به‌ڕێز جه‌نابی بان کی موون سکرتێری به‌ڕێزی ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان

Tuesday, 17/11/2009, 12:00


به‌ڕێز،
سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی یازده‌ی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2009 ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ڵسووڕاوێکی سیاسیی کوردی به‌ناوی "ئیحسان فه‌تتاحیان" به‌ بێ ئاگادارکردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی و بێ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی چاوپێکه‌وتنی ڕۆڵه‌که‌یان پێ بدات، له‌ سێداره‌ دا. ئه‌م لاوه‌ له‌ دادگای سه‌ره‌تاییدا بڕیاری ده ‌ساڵ زیندانی بۆده‌رچووبوو و داوای پێداچوونه‌وه‌ی بڕیاره‌که‌ی کردبوو. ڕوون نییه‌ چۆن و له‌ کامه‌ دادگادا بڕیاری ده ‌ساڵ زیندان گۆڕا و کرایه‌ له‌سێداره‌دان، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پارێزه‌ری ناوبراو به‌ شێوه‌ی فه‌رمی ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ هیچ زانیارییه‌کی له‌مه‌ڕ ناوه‌رۆکی فایلی ناوبراو نه‌بووه‌، واته‌ ناوه‌رۆکی فایلی تۆمه‌تبارییه‌که‌ نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی پارێزه‌ره‌که‌شی! ئه‌م ئیعدامه‌ له‌ بارودۆخێکدا به‌ڕێوه‌ چوو که‌ زۆر لایه‌ن و ده‌زگای داکۆکیکار له‌ مافه‌کانی مرۆڤ، له‌ تۆمارێکدا، داوایان له رژیێمی ئێران کردبوو ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌کا.

به‌ڕێز،
به‌ گوێره‌ی ئوسووڵی په‌سندکراوی دادپه‌روه‌ری، که‌ له‌ په‌یماننامه‌کانی مافی مرۆڤ و تاکه‌که‌سدا چه‌سپاون، هه‌ر مرۆڤێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ دادگه‌یه‌کی ئاشکرا و قانوونی و بێلایه‌ندا، به‌ یارمه‌تیی پارێزه‌ر، داکۆکی له‌ خۆی بکات. خۆ لادان له‌و ئوسووڵه‌ گومانهه‌ڵنه‌گرانه‌، زه‌وتکردنی ده‌رفه‌تی خۆپاراستن له‌ شانۆسازیی گاڵته‌جاڕی به‌ناوی دادگه‌ی شۆرش، هه‌روه‌ها ده‌رکردنی بڕیاری له‌سێداره‌دان و جێبه‌جێکردنی نموونه‌ی ڕوونی تاوانی دژبه‌مرۆڤایه‌تین. ‌

ئاگاداری به‌ڕێزتان ده‌کرێته‌وه‌ که‌ هه‌ر ئێستا دوازده ‌که‌سی خوێندکار، ڕۆژنامه‌نووس و ڕووناکبیری دیکه‌ی کوردیش به‌م ناوانه‌ 1- شێرکۆ مه‌عاریفی 2- حه‌بیب له‌تیفی 3- زێنه‌ب جه‌لالیان 4- ڕه‌مه‌زان ئه‌حمه‌د 5- فه‌رهاد چالیش 6- رۆسته‌م ئه‌رکیا 7 - فه‌سیح یاسه‌مه‌نی 8-ڕه‌شید ئاخکه‌ندی 9- عه‌لی حه‌یده‌ریان 10- فه‌رهاد وه‌کیلی 11- حسین خزری 12- فه‌رزاد که‌مانگه‌ر له‌ زیندانه‌کانی کوردستان و ئێراندا بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌ و رژیم ده‌یه‌وێت به‌ نیازی چاوترسێن کردن و خنکاندنی ده‌نگی خه‌ڵک، یه‌که‌یه‌که‌یان به‌ هه‌مان شێوه،‌ واته‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئوسووڵی یاسایی ڕه‌چاو بکات، هه‌موو په‌یماننامه‌کانی مافی مرۆڤ بخاته‌ ژێر پێ وئیعدامیان بکات.

ئێمه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌مان ئیمزا کردووه‌، له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌ڕێزتان ئاگاداری ئه‌و ڕاستییانه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانین جه‌نابتان ئه‌رکی یاسایی و مرۆڤانه‌ی خۆتان جێبه‌جێ بکه‌ن ، هه‌نگاوێکی ده‌ستبه‌جێی بۆ هه‌ڵێننه‌وه‌ و رێگه‌ نه‌ده‌ن چیتر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌م جینایه‌تانه دژ به‌ مرۆڤایه‌تی به‌ڕێوه‌ به‌رێت؛ هه‌روه‌ها کارێکی وا بکرێت که‌ ئه‌م تاوانه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تییانه‌ بێ سزا نه‌مێننه‌وه‌.

خاوه‌ن ئیمزاکان: ئه‌نجومه‌نی کوردانی دانیشتووی فه‌ڕه‌نسه‌، ڕێکخراوه‌ی مافی مرۆفی کوردستان له‌ ئوروپا، عه‌بدوڵڵا په‌شێو، عه‌زیز ماملێ، دوکتۆر سوهه‌یلا قادری، یۆسف ئه‌رده‌ڵان، ئه‌نوه‌ر سوڵتانی، عینایه‌ت مه‌وه‌دده‌تی، دوکتۆر حوسێن خه‌لیقی، خه‌لیل حه‌واری نه‌سه‌ب، دوکتۆر جه‌ماڵ نه‌به‌ز، که‌ریم دانشیار، دوکتۆر تاهیر حیکمه‌ت، سیروان کاوسی، مه‌ولوود سواره‌، دوکتۆر فریشته‌ پوورقوباد، سیامه‌ند موعینی، هاشم که‌ریمی، شه‌هلا ده‌باغی، عه‌لی که‌ریمی، حه‌سه‌ن شافیعی، برووسکه‌ ئیبڕاهیم، دوکتۆر سه‌عید شه‌مس، عه‌تییه‌ میعمارپوور، هوشه‌نگ خه‌تمی، تارا جاف، ئیبڕاهیم فه‌ڕشی، حیشمه‌ت فه‌ڕه‌ح نووش، گولی قوبادی، دوکتۆر خالید تیکان، عه‌بدولعه‌لی سه‌نجابی و.....


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە