کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راگه‌یاندنێک له‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی د. که‌مال میراوده‌لی یه‌وه ده‌رباره‌ی یه‌که‌م دانێشتنی په‌رله‌مانی نوێی هه‌رێمی کوردست

Sunday, 23/08/2009, 12:00


رۆژی پێنچ شه‌ممه‌ 20/ 8/2009 په‌رله‌مانی نوێی کوردستان یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی خۆی کرد. له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا ئه‌ندامانی نوێ سوێندی یاسایی یان خواردو هه‌روه‌ها کاک مه‌سعود بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی کوردستان سوێندی خوارد. دوای ئه‌وه به‌ شێوه‌یه‌کی چاوه‌روان نه‌کراو له‌ ته‌مسیلییه‌کی ‌پێشتر رێکخراودا سه‌رۆک و جێگر و سه‌رۆکی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردران و سه‌رۆکی نوێ و جێگری سه‌رۆکی کۆن که‌مال که‌رکوکی وته‌یه‌کی له‌وه‌وپێش ئاماده‌کراوی پێشکه‌ش کرد که‌ بریتی بووله‌ سیاسه‌تی لیستی کوردستانی ده‌رهه‌ق ده‌ستوورو ده‌وری په‌رله‌مان به‌ بی ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ئاماده‌کاری کردبێ و داوا بکه‌ن‌ وه‌ک مافێکی ره‌وای خۆیان هه‌مان کات و ده‌رفه‌تیان بدرێتێ هه‌تا بیرو بۆچوونی جیاوازی خۆیان له‌ سه‌ر قسه‌کانی که‌مال که‌رکوکی پێشکه‌ش بکه‌ن هه‌ر وه‌ک له‌ عورفی سیستمی په‌رله‌مانی دیمۆکراتیدا هه‌یه‌.
سیناریۆکه‌ به‌ بانگکردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بو زیافه‌ت کۆتایی هات.
شتێکی زۆر ئاسایی یه‌ ‌ ده‌سه‌ڵاتێک که‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی خۆی له‌ ئه‌نجامی کوده‌تایه‌کی ته‌زویریی دژ به‌ پرۆسه‌ی دیمۆکراسی پاراستبێ، هه‌موو جۆره‌ ته‌کتیکێک و نه‌خشه‌یه‌ک بۆ پته‌وکردنی پێگه‌ی خۆی و زیاتر گاڵته‌جاڕکردنی شێوازو میکانیزمی دیمۆکراسی له‌ کوردستاندا به‌کار بێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای شۆک و هه‌ژاندنی ویژدانی خه‌ڵکه ئه‌وه‌ بوو چۆن ئه‌ندامانی گۆڕان و چاکسازی که‌ هێزی ئۆپۆزسیۆنن له‌ په‌رله‌ماندا ئاوه‌ها سازشکارانه‌ وبه‌سته‌زمانانه‌ ئه‌م سیناریۆیه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان وه‌ک پاداشتێک بۆ کوده‌تا ته‌زویرییه‌که‌ی دژی پرۆسه‌ی دیمۆکراسی قبوڵ کرد.

ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ی خواره‌وه‌ بۆ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان روون بکه‌ینه‌وه‌:



1- جێگه‌ی داخه‌ که تا ئێستا‌ هیچ کام له‌ حیزبه‌کانی ئۆپۆزسیۆن دوور یان نزیک، راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ باسی ساخته‌کارییه‌کانی ده‌نگه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیان نه‌کردووه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکراو به‌ رۆژی رووناک له‌به‌رچاوی هه‌موو چاودێران و خاڵکی هه‌ولێردا ئه‌نجام ئه‌دران. ‌ ئێمه‌ چاوه‌رێی ئه‌وه‌مان ده‌کرد ته‌نانه‌ت یه‌کێتی-ش رێژه‌ی 70% ده‌نگه‌کان بۆ بارزانی ئه‌سه‌لمینێ و داوای روونکردنه‌وه‌ بکه‌ن که‌ ئه‌و %13 ی زیاتر له‌ کوێوه‌ هاتوون؟ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ له‌ کاتێکدا هاموو حیزبه‌کان و میدیاکانیان جه‌ختیان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیمۆکراسی ده‌کرد ئێستا که‌م یان زۆر ناوی به‌ڕێز د.که‌مال میراوده‌لی نابه‌ن که‌ به‌ بێ ته‌زویر زیاتر له‌ 60% ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستانی هێناوه‌ و به‌ هه‌موو پێوانه‌یه‌کی راستی و هه‌ق و ره‌وایی سه‌رۆکی شه‌رعی هه‌ڵبژێردراوی گه‌لی کوردستانه‌. خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌رێی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ نوێنه‌ره‌کانیشیان له‌ په‌رله‌مان وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن ئه‌م خواسته‌ی گه‌ل له‌ په‌رله‌ماندا ده‌ربڕن و به‌ راشکاوی خۆپارێزی (تحفڤ) و ره‌خنه‌ی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامه‌ ته‌زویرییه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان تۆمار بکه‌ن. وه‌ک لاوازترین هه‌لوێست ئه‌وه‌ بڵێن که‌ (تحفڤ) ی زۆریان ده‌رباره‌ی ئه‌نجامه‌کانی سه‌رکردایه‌تی و په‌رله‌مانیش هه‌یه‌ و کۆمۆسیۆنی باڵا به‌ بێ لایه‌ن نازانن به‌ڵام بۆ خاتری کاراکردنی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان له‌ ناو چوارچێوه‌ی په‌رله‌ماندا ئاماده‌بوون جێگه‌کانی خۆیان له‌ په‌رله‌ماندا بگرن.



2. ئه‌و دوو مانگه‌ی که‌مپینی هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌ی سلێمانی و گه‌رمیاندا به‌راستی خه‌ڵک دیواری ترسیان شکاند و هیوایه‌کی گه‌وره‌یان به‌ پرۆسه‌ی پاشه‌رۆژی دیمۆکراسی په‌یداکرد. به‌ڵام کوده‌تا ته‌زویرییه‌که‌ی هه‌ولێر ده‌ستدرێژیه‌کی تاوانکارانه‌ بوو دژی ئیراده‌ی ئازادی و دیمۆکراسیخوازی خه‌ڵکی کوردستان. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا جه‌ماوه‌ری کوردستان ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا بوو که‌ به‌سه‌دان هه‌زار بڕژێنه‌ سه‌ر جادده‌و دژی ‌ ته‌زویرو ده‌سه‌ڵاتی به‌زۆر سه‌پێنراو به‌رده‌وام خۆپێشاندان بکه‌ن. ئه‌وه‌ بیرو رای به‌ڕێز د. که‌مال بوو که‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ مێژووییه‌ی ده‌ستپێشخه‌ریی و حه‌ماسی جه‌ماوه‌ر بۆ راپه‌رینی ئاشتیخوازانه‌ به‌ فیرۆ نه‌ده‌ین و ئازایانه‌ تا‌ سه‌رکه‌وتن ڕێبه‌ری بکه‌ین. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ د.که‌مال هیچ هێزێک پشتیوانی نه‌کرد و هیج ده‌زگایه‌کی راگه‌یاندنی ده‌ستنه‌که‌وت که‌ بۆ دوو ده‌قیقه‌ش په‌یامی خۆی بۆ گه‌لی کوردستان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌و شارستانییانه‌و دیمۆکراسییانه راگه‌یه‌نێ.

3. خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری گه‌ل ئه‌و ده‌وره‌ یه‌کجار گرنگه‌ی ده‌بوو که‌ له‌ به‌ر چاوی دنیا دوو به‌ره‌ جیاب‌کاته‌وه‌:

به‌ره‌ی جه‌ماوه‌رو زۆربه‌ی خه‌ڵک و ده‌نگده‌رانی که‌ دیفاع له‌ ماف و ئیراده‌ی دیمۆکراسی و نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌و سه‌رۆکی شه‌رعی هه‌ڵبژێردراوی خۆیان ده‌که‌ن و به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات که‌ ده‌یه‌وێت له‌ رێگای کوده‌تای ته‌زویرو هه‌ڕه‌شه‌ و نان بڕین و سات و سه‌ودای قوژبنه‌ تاریکه‌کانه‌وه‌ ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵی خۆی به‌رده‌وامکاو بسه‌پینێ.

جێگه‌ی داخه‌ که‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن هه‌وڵ بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ته‌ مێژوویی یه‌ بده‌ن و به‌ته‌واوه‌تی و بێ ترس و پێچ و په‌نا بێنه‌ ناو به‌ره‌ی گه‌له‌وه‌ به‌ به‌هانه‌ی ناماقوڵی دروستبونی شه‌ری ناوخۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته دیمۆکراتییه‌یان له‌ ده‌ستی گه‌ل ده‌رهێناو چوونه‌ ناو چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌ڵبژارد و زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره‌یان له‌ ئیراده‌و هیوای گه‌ل وه‌شاند و جارێکی تر خه‌ڵکیان بێ ئومێد کرده‌وه‌.
نوسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی
4. سازشکردنی به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن به‌رامبه‌ر ئه‌و کوده‌تا ته‌زویره ئاشکرایه‌ و ساردکرنه‌وه‌ی حه‌ماسی جه‌ماوه‌ر نه‌بووه‌ رێگر به‌لكو بووه‌ رێخۆشکه‌ر و هانده‌ر بۆ شالاوی دڕندانه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ر باره‌گاکانیان. که‌چی زۆر به‌ئاسانی ئه‌م ده‌ستدرێژی و ئیهانه‌شیان پێ قووت درا تا ‌ ئه‌نجامه‌که‌ به‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی کردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان گه‌یشت. هه‌روه‌ها ئه‌م سازشکردنه‌ بووه‌ هۆی زیادکردنی ده‌رکردن و ئیهانه‌کردنی لایه‌نگرانی گۆڕان نه‌ک وه‌ستاندنی.



5. ئێمه‌ باوه‌رمان وایه‌ که‌ ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه‌ ده‌بی میلله‌ت و شه‌قامی کوردستانی بێ. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕان و چاکسازی زۆرایه‌تی ته‌زویری ره‌های لیستی کوردستانی و سه‌رۆکی هه‌رێمیان بێ کۆت و مه‌رج قبوڵکرد، شه‌رعییه‌‌تی دیمۆکراسییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی نادیمۆکراتی ساخته‌و گه‌نده‌ڵ داو خۆیان خسته‌ قوژبنێکه‌وه‌ که‌ جگه‌ له‌ هاوارێکی لاواز هیچیان بۆ نه‌کرێ مه‌گه‌ر به‌ سازشکردنی زیاتر له‌ سه‌ر حسێبی داواکانی خه‌ڵک و به‌هاو پرینسیپه‌ دیمۆکراسییه‌کان. بۆیه‌ گرنگه‌ که‌ ئۆپۆزیسیۆن موباده‌ره‌ی سیاسیی له‌ لیستی کوردستانی بستێنێته‌وه‌و ئاماده‌ بێ بۆ به‌رهه‌لستی نادادپه‌وه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رده‌وامی داگیرکاری بوجه‌و ماڵ و سامان و ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه‌ ‌بنه‌ماڵه‌ییه‌کان له‌ حکومه‌ت و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و بۆ باشکردنی ژیانی خه‌ڵک په‌نا به‌رێته‌ به‌ر شه‌قامی کوردی

نوسینگه‌ی سه‌رۆکایه‌تی د، که‌مال میراوده‌لی

سلێمانی 22 ی ئابی 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە