هەڵوێست لەدژی كۆمەڵكوژی خەڵكی قەزای قڵابان ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆییە

Thursday, 29/12/2011, 12:00



 
وەك هەموولایەك ئاگادارە دەوڵەتی توركیا بڕیاری كۆمەڵكوژی گەلی كورد داوە. ماوەی چەندساڵێكە بەشێوەیەكی دژەوار كار دەكەن بۆ پێكهێنانی ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی قڕكردنی سیاسی و سەربازیدا و بە هەموو چەكێكی قەدەخە كراو بێ سنور هەموو هێرش و قڕكردنێك دورلە پێوەری ئەخلاقی و مرۆی بەكار دەهێنن.
شەوی رابردوو لەنێوان كاتژمێر(11و 12)ی شەو سوپای توركیا لەسەر سنوری باكور و باشوری كوردستان لە قەزای قڵابان ڕێگە لە كۆمەڵیك خەڵكی مەدەنی دەگرن كەژمارەیان (50) كەسن و پاشان لەلایەن چوار فرۆكەی جەنگی دەوڵەتی توركیاوە ئەم كەسانە بۆردومان دەكرێن و لەئەنجامدا هەموویان گیانیان لەدەست دەدەن. ئەم كەسانە هەموو خەڵك مەدەنین و سەرقاڵی پەیداكردنی بژێوی ژیانیانن و خەڵكی گوندەكانی رۆبۆسكێ و بۆیجەی سەربەقەزای كڵابانی شاری شرناخن. ئەم تابلۆیە كۆمەڵَكوژییەكی دژوارە لەسەر گەلەكەمان پیادە دەكرێت. كەسانی قوربانی بەهۆكاری نزیكی جوغرافیاوە لەباشوری كوردستانەوە هەموویان خزم و كەس و كاری گوندەكانی دەوروبەری شارۆچكەی زاخۆن.
كەسانی نیشتیمانپەروەرو و مرۆڤ دۆست:
لەكاتێكدا گوێبیستی ئەم هەواڵە دەبین لەهەمانكاتدا رۆژانە و دەقەبەدەقە رەشەكوژی لەسەر گەل بەڕێوە دەچێت. لەئەنجامی ئۆپەراسێۆنی سەربازی چەندین كەس گیانی خۆیان لەدەست دەدەن، بەچەكی كیمیاوی نەوەوی بۆ رێگەگرتن لەنارەزای جەماوەری خەڵكی ئاشتیخواز رۆژانەبە سەدان خەڵك ڕاپێچی زیندانەكان دەكرێت. لەبەرچاوی جەماوەر چالاكوان لەناو شەقامەكاندا دەكوژن. ئەوە ماوەی (155) رۆژە رێگە بەپارێزەران نادرێت چاوپێكەوتن لەگەڵ رێبەری گەلی كورد بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)دا ئەنجام بدرێت و گۆشەگیری دژوار بەڕێوە دەچێت. لەبەرامبەر ئەم قڕكردنانە ڕای گشتی و رێكخراو و لایەن و دەوڵەتی بەناو دیموكرات بێ دەنگن. گەلەكەمان لەباكوری كوردستان سەرەڕای بەرخودانیەكی بێ وێنە بانگەوازی هاوكاری و پشتیوانی لە هەموو گەلی كورد دەكەن.
ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان ئەم كردەوە هۆڤانەی دەوڵەتی تورك و حكومەتی ئاكەپە زۆر بەتوندی ریسواو شەرمەزار دەكەین و داوا لەهەموو كەسێكی خاوەن هەست و مرۆڤدۆست و نیشتیمانپەروەر دەكەین لەبەرامبەر ئەم كۆمەڵكوژییە بێدەنگ نەمێنن و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بڵَند بكەنەوە و خاوەن لە تەرم و كەس و كاری قوربانیان دەربكەون. پێویستە بە هەڵوێستی یەكگرتویی نەتەوەی و دیموكراتیانە پەردە لەسەر گەلەكۆمە و كۆمەڵكوژیەكان لادەین و بە دەنگی یەكێتی نەتەوەیانەمان ویژدانە نوستووەكان بەئاگا بهێنینەوە، چونكە ئەم هێرشانە لەسەرتەواوی گەلی كوردە.
هەروەها داوا لەهەموو رێكخراو و هێز و لایەنەكان بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی ئەركی مرۆیی و نەتەوەیی بەتەنگ بانگەوازیەكەی گەلەكەمان لەباكوری كوردستانەوە بێن و خاوەندارێتی لەتەرم و كەس و كاری قوربانیان بكەن. وەك چۆن گەلەكەمان لەهەموو بەشێكی كوردستان لەكاتی كۆمەڵكوژی و كۆچبەری كیمیاباراندا هاوكاری یەكتریان كردووە لەرۆژی ئەمڕۆشدا مێژوو فەرمانمان پێدەكات كە بە هەڵوێستی مرۆیی و نەتەوەیی و بەیەكریزی ڕێگە لەكۆمەڵكوژی سەر گەلەكەمان بگرێن.

دەستەی كارگێری
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
29-12-2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە