مەسعوود و جەلال وا دەزانن گەلی کورد گەلی ئەفریقایە
Sunday, 06/03/2011, 12:00
گەلانی ئەفریقاو باشووری ئەمریکاوچەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وهەروەها بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا، پێیان دەگوترێت گەلانی دنیای سێهەم. بە واتایەکی تر یانی گەلانی نەزان و نەخوێندەوار ودواکەوتوو. سەرکردە دیکتاتۆرەکان ،لەو وڵاتانەدا کە بە وڵاتانی دنیای سێهەم ناسراون، لە رێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدەن دەنگی خەڵک و جەماوەری هەژار و داماو بکڕن و درێژە بە فەرمانڕەوایی پڕ لە زوڵم و ستەمی خۆیان بدەن. سەرکردە دیکتاتۆرەکان لەو وڵاتانەدا بۆ مانەوەی خۆیان لە سەر کوورسی دەسەڵات لە هەموو جۆرە چەک و رێگایەکی ناڕەوا و نامرۆڤانە کەڵک وەردەگرن و لە هیچ ناسڵەمێنەوە. ئەوان مرۆڤە هۆشیار و نیشتمان پەروەرەکان دەخەنە ژێر هەموو جۆرە فشارێک و بە کوشتن و دەربەدەرکردن لە مەیدانی سیاسی و خزمەت کردن بە گەل و نیشتمانەکەیان بێ بەشیان دەکەن و ڕێگایان پێ نادەن لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان دا بەشدار بن
دەگێڕنەوە کاتی خۆی میشێل عەفلەق، دامەزرێنەری حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی، بە سەددام حوسەینی سەرۆکی حیزبی بەعسی عەرەبی عێراق ئەڵێت کە کارێکی زۆر هەڵە دەکەی ئەگەر کوردەکان ڕاو بنێیت وناچاریان بکەیت وڵات بە جێ بهێڵن، چونکە دەرپەڕاندنی ئەوان لە وڵات دەبێتە مەترسی یەکی گەورە بۆ دەسەڵاتەکەت لە دواڕۆژدا. دیارە ئەو قسەیە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستی لە خۆ دەگرێت چونکە ئەوە کوردەکان بوون کە بوونە هۆی مەترسی و لاوازی وتەنانەت ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەددام حوسەین و توانییان بیر و ڕای کۆمەڵگاکانی ئۆرووپا و ئەمریکا بۆ لای کێشەکەیان و سیستمە دیکتاتۆری یەکەی بەعسی عێراق ڕابکێشن وپشتیوانی ئەوان بۆ داخوازی یە ڕەواکانیان بە دەست بێنن
دیارە هەوڵ و تێکۆشانی کوردەکانی دەرەوە لە ڕاکێشانی پشتیوانی و هاوکاری بۆ داخوازی یەکانی کورد و لە ناوبردنی ڕژێمی بەعس شتێکی روون و بەرچاوە و کەس ناتوانێت حاشای لێ بکات. هەوڵ و خەباتی هەمە لایەنەی کورد و هێزە هاوپەیمانەکان توانییان گەلی کورد و نیشتمانەکەی لە ژێر دەستی داگیر کەرانی عەرەب دەربێنن وکورد بۆ خۆی ببێتە خاوەنی نیشتمانی خۆی و دەسەڵاتی خۆماڵی تێدا دامەزرێنێت. گەلی کورد ئاواتی ئەوە بوو کە دوای رزگاربوونی لە دەست سەددام و ڕژێمەکەی، بە ئازادی و سەربەرزی لە نیشتمانی رزگارکراوی خۆی دا بژی و وڵاتە وێرانەکەی ئاوەدان بکاتەوە و بۆ پێشەوەی ببات، بەڵام زۆر جێگای داخە کە دیسان بە دەست هەندێ بازرگان و خۆفرۆش کە ناوی کورد و کوردستانیان کردووەتە بنێشتە خۆشەی سەرزمانیان و بۆ مەرامە چەپەڵەکانی خۆیان بە کاری دێنن، گیرۆدە بووەوەو وڵاتیان کردووەتە مەیدانی کەڵەگایی بنەماڵەکانیان و رێگا نادەن کەسانی دڵسۆز و سووتاو بۆ ئاوەدانی و پێشکەوتنی نیشتمانەکەیان، لە بە ڕێوەبردن و ئیدارەکردنی وڵاتەکەیان دا نەقشێکیان بەرکەوێت. بیست ساڵە سامانی کوردستان لە لایەن دوو بنەماڵەوە دەستی بە سەردا گیراوە و کەس نازانێت چی لێ دەکرێت . ژێرخانی ئابووری کوردستان کە دەبوایە دوای ئازادی کوردستان، خەمی گەورەی دەسەڵاتدارانی بنەماڵە بایە، کەچی بە داخەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و بەسراوەیی ئابووری کوردستان بەدەرەوە هەرچی دێت زیاتر و مەترسی دارتر دەبێت
لە ئاکامی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و ملهوڕانەی هەردوو بنەماڵەی مەسعوود و جەلال دا، زۆرن ژمارەی ئەو کوردە هۆشیار و رووناکبیرانەی کە لەبەر ئەوەی نەبوونە کاسە لێس وحەڵقە لە گوێی دەسەڵات، لە نیشتمانیان لانەواز بوون و پەڕیوەی هەندەران بوون. دیارە وەک چۆن راونانی رووناکبیران بۆ دیکتاتۆرێکی وەک سەددام ئاکامێکی باشی بۆ رژێمەکەی ئەو نەبوو، دەرپەاندن و ئازاری ئەمڕۆی رووناکبیرانی کوردستانی ژێر دەستی حوکمی بنەماڵە، زەنگێکی خەتەرە بۆ رووخاندن و تێکدانی دەسەڵاتی گەندەڵ و پڕ لە ستەم و نابەرابەری حکوومەتی بنەماڵەکان و سەرلە نوێ بیناکردنەوەی نیشتمان. ئەمڕۆ کۆمەڵانی هوشیاری کورد، لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، هەوڵ دەدەن کوردستان لەم زۆنگاوەی دەست بنەماڵە دەربێنن و سامانی گەل بگێڕنەوە بۆ خەڵکە خێر نەدیوەکەی
مەسعوود و جەلال وەک دوو سەرکردەی بەرژەوەندیخواز، هەردەم لە پیلانگێڕی دان بۆ ئەوەی کورد و شوڕشەکەی نەگاتە ئاکام و ئەوانیش بەردەوام بن لە مامەڵە کردن بە هەست و شعووری تاکی کورد و سامانی کوردستان ئاودیو بکەن. بە خۆشی یەوە ئێستا پیلانەکانیان وەکو جاران بۆ ناچێتە سەر وکوردە دڵسۆز و نیشتمان پەروەرەکانی دەرەوە، بەردەوام پیلانەکانیان پووچەڵ دەکەنەوە و ناهێڵن لەمە زیاتر یاری بە چارەنووسی کورد و کوردستانەوە بکەن. سوپاس بۆ تەکنۆلۆجیاو ئینتەرنێت و توڕەکانی تری پێوەندی گرتنی خێرا کە هەواڵەکان بە زوویی دەگەیەنێ و رێگا نادات پیلانی سەرۆکە بازرگانەکانمان بە ئاکام بگات
گەلی کورد کە دوێنێ بۆ رووخاندنی رژێمەکەی سەددام راپەڕی ودەستی دایە خەبات، ئەمڕۆ جارێکی تر هاتووەتە مەیدان تادەسەڵاتی دیکتاتۆریی خۆماڵی کە لە لایەن هەردوو بنەماڵەوە بەڕێوە دەبرێت، راماڵێت و دەسەڵاتێکی راستەقینەی دیمۆکراتی نەتەوەیی لە جێگەی دامەزرێنێت، وەکو چۆن گەلانی توونس و میسر سەرکردە گەندەڵەکانیان ڕاونا وئێستا خەریکی سەرلە نوێ پیاچوونەوەو دامەزراندنەوەی شێوەی دەسەڵاتی داهاتووی وڵاتەکانیانن
کاتی خۆی مەسعوود بارزانی جەلالی ناو نابوو "جەلال مانگا"، هەروەها جەلال تاڵەبانی بە مەلا مستەفای دەگوت"شاپەسەند"؛ بەڵام ئەمڕۆ کورد بەوان هەردووکیان دەڵێت "مافیا". ئەو دوو سەرۆکە ئەمڕۆ لە کوردستان دا بوونەتە سەرۆکی دەستەیەک مافیاو گەمە بە چارە نووسی میللەت و خاکی کوردستانەوە دەکەن. ئەوەی کە ئەمڕۆ بۆ ئەوان زۆر گرنگە ئەوەیە کە چۆن سامانەکانی بنە ماڵەکانیان زۆر کەن و داهاتووی نەوەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن نەک داهاتووی کورد و کوردستان، هەربۆیە خەڵکی کوردستان ئەو ناوە "مافیاکانی کوردستان" یان بۆ هەڵبژاردوون کە ناوێکە پڕ بە پێستیان وکاڵایەکە پڕ بە باڵای ناحەزیان
کورد گەلێکی قارەمان و ئازادیخوازە و سەر بۆ ستەم وناعەداڵەتی شۆڕ ناکات، هەرچەند ئەو ستەمە لە لایەن دەسەڵاتی کوردییشەوە بێت. کاسەی سەبری میللەت پڕ بووەو ئیتر لە دەسەڵاتی بنە ماڵەی قبووڵ ناکەن یاری بە سامان و چارەنووس و دواڕۆژی کورد و کوردستانە بکەن و بەرهەمی خوێنی رۆڵەکانی ئەم نیشتمانە زامدار وبریندارە ژارێکی تر بخەنە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون و ئاشبەتاڵێکی ترەوە.
حەمە میروەیسی
نوسەری کتیبەی "گەڕانەوەی مادەکان"
وولایهته یهگرتووهکانی ئهمهریکاا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست