كێ دەڵێ هەولێرییەكان پارتین؟
Wednesday, 07/11/2012, 12:00
بەداخەوە لەهەموو فەزیحەو كارە نابەجێ یەكانی پارتی، لەلایەن هەندێ كەس هەولێرییەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە لایەنگری پارتین و لەهەولێر ئەوكارە كراوەو یان خەڵكی هەولێر بێ دەنگن لەو كارانەی كە پارتی خوێنمژ ئەنجامی دەدات، دیسان بەداخەوە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كەبەوجۆرە بیردەكەنەوە، چونكە لەو وتارەدا بەبەڵگەوە دەیسەلمێنم كە هەولێرییە رەسەنەكان و كەسایەتیەكان، بەتایبەتی ئەوانەی كە بەناو لەنێو سلكی وەزارەت و دائیرەكاندان هیچ جۆرە ئیتیمایەكیان بۆ ئەو حزبە خۆسەپێنە نیە.
شاری هەولێر كە مێژوویەكەی بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو پشت وپەنای هەموو شۆڕش و چاڵاكیەكانی پێشمەرگەو شۆڕشێگرو لێقەوماوەكان بووە، بەڵام ئێستا پارتی خەریكە ناوی ئەوشارەش وەك خۆی پیس دەكاو گوایە بەشارو پایتەختی خۆی دەزانێ..
هەولێرییەكان كێن؟
بەكورتی : بەپێی سەرچاوەی مێژوو نووسەكان شاری هەولێر لەچەندین كەسایەتی و پێكهاتەی جیاواز پێك دێت كەسەدان ساڵە بەبێ هیچ كێشەیەك بەیەكەوە ژیاون و بەئاگری یەكتریش سووتاون، ئەگەر دەڵێن هەولێرییەكان پارتین، پرسیار ئەوەیە كوا كامە كەسایەتی ئەو شارە پارتی یە..؟ كوا كامە كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتی كورد و توركمان و مەسیحی ئەوشارە پارتین..؟ ئەگەر خەڵكانێكی بێكارو نەفس نزم نەبێت كە پارتی لەدەرەوەی شاری هەولێر هێناویانن و بەناوی ئەوشارە پۆست و پلەیان پێ داوەو گوایە هەولێرین و پارتین و دەسەڵاتیان هەیە..!
بەپێی ئەوەی كوڕی كەسایەتیەكی ئەوشارەم و زۆربەی بەرپرسانی ئیداری و حزبی ئەوشارە دەناسم و نیمچە پەیوەندییەكم هەیە لەگەڵیداندا، زۆربەی هەرەزۆریان ئەوەیان پێ وتووم كە ئەوان پارتی نین و ناویشیان لەهیچ لق و ناوچەیەك نیە، بەڵام بەو حزبە رادەبوێرن و خۆیان تەكوین و دەوڵەمەند دەكەن و لەهەڵبژاردنەكانیش دەنگیان پێ نادەن چونكە بەقسەی ئەوان زاڵمترین حزب لەمێژووی ئەوشارەدا پارتی یە كە هیچ شتێك نەماوە لەپاڵ ناوی هەولێر ئەنجامی نەدابێت هەرلەداوێن پیسیەوە تاوەكو دەگاتە كوشتنی رۆژنامەنووس و دزینی ماڵ و موڵكی خەڵك و تەعەدداكردن لەناموسی خەڵكی و چەندین كاری تر.
ئەی بۆچی خەڵكی ئەوشارە بێ دەنگە و خۆپیشاندان ناكات..؟
پێویستە هەموو لایەك زۆر باش ئەو راستیە بزانین كە لەڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991 خەڵكی بەشەڕەفی ئەوشارەبوو كار بەدەستانی بەعسیان لەوشارە بەدەرناو ئەوشارەیان لەبەعسیەكان پاك كردەوە نەك پارتی..ئەوكاتە پارتی یەكان خەریكی سێو رنین بوون لەئێران ئەسڵەن ئامادەنەبوون بێنەوە كوردستان.. نازانین چۆن لەوهەموو ناوچەیە خۆیان بەسەر شاری قەڵاو مینارەدا سەپاند كە هیچ یادگارییەكی خۆشیان لەگەڵ ئەوشارەدانیە نەئێستا نەلەسەردەمی مستەفا بارزانیدا، لەئێستاشدا راستە هیچ خێزانێك نیە لەدەست دەسەڵاتی قەرەقۆشی پارتی ئەزیەتی نەكێشابێ و زوڵمی لێنەكرابێ، بەڵام ناكرێ بارودۆخی ئەو خەڵكە لەگەڵ بارودۆخی خەڵكی سلێمانی یەكسان بكرێ و بەیەك چاو سەیریان بكرێ، چونكە دەبێت ئەو راستیە بزانین كە سلێمانی سنوری گۆڕان و یەكێتی و ئیسلامیەكانە و ئەوانیش بەتایبەتی گۆڕان و حزبە ئیسلامیەكان بەئاشكرا لەگەڵ خۆپیشاندان بوون و پیشتیوانی ئەو خەڵكەیان دەكرد بەتایبەتی لەكاتی خۆپیشاندانەكان، بەڵام لەهەولێر هەرچۆنێك بێت پارتی مەجالی بەهیچ لایەنێك نەداوە هێزو سەركردایەتی لەو شارەهەبێت و ئەو خەڵكە داماوەش بێ پشتیوان و پشتگیرین و هیچ لایەنێك نیە هاوكاری مەعنەوی ئەو دەنگە ناڕازییانە بكات و رۆژێكیش نەمانبینی كاك نەوشێراون سەردانی ئەو شارە بكات و لەگەڵ گەورە كەسایەتیەكانی ئەو شارە كۆبببێتەوە، رۆژێك نەمانبینی بەرپرسێكی گەورەی یەكگرتوو یان مامۆستا عەلی باپیری كۆمەڵی ئیسلامی زوو زووە سەردانی هەولێر بكەن ولەگەڵ كەسایەتیەكانی ئەو شارە كۆببنەوە و پشتگیری لەداوا رەواكانی ئەو خەڵكە بكەن، بۆیە ئەگەر هاوكاری مەعنەوی و پشتگیریەك نەبێت هیچ كەسێك لەهیچ شارێك ناتوانێ خۆپیشاندان ئەنجام بدات.
ئایا راستە پارتی حزبی یەكەمە؟
هەموو خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی هەولێر شایەدی ئەوەن كە ئەگەر تەزویرە حەیاتەكە نەبێت (پارتی) بەحەیاتی خۆی لەگوندێكیش دەرناچێ نەك لەشارێك، بەڵام بەداخەوە بۆ یەكێتی و گۆڕان و حزبە ئیسلامیەكان كە لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا داوای لیژنەی نێودەوڵەوتی و مۆری تایبەت و سیستەمی كۆمپیوتەر ناكەن، بۆنموونە بەپێیی ئىەو سیستەمە تازەیەی هەڵبژاردن كە لەوڵاتان پەیڕەو دەكرێت ئەگەر كەسێك لە پێنجوین دەنگ بدات لەهەموو شوێنەكانی كوردستان ناوی ئەوكەسە تۆماردەكرێ و ناتوانێ لەهیچ شوێنێكی تر دەنگ بدات. هەرچەندە ئەو سیستەمە لەساڵانی 1970 ەوە لەهەموو وڵاتان پەیڕەو دەكرێ، بەڵام لەبەر مانەوەی پارتی لەدەسەڵات بڕوابكەن تا رۆژی قیامەت ئەو سیستەمە كۆنە دەمێنێت و بۆئەوەی زۆر بەئاسانی تەزویری تێدابكەن و نەوەی نەوەیان لەدەسەڵاتدابن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست