کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


غیرەتى(عەلى سعید ودلاوەر و بەرهەم) بەرووداوەكەى(19/4)ى زانكۆى سلێمانیش نەجولا !!

Wednesday, 20/04/2011, 12:00




جەنابتان باش دەزانن حەرەمى زانكۆ پیرۆزى خۆى هەیەو دەبێ رێزى بگیرێ چونكە ئەو مینبەرەیە كەهەموومان پێدەگەیەنێ بەنەوەكانى ئێستاو داهاتووشمانەوە، من لە سەرەتاى هەشتاكانى سەدەى رابردوو خوێندكارى زانكۆى بەغدا بووم،ئەو سەردەمەش دەزانین عێراق كام جۆرە رژێم حوكمى دەكرد،بەڵام ئەوەى دواى نێوەرۆى 19/4/2011 لەزانكۆى سلێمانى روویداو ئەو دەست درێژیانەى كرایە سەر خوێندكارانى كورو كچى ئەو زانكۆیە ، وەئەو هەموو هێزە میلیشیایانەى دەورەى زانكۆو دەرگاكانى زانكۆیان دابوو، دیمەنێك ورووداوێكى بێ وێنە بوو، لە بەغدا پێى ئاشنا نەبووم .لەكاتێكا تاوانى خوێندكاران تەنیا ئەنجامدانى خۆپیشاندانێكى مەدەنیانە بوو بۆ تەعبیركردن لەبیروراو هەڵوێستى خۆیان، ئەمەش مافێكە دەستورى عێراق دەستەبەرى كردووە بۆ هاوڵاتیان، ئەو دەستورەى كەحیزبە حوكمرانەكانى ئەمرۆى هەرێم بەدەسكەوتێكى گەورەى خۆیانى دادەنێن لەعێراق بەدەستیانهێناوە و بەگران پێمان دەفرۆشنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تائێرە مەسەلەكە بەلاى منەوە ئاساییە، چونكەلەو وڵاتەى ئێمەدا بەداخەوە لەهەموو شتێ بێ نرختر تیایدا یاسایەو ئەو(سەرەوەرى یاسایەش)كەبۆتە بنێشتە خۆشەى سەرزمانى هەموو تاكێكى ئەو وڵاتە وجودى نیەو ئەسلەن زۆربەشمان نازانین ماناشى چیە. ئەوەى من بەنائاسایى بینیم ،ئەوە بوو كە نە وەزیر و نەسەرۆكى زانكۆ بەهیچ شێوەیەك بەهاوارى ئەو خوێندكارە گەمارۆدراوانە نەچوون،وە بۆ مێژووى خۆیان ومیللەتەكەیان هەڵوێستێكیان نەنواند لەپێناو رزگاركردنیان لەهەرەشەى ئەو هێزە میلیشیا دڵرەقەى بەتاسەوە بوو بۆ لێدان وئیهانەكردنیان. ئەوەى بەرانبەر ئەو زانكۆیە كرا لەهەر وڵاتێكى تربوایە دلنیابن كەنەك هەر وەزیرو سەرۆكى زانكۆ دەستیان لەكارەكەیان دەكێشایەوە بگرە هەموو مامۆستایانى ئەو زانكۆیەش رووى ئەوەیان نەدەبوو جارێكى تر سەر بەو زانكۆیە دابكەنەوەو دەرسى زانست بۆ خوێندكاران دابدەن،لەبەر ئەوە مانیان دەگرت وحكومەتەكەشیان ناچار دەكرد بەدەست لەكاركێشانەوەو وازهێنان و نەیاندەهێشت ئەو كارەساتە ئاوا بێ باج و بە (مرور الكرام)تێپەرێت.خۆ ئەگەر ئەو بەرێزانە پاكانەى ئەوە بكەن كەئاگادارى ئەو وەزعە نەبووین ئەوا ئەو پاكانەیان قبول ناكرێ،لەبەرئەوەى رووداوەكانى ئەو رۆژەى سلێمانى بەلاى هەموو كاربەدەستانى ئەو هەرێَمەوە پێش وەخت متوقع بوو وەبەرنامەشى بۆ دارێژرابوو(بەڵگەشمان بەیانە هەرەشە ئامێزەكەى لیژنەى ئەمنى سلێمانیە).
بەڵام خوێندكارە خۆشەویستەكان ،رۆڵە بەئەمەكەكانى میللەتەكەم ،دڵگران مەبن وئەو رووداوە هەمووى بەسەر یەكەوە بە ئاسایى وەربگرن ،چونكە هەریەك لە سەرۆكى زانكۆو وەزیرى خوێندنى باڵاو نوخوسوەزیرى ئەو هەرێمە هەڵگرى بروانامەى دكتۆران وپیاوى ئەكادیمین و سەروەرى وپیرۆزى زانكۆیان لەئێوە لاگرنكگترە،بەتایبەتیش وەزیرو نوخسوەزیر تەمەنێكیان لەنێو جەرگەى وڵاتانى دیموكراسى بەسەربردووە و بەهەموو سەرەتا دیموكراسیەكان وزامنكارییەكانى مافى هاوڵاتیان ئاشنان و لەئێمە باشتر تێى گەیشتوون وهەزمیان كردووە، هەربۆیەش دەنگیان لێوە نەهاتووە،دیارە ئەو كارەى ئێوە، لەو وڵاتانەى ئەوان لێوەى هاتوونەتەوە ، هەربەو شێوازەى ئێرە هەڵس وكەوتى لەگەڵ دەكرێ، بۆ راستى ئەو قسەیەش برۆن لەسەر ئینترنێت بگەرێن ساڵ نیە یەك دوو زانكۆ لە بەریتانیاو ئەمریكاو فەرەنسا بەدەردى زانكۆكەى ئێوە نەبرێ !! ئەگینا ئەوان بەهیچ شێوەیەك پێشێلكارى لەسەر مافى هاوڵاتیانى ئەو هەرێمەو نەخوازەللا هى خوێندكاران قبول ناكەن موستەحیییییلە !!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە