رێپیوانی جەماوەری بۆ هەولیر، کوردستان ڕزگار ئەکات لە دەستی مسعود بارزانی و جلال تاڵهبانی
Wednesday, 09/03/2011, 12:00
کاتی خۆی ڕەش و سپی یەکانی ئەمریکا پێکەوە هەستان بە رێ پێوانێکی جەماوەری بەرەو واشینگتۆنی پایتەختی ئەمریکا وداوایان کرد کە ئازادی و یەکسانی بۆ دانیشتوە ڕەش پێستەکانی ئەمریکا وەکو هاوڵاتی یە سپی پێستەکان، دابین بکرێت و کۆتایی بە ستەم و چەوساندنەوە ونابەرابەری یەکانیان بهێنرێت لە لایەن دەسەڵات دارانی ئەمریکاوە
ئەمڕۆ لە کوردستانی بەسراو بە عێراقیش دا، کورد گیرۆدەی دەستی دەسەڵاتیی پڕ لە ستەم و نادادپەروەری دوو بنەماڵەی شێخ زادە بوون کە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی ونیشتمان پەروەری یان لە دەست داوەو هەموو بیر وخەمێکیان بووەتە بازرگانی ومامەڵە کردن بە چارەنووسی گەلەکەیان ودزین وهەڵلووشینی سامان و ژێر خانی ئابووری نیشتمانی و داگیرکردنی خاک وموڵکی گشتیی هاونیشتمانانی وڵاتەکەیان
بە پارەی دزراوی میللەت، هەزاران کوردیان کڕیوەو بەکاریان دەبەن بۆ لێدان و کوشتنی کورد وپاراستنی بەرژەوەندی یەکانی خۆیان و دەم ودەزگای بنەماڵەیان. بە هاوکاری حکوومەتی ئەمریکاو ئیسرائیل هەزاران جاسووس وهێزی تایبەت و بە ناو ئاساییش ودژە تیرۆریان ڕاهێناوە کە چۆن بتوانن گەلی کوردی پێ بچەوسێننەوە وسەرکوتی بکەن. لە ئاکامی زەبر و زەنگ وستەمی حیزبی بنەماڵەدا، هاونیشتمانانی کوردمان لە ناوچەکانی بادینان وەها تۆقێنراون کە هێزی بەرگیری وناڕەزایەتی دەربڕینیان نە ماوە و رێگایان پێ نادرێت تەنانەت لە رێگای خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتی یانەوە داوای ماف و داخوازی پێ ڕاگەییشتن بە کەم و کۆڕی یەکانی ژیانیان بکەن. ئەو تۆقاندن و ترسە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی وبارزانی دا ئەوەندە پەرەی سەندووە کە شارێکی گەورەی وەکو هەولێری هۆلاکۆ بەزێن وەک دەڤەری بادینانی لێ هاتووە و خەڵکەکەی ناوێرن خۆپیشاندان بکەن و داوای چارە سەری کەموکوڕی یەکانی روژانەیان بکەن و بە ئازادی ڕای خۆیان دەرببڕن
ئەوەی من مەبەستمە لێرەدا ئەوەیە کە هەرچۆنێک کاتی خۆی گەلی ئەمریکا خۆپیشاندانی کرد بۆ نەهێشتنی ستەمی ئاپارتاید دژی ڕەش پێستەکان،هاونیشتمانانی کوردیش لە سلێمانی و گەرمیان وڕانیە وکۆیە وکەرکووک و... ئەتوانن خۆپیشاندان و ڕێ پێوان بکەن بۆ یارمەتی کردن وپشتیوانی کردنی هاونیشتمانانی چەوساوەی دەستی هێزەکانی بارزانی لە هەولێر ورزگارکردنیان لە ستەم وسەرکوت وتۆقاندن و هەڵگرتنی چەوسانەوە لە سەریان
مەسعوود بارزانی لە کۆنگرە کارتۆنی یەکەی بنەماڵەکەی دا گوتی بنەماڵەی شێخی بارزان هەزار کەسن، دانیشتوانی شاری هەولێر نزیکەی یەک میلیۆن کەسە وخاوەنی مێژوویەکی کۆنە لە بەربەرەکانی کردنی زوڵم وستەمی داگیرکەران دا؛ کەواتە ئەی دانیشتوانی شاری قەڵاومەنارە،دێوەزمەی ترس بشکێنن وئێوەش بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و مافی زەوت کراوتان وشاربەدەرکردنی تاڵانچی یان وزەوتکەرانی ماف و ئازادی یەکانتان
رێ پێوانی جەماوەری ناوچەکانی تری کوردستان بەرەو هەولێر دەتوانێ ببێتە هۆی دروستکردنی یەکیەتی نەتەوەیی وگۆڕینی چارەنووسی گەل ونیشتمانەکەمان بە شێوەیەک کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبێت و ببێتە لاپەڕەیەکی پرشنگدار و زێڕینی مێژووی نەتەوەکەمان
رەش پێستەکانی ئەمەریکا بە ڕێپێوانی جەماوەری توانییان خۆیان لەزوڵم وستەمی دەوڵەتی ئەوکاتی ئەمریکا ڕزگار بکەن و بە مافە ئینسانی یەکانی خۆیان بگەن وببنە شارۆمەندێکی هاوبەشی سپی پێستەکان. ئاکامی ئەو خەباتە جەماوەری یانەی ڕەش پێستەکان ئەوەیە کە ئەمڕۆ دەبینین رەش پیستێک هەڵبژێراوە بۆ سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
رێ پێوانی جەماوەری بۆ هەۆلیر، کورد لە دەست گەمەی شێخەکانی بنەماڵە(بارزانی وتاڵەبانی) ڕزگار ئەکات ودەیانگەیەنێت بە لووتکەی ئازادی ویەکسانی نەتەوەیی
حەمە میروەیسی
نووسەری کتێبی "گەڕانەوەی مادەکان
داوا کاری زیندوو کردنەوەی شارستانییەتی یازدە هەزار ساڵەی کۆنی کورد
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست