کوردستان و دەوڵەت
Tuesday, 01/05/2012, 12:00
ئەو بەشە لە کوردستان کە بە باشور یان بە (کوردستانی عێراق) پێناسە دەکرێت ، لە ساڵی 1991 دا تا ئەمڕۆ بەسەربەخۆیی ژیانی سیاسی وحوکمڕانی بەسەر دەبا . ئەم ژیان بەسەر بردنە هەڵگری دەیان دیاردەو قۆناغی جیاواز بوو، کە چ نووسینەوەی وەکو بابەتی مێژوویی ، چ هەڵسەنگاندنی وەکو ئەزموونێک لە حوکمڕانی دەکرێ لە چەندین گۆشەوە قسەی لەسەر بکرێ ، کە بەدڵنیایی بەپێ ی بوونی بەرژەوەندی سیاسی و حیزبی جیاواز، یان بە پێ ی دابەش بوون بەسەر ئینتیما بۆ دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن هەڵسەنگاندنەکانیش هەڵگری شی کردنەوەی جۆراوجۆر دەبن .
پرسی جیابونەوەو پێک هێنانی دەوڵەتی کوردیش وەکو دیاردەیەکی سیاسی ئەمڕۆی ئەم ئەزمونە مشتومڕی بەرە جیاوازەکان لەسەری لەگەرمەی خۆیدایە . ئەم نووسینە قسە لەسەر (دەوڵەتی کوردی) دەکا ، نەک وەکو بۆنەیەک یان ئیعلانێک کە ئیحتیمالە لە موبادەری سەرکردەیەک یان حیزبێکی دەسەڵاتدار لە ئایندەدا بەیان بکرێت ، بەڵکو دیاردەیەک کە چەندین فاکتەر دیبزوێنن کە خوێنەر دەتوانێ دەستی بە تێگەیشتنێکی وردتر بگات لەسەر هاتنە پێشەوەی ئەم پرسە .
ڕۆشنبیرە ئیلیەتەکانی کورد ، بە تایبەتی مەریوان وریا قانیع ، لەسەر ئەم پرسە چەند وتارێکی درێژی نووسی . ئەگەر وتارەکانی ئەو چڕ کەمەوە بۆ پەرەگرافێک ئەوا دەکرێ کورتی کەمەوە لەم دێرانە ((بارودۆخ هیچ لەبار نیە بۆ دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە ، پارتی وسەرۆکەکەی ئەم پرسە وەکو وەرەقەیەکی فشاری ئیعلامی بەکاردێنن ، پایەکانی دامەزراندنی دەوڵەت لە ئەزمونی کوردستاندا لە ئارادا نیە چونکە هیچ (موئەسەساتی) نیە و دیموکراسی غائیبە ، مەترسیەکی گەورەیە ئەگەر بێتو لە باری مێژویەوە ئیعلان کردنی دەوڵەتی کوردی بە دەستی بنەمالەی حاکم بێت ..)) ئەم بۆچونانەی مەریوان پشت دەبەستێ بە تێگەیشتنێکی لیبراڵی لە سەر چۆنیەتی " دەوڵەت " کە بە پێوەرەکانی ئەم تێگەیشتنە نمونەییە لە سەر (دەوڵەت) لە ژێر سایەی لیبرالیزمدا ، حالەت وچوارچێوەیەکی زۆر جیاوازە لەو ئەلگۆیەی پارتی یان سەرۆکەکەی ، یان خەڵكێکی دوور لە پارتی وسەرۆکەکەی ، لە ئێستای کوردستاندا ئەم دامەزراندنە بە خەونێکی مومکینی دەزانن .
کێشەی تێڕوانینی مەریوان وئەوانەی وەکو ئەو بیردەکەنەوە ئەوەیە کە ئەوان وێنەیەکی دڵخوازو نەگۆڕیان لەسەر مومکین بوونی دەوڵەت هەیە کە پەیوەندیەکی بە تینی بە تێکست وانەکانی لیبرالی هەیە لەسەرنموونەیی دەوڵەت . لە کاتێکدا زلهێزترین دەوڵەتەکانی نوێنەرانی لیبرالیزم بە تایبەتی ئەمریکاو ئەوروپا ، لە پشتی دروست بوونی دەرزەنێک لە دەوڵەت بوون لە پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و یۆگۆسلاڤیا ، کە ئەو هێزە سیاسی وکەسایەتی لۆکەڵیانە لەپشتی جیابونەوەو پێک هێنانی ئەم دەوڵەتانە بوون بەشی زۆریان موستەحەقی ئەوەبوون وەکو تاوانباری جەنگ ومرۆڤ کوژی ڕابکێشرێنە دادگاو زیندانی بکرێن .
ئەوانەی پاڵەوانی جیابونەوەکان بوون ناسیۆنالیزمی توندڕەوتەنانەت هێزی شۆڤینیست بوون دژ بە دراوسێ بوونی یەکتر ، هەندێکیان توندڕەوترین کاراکتەری ستالینیانەی هەبوو لەسەردەمی سۆڤیەتدا، لە پڕ(ڕۆژئاوای لیبرالی) بیری دەهێناوە کە ئەو کازاخیەو دەبێ کازاخستان دامەزرێنێ ، تورکمانەو دەبی تورکمانستان ، ئەرمەنیەو دەبێ ئەرمەنستان دامەزرێنێ . ڕۆژئاوا کە لە پشتی جیابونەوەکان دەوەستا بە دوای ئەوە نەدەگەڕا کام هێز نزیکترە لە مەستەڕەکانی لیبرالیزم ومرۆڤ دۆستی ، کامەیەیان لێیدەوشێتەوە (موئەسەسات) دروست بکات ، نا ئەوان خوازیاری گۆڕینی نەخشەی سیاسی دونیا وجیوپۆلیتیکی جیاوازبوون ، هیچ پەیوەندی بە بارودۆخی کۆمەڵگەی ژێر دەستی دەوڵەتی تازە لە دایک بوو نەبوو، دونیای رۆژئاوا پەیوەندەیەکی بە بەها لیبرالەکانی نێو وانەکان نەماوە ، ئەوان بە ووردی لە سۆراغی بەرژەوەند و مانەوەدان بە مانا هەرە فراونەکەی .
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێ ، بە عەمەلی ژیانە لە ژێر سایەی ڕژێمێک و دەوڵەتێک کە تەنیا ناوی " دەوڵەت " نیە . لە شێوازی حوکمڕانیدا ، ئەم جۆرە لە ڕژێم وێنەی زۆرە لە دونیاو UN و ئەمریکا و ئەوروپاو تورکیاوئێران لە 22 ساڵی ڕابردوو کێشەیان نەبووە لەسەر هەبوونی ئەم دەسەڵاتە . ئەمڕۆ جێ وشوێنی ئەم ئەزمونە لە پێودانگەو بەها جیهانیەکانی مافی مرۆڤ نا ، بەڵکو جێ وشوێنی وەکو پڕۆژەیەکی پڕ لە بەرژەوەندی ئابوری ، گرنگیەکەی سەدان جار ڕوو لەسەرترە لە چاو 22 ساڵ لەمەوبەر . کە باس لە بەرژەوەندی ئابوری دەکەم هەرگیز مەبەستم ئەوەنیە کە بڵێم سیستەمی بەرهەمهێنان لە کوردستان هەیە ، نا بە پێچەوانەوە نەبونی سیستەمی بەرهەمهێنانە کردویەتی بە بازاڕێکی گەورەی ساغ کردنەوەی شت ومەک (کۆمەڵگەی ئیستیهلاکی) ئەمە فاکتەرێک ، فاکتەرێکی هەرە گرنگترو ستراتیژتر پەیوەندی بە بوونی نەوت و ئەو شێوازەیە کە کارتێلە جیهانیەکان سودی لێ وەردەگرن . کارتێلەکان وکۆمپانیا زەبەلاحەکان بە پێچەوانەی زۆربەی شوێنەکانیتری دونیا هیچ دەردەسەری لە بابەتی : یاسایی ، زەریبە TAX ، ئەمنی ، ژینگەپارێزی یان لەبەردەم نیە . کەم تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت چ لە کوردستان بێ یا لەهەر شوێنێکی تری دونیا بێت ، لە ئەمڕۆی قەیرانە قوڵەکانی سیستەمی ئابوری لە ئاستی دونیادا گرنگیەکی بێ پایانی هەیە .
شوێن کردنەوەی ئەم گرنگیە لە ئاستی ئیقلیمیدا رەنگە ئاماژەیەکی کورت گوزارشتی لێبکا ، لە ئەمڕۆدا لە دوای دەوڵەتی ئەڵمانیا عێراق لە لیستی دوومدایە لەو دەوڵەتانەی کە ئاڵ وگۆڕی ئابوریان لەگەڵ تورکیا هەیە ، کە دەشلێین عێراق بەشە زۆرەکەی ئەم ئاڵ وگۆڕە لە گەڵ کوردستانە .
تێگەیشتنی نەرمتر دروست نەبووە لەو عەقڵ و ئایدیۆلۆژیانەی دژایەتی مافی سروشتی بوونی دەوڵەت دەکەن . بەڵام ، جێ گۆڕکێ ی گرنگ ڕویداوە لە کەم بونی توناو لە نزیکی ئەم عەقڵ وئایدیۆلۆژیانە لە سێنتەرەکانی بڕیار یان ئاراستە کردنی ڕوداوەکان . ئیعلانی دەوڵەتی کوردی کۆمپانیا تورکیەکان لە کوردستان زیاد بکا کەمی ناکا ، چونی سەدان تەنکەری نەوت بە بەردەوامی بۆ ئێران زیاد بکا کەمی ناکا . ڕەنگە ئیش و بیناسازی لە سلێمانی و هەولێر بۆ بەشێکی زۆر لەو کۆمپانیانە ئاسانترو بێ دەردەسەریتر بێ لە چاو ئیش کردن لە وان ولە دیاربەکر.
ئەزمونی کوردستان لە پاڵ دەیان نمونەیتر وەڵامێکی پڕ بە پێستە بە نیازو پێویستیەکانی ئابوری لە ئاستی ئیقلیمی و جیهانی ، کاتێک ئەم ئەزمونە باس لە پێک هێنانی دەوڵەتی کوردی بکا ، بەو رادەیەی دژایەتی دەکرێت کە ئەم ئیعلان کردنە هەڕەشە بێت بۆ ئەم شێوازە لە سود بینینە خەیاڵیە ئابوریە لە کوردستان ، بە پێچەوانەوە کوردستان نموونەیەکی زۆر سەرکەوتوە لە سەرمایەگوزاری کەرتی تایبەت و وون بوونی کەرتی گشتی ، کە دەشڵێم " نموونەی سەرکەتو " زمان ولۆژیکی بزنس بەکاردێنم کە قازانج و بەرژەوندی تاقە پێوەری سەرکەوتنە .
ڕەنگە لە ئایندەدا ڕیفراندۆمی ڕەسمی ببینین کە خەڵکی کوردستان دەنگ بدەن لەسەر جیابونەوە و پێک هێنانی دەوڵەت ، ڕەنگە ڕوداوەکان وخیتاباتی سیاسیش بۆ ماوەیەک گرژ بێ و وەزعە بشلەقێنێ . بەڵام ، سەرۆکی هەرێم ئەلف بێت یان بێ بێت ، پارتی یان ئۆپۆزسیۆن بێت ، کەسێکی بنەماڵەیی بێت یان ڕۆشنبیرێک بێت ، هیچ لە بارودۆخی مەوزوعی ئەم ژێر خانە گرنگە لە دیالیکتیکی ئابوری و سیاسیدا ناگۆڕێت ، جورئەتی سیاسی لە ئیعلانی جیا بونەوە پێش ئەوەی تایبەتمەندیەکی شەخسی یان حیزبی بێت ، تایبەتمەندیەکی تەواو مەوزوعیە کە دەکرێ هەر سیاسەتمەدارێک بەجۆرێک سودی لێ ببینێ و بەجۆرێک تەکتیک وخیتابی سیاسی خۆی لەسەری بنیات بنێت . دەوڵەتی کوردی لە باری عەمەلیدا 22 ساڵە پەیوەندی نەماوە بە خەون ، بەیانی کە ئیعلانی جیابونەوە بکرێت نە تورکیا لەشکرکێشی دەکا بۆ سەر 600 کۆمپانیای ئیجازە پێدراوی خۆی لە کوردستان ، نە کۆمپانیاکان و کۆنسڵخانەکان چۆڵی دەکەن ، بە دڵنیایش داوای کۆمەڵگایەیەکی عادیلانەتر ناکەن !
ئهم بابهته له سایتی دهنگهکانهوه وهرگیراوه
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست