کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


روونكردنەوەیەكی پێویست لە لیســـــــتی قەڵای كەركوكەوە

Tuesday, 09/02/2010, 12:00


كەركوك ئەو شارەی كە قەڵا دێرینەكەی مەرقەدی حەزرەتی دنیالو ئاتەشگەو دێرو كەنیسەی موغو قەشەو ئەحبارەكانی لە ئامێز گرتووە، هەمیشە شۆێنو جێگەی تەباییو ئارامی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانو فرە ئەتنیكەكان بووە ، بەڵام لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیو گۆرینی باری دیمۆگرافیای شاری كەركوك بەتایبەتی لە سەردەمی رژێمی عارفیو بەعسی، ئیتر ئاسودەیی و ئارامى لەم مەڵبەندى تەبایى و برایەتییە كۆچى كرد. ئێمە وەك لیستی قەڵای كەركوك كە خۆمان بە رۆڵەى رەسەنى ئەم لانكەى مرۆڤایەتییە دەزانین، پێمان وایە تاكە چارەسەرى ئەم كێشەیە ئاسایی كردنەوەى بارودۆخەكە و راستكردنەوەى دیمۆگرافیای شارەكەیە وەكوو ساڵانی 1957 .لیستی قەڵاى كەركوك كە لیستێكی سەربەخۆی بێ لایەنەو 13 كاندیدی هەیە، بە هاوبەشیى هەموو پێكهاتەكانى كەركوك لە كوردو توركمانو عەرەبو كڵدو ئاشور، خوازیارى چارەسەرى یەكجارەكیى كێشەكەیە بەهەمان شێوازى ئاماژە پێ كراو، هەربۆ ئەم مەبەستەش هاتۆتە مەیدان و ئامادەیى خۆى پیشانداوە بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نۆێنەرانی عێراق و هیواخوازە لەم رێگەیەوە بتوانێت خزمەتێك بە شار و رۆڵە رەسەنەكانى كەركوك بكات.بیرۆكەی دروستكردنی لیستەكە دەگەرێتەوە بۆ مانگی چواری ساڵى2008 كاتێ كۆمەڵێكى بەرچاو لە خەڵكى ڕەسەنی شارى كەركوك بەهیوای گەیاندنی دەنگە جۆراوجۆرو بۆچونە جیاوازەكانی خەڵكەكە بڕیاریاندا بە لیستێك بەشداری لە هەڵبژاردنەكانى شاری كەركوكدا بكەن. سەرنجام لە 29-10-2008 لیستی قەڵاى كەركوك لە كۆبونەوەیەكى جەماوەری بەر فراواندا و بۆ بەهاناوە هاتن و ئاراستەكردنى ئەو دەنگە جیاوازانە، بەئامادەبوونى كۆمەڵێ لە كەسایەتى نەتەوەكانی شارەكەو بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن خۆی راگەیاند، ئەم بڕیارەش تەنیا لە پێناو ئەو ئامانجەدا بوو كە كەركوكیەكان خۆیان چارەنوس و ئایندەی خۆیان دیاری بكەن و بەشدار بن لە دارشتنی نەخشەو پلان و پرۆژەى داهاتوى شارەكەیاندا.
لەچەند مانگی رابردوشدا چەندین بابەتو ووتارو بەیانامەو چاوپێكەوتنمان لە كەناڵەكانى راگەیاندنو گۆڤارو رۆژنامەكاندا بڵاو كراوەتەوە كە هەموویان پیشاندەرى ئەم بیروبڕوایەمانن بۆ چارەسەرى شیاوى شارەكەمان. هەر لەم پەیوەندییە و بۆ بەرەوپێشتر بردنى مەبەستەكەمان و هەماهەنگ كردنى خواست و داواكاریى جەماوەرى كەركووك و پرەنسیپەكانى هەڵبژاردنێكى شایستە، لە چەند مانگی رابردودا بە چڕى خەریكى پەیوەندى و ئاڵوگۆڕى بیروڕا بوین لەگەڵ حیزبە كوردستانیەكان لەوانە پارتیویەكێتىو حیزبی شوعى كوردستانی ویەكگرتووی ئسلامى كوردستان و پارتی چارەسەرى دیموكراتی كوردستان و یەكێتى كۆمۆنیستەكانی عیراق ..
ئەوەی جێی ئاماژە پێكردنە ئەوەیە كەهەردوو حیزبی هاوپەیمان (یەكێتیو پارتی) بە ئاشكرا وای دەردەخەن كە رازی نین لەسەر بەشداری كردنی لیستەكەمان لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنى نۆێنەرانی عێراق و ئەم دژایەتییەش لە هەڵسوكەوت و جموجووڵەكانیاندا دەردەكەوێت، بۆ نمونە : لە سە رەتاى مانگی یانزەى ساڵى 2008 هەردوو لقی (3)و مەڵبەندى (2)ی پارتیو یەكێتى بەیاننامەیكى هەڕەشە ئامێزیان لە دژى لیستەكەمان دەركرد و تۆمەتى بێ بنەما و ناحەزانەى (خیانەتكار)یان لێداین!. دواتریش هەندێ كەسو لایەنى نزیك بەو دوو زلحیزبە، لە رێگەی مۆبایلو شێوازى نەشیاویترەوە كەوتنە هەڕەشەو چاوسوركردنەوە لە هەندێك لە ئەندامانی لیستەكەمان بەتایبەتی كاندیدە ئافرەتەكانمان . هەر لەم سەرو بەندەدا لە 3-10-2009 لەسەر داوای لیستی گۆران پێشنیاز كرا كە جۆرێك هەمئاهەنگی لە نێوانماندا هەبێ، هەر لە سەر ئەم بنەمایە چاوپێكەوتنێك لەنێوان كاك نەوشیروان مستەفاو هەندێك لە ئەندامانی(لیستی قەڵا) ئەنجامدرا كە نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك، جارێكیتر لیستی كوردستانی بە نۆێنەرایەتى دكتۆر (نەجمەدین كەریم) زنجیرەیەك كۆبونەوەو گفتوگۆى لەگەڵ لیستی قەڵادا ساز كرد كە ئەمانیش هیچ ئاكامێكیان نەبوو، تا بەم دواییانە خودى مام جەلال لە ئێوارە خوانێكدا چاوى بە هەندێك لە ئەندامانی لیستی قەڵا كەوتو داوای پاشەكشێى لێكردین و بەڵێنى ئەوەى داینێ كە "ئەگەر پاشەكشە بكەین، ئەوا هەر خۆى (بەڕێز مام جەلالى سەرۆك كۆمار) سێ تا چوار كورسیمان لە ئەنجومەنى پارێزگاى كەركووكدا بۆ مسۆگەر بكات"!!! كە بە گوتەى بەڕێزیان بڕیارە لە مانگی یانزەی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێ!، بەڵام كاتێ بەڕێزیان زانیی كە ئێمە هەر سورین لەسەر بەشداریكردنمان لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانى ئەنجومەنی نۆێنەرانی عێراق، بە تووندی ئەو هەڵویسەى ئیمەى ڕەتكردەوەو داكۆكیی لەسەر ئەوە كرد كە: "جگە لەو چەند لیستە كوردستانیە نابێ لە كەركوك لیستێكیتر هەبێت و بەشداری لە ئەنجومەنی نۆێنەرانی عێراقدا بكەن"!!!.. هەربۆیە ئێمە ئەم هەڵوێستەمان بە هەرەشەو مەترسییەك بۆسەر لیستى قەڵا و ژیانی ئەندامانی باڵای لیستەكەمان زانى و بەناچاری پەنامان بردە بەر سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانو دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و داوامان لە هەردوو بەرێزان دكتۆر (كەمال كەركوكى) و دكتۆر (فواد حسێن) كرد كە لە نزیكەوە جەنابی سەرۆكى هەرێم لە ئەگەرى ئەم هەڕەشەیە ئاگادار بكەینەوە كەچى بە داخەوە نەمانتوانى چاومان بە سەرۆكى هەرێم بكەۆێ!!.هەر بۆیە ئێستاش (بەناچارى و بەهۆى نەبوونى هیچ پەنایەكى كوردستانییەوە)، لەگەڵ كونسولخانەى ئەمریكی لە كەركوك لە گفوگۆداین لەمەڕ ئەو هەڕەشانەى لە لیستەكەمان دەكرێن تا ئەوانیش لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخەكە بن وهەرەشە و مەترسیى سەر لیستەكەمان بەهەند وەربگرن ..
لەكۆتاییدا بۆ ئاگادارى و دڵنیایى جەماوەرى خۆشەویست و ستەملێكراوى كەركووك دەڵێین: جیاوازیى ئێمە وەك لیستى قەڵاى كەركووك لە گەڵ لیستو قەوارە سیاسیەكانیتردا ئەوەیە كە ئێمە تەنها لە چوارچێوەی پارێزگای كەركوكدا بەشدارى لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەین و پێشمان وایە بەرژەوەندی خەڵكی كەركوك لە ئێستادا وا دەخوازێ كەركوك بۆ ماوەیەك وەكوو یەكەیەكی ئیداری سەربەخۆ، لە لایەن خودى كەركووكییەكانەوە بەڕێوە ببرێت و پاشان خەڵكە رەسەنەكەی واتە ئەوانەى خۆیان یان باوانیان لە سەرژمێری ساڵى 1957 تۆماركراون، مافی ئەویان هەبێ لە راپرسیەكدا و بەبێ هیچ دەستێوەردان و گێرەشێوێنییەكى دەرەكى و ناوەكى چارەنوسوئایندەی كەركوك دیاری بكەن، چوونكە بە تێڕوانینى ئێمە، بەهەر روانگەیەك سەیر بكرێت، ئەم شارە لەوەتی دەوڵەتی عێراقى دامەزراوەو نەوتى تێدا دۆزراوتەوە، هەرگیزئارامیو ئاسودەیی بە خۆیەوە نەبینیوە و هەردەم چەوسێنراوەتەوە، بۆیە واى بە چاك دەزانین كە هەمیشە دوور لە حكومەتی ناوەندى مامەڵەى لە تەكدا بكرێ، دیارە، هەلو مەرجی ئێستای حكومەتی هەرێمیش لەبارو گونجاو نییە بۆ گەڕاندنەوەى كەركوك بۆ سەر هەرێمى كوردستان هەربۆیە سەربەخۆییەكى دیاركراوى كاتى زۆر بە پێویست دەزانین و هەرئەم روانگەیەشمانە بۆتە هۆى دژایەتیكردنى هەندێ لایەن و تەنانەت هەڕەشەى زەق و ئاشكرا و ناڕەوایش.
4 / 2 / 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە