مەهزەلەى هەڵبژاردنەكانى پارتى لە سنوورى لقى 23ى مەخموور
Monday, 25/10/2010, 12:00
رۆژانى 21/9 تاوەكو 28/9 هەلبژاردنەكان لە سنوورى لقى 23ى پارتى بەرێوەچوون كە تێیدا 10 كەس هەلبژێردران ئەوانیش لە ناوچەكانى (مەخموور، گوێر، قەراج، شەمامك، سەرگەران، قوشتەپە)، بەڵام ئەوەى جێگاى سەرسوورمان بوو لەلایەن بەرپرسی لقى 23ى پارتییەوە بەزۆر چەند كەسانێكیان بۆ ئەو پۆستانە دانابوو كەسیش بۆى نەبووە جگە لەمانە دەنگ بەكەسێكى تر بدات.
سەرچاوەیەك لە لقى 23ى پارتى دیموكراتى كوردستان كە بارەگاكەى لە قەزاى مەخموورە پێى راگەیاندین كەوا دوو مانگ بەر لەئەنجامدانى هەڵبژاردنەكان لەلایەن بەرپرسی یەكەمى لقى 23 (ئەحمەد كانى) لەكۆبوونەوەیەكدا تەواوى پالێوراوەكان دیارى كرابوون بێ ئەوەى هیچ ئەندام لقێك ئاگادارى ئەوەبێت. ئەو سەرچاوە گوتیشی :دوو رۆژ بەر لەهاتنى لیژنەى ئامادەكارى بۆ گۆنكرەى 13ى پارتى بەرپرسی لق خۆى سەردانى لیژنەى ناوچەكانى مەخموورى كردووەو بە زۆرە ملێ خەڵكى سەپاندووە لەسەر لیژنەكان بۆ ئەوەى دەنگ بەو كەسانە بدەن كە ئەوان دایانناون.
هەروەك ئەو سەرچاوە دەڵێت "تەواوى بڕیارەكان لەلایەن بەرپرسی لقى 23ەوە دەردەچێتو تاك لایەنانە كار دەكات، ئەگەرچى بۆ هەموو ئەندامێكى پارتى بۆیان هەبوو خۆیان هەڵبژێرن، بەلام ئەوەى لەو سنوورە روویدا لە مەهزەلەیەكى گەورەو ئاشكرا دەچوو، چونكە هەموو ئەو كەسانە لەلایەن بەرپرسی لقەوە دانرابوون نەوەك بە ئازادى هەموو كەسێك خۆى بپالێویت، بەلام بەرپرسی لق دوور لە هەموو بنەماكانى دیموكراتىو تاك لایەنانە و لەبەر ترسی كورسییەكەى خۆى ئەو كەسانەى داناوە كە لایەنگیرى ئەون.
لەكاتى بەرێوەچوونى كۆبوونەوەكانى ئامادەسازى بۆ هەلبژاردن ئاگادارى سەرجەم ئەندامانو كادیران كراوەتەوە كە دەنگ بەو كەسانە بدەن كە لەلایەن بەرپرسی لقەوە دانراوە، هەروەك ئەو سەرچاوە باس لەوە دەكات دەڵێت " لەدواى كۆبوونەوەكان دەست كرا بە بانگەشە بۆ ئەو كەسانەى كە ئەحمەد كانى پێ باشبوونەو دیارى كردوون لەهەمووى مەهزەلەتر بەجۆرێك بانگەشەیان دەكرد كە ئەو كەسانەى دانراون لە لایەن سەركردایەتى پارتییەوە دانراون بۆیە دەبێت دەنگیان پێ بدرێت كە ئەمەش بەجۆرێك دوودلى لەنیوان ئەندامان و كادیرانى پارتى لەوسنوورە دروست كردبوو، جگە لەمەش هەرەشەى زۆر توندیان كردۆتە سەر ئەوانەى كە دەنگ بەو پالیوراوانە نەدەن، سەرەڕاى ئەوانەش سوكایەتى بەو كەسانە كراوە كە ئامادەنەبوونە دەنگ بدەنو بە ئۆپۆزسیۆنیان لەقەلەم داون.
لە ئەنجامى ئەو هەرەشەو گورەشانەى بەرپر سی لقی 23ى پارتى لەسنوورەكەى خۆیدا بەشیچكى زۆر لەكادیران پارتى لەو ناوچەیە بەشدارى دەنگدانیان نەكردووە چونكە بە چاو سووركردنەوە ویستویانە هەلبژاردنەكان ئەنجام بدەن، بەتایبەت لە شارەدیی گوێر و مەخموور زۆر بەئاشكرایی هەست بەوە كراوە. لەلایەكى ترەوە بە تەلەفۆنو سەردانو ئاگادارى خەلك كراوەتەوە كە جگە لەو ئەندامانەى دانراون دەنگ بەكەسی تر نەدەن، ئەگەر بیتۆ بەپیچەوانەوە دەنگ بدەن ئەوا بێبەش دەبن لەزۆر شت وەك تەزكییەو هەركاوربارێكى دیكەیان هەبێت بۆیان ناكرێت.
بەشێك لەو پالێوراوانەى لەو هەلبژاردنە فەرامۆش كرابوون لەلایەن بەرپرسی لقەوە دژایەتیان كراوە، ئەوان ئێستا گومانى زۆریان لەوە هەیە كە بەرپرسی لق بە دیكتاتۆریانە كاردەكاتو رەنگە سەركردایەتى پارتى ئاگادارى ئەوە نەبنو پێیانوایە ئەو هەلبژاردنە دوور بووە لەبنەماكانى دیموكراتی و بەشیوەیەك بووە كە لەبەرژەوەندى بەرپرسی لقەوەبەریوەچووە، بۆیە نارەزاییەكى زۆر لەنیوان كادیرانو ئەندامانى پارتى سەرى هەلداوە و بەشێك لەوانە پێیانوایە ئەو هەلبژاردنە هیچ شەرعییەتى نییەو بە میزاجى بەرپرسی لق بەرێوەچووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست