Friday, 23/10/2009, 12:00
ئاڵای ئازادی: ئێستا ناوه‌ندی چاک به چییه‌وه سه‌رقاڵه، له کاتێکدا ژماره‌یه‌ک له‌و تۆمه‌تبار و تاوانبارانه‌ی له ده‌ست یاسا له عێراق هه‌ڵاتوون ئێستا له وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا و ده‌ره‌وه‌دا ده‌ژین؟ هیوا ناسیح: ئێستا ناوه‌ندی چاک سه‌رقاڵی کار و چالاکییه‌کانییه‌تی بۆ ئامانجه‌کانی که له به‌رنامه‌که‌یدا هاتوه به‌گشتی و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش خه‌ریکی ئاماده‌کاری و کارسازییه بۆ کۆنگره‌ی سێیه‌می خۆی له دانیمارک، که بڕیاره له 27-30 /11 دا ئه‌نجام ده‌درێت. چاک کاره‌که‌ی گه‌لێک قورسه و ناکرێت چاوه‌رێبین ئامانجه‌کانمان به شه‌ووڕۆژێک بێنه دی، به‌ڵام کار‌و چالاکیمان به‌رده‌وامه، هه‌ڵبه‌ت به‌شێکی گرنگی چالاکییهکانیشـمان به‌شوێنداچوون و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و په‌یداکردن و کۆکردنه‌وه‌ی دۆکیومێنت و پێشکه‌شکردن به دادگای باڵای تاوانه‌کانه له عێراق له سه‌ر ئه‌و تاوانبارانه‌ی، که چه‌ندان جار و له بۆنه‌ی جیاجیادا ناوه‌کانیانمان له راگهیاندنهکانماندا بڵاوکردونه‌ته‌وه. بۆ زانیاریشتان هه‌ندێک کارمان کردوه له‌م وڵاتانه، که له ئێستادا نامانه‌وێت رایبگه‌یه‌نین، به‌ڵام دادگاکانی ئه‌وروپا پشت به دۆکیۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه ده‌به‌ستن، که به‌داخه‌وه کورد له‌م لایه‌نه‌وه زۆر هه‌ژاره.
ئاڵای ئازادی: ماوه‌یه‌کی زۆر به‌سه‌ر دادگایی کردنی به‌شێک له تاوانبارانی ئه‌نفال و کیمیاباراندا تێپه‌ڕیوه، تا ئێستا هیچ تاوانبارێک سزاکه‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نه‌کراوه، به‌بۆچوونی به‌رێزتان هۆکاری ئه‌مه چییه؟ هیوا ناسیح: هۆیه‌که‌ی ئاشکرایه سیاسییه، ئه‌مه گه‌ر تادوێنێ قسه و رای ئێمه بووبێت، ئه‌وا هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا به‌رێز چنار سه‌عد وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانیش دانی پێدانا و هه‌مان رای خۆی لهمبارهوهدا. دووساڵ له‌مه‌و به‌ر کاتێک له کۆنگره‌ی ناساندنی ئه‌نفال به جینۆساید له هه‌ولێر پرسیار له ڕاوێژکاره‌که‌ی مالیکی کرا، که بۆ بریاری دادگای باڵای به‌غدا به‌سه‌ر تاوانکارانی ئه‌نفاله‌کاندا جێبه‌جێ ناکرێت، ئه‌و له وڵامدا گوتی، که گه‌ر ئه‌مرۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی عێراق ئیمزا له‌سه‌ر بریاره‌که بکه‌ن ئێمه سبه‌ی جێبه‌جێی ده‌که‌ین و عه‌لی کیمیمیایی له سێداره ده‌ده‌ین!! به کورتی فاکته‌ری جۆراوجۆر هه‌یه بۆ جێبه‌جێ نه‌کردنی بریاره‌کان، له‌وانه: مه‌سه‌له‌ی هاوسه‌نگی نێوان سونه و پێکهاته و کوتله‌کانی تری عێراق، فشاری وڵاتانی ئیقلیمی که پشتیوانی له سوننه‌ی عێراق ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌مریکاش پێ ده‌چێت مه‌به‌ستی نه‌بێت ئه‌و سزایانه جێبه‌جێ بکرێن، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دڵراگرتن وه‌ک موغازهلهیهکیش بۆ سوننه‌کان. ناکرێت نه‌یڵێین که ده‌سته‌ڵاتی کوردی و سه‌رکردایه‌تی سیاسی یه‌کێتی و پارتی که‌مته‌رخه‌م و خه‌مسارد بوونه له‌مباره‌وه، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان به جدی وه‌رنه‌گرتوه و وه‌ک و پێویست هه‌وڵ و کۆششیان بۆی نه‌کردوه، له کاتێکدا ئه‌نجامدانی ئه‌و سزایانه ده هێنده‌ی مه‌غزا و مانا یاساییه‌که (وه‌ک جێبه‌جێکردنی بریاری دادگا دژ به چه‌ند تاوانکارێک) مانای مه‌عنه‌وی و ره‌مزی گه‌وره‌ی بۆ دۆسییه‌ی ئه‌نفال و هه‌له‌بجه هه‌یه. تۆ سه‌یرکه سه‌ددام حوسێن ده‌بوو سزاکه‌ی رابگیرایه، چونکه چه‌ندان دۆسییه‌ی تر له دادگا مابوون، که ده‌بوو وه گرنگ بوو ئه‌ویش له سه‌ریان دادگایی کرابوایه، که چی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی دوجه‌یل (چونکه قوربانییه‌کان شیعه بوون) سزاکه‌ی له که‌متر له 40 ڕۆژدا جێبه‌جێ کرا، که‌چی تاوانکارانی ئه‌نفال و کیمیابارانیش له 24/6/2007 بریاری سزایان بۆ ده‌رچوه واته زیاتر له دووساڵه، جێبه‌جێ ناکرێت. بیرمان نه‌چێت ئه‌و دادگایه راسته عێراقییه به‌ڵام به بڕیاری ژماره 1483ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان دامه‌زراوه، واته شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و یاسایی خۆی هه‌یه له بڕیاره‌کانیدا.
ئاڵای ئازادی: ده‌نگۆیه‌ک هه‌یه گوایه له‌لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه‌وه هه‌وڵێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی سوڵتان هاشم له چنگ یاسا و ئه‌و سزایه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه رزگار بکرێت، ئێوه چ زانیارییه‌کتان له‌وباره‌یه‌وه هه‌یه، یان ئه‌گه‌ر زانییاریتان هه‌یه به‌نیازی چین؟ هیوا ناسیح: به‌ڵی هه‌وڵی دراوه و ده‌شدرێت، به‌شێکی هۆکاری ئیمزانهکردن و رازینه‌بوونی مام جه‌لال وه‌ک سه‌رۆککۆماری عێراق له‌سه‌ر سزادانی سوڵتان هاشم و بگره داکۆکی لێکردن و به (ئه‌ستێره‌ی سوپای عێراق) ناساندنی ناوبراو، بۆ دڵراگرتنی وڵاتانی وه‌ک سوریا و ئوردن و سعودییه و ته‌نانه‌ت ئه‌مریکایه، که به‌رای من ئه‌مه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی مه‌سه‌له نهتهوایهتییهکانی کورد و گه‌له‌که‌مانه و هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی گه‌وره‌یه بۆ سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی کورد و یاساناسێکی وه‌ک مام جه‌لال.
ئاڵای ئازادی: ماوه‌یه‌که قسه‌وباس له‌سه‌ر شوێنی نیشته‌جێبوون و دۆسییه‌ی تاوانباران به‌تایبه‌ت نزار خه‌زره‌جی که‌مبۆته‌وه، پێشتریش ئێوه وه‌ک ناوه‌ندی چاک ئه‌وه‌تان راگه‌یاند، که چاودیری ناوبراو ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر زانیاری نوێ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانباره ئاشکرا بکه‌ن؟ هیوا ناسیح: ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه، که ناوبراو له وڵاتانی که‌نداو و به وردتر له میرنشینه‌کانی عه‌ره‌بی بێ، ئه‌مریکا و سوننه‌ی عێراق به هه‌رشێوه‌یه‌ک بۆیان بکرێت شوێنبزری ده‌که‌ن و سه‌رکرده‌کانی خۆشمان پشتگوێ‌یان خستوه، بگره گه‌ر بکه‌وێته ته‌نگانه و به‌رده‌م دادگاوه ئه‌وا ئاماده‌ن وه‌ک ساڵی 2001 پاکانه‌شی بۆ بنوسن و وه‌ک نوێنه‌ری کورد (که خۆیان وا ده‌زانن) بۆ خاتری ئه‌مریکا به‌رگری لێده‌که‌ن، به‌راستی ئه‌م ته‌رزه سیاسه‌تکردنه مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ناو کورددا هه‌بێت، که بێیت داکۆکی له گه‌وره‌ترین ئه‌نجامده‌ری ئه‌نفال بکه‌یت!!! ئێمه ساڵی 2001 که که‌مپینێکمان دروستکرد به ناوی (که‌مپینی دادگایی کردنی خه‌زره‌جی) و کوردانی دڵسۆزی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات که‌یسه‌که‌مان جوڵاند، ئه‌وه بوو ناوبراو ئه‌وکات نیشته‌جێی دانیمارک بوو له‌و وڵاته هه‌ڵات و تا ئێستاش وڵاتانی که‌نداو ئاماده نین، که ناوبراو راده‌ستی حکومه‌تی دانیمارک بکه‌نه‌وه به بیانوی ئه‌وه‌ی، که ئه‌وان په‌یماننامه‌یه‌کی له‌م جۆره‌یان له‌گه‌ل وڵاتانی ئه‌وروپیدا واژوو نه‌کردوه. ئه‌وه‌ی گرنگه تا ئێستاش دۆسیه‌كه‌ی له دادگای دانیمارک ماوه و کراوه‌یه، گه‌ر ڕۆژێک ئینتهپۆل بتوانێت ده‌سگیری بکات. هه‌روه‌ها ئێمه توانیمان له ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌و تاوانباره بکوژین، به جۆرێک ئه‌مریکا و حکومه‌تی ئێراقیش جورئهرتیان نه‌کرد، که پۆستێکی له عێراقی دوای به‌عسدا بده‌نێ.
ئاڵای ئازادی: ئه‌گه‌ر هات و ئه‌و سزایه‌ی به‌سه‌ر تاوانبارانی ئه‌نفال و کیمیاباراندا سه‌پێنراوه جێبه‌جێ نه‌کران، هه‌ڵوێستی ئێوه چی ده‌بێیت؟ هیوا ناسیح: گه‌ر جێبه‌جێ نه‌کران، ئه‌وا ئێمه به هاوکاری ڕێخراو و گروپه جه‌ماوه‌ریی و مه‌ده‌نییه‌کانی تری کوردستان و پشتیوانی نوسه‌ران، ڕۆشه‌نبیران، که‌سوکاری قوربانییان، نیشتیمانپه‌روه‌ران، میدیای ئازاد و خه‌ڵک و هێزی ئۆپۆزسیۆن هه‌موو رێگایه‌کی یاسایی و هاوچه‌رخ و ئاشتیخوازانه ده‌گرینه به‌ر، بۆ فشار دروستکردن له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی کوردیی هاوبه‌ش له حکومه‌تی به‌غدا و ده‌سته‌ڵاتدارانی عێراق به گشتی. که‌مپین و چالاکییه‌کانی رابردوشمان سه‌لماندویانه، که ده‌توانین جۆرێک فشار بۆ سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد بهێنین و وریایان بکه‌ینه‌وه و هه‌ندێک (که‌م و زۆر) سڵمان لێده‌که‌نه‌وه.
ئاڵای ئازادی: تا چه‌ند له‌سه‌ر کاره‌کانی پێشوتان حکومه‌ته‌کانی هه‌رێم و ناوه‌ند گوێیان لێگرتون و چالاکییه‌کانی ئێوه کاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ریان؟ هیوا ناسیح: دیاره وه‌ک و پێویست گوێیان لێنهگرتوین و گوێمان لێناگرن، چونکه ئه‌وان هه‌میشه گرنگی به به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن نه‌ک به هی به‌رژه‌وه‌نده باڵاکانی نیشتمان و نه‌ته‌وه، به‌ڵام خۆ ئێمه وازناهێنین و له کار و خه‌باتی خۆمانیش به‌رده‌وام ده‌بین، کاره‌کانیشمان سه‌لماندویانه که کاریگه‌ری و جێپه‌نجه‌مان له مه‌سه‌له‌کانی تایبه‌ت به قوربانییان و که‌سوکاریان و جینۆساید له کوردستان و مافی مرۆڤ و تاوانبارانی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییانه هه‌بووه و هه‌یه.
ئاڵای ئازادی: حکومه‌تی هه‌رێم باس له‌وه ده‌کات که له هه‌وڵی جددیدایه بۆ به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌کانی ئه‌نفال و کیمیاباران، لێره دوو پرسیاری جیاواز ئاراسته‌ی به‌رێزتان ده‌که‌ین: یه‌که‌م: حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نێت، له‌ته‌ک ئه‌وه‌شه‌وه تاوانباران و تۆمه‌تباران بێ هێچ سانسۆر و فشارێک، ئازادانه له وڵاتانی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت له کوردستان و عێراق هاتوچۆ ده‌كه‌ن، بۆچونی ئێوه له‌وباره‌یه‌وه چییه؟ هیوا ناسیح: ببوره که من ده‌ڵێم حکومه‌تی هه‌رێم جدی نه‌بووه له به جینۆسایدناساندنی تاوانه‌کانی ئه‌نفال و کیمیاباران، ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه، که هیچ هه‌وڵێک نه‌دراوه ،به‌ڵام زۆر که‌من و له ئاستی پێویست و کارکردن بۆ ئه‌و که‌یسه گه‌وره‌یه نین. باشه گه‌ر راست ده‌که‌ن و جدیین با پێمان بڵێن جگه له‌و کۆنفرانسه نه‌زۆکه‌ی ئۆکتۆبه‌ری 2007 له هه‌ولێر، که ئێمه نه‌مانویست به‌شداری بکه‌ین، چه‌ند کۆنگره و کۆنفرانسیان له ئه‌وروپا و جیهان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه سازکردوه یان به‌شدارییان تێدا کردوه؟ بۆ زانیاریتان من وه‌ک نوێنه‌ری ڕێکخراوه‌که‌مان له دوو کۆنفرانسی نێوده‌وله‌تی به‌شداریم کردوه، به‌داخه‌وه له هیچیاندا نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ی نه‌بوون، که زۆر گرنگ بوون ئاماده‌بن، ئه‌وانه‌ش کۆنفرانسی یادی شه‌ست ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژ به جینۆسایدکرندی گه‌لان که له 15ی دیسه‌مبه‌ری 2008 له شاری بێرن و کۆنفرانسی په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمایی و بایۆلۆژی که له باره‌گای سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له 24 - 28/8/2009 له ژنێف سازکرا و نوێنه‌رانی 162 ده‌وڵه‌ت ئاماده بوون ،که‌چی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ئاماده نه‌بوو، ته‌نها سه‌رۆکی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و شاره قوربانییه داوه‌ت کرابوو ناویشی له لیستی نوێنه‌رانی حکومه‌ته‌کاندا نه‌بوو. که ده‌بوو بۆ نمونه ناوی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌ریم له ناو نوێنه‌رانی عێراقدا بووایه. یان بۆ نمونه کوا ئه‌و مۆنۆمێنت و مۆزه‌خانه‌یه‌ی که شایانی گه‌وره‌یی کاره‌ساتی ئه‌نفال بێت، تا کاتێک که‌سان و شاره‌زایانی بیانی دێن بۆ کوردستان سه‌ردانی بکه‌ن و کاره‌ساته‌کانمان تێ بگه‌ن و ببینن و بناسن؟؟ یان چه‌ند سیدی و کتێبی به‌ڵگه‌یی و به زمانه جۆراوجۆره‌کان له سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه به‌رهه‌م هێنراوه؟ چه‌ند فیلمی سینه‌مایی که چیرۆکی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژی و کاره‌ساتانه بگێڕێته‌وه به‌رهه‌م هاتوه؟؟
دووه‌م: به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، هه‌ر میلله‌تێک خاک و ئاو و زه‌وی و مرۆڤه‌کانی بسوتێنرێن و له‌ناوببرێن، ئه‌وه ئه‌و میلله‌ته جینۆسایدی به‌رامبه‌ر کراوه، هۆی چییه تا ئێستا به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی دان به‌و جینۆسایده‌ی گه‌لی کورددا نانرێت له کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا؟ هیوا ناسیح: به‌پێی ئه‌وه‌ی که من له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری چه‌ندان رێکخراوی جیهانی و ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته‌دا دانیشتومه، ئه‌و کاره پێویستی به‌وه‌یه که دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ک ده‌نهاخ (لاهای) له هۆڵه‌ندا یان دادگای نێوده‌وله‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپا بڕیاری له‌سه‌ر بدات، بۆ نمونه تا ئێستا دووجار له‌گه‌ڵ کارلۆسوماروگا که ئه‌ندامپه‌رله‌مانی سویسرایه و سه‌رۆکی گروپی په‌رله‌مانتارانی دۆستی کورده له په‌رله‌مانی سویسرا کۆبوینه‌ته‌وه، خۆشی سه‌ردانی کوردستانی کردوه و چۆته هه‌له‌بجه، ئه‌و به ئاشکرا پێی وتین، که ئه‌و مه‌سه‌له‌یه مه‌سه‌له‌یه‌کی یاسایی و قه‌زاییه نه‌ك سیاسی، وه گوتی ده‌بێت زۆر له‌وه زیاتر هه‌وڵی بۆ بده‌ن که داوتانه و نمونه‌ی کۆمه‌ڵکوژی ئه‌رمه‌نییه‌کانی هێنایه‌وه که له پاش نه‌وه‌ت ساڵێک و له 2002 دا په‌رله‌مانی سویسرا به ژینۆسایدی ناسی. ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید له‌سه‌ره‌تادایه و ئه‌م که‌یسه کاری زۆر و به‌دواداچونی بێ پسانه‌وه و به‌رده‌وامی ده‌وێت، بیریشمان نه‌چێت ئه‌مه به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورده، که شه‌رعیه‌تی قانونی و ئۆتۆریته‌ی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه، بۆیه گه‌ر تۆ وه‌ک نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌شداری کۆنگره‌و کۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بکه‌یت و ئه‌م داوایه بکه‌یت باشتر گوێت لێده‌گیرێت له‌وه‌ی نوێنه‌ری ڕێکخراوێکی مرۆڤدۆست و مه‌ده‌نی بیت.
ئاڵای ئازادی: به‌هۆی نزیکی ئێوه له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌ڵوێستی وڵاتان و په‌رله‌مانتارانی ئه‌وروپی به‌رامبه‌ر دۆزی کورد و ده‌سته‌ڵاتی کوردی له هه‌رێمی کوردستان چییه و چۆنه؟ هیوا ناسیح: ئه‌وان دوو به‌شن هه‌ندێکیان به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتی خۆیان و گه‌له‌که‌یان له‌سه‌رو شته‌کانی تره‌وه داده‌نێن و گرنگی به مه‌سه‌له‌ی گه‌له چه‌وساوه‌کان و ژێرده‌سته‌کان ناده‌ن، چونکه بۆ ئه‌وان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل حکومه‌ت و نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کان گرنگتره لایان له که‌مینه‌کانی ناو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، به‌شه‌که‌ی تریان که زۆربه‌یان له حزبه چه‌پ و سۆسیالدیموکرات و سه‌وزه‌کانن سۆزیان بۆ کێشه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه هه‌یه و پشتیوانی له خه‌باتی هه‌قخوازانه‌ی گه‌لانی ژێرده‌سته ده‌که‌ن، به داخه‌وه ئه‌م به‌شه‌ی دووه‌میان که‌مینه‌ن نه‌ک زۆرینه. ئه‌م به‌شه‌یان پێیان خۆشه که کورد ئێستا ناوچه‌یه‌کی ئۆتۆنۆمی هه‌یه واته خۆی خۆی به‌ڕێوه ده‌بات و به زۆر له مافه‌کانی گه‌یشتوه، به‌ڵام تا راده‌یه‌کی باش ئاگاداری که‌موکوڕییه‌کانی خۆشمان هه‌ن، وه‌ک شه‌ڕی ناوخۆ و گه‌نده‌ڵی. بۆیه ره‌نگه لایان گرنگتر بێت که کوردی پارچه‌کانی تریش مافه‌کانی خۆیان به‌ده‌ست بهێنن له‌وه‌ی بێن باس له کوردی باشور بکه‌ن، چونکه ئه‌مان ئێستا به‌شه‌کانی تر به چه‌وساوه و ئێمه به ئازاد ده‌بینن. به‌ڵام به گشتی ده‌توانین بڵێین که ئێستا کورد هه‌ندێک دۆست و پشتیوانی بۆ خۆی له وڵاتانی ئه‌وروپیدا په‌یداکردوه. بیرمان نه‌چێت، گه‌ر لۆبییه‌کی به‌هێزمان له نێو کوردانی تاراوگه‌شدا هه‌بوایه، ئێستا دۆست و پشتگیریکه‌ری دۆزه‌که‌مان زۆر زیاتر ده‌بوون.
تێبینی: ئه‌م چاوپێکه‌وتنه له ڕۆژنامه‌ی ئاڵای ئازادی ژ (827)ی 21/10/2009 دا به که‌مێک ده‌سکارییه‌وه بڵاوکراوه‌ته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست