دەنگ بدەن بە پارتی و یەكێتی بەڵكو زەكەریا عەبدوڵڵا فرۆكەكەی بكڕێت
Sunday, 26/04/2009, 12:00
هونەر و هونەرمەند بوون بەو كەسانە دوترێت، كە خاوەن بەهرەیەكی خودای بێت یاخوود ئەگەر ئەوانەشی نەبێت پێویستە خاوەنی رۆشنبیریەكی باش بێت، دەگێرننەوە جاران ئەگەر كەسێك دەنگی خۆش نەبوایە چەند گۆرانیەك و مەقامێك و بەستەیەكی لەبەر نەبوایە، نەی دەوێرا لە دیوەخانی ئاغاكانیش بڵێت من گۆرانیبێژم و گۆرانی دەڵێم، هەروەها ئەگەر داوتێك یاخوود زەماوەندێك ساز بكرابوایە دەگران و دەسواران بە دوای گۆرانیبێژێك تاوەكو گۆرانی بڵێت بۆ ئاهەنگەكەیان، بەڵام سەیرە لەو زەمانەی ئێستا ئێمەی تێكەوتووین دەڵێ ی هیچ بەهرەیەكمان لەناو نەماوە تەنها گۆرانی گوتن نەبێت، هەرچی راست دەبێتەوە دەبێتە گۆرانیبێژ و ئینجا خۆی لەسەر ئەو میللەتە فەقیر و داماوە فیز و پۆز لێدەدات...!!!
لەم رۆژانە لە سەر رووپەری رۆژنامەیەك و چەند ماڵپەرێك دیمانەی گۆرانیبێژی كوردی سەدەی بیستەمم بەرچاو كەوت، كە ئەو یش (زەكەریا عەبدوڵڵا)یە، كە بە قودرەتی قادر لە ناكاو كردیان بە هونەرمەندی گەورەی كورد و بەبێ ئەوەی بزانین لە چ روێكەوە ئەو كابرایە هونەرمەندە (دەنگ..؟؟ ئاواز؟؟ شاعیر..؟؟ مۆسیقی..؟؟.!!!
كێ و لەسەر حیسابی كێ..؟؟!!
ئەوەشیان پرسیارێكەو پێویستە ئاراستەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدا بكرێت...؟؟!!!
چونكە لەسەر حیسابی مونافسەی ئەو دوو حیزبە كە پارتی و یەكەێتیە بوو بەو كەڵەگایە، كە خودی خۆی واتە زەكەریا لەو باوەرەدا نەبوو ئەو خەونەی حوشتری بچێتە چاوی...!!!
بەهەر حاڵ لەو دیمانە سەقەت و بێ مانەی كە لە گەڵ زەكەریای بەناو گۆرانیبێژ سازدراوە دوای ئەوەی كۆمەڵێك پیاهەڵدانی بۆ خۆی كردووە، دەڵێت بەنیازم فرۆكەیەكی تایبەت بۆ خۆم بكڕم، سەیرە براوبكەن زۆر زۆر پێكەنیم... چونكە بۆم دەركەوت ئەو برادەرە مەخسەدەم زەكەریا عەبدوڵڵا زۆر مناڵ و نەفام و نەخوێندەوارە، ئاخر هەی گۆرانیبَژ سەرمایەی تۆ چییە تاوەكو فرۆكەی تایبەتت هەبێ...؟ ئەرێ تۆ دەڵێ ی لە ئەرز جێگەت نەماوە و بەنیازی لە ئاسمان بژیت...؟!! یاخوود هیچ مەوزوعێكت لەلانیە تەنها ئەوە نەبێت لەگەڵ دایكت چۆنی و راو ناكەیت و وەرزش دەكەیت و نایكەی..!!! بەهەر حاڵ
ئەرێ پێم ناڵێ ی ئەو پارەیە لە موڵكی ماڵی باوانت بۆت ماوتەوە، كەئێستاش خانەوەكەی ماڵی باوكت لە یەكێكلە كۆنترین گەرەكی شاری هەولێرە، كە ئەویش گەرەكی عارەبانە...؟؟!!
ئاخر سەیرم بەو حكومەت و دەسەڵات دارانەی ئەو وڵاتە كڵۆڵە دێتەوە كاتێك دەبینم دەپارێنەوە دەڵێن وەرن دەنگمان پێ بدەن، ئاخر (زەكەریا)یەك كە لێتان كردووین بە (مایكل تایسۆن) بەنیازە فرۆكە لەسەر حیسابی ئەو خەڵكە بكرێت، خەڵكیش بێت دەنگتان پێ بدات...؟؟!!
دەگ نەیخۆن تاڵە، لە كاتێكدا ئەو هەموو گەنجەی وڵاتەكەم ناتونن پایسكلێك بكڕن و پیاسەیەكی پێ بكەن، چۆن دەنگتان پێ دەدەن بە پارەی دەنگی ئەوان ئێوە تەیارەیەك بۆ (زەكەریا) یەكەتان بكڕن، ئەو زەكەریایەی كە بەناوی سەرۆكی حكومەتی وڵات قسە لەگەڵ خەڵكی دەكات، ئەوە قسەی من نیە بەڵكو قسە ئەو برا رۆژنامە نووسەیە لە نزیكەوە بۆی گیڕامەوەو و گوتی : رۆژكێان زەكەریام بینی پێم گوت دەمەوێ چاوپێكەوتنێكت لە گەڵدا ساز بكەم، لەوەڵامدا زەكەریا پێ ی گوتم من كاتم نیە لەگەڵ كەس دانیشم و بە شێوەیەكی زۆر ناشرین جوابی دامەوەو بەردەوام بوو لە سەر قسەكانی و گوتی : من بەردەوام لە گەڵ كاك نیچیریڤان و كورەكانی سەرۆك و زەعیم عەلی و فازڵ میرانی دادەنیشم و دانیشتنی من لەگەڵ ئەوانەیە و مەجالم نیە، ئەو برا رۆژنامەنووسەم گوتی : زۆر پەست بووم و پێم گوت ئەی تۆ گۆرانی بۆ كێ دەڵێت بۆ ناتەوێ قسە بۆ راگەیاندنەكان و ئەو خەڵكە بكەیت كە گوێت بۆ دەگرێت ...؟ لەوەڵامدا زەكەریا پێ ی گوتم : من گۆرانی بۆ خۆم دەڵێم موشكیلەم نیە لەو بارەیەوە كێ گوێم لێدەگرێت یان گوێم لێناگرن، حەز ئەكەی تۆش گوێم لێم مەگەرە، منیش لەوەڵامدا پێم گوت وەڵا دڵنیابە من لە ژیانمدا گوێچكەم بە گۆرانیەكانی جەنابت ئاو نەداوە چونكە ئەگەر بمەوێ گوێ لە گۆرانی تۆ بگرم دەچم گوێ لە گۆرانیەكی توركی دەگرم چونكە ئەسڵی گۆرانیەكانی جەنابت هەموو لە توركەوە ئیستراد كراوە و سەری هەڵداوە.
بەهەر حاڵ من زۆر سەیرم لەوە دێت كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لە شەفافیەت و نەهێشتنی گەندەڵی دەكات..!!!
ئەی ئەوە نیە زەكەریا بەناوی حكومەتێك گەندەڵی بە پارەو سامانی ئەو وڵاتە دەكات، جگە لەوەش گاڵتە بەكەلتوور و رەسانەیەتی ئەو وڵاتەی كردووە و شێواندوویەتی، نموونەش بۆ قسەكانم لە دوای هاتنی زەكەریا چەندیین هونەرمەندی فێركرد روو بكەنە وڵاتی توركیا و خێر و بێری ئەو وڵاتە ببەن بۆ موزیكژەنانی تورك، نموونەشم بۆ قسەكانم ئێستاكە ئەو گۆرانیە توركیانەمان زۆرە كە تەنها وشەكانی كوردییە و بەرگێكی توركی بەبەردا كراوە، هونەرمەند (بورهان مەجید) لە دیمانەیەكدا دەڵێت ئەگەر دادگایەكی هونەری لە داهاتوودا پێویستە (زەكەریا عەبدوڵڵا) دادگای بكرێت، چونكە كەلتوور و هونەری ئێمەی شێواند و فرۆشتیە ئەوان هونەرمەندی ئاواشمان هەیە بەدەیان ساڵە لە دەرەوەی وڵاتە تا ئێستا میلۆدیەكی بیناین لە بەرهەمەكانیان بەكار نەهێناوە نموونەشمان (خالید رەشید و نەریمان بابان و بەهجەت یەحیا و عەدنان كەریم)و زۆری ترە....
بەداخەوە زۆر هونەرمەندی نیشتمان پەرەوەر و خاوەن هەڵوێستمان هەن ئێستاكە لە كونجی ماڵەوە دانیشتوون و پارەی تۆماركردنی یەك گۆرانیشیان نیە، بەڵام زەكەریا هێشتا بەرهەمەكەی تۆمار نەكردووە، پارەكەی بۆ تەحویل كراوە و بۆ ستۆدیۆكانی توركیا نێردراوە، ئافەرین حكومەتی كوردی بۆ خۆت هونەرمەنددت، بەو حاڵەوە دەتەوێ كەلتوور و هونەری وڵاتەكەت پێش دەكەویت، وەڵاهی ئەگەر بەتەمای زەكەریا بن ئەوە وڵاتەكەش لە پێناوی حەشیشە و شەوە سورەكانی دەفرۆشێت، چاوەڕێ بن دەنگتان پێ دەدەین، بەڵكو زەكەریا زووتر فرۆكەكەی بكرێت و بە ئاسمانی وڵاتدا بسورێتەوە، ئەو وڵاتە لەبەردەم دەیان بارو دۆخی ناجێگیرە و نازانین بەرەو كام ئاقار دەچێت، ئێستاكەش وڵاتی ئێمە مناڵی شەهیدی وامان هیە حەزرەتی جلێكی جوانە تامەزرۆی خواردنێكی خۆش و یاریكردنە لە گەڵ مناڵانی هاوڕێ ی كەچی بەو رۆژگارە لە بەردەم ترافیك لایتەكان و شۆستەكانی شار خەریكی فرۆشتنی كلێنسە.... دەنگتان پێ ئەدەم خەمتان نەبێ چاوڕێ بن من و ئێوە یەكتر دەبینینەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست