ئەنجومەنی مەیدانی ئازادى بەشداری خۆپیشاندانەكانی رانیە وتەقتەق و پیرەمەگرونی كرد
Wednesday, 30/03/2011, 12:00
لە 29ى ئازاری 2011دا لیژنەی هاوئاهەنگی (تنسیق) ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی سەردانی شارەكانی ڕانیە وتەقتەق و پیرەمەگرونیان كرد . وەفدی بەشدار لە خۆپیشاندانی شاری ڕانیە پیكهاتبوون لە (محمەد رەووف ، خالد مجید ، عدنان شاسوار و عمر ئەمین) و لەلایەن ئەنجومەنی ئازادی رانیەوە پیشوازیان لێكرا. لەمەیدانی ئازادی رانیە محمەد رەووف ، خالد مجید ، عدنان شاسوار ،وەك ئەندامانی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی باسی خواستەكانی خۆپیشاندەران و پیویستی دریژەپیدانی خۆپیشاندانەكان بۆ فشاردانان لەسەر دەسەلات بۆ وەڵامدانەوەی خواستە هەنوكەییەكان كرد.
وەفدی بەشدار لە ڕێپیوان وخۆپیشاندانەكەی شارۆچكەی تەقتەق پیكهاتبوون لە (ئاسۆ كمال، نزار محمد، عمر شاوری ، سالاری ئاسنگەر) و كە لەلایەن گروپی ئایندەی تەقتەق پێشوازیان لێكرا . لەمەیدانی ئازادی تەقتەقدا ئاسۆ كمال وەك نوینەری ئەنجومەن و نزار محمەد وەك ئەندامی ئەنجومەن ووتەیان پیشكەشكرد. لە ووتەكانیاندا تەئكیدیان لەسەر یەك خواستی هەموو شاروشارۆچكەكانی كوردستان و ئەنجومەنی مەیدانی ئازادى وەك نوینەری خواستەكانی سەرجەم جەماوەری خۆپیشاندەری كوردستان كردەوە . هەر گفتوگۆیەك لەسەر خواستەكانی خۆپیشاندەران بكرێت پیویستە ڕوبەڕوی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی بكرێتەوە. هەروەها باسیان لەوەكرد كە ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی لەوەڵام بە نامەكانی سەرۆكی حكومەت و پەرلەمانی كوردستاندا ڕای گەیاندوە كە داخوازیەكانمان ڕۆشن وئاشكران و پیویستی بە ناردنی نوینەر نیە و هیچ لایەنێكیش پیویست ناكا وەك نوینەری ئەم خواستانە لەگەڵ دەسەڵاتدا دابنیشێ. دوای 40 ڕۆژ لە خۆپیشاندان هیچ هەنگاوێكی عەمەلی دەسەڵاتمان نەبینیوە بۆ وەڵامدانەوەی خواستەكانمان هەربۆیە رامانگەیاندوە كە دەسەڵات تاكو خواستە هەنوكەییەكانمان جیبەجێ نەكات ئامادەنین دانیشتن بكەین لەبەرئەوەی كە بەبێ هەنگاوی عەمەلی بۆ دادگایی كردنی تاوانباران و بردنە دەرەوەی مقەری چەكداری حزبەكان و لابردنی ریگریەكانی بەردەم ئازادی خۆپیشاندان گفتوگۆ لەسەر داخوازیە بنەڕەتیەكانمان ئەنجامێكی نابێ و ئەم 3 مەرجە پیویستە لەهەموو شاروشارۆچكەكان وەڵامی مەیدانەكانی ئازادی بێ بە هەر هەولێكی دەسەڵات بۆ گفتوگۆ".
وەفدی بەشدار لە خۆپیشاندانەكەی شارۆچكەی پیرەمەگرون پیكهاتبوون لە (علی مولود ، پێشڕەو رەووف و شێركۆ جەودەت) لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی پیرەمەگرون پیشوازیەكی گەرمیان لێكرا . لەمەیدانی ئازادی پیرەمەگرون علی مولود وەك نوینەری ئەنجومەن وپیشرەو رەووف و شیركۆ جەودەت وەك ئەندامانی ئەنجومەن ووتەیان پیشكەش كرد كە تیایدا لەسەر پێویستی گۆڕینی ئەزمونی كۆنی دەسەڵات بە ئەزمونێكی نوێ كە لەسەر بنەمای ئازادی ومافی هاوڵاتیان ویەكسانی وعەدالەتی كۆمەڵایەتی دامەزراوە تەئكیدیان كردەوە و خۆپیشاندەران پێشوازیەكی گەرمیان لەووتەكانی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كرد .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست