17 ی شوبات وەک رۆژێکی نەگریس لە مێژوی دەسەڵات و سیمبوڵی ئازادی و شۆرشی سپی لە یادەوەری خەڵکی کوردستاندا
Thursday, 26/01/2012, 12:00
بەیاننامەی ژمارەیەک:
17ی شوبات وەک رۆژێکی نەگریس لە مێژوی دەسەڵات و سیمبوڵی ئازادی و شۆرشی سپی لە یادەوەری خەڵکی کوردستاندا
17 ی شوبات یادی ئەو رۆژە شومەیە کە تێیدا پارتی دیمۆکراتی کوردستان کەوت گولەبارانکردنی گەنجانی سلێمانی و رۆژانی دواتریش بە هەماهەنگی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان- دۆست و دوژمنە دێرینەکەی یەکیان گرت بۆ گیانی خەلک و بەردەوامیاندا بە گولەبارانکردن و تێرۆرکردنی خەلکی کوردستان، سەرئەنجام بە زەبری دەبابە و چەک و پۆستاڵەکانی بەعس و دەست و مەچەکی کوردانەی پێشمەرگە و هێزە تایبەت و جەلادە راهێنراوەکانیان، نارەزایەتی و خۆپێشاندانە چەند مانگیەکەی خەلکی کوردستانیان سەرکوتکرد ؛ هەموو ئەمانەش بە فەرمان و سەرپەرشتی خودی بارزانی و تالەبانی بەرێوەچو.
وا ساڵێک بەسەر گولەبارانکردن و تێرۆرکردنی گەنجانی سلێمانی و شارەکانی تری کوردستان تێدەپەرێت، کەچی هێشتاش جەلاد و فەرماندەرەکانی سەربەدەسەڵات نەک لێپرسیەنەوەیان لەگەڵ نەکراوە، بگرە رۆژانە بە مەدالیای خوێنرێژی خەڵات ئەکرێن بۆ لەکەدارکردنی هەستی خەڵک و راهێنانی زیاتری جەلادەکانیان، ئاغاکانیشیان بەردەوامن لە هەڕەشەو چاوسورردنەوە و چەواشەکردنی خەڵک لەلایەک و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات و بێکارکردن وسات و سەودا بەخوێنی خەلکی کوردستانەوەلەلایەکیترەوە، گولەبارانکردنی خەڵکی کوردستان لەگشت چین وتوێژەکان بە رۆژی روناک و بەبەرچاوی میدیای ناوخۆی و جیهانیەکانەوە جگە لە سەلماندنی دڕندەی و دیکتاتۆریەتی یەکێتی و پارتی وە هاوشێوەبونیان بە رژێمی بەعسی دڕندە و کۆمەڵکوژ و هاوبیرو دۆستی ئیستا و رابوردویان، پێناسەیەکی تر لە خۆ ناگرێت.
تەنها تاوانی قوربانیان و خەڵکی کوردستان، بەشداریکردنیانە لە خۆپیشادان وئەوبزوتنەوە ناڕەزایەتیانەی کە ساڵانێکە بەرێ ئەخرێت لەبەرامبەر دەسەڵات، دژ بە ستەمکاری وسیستەمی چەتەگەرایی ، دەستبەسەراگرتنی ئابوری ووڵات ، پاروی رۆژانەی خەڵک، نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان، سەرکوت و تێرۆری جۆراوجۆری دوودەیەی بەردەوامی دەسەلات، دژبەخەڵکی ئازادیخۆاز؛ لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، نوسەران، رۆژنامەنوسان .
تێپەربونی ساڵێک لەپاش گولەبارانکردن و کوشتاری منداڵان و گەنجانی توڕە و سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی کوردستان و خامۆشکردنەوەی ئاپۆرەی خۆپێشاندانەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، لەکاتێکدایە کە تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین لە گۆڕانکاریەکی خێرادایە و سەرجەم دەسەڵاتە ستەمکارەکانی هاوشێوەی یەکێتی و پارتی لە گۆرچون،یان لەڕۆژانی کۆتای دەسەڵاتیاندان، تەنها بە هاتنە سەرشەقامی خەڵک و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە کۆی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان.بۆیە ئەوەی ئاشکرایە کە تەمەنی یەکێتی وپارتی زیاتر نابێت لەتەمەنی دۆستە دێرینەکانی وەک سەدام و قەزافی موبارەک و ئەوانیتر کە ئێستا لە هەناسە برکێ و گیان کێشاندان.
هەربۆیە ئاسۆی خەڵکی کوردستان روونەو کۆتا رۆژەکانی دەسەڵاتی رەشی دووبنەماڵەی یەکێتی و پارتی بەدەستی خەڵک ڕۆژی رەشیان ئاوائەکرێت. بەڵام پێویستە کاری ئیمە ئەوەنەبێت چاوەڕوانبین تا بزانین چی لەدەرەوەی خواستی ئیمە ئەگوزەرێت، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکە لە خەڵکی ئازادیخوازو سەرجەم گروپ و چین وتوێژەکان و هەر پارتی و رێکخروا و دەستە و تاقمێک کە خۆی بە بەرپرسیار ئەزانێت لەبەرامبەر ئایندەی خۆی و نەوەکانی ئەم وڵاتەدا، دەبێت دەستبدەینە تێکۆشان و بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان هەستین ، لە هەر جێگایەک کە بۆمان گونجاوە ،خۆمان سازبدەین و بە پشتواینی و کۆمەکی یەکترو خۆرێکخست و یەکگرتن و کۆبونەوە لەدەوری یەک ، بۆ دانانی نەخشەرێگایەکی گونجاو بۆ پێکهێنانی بەرەی خەڵک، لەئازادی خوازان و خەڵکی ناڕازی و بەشخوراوانی کۆمەڵگا .
بانگەوازی ئێمە لەساڵیادی 17 شوبات وەک رۆژێکی نەگریس لە مێژووی دەسەڵات و سیمبوڵی ئازادی و شۆرشی سپی لە یادەوەری خەڵکی کوردستاندا جگە لە بەرزراگرنتی ئەو رۆژە بە سازدانی چالاکی و مەراسیمی جۆراوجۆر بۆ شەرمەزارکردنی ئەوتاوانە قێزەونە، دوبارە خۆئامادەکردن و دەستپێکردنەوەی خۆپێشاندان و نارەزایەتیەکانە، کۆبونەوەی خەڵکە لە دەوری یەک بۆ دروستکردنی بەرەیەک لە پێناو ئامادەکردنی نەخشە رێگا، بۆ ئایندەی کوردستان کەبەدڵنیاییەوە داهاتوو چاوەڕوانی پێشوازی کردنی خەون و ئامانجی شەهیدان و کەسوکاری قوربانیان و ئازادیخوازان و گشت چین و تۆێژەکانی کوردستان بکات.
تۆری بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک
26/01/2012
بۆ پەیوەندی و ئاگاداربوون لە هەوال و چالاکیەکانی تۆری بەرگری پەیوەستبن بەم بەستەر و ئیمەیلانەی خوارەوە.
[email protected] https://www.facebook.com/toribargri?sk=wall
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست