عێراق: هێرشكردن لەلایەن لایەنگرانی حكومەتەوە خۆپیشاندەران دەتۆقێنێت
Friday, 01/07/2011, 12:00
هێزە ئەمنییەكان نەك پارێزگارییان لە خۆپیشاندەران نەكرد، بەڵكو بەشداربوون لە پەلاماردانیاندا
بەغداد، 29ی حوزەیران، 2011: هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند كە پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق فەرمان بدەن بە ئەنجامدانی لێكۆڵێنەوەیەكی خێراو سەربەخۆ سەبارەت بە رۆڵی هێزە ئەمنییەكان لە پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی هێمنانە لەلایەن باندێكی لایەنگری حكومەتەوە لە رۆژی 10ی حوزەیرانی 2011دا. بەپێی ووتەی شایەتحاڵەكان، ئەو باندە، زۆربەیان نێرینەی گەنج بوون، بە دارو چەقۆو بۆری ئاسنین و چەندین جۆرە چەكی تر كەوتنە لێدان و بەرچەقۆدانی خۆپیشاندەرانی هێمنانەو هەراسانكردنی جەستەییانەی خۆپیشاندەرە مێیینەكان.
لە رۆژانی دوای خۆپیشاندانەكەدا، هیومان رایتس وۆچ چاوپێكەوتنی لەگەڵ زیاتر لە 25 خۆپیشاندەردا ئەنجامدا كە ووتیان بە مشت و دارو چەكی تر لێیاندراوە یان بەر چەقۆدراون لە هێرشەكەی رۆژی 10ی حوزەیراندا. هیومان رایتس وۆچ تێبینی ئەوەی كرد، وە شایەتحاڵەكانیش دووپاتیانكردەوە، كە لە چەند حاڵەتێكدا هێزە ئەمنییەكان رۆڵی تەماشاكەریان دەبینی لەكاتی هێرشكردنەسەر خۆپیشاندەراندا. چەند رێكخەرێكی خۆپیشاندانەكان بە هیومان رایتس وۆچیان وت كە ئەو هێرشانە بوونەتەهۆی تۆقاندنی خەڵك لە پیادەكردنی مافیان بۆ كۆبوونەوەی هێمنانە. ئەوان ئەڵێن كە لە دوو خۆپیشاندانی تری رۆژانی هەینی، 17 و 24ی حوزەیران، زۆر لە خۆپیشاندەران و رێكخەران ئامادەی خۆپیشاندان نەبوون، بەهۆی ترسیان لە هێرش و پەلاماردان.
لەمبارەیەوە، جۆو سترۆك، جێگری بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان رایتس وۆچ، وتی، "لەجیاتی ئەوەى پارێزگاری لە خۆپیشاندەرە هێمنانەكان بكەن، پێدەچێت كە سەربازانی عێراقی دەستیان لەناو دەستی باندەكاندانابێت بۆ پەلاماردانی خۆپیشاندەران. پێویستە لەسەر حكومەتی عێراقی لێكۆڵێنەوە بكات دەبارەی ئەوەی كە بۆچی هێزە ئەمنییەكان دەستەوسان بوون و رۆڵی تەماشاكەریان دەبینی كاتێ كە چەتەكان كەوتنە لێدان و ئەتككردنی خۆپیشاندەران و لێپێچینەوە بەرامبەریان ئەنجامبدرێت."
دوو سەرچاوەی جیاواز لە وەزارەتی بەرگری بە هیومان رایتس وۆچیان وت كە فەرمانێكی وەزاری رێگەی بە زیاتر لە 150 هێزی ئەمنی لە پۆلیس و سوپا داوە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بچنە ناو خۆپیشاندەرانی رۆژی 10ی حوزەیران. سەرچاوەكان وتیان كە حكومەت ترسی لە زیادبوونی ژمارەی خۆپیشاندەران بوو لەو رۆژەدا چونكە ئەو 100 رۆژ مۆڵەتەی كە سەرۆك وەزیران نوری مالكی لە مانگی شوباتدا بەڵێنی دابوو بۆ باشكردنی رۆڵی حكومەت، بەسەرچووبوو.
لەكاتی هێرشەكاندا، چوار لایەنگری حكومەت، كە هەندێكیان بەتێڵاوە خۆپیشاندەرانیان راودەنا، خۆیان وەك ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە هیومان رایتس وۆچ ناساند. دووانی تر ناسنامەی (پۆلیس) وەزارەتی ناوخۆیان نیشانی هیومان رایتس وۆچدا.
جۆو سترۆك وتی، " بەدەگمەن روودەدات كە خەڵكان بە تێڵاوە ناسنامەی پۆلیس پیشانی ئێمە بدەن. پێویستە حكومەت لێكۆلێنەوە بكات لەسەر ئەوەی كە كێ بەرپرسیاری ئەو هێرشانەبوون و بەپێی ئاستی تاوانەكانیان سزایان بدات."
خۆپیشاندەران بە هیومان رایتس وۆچیان وت كە كاتێ لە رۆژی 10ی حوزەیراندا گەیشتنە ساحەی تەحریر بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی هەینییانە دژی حكومەت، بینیان كە ناوچەكە لەلایەن هەزاران لایەنگری حكومەت و سەدان سەربازەوە داگیركراوە. كارمەندانی هیومان رایتس وۆچ لایەنگرانی حكومەتیان بینی كە هەڕەشەیان لە خۆپیشاندەران دەكردو پاشان پەلاماری خۆپیشاندارانیاندا.
هەروەها پەلاماردەران هێرشانكردەسەر بەلایەنی كەمەوە هەشت خۆپیشاندەرانی مێیینە و كەوتنە لێدانیان و پیشكنینیان و هەوڵدان بۆ لابردنی جلوبەرگیان و بە "لەشفرۆش" ناویان دەبردن و چەندین دەستەواژی تری سوكایەتیپێكردنیان بەرامبەریان بەكاردەهێنا.
سەرباری ئەو تەوقە ئەمنییە توندەی كە بە چواردەوری ناوچەی خۆپیشانداندا دروستكرابوو، هیومان رایتس وۆچ چەندین حاڵەتی بینی كە لایەنگرانی حكومەت خۆپیشاندەرانیان راودەناو لێیاندەدان وە هێزە سەبازییەكان دەستەوسان وەستابوون و رۆڵی تەماشاكەریان دەبینی. لە هەندێ حاڵەتدا، سەربازەكان پێدەكەنین كاتێ بە بەرچاویانەوە خۆپیشاندەران هێرشیان دەكرایەسەر. سەربازانی عێراقی بە جلوبەرگی فەرمییەوە خواردن و خواردنەوەیان دەدایە لایەنگرانی حكومەت، لەنێویاندا بوتڵە ئاوی بەستوو. هەندێ لەو بوتڵە ئاوە بەستووانە بەكاردەهێنران بۆ لێدانی خۆپیشاندەران.
هیومان رایتس وۆچ وتی كە وەك ئەندامێكی پەیماننامەی نێودەڵەتی مافە سیاسی و مەدەنییەكان (ICCPR)، پێویستە لەسەر عێراق كە پارێزگاری لە مافی ژیان و ئاسایشی تاكەكان بكات، هەروەها پارێزگاری لە مافی ئازادی رادەربڕین و پێكێهانی گروپ و كۆبوونەوەی هێمنانە بكات.
هیومان رایتس وۆچ چەندین جار پەیوەندی بە ووتەبێژێكی حكومەتەوە كرد بۆ وەرگرتنی زانیاری دەبارەی تێوەگلانی هێزە ئەمنییەكان لە هێرشەكانی رۆژی 10ی حوزەیراندا، بەڵام هیچ وەڵامێك نەدرایەوە.
جۆو سترۆك وتی، "حكومەتەكەی سەرۆك وەزیران نوری مالكی بەپرسیاریەتی پاراستنی ئەو خەڵكانەی لە ئەستۆدایە كە بەشێوەیەكی هێمنانە مافەكانی خۆیان لە ئازادی رادەربڕین و كۆبوونەوە پیادەئەكەن. وولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو حكومەتەكانی تر كە بانگەشە دەكەن هاوكاری چاكسازی دیموكراتیانەو بەپرسیاریەتی دەكەن، پێویستە فشاربخەنەسەر حكومەتی عێراقی كۆتایی بەو هێرشە بێ پاساوانە بهێنێت."
سەركوتكردنی خۆپیشاندەران بەرفراوان دەبێت
هەروەك هەموو خۆپیشاندانەكانی رۆژانی هەینی كە لە 25ی شوباتەوە ئەنجامدەدرێن، رۆژی 10ی حوزەیران سەدان خۆپیشاندەر بە كۆمەڵی بچوك بچوك گەیشتنە ساحەی تەحریر لە بەغداد بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایی دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری. ئەو بەیانییە، هەزاران لایەنگری حكومەت ڕژانە ساحەكەوە، زۆر لە لایەنگران دارو تێڵایان بەدەستەوەبوو دروشمی پشتیوانیكردن لە سەرۆك وەزیران نوری مالكیان دەوتەوە.
لایەنگرانی حكومەت هۆشیارییاندایە خۆپیشاندەرانیان كە ناوچەكە بەجێبهێڵن بەپێچەوانەوە رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، و پاشان پەلاماری ئەو كەسانەیاندا كە ئامادەنەبوون داواكەیان جێبەجێبكەن. كارمەندانی هیومان رایتس وۆچ لە كاتی چاوپێكەوتن لەگەڵ خۆپیشاندەرە لێدراوەكاندا لە رۆژانی دوای خۆپیشاندانەكان، نیشانەی لێدان و بڕین و پیاكێشانی پەلامارەكانی لەسەر سەرو سنگ و پشتی خۆپیشاندەرە لێدراوەكانی بینی.
یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان كە رۆژی 12ی حوزەیران هیومان رایتس وۆچ چاوپێكەوتنی لەگەڵدا ئەنجامدا، برینێكی خۆێناوی لەلای راستی سكیەوە هەبوو:
كەسێك ئاگاداری كردمەوە كە ناوچەكە بەجێبهێڵم، بە پێچەوانەوە لێماندەدرێت. ئەوەندەی پێنەچوو، هەموو ئەو كەسانەی كە دەوریاندابووین بە دار كەوتنە گیانمان و هاواریان دەكرد كە ئێمە بەعسی و تیرۆریستین. هاواریان دەكرد "مالكی، هەموومان لەگەڵتاین. دەوڵەتی یاسا (لیستەكەی مالكی) هەموومان لەگەڵتاین." و لێیاندەداین، من بەرچەقۆ درام. سێ ئافرەت وایاندەزانی لێیاننادرێت و هەوڵیاندا ئێمە بپارێزن، بەڵام ئەوانیش بەرچەقۆ دران. بە بڵندگۆ هاواریان دەكرد "ئەگەر ئەم ناوچەیە بەجێنەهێڵن، ئەوا سەرتان ئەبڕدرێت." ئێمەش دەستمان بەیەكەوە گرت و رامانكرد.
یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان كە دارشەق بەكاردەهێنێت بەهۆی لێدانییەوە وتی كاتێ هەوڵیدەدا یارمەتی خۆپیشاندەرێكی تر بدات كە لێیدەدرا پەلاماردەرەكان كێشایان بە زەوویداو كەوتنە لێدانی.
سێ خۆپیشاندەر كە لە هێرشەكاندا برینداربوبوون بە جیا بە هیومان رایتس وۆچیان راگەیاند كە لەترسی دەستگیركردن سەردانی نەخۆشخانەیان نەكردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. ئەو خۆپیشاندەرەی كە چەقۆ لە سكی درابوو، وتی، "ترسمان هەبوو لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبیلی فریاكەوتن یان چوون بۆ نەخۆشخانە، چونكە ئێستا ئەوان ئۆتۆمبیلی فریاكەوتن بەكاردەهێنن بۆ دەستگیركردنی خەڵك."
لە ماوەی چەند هەفتەی پێشوودا، دەسەڵاتدارانی عێراقی چەندین رێكخەری خۆپیشاندانەكانی بەغدادیان دەستگیركردوەو لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردوون و لێیانداون. لە حاڵەتێكدا، رۆژی 27ی ئایار، چەند كەسێك بە جلوبەرگی مەدەنییەوەو بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان، چوار خوێندكاریان دەستگیركرد، و دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هەتا رۆژی 7ی حوزەیران زیندانیكران. هەر چوار دەستگیركراوەكەو سێ شایەتحاڵی دەستگیركردنەكەیان بە هیومان رایتس وۆچیان وت كە هێزە ئەمنییەكان ئۆتۆمبیلی فریاكەوتنیان بەكارهێنابوو بۆ گرتن و گواستنەوەی خۆپیشاندەران لە شوێنی خۆپیشاندانەكەدا.
یەكێك لە خوێندكارەكان وتی، "كاتێ كە دەستگیریان كردم تورەكەیان كردە سەرم بۆ ئەوەی هیچ نەبینم. كاتێ كە خرامە ناو ئۆتۆمبیلێكەوە لەژێر تورەكەكەوە تۆزێك شتم ئەبینی، سەیرم لێهات كە بوتڵی ئۆكسجین و كەلوپەلی تری پزیشكیم بینی و بۆم دەركەوت كە لە ناو ئۆتۆمبیلی فریاكەوتندام. كاتێ كە لە ئۆتۆمبیلی فریاكەوتنەكە دایانگرتم، بینم كە هەمان جۆری ئەو ئۆتۆمبیلەبوو كە لە نزیك خۆپیشاندەركانەوە وەستێنرابوو."
پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی مێیینە
لەنێو ئەو خۆپیشاندەرە مێیینانەی كە رۆژی 10ی حوزەیران هێرشی سێكسی كرابوویەسەر، ئافرەتێكی تەمەن 19 ساڵ بوو، كە رۆژێك دوای خۆپیشاندانەكان، ئاوسانی دەم و چواردەوری دانێكی شكاو و برینی سەر سكی پیشانی هیومان رایتس وۆچدا. ئەو ئافرەتە بە هیومان رایتس وۆچی وت كە چەند پیاوێك دەستیان بۆ جەستەو پانتۆڵى بردووە:
بینیم ئەو كەسانەی كە هاواریان دەركرد بەسەرماندا هێرشیان كردەسەر ژنێكی گروپەكەی ئێمە. منیش هەوڵمدا رایكێشم بۆ لای خۆمان، بەڵام منیش راكێشرام و درام بە زەویدا كەوتنە لێدانم، بە زۆری لە سكم درا. هەوڵمدا هەستمەوە، بەڵام لە رووخسارم درا و دانم شكێنرا. كەوتمەوە سەر زەوی و بەردەوام لێمدەدرا، دەستمیان گرت. یەكێك لە پەلاماردەرەكان زنجیری پانتۆڵەكەمی كردەوەو هەوڵیدا دایكەنێت. من شەقم ئەوەشاندو هەوڵمدەدا خۆم رزگاربكەم. پێیاندەوتم كە قەحبەم هاواریان دەكرد بەسەرمدا كە ئەمكەنە عیبرەت بۆ ئەوەی ئافرەتانی تر نەیەن بۆ خۆپیشاندان. لە شێوازی هێرشكردنیاندا، وا هەستم ئەكرد كە ئەیانویست ئیغتێابم بكەن.
خۆپیشاندەرێكی تری مێیینە بە هیومان رایتس وۆچی وت:
دوای گەیشتمنان، ئەوەندەی پێنەچوو خەڵكێكی زۆر دەوریانداین. هەندێ پیاو لە پشتمەوە دەستیان بۆ ئەبردم، و دەستیان بردە ژێر جلوبەرگمەوە. هەوڵمدا یەكێك لەوانە بوەستێنم كە ئەو كارەی ئەكرد، بەڵام مەچەكی گرتم و دەستمی كێشایەوە دواوە. كاتێ كە دەستبەسەربووم هاواریان دەكرد بەسەرمدا كە قەحبەم و پرسیاریان لێدەكردم كە بەچەند كردەوەی جنسی ئەنجامدەدەم. ئەزانم كە هێزەكانی سوپا ئێمەیان دەبینی كە چونكە سەیری یەكترمان دەكرد.
خۆپیشاندەرێكی مێیینە كە برین بەسەر شان و ڕان و پشتییەوە بوو، وتی "یەكەمجار ئەو لافتەیەیان برد كە بەدەستمەوە بوو، وتیان كە ئێمە هەموومان لەشفرۆشین. دوای ئەوە كێشرام بە زەویدا و راكێشرام و لێدرام. وا هەستمكرد كە دەمڕفێنن."
ئافرەتێكی تر وتی:
لە خاڵی پشكنینی هێزە ئەمنییەكاندا كە لەسەر رێگادابوو، یەكێك لەو ئافرەتانەی كە پشكنینی ئەمجامدەدا وتی پێمان ئەو رۆژە نەچین بۆ ساحەكە، چونكە ئەگەر بچین زۆر خراپ ئەبێت بۆمان. بەڵام ئێمە نەمانزانی كە تا ئەو ئەندازەیە خراپ ئەبێت، و بەردەوام خراپتریش ئەبوو. پاش ئەوەی دەستیانكرد بە لێدانمان و منیش هەوڵمدەدا خۆم لەدەستیان رزگاربكەم، گوێم لە كەسێك بوو ئەیوت، "ئەم قەحبەیە لەگەڵیانە، لێیبدەن."
ئافرەتێكی تەمەن 51 ساڵی بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاند كە چەند كەسێك بە بۆكس كەوتنە لێدانی سنگی و ئەو تابلۆیەیان لێسەند كە بە دەستییەوە بوو. ئافرەتێكی تر وتی كە كاتێی ویستوویەتی خۆی رزگاری بكات، بە دار بە پشتیدا كێشراوە.
بەهاناوەنەهاتنی هێزە ئەمنییەكان
هیومان رایتس وۆچ تێبینی كرد كە سەدان ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەت رۆژی 10ی حوزەیران تەقی شوێنی خۆپشاندانەكانیان گرت، بەڵام كاتێ كە پەلاماردەران هێرشیانكردەسەر خۆپیشاندەران ئەو هێزانە نەهاتنە دەنگ بۆ بەرگریكردن لە خۆپیشاندەران. هیومان رایتس وۆچ شایەتحاڵی چەندین حاڵەت بوو كە تێیدا لایەنگرانی حكومەت خۆپیشاندەرانیان راوەدودەناو لێیاندەدان بەڵام هێزە سەربازییەكان دەستەوسان بوون و لە هەندێ حاڵەتدا پێدەكەنین.
ئەو خۆپیشاندەرەی كە چەقۆ لە سكی درابوو، وتی "لە رێگای چونمان بۆ خۆپیشاندان چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەمانەوە پشكنراین، و ئەوان رێگرییان لێكردن لە هێنانی تابلۆو لافیتە- تەنانەت ئاڵای عێراقیش- بۆ ناو خۆپیشاندانەكە. بەڵام لایەنگرانی مالكی بەبێ ئەوەی بپشكنێرن هاتوچۆیان دەكرد."
زیاتر لە 20خۆپیشاندەر بە هیومان رایتس وۆچیان وت كە لایەنگرانی حكومەتیان بینییوە چەقۆی بچوك و بۆری ئاسنین و كەتەر و دەمانچەی كارەبایی و تەنانەت دەمانچەی بچوكیشیان پێبووە. ئەو چەكەی كە زۆر بەرچاو دەكەوت و لە لایەن پەلاماردەرانەوە بەكارهێنرا بریتیبوو لەو دارانەی كە لافیتەیان پێ بەرزدەكرێتەوە، وە پەلاماردەران ئەو دارانەیان بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە هەڵگرتبوو. هیومان رایتس زۆچ تێبینی ئەوەی كرد كە چەند دانەیەك لەو دارانە جێ بزمار كاپیسەیان پێوەنەبوو كە بەكاردەهێنرێن بۆ داكوتینی لافیتە.
لە حاڵەتێكدا، كارمەندێكی هیومان رایتس وۆچ خۆپیشاندەرێكی بینی كە لە كاتی لێدانیدا پەنای برد بۆ كۆمەڵێك سەرباز، بەڵام سەبازەكان پشتیان لێهەڵكرد. پاشان خۆپیشاندەركە لە رێی بۆشاییەكەوە كە لە دیوارە كۆنكرێتییەكاندابوو رایكرد بۆ بازاڕێكی نزیك لە شوێنی خۆپیشاندانەكە.لەو كاتەدا سەبازەكان رێگەیان بۆ پەلاماردەرەكان كردەوە بۆ ئەوەی دوای خۆپیشاندەرەكە بكەون، و پاشان گەڕانەوە شوێنەكەی خۆیان و هەندێ لە سەبازەكان لەنێو خۆیاندا پێدەكەنین.
چەند خۆپیشاندەرێكی تر بە هیومان رایتس وۆچیان وتی كە كاتێ پەنایان بۆ هێزە ئەمەنییەكان بردووەو داوای بەهاناوە هاتنیان لێكردوون، هێزە ئەمنییەكان گاڵتەیان پێكردوون. ئەو ئافرەتە تەمەن 19 ساڵەی كە وتی پەلاماردەرەكان دەستیان بۆ بردووە، بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاند:
یەكێك لە پیاوەكانی گروپەكەمان توانی من لە دەستی پەلاماردەكان دەربهێنێت و ڕامانكرد، لەو كاتەدا چەندین كەس لێیاندەداین. كاتێ كە لە پەلاماردەرەكان رزگارمان بوو، من زۆر توڕەبووم و پرسیارم لە سەبازەكان كرد كە بۆچی بەهانامانەوە نەهاتن. یەكێك لە سەربازەكان وتی، "ئێمە دەستوەرنادەین- ئەوە لە نێوان خۆتاندایە." كاتێ كە دووركەوتینەوە، ئەو سەربازانەی كە دەوری ساحەكەیان دابوو بە زارەكی سوكایەتییان پێدەكردین. هەندێكیان پێدەكەنین بەوەی كە من لێمدرابوو، وە یەكێكیان وتی، "لێیان گەڕێ هەموو رۆژێكی هەینی بێن و لێیان بدرێت. وا ئەزانم ئیتر نایەنەوە بەم شوێنەدا."
خۆپیشاندەرێكی تر بە هیومان رایتس وۆچی وتی، "كاتێ كە لە ساحەی تەحریر چوینە دەرەوە، زۆر لە خەڵكە پەلاماردەرەكان دوامان كەوتن، هەڕەشەیان لێدەكردین و دارو بۆری ئاسنیان بەدەستەوە بوو، بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە."
تێوەگلانی هێزە ئەمنییەكان
لە پێش خۆ پیشاندانەكەدا، لە رۆژانی 3 و 6ی حوزەیراندا، دوو سەرچاوە لە وەزارەتی بەرگری، یەكێكیان ئەفسەرێكی پلە بەرز، بە جیا بە هیومان رایتس وۆچیان وت كە فەرمانێكی وەزاری دەركراوە بۆ ناردنی زیاتر لە 150 پۆلیس و سوپا بە جل و بەرگی مەدەنییەوە بۆ ناو خۆپیشاندەران لە رۆژی 10ی حوزەیراندا. ئەفسەرە پلە بەرزەكە وتی كە ترسی لە سەلامەتی گیانی خۆپیشاندەران هەیە و رایگەیاند كە سروشتی ناردنە ناوەوەی ئەو كەسانە لە رۆژی 10ی حوزەیراندا "جیاواز" دەبێت لە هەفتەكانی پێشوو، چونكە رۆژی 10ی حوزەیران مۆڵەتی ئەو 100 رۆژە تەواو دەبێت كە مالكی لە دوای خۆپیشاندانەكانی 25ی شوبات رایگەیاند بۆ باشكردنی ئەدائی حكومی. ئەفسەرەكە وتی كە حكومەت "زۆر هەستیارە بەرامبەر ئەوەی كە خۆپیشاندەران لە رۆژی 10ی حوزەیراندا بە ژمارەی زۆر بێنە دەرەوە" و حكومەت شەرمەزار بكەن.
لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا، چوار كەس كە لایەنگری حكومەت بوون بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بە جیا خۆیان وەك ئەندامی هێزە ئەمنییەمانی عێراق بە هیومان رایتس وۆچ ناساند. دوو لەو كەسانە ناسنامەی (پۆلیس) وەزارەتی ناوخۆیان پیشانی هیومان رایتس وۆچ دا.
جیاواز لە هەینییەكانی پێشوو، هێزە سەربازییەكانی عێراق خواردن و خواردنەوەیان دەبەخشییە لایەنگرانی حكومەت، لەنێویاندا بوتڵە ئاوی بەستوو. هەندێ لە خۆپیشاندەران بە هیومان رایتس وۆچیان وت كە لایەنگرانی حكومەت ئەو بوتڵە ئاوە بەستووانەیان بەكارهێناوە بۆ لێدانیان یان بوتڵە ئاوی بەستوویان تێگرتوون.
لە نێو لایەنگرانی حكومەتدا، زیاتر لە 1000 كەس لە دەرەوەی شارەوە بە پاس هێنرابوون، هەندێ لە پاسەكان ژمارەی حكومییان پێوەبوو. یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان كە خەڵكی بەغداد بوو بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاند كە كاتێ كە چووە بۆ ساحەی تەحریر خزم و كەسوكاری خۆی بینیوە كە لە ناسرییەوە هاتبوون. هەروەها وتی كە لەگەڵ بینینیدا خزمەكانی دەستبەجێ ئەو ئاڵایەیان لێكردەوە كە لە خۆی ئاڵاندبوو، لە خۆپیشاندان رایانكێشایە دەرەوە، "وتیان كە ئەگەر لایەنگرانی مالكی بزانن خۆپیشاندەرم ئەوا ئازار ئەدرێم."
پێدەچوو لایەنگرانی حكومەت باش رێكخرابن- چەندین خێمە كە ئامێری فێنككەرەوەیان تێدابوو ئامادەكرابوون ، و لافیتەكان بەشێوەیەكی پرۆفێشناڵانە چاپكرابوون، هەندێك لە لافیتەكان نیشانەی (X) لەسەر ناوچەوانی فیراس ئەلجەبوری پێوەبوو. ناوبراو چالاككارێكی پێشووی مافەكانی مرۆڤەو تۆمەتباركراوە بە بەشداریكردن لە هێرشێكی تائیفی بۆ سەر كەژاوەیەكی زەماوەند لە ساڵی 2006دا لە شارۆچكەی دوجەیل.
لەگەڵ نزیك بوونەوەی 10ی حوزەیراندا، كەناڵی حكومی ئەلعێراقییە، چەندین جار دانپێدانانی فیراس ئەلجەبوری و دیمەنی شوێنی تاوانەكەی بڵاوكردەوە، و بەردەوام ئاماژەی بەوە دەدا كە چالاككاری مافەكانی مرۆڤە. بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بە هیومان رایتس وۆچیان وت كە ترسیان لەوەیە فیراس ئەلجەبوری لەژێر فشاردا ئیعترافی كردبێت و حكومەت تۆمەتەی ئەوەی كە گوایە تێوەگلابێت لە هێرشەكەی دوجەیلدا بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی كە چالاككارانی ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندەران وەك تیرۆریست وێنە بكات.
لە رۆژی 10ی حوزەیراندا، لایەنگرانی حكومەت لە ساحەی تەحریر، هاواریاندەكرد بۆ لەسێدارەدانی فیراس ئەلجەبوری و كاغەزێكیان بڵاودەكردەوەو كە پێدەچوو بەیاننامەی فەرمی وەزارەتی مافەكانی مرۆڤی عێراقی بێت و تێیدا داوای "توندرین سزا" ی دەكرد بۆ فیراس و هاوكارەكانی.
رۆژی 16ی حوزەیران، هەر 15 تۆمەتبارەكەی رووداوەكەی دوجەیل، لەنێویاندا فیراس ئەلجەبوری، لەلایەن دادگای ناوەندی تاوانەكانی عێراقەوە بە سزای لەسێدارەدان حوكمدران.
بێدەنگكردنی رەخنەگران
بە ووتەی عامر ئەلقەیسی، موحەریری جێبەجێكاری رۆژنامەی ئەلمەدا، رۆژی 20ی حوزەیران، رۆژنامەكە ئاگادارییەكی پێگەیشتووە كە قاسم عەتا، وتەبێژی فەرماندەیی كردە سەربازییەكانی بەغداد، چەند داوایەكی یاسایی دژی ستافی رۆژنامەكە تۆماركردووە دوابەدوای ئەوەی رۆژنامەكە زنجیرەیەك بابەت و ستوونی ڕەخنەگرانەی دەبارەی شێوازی مامەڵەكردنی هێزەكانی حكومەت و دەسەڵاتدران لەگەڵ خۆپیشاندەران بڵاوكردەوە. فەرماندەیی كردە سەربازییەكانی بەغداد كاروباری ئەمنی بەغداد رێكدەخات و پەیوەندی راستەوخۆی بە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە هەیە. سەرجەمی بڕی قەرەبوو كە لە هەر چوار داوا یاساییەكە هاتووە بریتییە لە 8 ملیار دیناری عێراقی (6 ملیۆن و 850 هەزار دۆلاری ئەمەریكی). رۆژی 11ی حوزەیران، دامەزراوەى ئەلمەدا، كە رێكخراوێكی كۆمەڵگای مەدەنی تۆماركراوە و رۆژنامەكە دەردەكات، كۆنفرانسێكی رۆژنامەگەری سازكرد، كە تێیدا حەوت خۆپیشاندەر وتیان كە لە خۆپیشاندانی رۆژی پێشتردا لە لایەن لایەنگرانی حكومەتەوە برینداركرابوون.
رێكخراوی ئازادیەكانی ژنانی عێراق كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسی رێكخست بۆ رۆژی 13ی حوزەیران بۆ ئەوەی چەند خۆپیشاندەرێكی ئافرەت كە قوربانی هەراسانكردنی جەستەییبوون و لێیاندرابوو لە رۆژی 10ی حوزەیراندا بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە. ستافی رێكخراوی ئازادیەكانی ژنانی عێراق و دوو رۆژنامەنووس كە ئامادەبوون وتیان كە سێ كەس بە جلوبەرگی مەدەنییەوە پێش ئەوەی كۆنفرانسەكە دەستپێبكات خۆیان كردووە بە ژوورەوەداو بەشێوەیەكی هەڕەشەئامێز پرسیاریان لە رۆژنامەنووسان كردووە. زۆربەری رۆژنامەنووسەكان كۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەكەیان بەجێهێشتوو و كۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەكە هەڵوەشێنرایەوە.
پاشان، سێ كەسەكە بۆ ماوەی زیاتر لە كاتژمێرێك لە ئۆفیسەكەدا مانەوە. ستافی رێكخراوەكە وتیان كە كاتێ پرسیاریان لە ئەو سێ كەسە كردووە بۆ نیشاندانی ناسنامەیان، یەكێكیان ناسنامەی فیرقەی 6ی سوپای نیشانداون. رۆژنامەنووسان و بەشداربوونی كۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەكە وتیان كە كاتێ لە دەروازەی بیناكە چوونە دەرەوە ژمارەیەكی زۆر لە سەربازی سوپاو ئۆتۆمبیلیان بینی كە جادەكەیان داخستبوو.
لەبارەی خۆپیشاندانەكانەوە
دەسەڵاتدرانی عێراق چەند هەنگاوێكیان هاویشتووە بۆ بنبڕكردنی خۆپیشاندان لەشوێنە گشتییەكانی پایتەختدا. رۆژی 13ی نیسان، بەرپرسان چەند رێنمایەكیان دەركرد كە خۆپیشاندانی لە سەر شەقامەكان قەدەغەكرد و سێ یاریگای تۆپی پێیان بۆ خۆپیشاندان تەرخانكرد.
لە كۆتایی شوباتدا، هێزەكانی پۆلیسی عێراق رێگەیان بە دەیان پەلاماردەردا، كە هێرش بكەنەسەر خۆپیشاندەرانی هێمنانە لە بەغداد. لە بەرەبەیانی رۆژی 21ی شوباتدا، دەیان كەس، هەندێكیان دارو چەقۆیان پێبوو، هێرشیانكردەسەر نزیكەی 50 خۆپیشاندەر كە لە ساحەی تەحریر لە بەغداد خێمەیان هەڵدابوو. لە خۆپیشاندانەكانی 25ی شوباتدا، هێزە ئەمنییەكان لە سەرانسەری عێراقدا بەلایەنی كەمەوە 12 خۆپیشاندەریان كوشت و زیاتر لە 100ی تریان برینداركرد. نوێنەرانی هیومان رایتس ۆچ بینیان كە هێزە ئەمنییەكانی بەغداد لە رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەریان دەدا و كامێرایان دەشكاند و مێمۆری كارتی كامێرایان دەبرد.
دەستوری عێراق مافی "ئازادی كۆبوونەوەو خۆپیشاندانی هێمنانە" ی مسۆگەركردووە. هەروەها وەك ئەندامێك لە پەیماننامەی نێودەڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكان، دەوڵەتی عێراق دەبێت پابەندبێت لە دابینكردنی پارێزگاری ژیان وسەلامەتی هەر هاوڵاتییەت، و مافی ئازادی رادەربڕین و پێكهێنانی رێكخراو وكۆبوونەوەی هێمنانە.
بۆ زانیاری زیاتر لە بارەی هیومان رایتس ۆچ دەربارەی عێراق، تكایە سەردانی ئەم ماڵپەرە بكە:
http://www.hrw.org/en/middle-eastn-africa/iraq
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، تكایە پەیوەندی بكە بە:
جاك سترۆك، لە واشینتۆن، بۆ زمانی ئینگلیزی:
+1-202-612-4327;
[email protected] سامر موسقاتی، لە تۆرنتۆ، بۆ زمانی ئینگلیزی:
+961-71058890;
[email protected] نادیە خەلیفە، لە بەیروت، بۆ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی:
[email protected] +961-71-151-766
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست