کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ووشه‌ی پێشمه‌رگه‌ ووشه‌یه‌کی پیرۆزه‌ به‌ڵام

Friday, 26/02/2010, 12:00


پێشمه‌رگه‌ ئه‌و چه‌ك به‌ده‌سته‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ خۆی به‌ پارێزه‌ر و پاسه‌وانی کوردستان ده‌زانێت و به‌درێژای چه‌ندین ساڵ به‌رگری له‌ خاك و خه‌ڵک و موڵك و شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی تاکی کورد کردووه‌. ئه‌رکی پێشه‌مه‌رگه‌ هیچ کاتێك ئاسان نه‌بووه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌رکه‌ قورسه‌که‌ی بۆ ماوه‌ته‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ پێشمه‌رگه‌ خاوه‌نی چه‌ندین داستانی به‌رگریکردن و ته‌مێکردنی داگیرکه‌رانی کورد و خاکی کوردستان بووه‌ و پیشه‌مه‌رگه‌ بۆ ئازادی و سه‌رفرازی خه‌ڵک و خاکه‌که‌ی پێش مه‌رگ که‌وتووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆرکات و شوێنی جیاوازدا له‌ ناوی پێشه‌مه‌رگه‌ یان پێشمه‌رگایه‌تی که‌مکراوه‌ته‌وه‌ و به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ناحه‌زان و دوژمنانی کورده‌وه‌.
له‌گه‌ڵ مێژووی پیرۆزی و جوانی ناوی پیشمه‌رگه‌دا، پێشمه‌رگه‌ مێژوویه‌کی ڕه‌شی بۆ درووستکراوه‌ و به‌کارهێنراوه‌ بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی حیزبێك، بنه‌ماڵه‌یه‌ك یان زۆر جار بۆ که‌سێکی تایبه‌ت. له‌ ساڵانی ڕابردوودا پیشمه‌رگه‌ی کوردستان چه‌ندین جار په‌لاماری یه‌کیان داوه‌، ئه‌مه‌ له‌باتی دابینکردنی ئازادی بۆ تاکی کورد و پارێزگاریکردن له‌ کوردستان که‌ ئه‌رکی ڕاسته‌قینه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌.
له‌دوای ڕاپه‌رێنه‌ میژوویه‌که‌ی ساڵی 1991 خه‌ڵك توانی له‌ماوه‌یه‌كی زۆرکه‌مدا و پاشان به‌هاوکاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان زۆربه‌ی شارو شارۆچکه‌ و گونده‌کانی کوردستان ڕزگاربکات و له‌ داگیرکه‌رانی پاکیان بکاته‌وه‌. له‌وکاته‌وه‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌ته‌واوی و له‌هه‌مووکاتێك زیاتر ئاشنابونه‌وه‌ به‌ پیشمه‌رگه‌و و پێشمه‌رگه‌ش خۆشه‌ویستر و پیرۆزتر بوو لای خه‌ڵك و به‌تایبه‌تی لای گه‌نجان.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌م په‌رله‌مانی کوردستان نه‌توانرا‌ ئه‌م هێزه‌ خۆنه‌ویست و پارێزه‌ره‌ی کوردستان له‌ژێر ناوێکی تایبه‌ت و له‌ژێر فه‌رمانی په‌رله‌مانی کوردستاندا کۆبکرێته‌وه‌ و ته‌نها فه‌رمانه‌که‌نی په‌رله‌مان جێبه‌جێبکات. حکومه‌تی هه‌ریم نه‌یتوانی ئه‌م هێزه‌ بکاته‌ هێزێکی نیزامی و تاکه‌هێزی پارێزه‌ری ئازادی خاك و تاکی کوردستان. بێجگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ به‌باشترین شێوه‌ به‌کارهێنرا بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی چه‌ندین ساڵه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و ده‌مکوتکردنی ئازادیخوازان. ئه‌م هێزه‌ یه‌که‌م په‌رله‌مانی خۆی له‌ده‌ستدا و له‌ پیرۆزییه‌کانی خۆی و په‌رله‌مانیشی که‌م کردوه‌. ئه‌م هێزه‌ چه‌ندین جار خرایه‌ پێش هێزی داگیرکه‌ر و به‌ئاشکرا پێشوازی له‌ ده‌بابه‌ی دوژمن ‌کرد و پایته‌ختی ووڵاته‌کی خۆی پێ ژه‌هراوی کرد.
ئاواته‌کانی که‌سوکاری پیشه‌مه‌رگه‌ و ئه‌نفالکراوان و شه‌هیدانی کوردستان خرانه‌ ژێرگڵ و بوونه‌ قوربانی ده‌ستکه‌وتی بنه‌ماڵه‌. پێشه‌مه‌رگه‌ که‌مئه‌ندام و هیلاک و به‌ته‌مه‌نه‌کان بێ ڕێزو بێ ئومێد کران و ئه‌وانه‌ی ڕۆژانیك دژایه‌تی ئه‌م هێزه‌یان ده‌کرد خرانه‌ پیش ئه‌مان و ئه‌مانێش که‌مترین مافیان پێدرا. له‌شه‌ری پێشمه‌رگه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ چه‌ندین ڕۆڵه‌ی ئه‌م ووڵاته‌ کوژران و خوێنی پیرۆزیان به‌فیڕۆ ڕژا به‌جۆرێك داگیرکه‌رانی کوردستانیش نه‌یانکردبێت و ناحه‌زی و دوژمنایه‌تی یه‌کتری تاکی کوردیشیان کردوه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ فه‌رمانده‌یی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ناوده‌به‌ن ته‌نها وه‌ك شانۆگه‌رییه‌کی مایه‌پووچ وه‌سفی ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌ ده‌که‌ن که‌ خۆیان ده‌رهێنه‌رو داهێنه‌ری بوون.
ئه‌وانه‌ی ڕۆژانێك سه‌رپه‌رشتی ئه‌م هێزه‌یان ده‌کرد و بوونه‌ لێپرسرا و خاوه‌ن سه‌روه‌ت و سامانی زۆر و که‌وتنه‌ هه‌رزان فرۆشتنی خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌ی خۆیان و هاوڕێ پیشمه‌رگه‌کانی ڕابردوویان. ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت که‌وتنه‌ منه‌تکردن به‌سه‌ر خه‌ڵکی ووڵاته‌که‌ی خۆیان، منداڵانی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌بیرکراون و منداڵانی ئه‌وانیش له‌وپه‌ڕی که‌یف و خۆشیدا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن و ئه‌و په‌ڕی بێ رێزی به‌ یاسا و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن.
25 فیبرایه‌ر2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە