

Monday, 22/03/2010, 12:00


هەر وەك جاران سەردانێكى ماڵپەڕى كوردستان پۆستم دەكرد كەلە ناكاو هەواڵێكى گرینگ و بەپەلەم لەستانداردەوە بەرچاو كەوت كە تێیدا ئاماژە بە یەكێكى دیكە لە خوش خزمەتییەكانى بەرپرسانى ناكوردی كوردستان دەكات كە بە دوژمنانى گەلیان كردووە كە بە پێى ئەو هەواڵە كونە خزمەتكارى كومارى ئیسلامى ئێران بەڕێز ! جەلال و خزمەتكارى برا توركەكانمان رێزدار! نێچێر هەفتەى رابردوو لە تەوێڵە لە گەڵ نوێنەرى كۆمارى ئیسلامى ئێران كۆبوونەتەوە ئەویش بە دزییەوە بە مەبەستى وتوووێژ كردن لە سەر چارەنووسی عێراقی لێقەوماو و پێكهێنانى هاوپەیمانییەك لە نێوان لیستى هاوپەیمانى و بەرى ئیسلامییە شیعەكان (سەر بە ئێران) و هەروەها باس لە دووبارە كاندید كردنەوەى   جەلال بۆ پۆستى سەرۆك كۆمارى عێراق كراوە .
دیارە ئەمە ئەوەڵ جار نییە كە بەرپرسانى نامەسول و كۆنە بەعسییەكان و فایلدارەكانى ئەم وڵاتە لە گەڵ بەرپرسانى وڵاتانى داگیركەر و برا گەورەكاانیاندا كۆۆبوونەتەوە و هەروەها ئاخر جاریش نابێ و درێژەى دەبێت . ئەم پێشبینییە لە رەش بینیییەوە سەرچاوە ناگرێ چونكە سەرۆكەكەى ئێمە هەمیشە و هەردەم خزمەتكاریان بووە و پارێزەرى بەرژەوەندییەكانیان بووە و و زۆر بە باشیش دەیناسن كە چلۆن حازر بووە دەستایان ماچ بكات و داگیركەرانیش دەبینن كە چۆن ئەم وڵاتەیان دواخستووە و بە چەشنێ كە لە دواى وڵاتێكەوەیەن وەك سودان . لە لایەكى ترەوە كەسایەتى و ئەخلاقی نزم و مێژووى ناپاكی دەسەڵاتدارانى ئەم وڵاتە ئەوەندە سووك و ناپاك و خوێناوى و خایینانە و دژە گەلییە كە هەموو ئاكارێكى ناشیرین و نارەوایان لێ دەوەشێتەوە. تەنانەت ئەگەر ئەم هەواڵە لە لایەن هیچ لایەنێكى حیزبی و حكومییەوە و تەنانەت میدیاكانەوە پشت راست نەكرێتەوە بەڵام بەو حاڵەشەوە من هەر بە راستى دەزانم و دەیان و سەدان كردەوەى لەمە خرابتریشیان لێ روو دەدات هەر چەن لێدوان نەدان و بێدەنگ بوونى بەرپرسانى دیكە لە مەڕ ئەم دانیشتنە خۆی لە خۆیدا نیشانەى راست و درووستى ئەم دیاردەیەیە.
ئەم چاوپێكەوتن و دانیشتنە نائاسای و نایاسایی و ناشەرعی و ناشیرینانەى بەرپرسانى باڵاى ئەم وڵاتە چەن پەیامێكمان بۆ دەردەخا كە دەبێ بیكەینە حەڵقەى گوێمان با چاوبەسراوى و لە رووى نەزانینەوە چەپلەیان بۆ لێ نەدەین و ئەوانیش بە ریشمان پێ نەكەنن.
هەموان دەزانن كە كوردستان باشوور پاش راپەڕین و ئازاد بوونى گەورەترین مەترسی بوو بۆ سەر وڵاتانى داگیر كەر بە چەشنێ كە حازر بوون بە هەزاران كیلومتر لە خاكیان لە لایەن وڵاتانى دیكەوە بە وڵاتانى رۆژئاواشەوە داگیر بكرابایەت بەڵا ئەم چەند بستە لە خاكى باب و باپیرانى كورد ئازاد نەكرایەت و نەكەوتایەتە دەستى خوددى كوردان ئەوە بوو هێشتا خوێنى شەهیدانى راپەڕین وشك نەبۆوە كە بە فیتى داگیر كەر و بە چەكى داگیركەر و بە دنەدانى داگیركەر و بە چەپلەى داگیركەر شەڕی ناوخۆ دەستى پێكرد. ئەمە باشترین هەنگاوى داگیركەران بوو بۆ لە پەل و پۆ خستنى ئەو چەند بستە خاكە كە لە لاشەى بە زۆر تێكئاڵاوى ئەوان جیا كرابۆوە. شەڕی ناوخۆ گەورەترین سەركەوتنى دوژمنان بۆ بەر سەر كوردەوە و لە هەمان كاتیشدا گەورەترین و قوڵترین برین بوو بە جەستەى ماندووى كورستانی بە ناو ئازاد كراوەوە. لێرەوە كورستان باشوور مەترسییەكەى جاران و گرینگییەكى جارانى بۆ ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانى داگیركەران وەك جاران نەمابوو بەڵام هەر مەترسی بوو بۆیان. بەم سەركەوتنە بۆ داگیركەران دەسەڵاتدانى كوردستان كە بەشێكى زۆریان لە بەرى دوژمناندا بوون و بوون بە بووكە شووشەى دەستى ئێران و توركیە و بە پەنجەیەكى بەپرسێكى ئیتلاعاتى ئێران و میتى توركیە دەكەوتنە سەما و هەر بەو پەنجەش لە جووڵە دەكەوتن. ئێستا لەمرۆدا كە مامە و برازاتۆراوەكەى كاكە لە گەڵ بەپرسێكى پلە نزمدا كۆدەبنەوە درێژەى ئەو شانۆیە كە پەنجەكانى نێوخۆی ئێران دەیانخاتە جووڵە.
  به‌ناو سەرۆكەكانى ئێمە لاى دوژمنانمان ئەوەندە بە سووكى سەیر دەكرێن كە پێویست ناكەت بەرپرسێكى پلە بەرز لە گەڵیان دانیشن بە چەشنێ كە مامە و كاكەى ئێمە ئەوەندە خۆیان سووك و تڕۆ كردووە كە پێویست بكا لە گەڵ سەربازێكیشدا كۆدەبنەوە چ بگا بە قاسم سلێمانى كە یەكێ لە فەرماندەكانى سوپا پاسداران و فەرماندەى هێزى قودسە و لە شەری ئێران و عێراقدا فەرماندەى لەشكەرى 41ى "پار الله" بووە و لە لایەن ئەمریكاوە تاوانبارە بە دەستێوەردان لە كاروبارى نێوخۆی عێراقدا و هۆكارێكە بۆپڕ چەك كردنى شێعەكان لە عێراقدا. هەڵبەت ئەگەر ئەمە یەكەم دانیشتنى برازاكەى كاكە بێت لە گەڵ سلێماندا بەڵام یىكەم تەجروبەى مامە نییە چونكە بەڕێز ! جەلال لە ساڵی 2006 جارێك لە گەڵی دانیشتووە بە مەبەستى كۆتایی هێنان بە هێرشی سەر ناوچەى سەوز لە بەغدا. من پێم وایە خودى بەرپرسانى ئێمەش ئەوە دەزانن كە نابێ ئەمان وەك سەرۆك كۆمار و وەك سەرۆكى یەكێتى و وەك خاوەنى ملیلردها دۆلار پارە و سامانى ئەم وڵاتە و وەك خاوەنى شاری سلێمامى و وەك مامەى خەڵكى ناهوشیار و وەك برازاى سەرۆكى بنەماڵەى بارزانى و وەك خاوەنى بەشێكە زۆرلە پارە بانكەكانى توركیە، لە گەڵفەرماندەیەكى سوپادا دابنیشن بەڵام چی بكەن رووى زەمانە رەش بێت كە ئەمان ئەوەندە سووكن هەر دەبێ ئەمانیش بڕۆن بۆ لای ئەو. بۆیە بە دزییەوە بە دوور لە چاوى كامیراكانەوە سەردانى دەكەن ئەگینا دەیانكردە بازار گەرمییەك كە با خەڵك بزانن كە ئەوان چەندە رێز لە برا داگیركەرەكانیان دەگرن.
لە لایەكى دیكەوە خەڵك و دانیشتوانى ئەم وڵاتە دەبێ چى دیكە كلاوى رابردوو نەچێتە سەریان و بە چاوبەستراوى شوێنی ئەم جۆرە بە ناو سەرۆكانە نەكەون و چەپڵەى بێخودیان بۆ لێنەدەن و چی دیكە خیانەت و سات و سەوداى ژێربەژێر و مامەڵًەى تاكەكەسی و دزى و تاڵان كردنى سامانى ئەم وڵاتە و دیان ئاكار و كردەوەى قیزەون و ناشیرین و مناڵانەى كەسانى بە ناو سەرۆك و رێبەر و وەزیرى نالایق و كۆنە جاش و كۆنە بەعسی و فایلدار و كۆنەموستەشار و كۆنە سیخورە پیر قبول نەكەن و دەبێ ئێمە ئەوە بزانین و بە خۆماندا بێینەوەى كە ئەم خاكە خاكى گەلە و هەر دەبێ ئێمەش بیپارێزین هەر وەك چون رۆڵەكانى ئێمە و ئێوە ئازادیان كرد و خوێنى خۆیان كردە قەڵغانى ئەم خاكە . دەبێ چی دیكە حەرەكت و جولەى ئەوەها لە بە ناو بەرپرسانمانم قبول نەكەین و بە خۆماندا بێینەوە و با بزانین كە لە ماوەى ئەم 19 ساڵەدا چ خیانەتێكمان لێ كراوە و با چی دیكە لەترسی بڕینى مەعغاشدا تاییدى خیانەت نەكەین و چاوپۆشی لە خیانەت نەكەین دڵنیا بە ئەو مەعاشەى بە ئێمە دەدرێ كۆنەبنكڕی قازانەكانى خۆویانە كە بە مەبەستى دەمبەس كردن و كوێر كردنى ئێمە دەدرێت و لە هەمان كاتیشدا بە مەعاش خۆر كردنى خەڵك بە تایبەت مەعاشی بەلاش گەورەترین زیان لە ئابوورى وڵات دەدرێت. دەبێ خەڵی كوردستان بە خۆیاندا بێنەوە و رەخنەى سیستمى حكومەت بكەن و هەر كەس لە شوێن خۆیەوە هەول بدات بۆ پێشگیری كردن لە خیانەت و تاڵان و كورد فرۆشی و نیشتمان فرۆشی و وێران كردنى ئەم وڵاتە پێمان وا نەبێت ئەگەر یەكێتى یان پارتى سشنووردار بكرێن بەشی ئێمە نادەن بەڵكوو بە سنووردار كردنى گەندەڵی وڵات لە هەموو بوارێكەوە دەبووژێتەوە و خەڵك خۆی بڕیار بە دەست دەبێت و ئەو كات تەنانەت سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانى هیچ كام لە وڵاتانى داگیركەر لە ئاستى ئەوەدا نابن كە لە گەڵ ئێمەدا دانیشتن بكەن بەمەرجێ خۆمان خاوەنى خۆمان بین نەك تاقمێكى خاین بە خاك و وڵات و نامووس و شەرەف و نیشتمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە