دەبێت جەماوەری یەکێتی بێنە دەنگ
Thursday, 11/04/2013, 12:00
پاش کۆبوونەوەی دەباشانی نێوان جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا جەماوەری یەکێتی بە ئومێدەوە چاویان لەوەبوو یەکێتی لە پاشکۆیەتی پارتی رزگاری بێت و بەشێک لە سەربەحۆیی حیزبی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، چونکە لە سەرەتای دەستپێکی رێکەوتننامەی ستراتیجیەوە پاشکۆبوونی یەکێتی نەک هەر لای خەڵکی سەربەخۆ و ناڕازی بەڵکو لای جەماوەر و کەسە رۆشنبیرەکانی ئەو حیزبەش هیچ گومانی لەسەر نەبوو، ئەم هیوایەش پاش نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی لاواز نەبوو، چونکە لە زاری سەرکردە یەکێتیەکانەوە چەندین جار و زۆر بە گەرمی باس لە پێداچوونەوە بە رێکەوتنامەی سترتیژی و دابەزینی یەکێتی دەکرا بە لیستی سەربەخۆ، کەچی پاش ماوەیەکی کەم سەرکردە دەم گەرمەکانی یەکێتی ئەوانەی کە هەمیشە شەرعیەتی شۆرشگێری بە خەڵک دەفرۆشنەوە لە قسە بریقەدارەکانیان پاشگەز بوونەوە تەنانەت ئێستا زۆر بێباکانە بێ گوێدانە هەستی جەماوەر و خەڵکی خۆیان لەگەڵ پارتی هاوپەیمانیان باس لە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن، وەک ئەوەی پارتی دارعاسای سیحری پێبێت و جیهانێکی نوێ بۆ یەکێتیەکان دروست بکات..بەڵام بە رای من بەڵێ پارتی ئەو جیهانە نوێیە بۆ سەرکردە یەکێتیەکان دروست دەکات ئیتر جەماوەری ئەو حیزبەش خوا هەقیان بسەنێت، وەک فازڵ میرانی وتی "یەکێتی کاری بە ئۆپۆزسیۆن چیە پارتی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و چەند سەرۆکایەتیەکی تریان پێدەدات"ئەم دێرە گەورەترین هەرَەشەیە لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن، هەر ئەم دێرەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ئەوە دەردەخات کە هەمیشە سەرکردەکانی یەکێتی ئامادەن لەپێناو بەدەستهێنانی چەند پۆستێکی رەمزی تەواوی بەرژەوەندی نیشتیمانی و حیزبی و تەنانەت بەرژەوەندی و خواستی زۆرینەی جەماوەرەکەشیان بکەنە قوربانی، ئامادەن بۆ بەدەست هێنانەوەی ئەو چەند پۆستە درێژە بدەن بە شەریکپێدانی گەندەڵی و بەردەوامیبدەن بە سیستمێکی تۆتالیتاری شکستخواردوو، وەک ئەزانین هیچ حیزب و لایەنێک بێ کەموکورتی نیە بەڵام چەقبەستنی دەسەڵات لەدەستی دوو حیزبدا و یان باشترە بڵێین دوو بنەماڵەدا لە هەر وڵاتێکدابێت ئەو وڵاتە بەرەو وێرانی دەبات، چونکە هەمیشە گۆرانی باڵانسی هێز و دەستاودەستکردنی دەسەڵات جوانترین نموونەی دیموکراسیە و دروستبوونی ململانییە بۆ کاری باشتر، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان هەمیشە ئەو هیوایانە لە دابەشکردنی پۆستەکاندا دەکوژێنەوە، ئەوەی لێرەدا و لەم زەمەنەدا ئەرکە لەسەر بنکەی جەماوەری یەکێتی ئەوەیە کە سەرکردایەتیەکەیان لەو هەڵە مێژووویەی کە بەردەوامیان پێداوە ئاگادار بکەنەوە، کاتی ئەوە هاتووە لە کاتی دەنگداندا بە حیزبەکەیان بڵێن چیتر ئێمە وەک جەماوەر و کادیران و رۆشنبیرانی ئەو حیزبە پاشکۆیەک نین بۆ جێبەجێکردنی خواستی چەند سەرکردەیەکی پارتی و یەکێتی و ئەگەر نا مێژوو لە بێدەنگبوونی هیچ تاکێک خۆشنابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست