پرسیارى تۆ و دەیانى من .!؟ وەڵامێك بۆ كاوە گەرمیانى
Sunday, 13/12/2009, 12:00
هەر هەنگاوێك لەكۆمەڵگەیەكى داخراودا كەباوك سالارى تیایدا باڵادەست بێت و تابەئەمرۆى دەگات لەژێر ستەمى نادادپەروەرى كۆمەڵایەتیدا بناڵێت چما بۆ كارێك جەرائەت و بوێرى پێویست نییە كە تەمامى دەرگا داخراوەكانى ژیانى تاكى نێو كۆمەڵگە بهێنیتە گۆڕین، گۆڕین یا گۆڕانكارى لە ئەلفێكەوە تا یایەكەوە پێویستە، خۆ مەگەر هەزاران هەنگاو لەهەنگاوى یەكەمەوە جێ پێ ناگرێت؟!
تۆ كە بتەوێت لەوانەى خۆشەویستییەوە فێرى وانەى تر ببێت مەگەر هەر من و تۆ نیین هەمیشە داكۆكیكارو پارێزى ویست و حەزى دەیان مێینەى دەرگا بەرووداخراوەكان نەبین !؟ كە بۆ هەمیشە تاكى زوڵملێكراو ئافرەت بووە و كراوە بە ئامرازى خۆش گوزارانى دەیانى وەك تۆ، بۆ حەزى تۆ قیەم لەتاى تەرازوو بەلاى كێشى سووكەوە لانگەرى گرتووە، ئەوەیشى دوور لەحەزو ویستى دەیانى وەك تۆ نەبووبێت دەیان ناو و ناتۆرە بەرەو رووى كراوەتەوە، پێمخۆشە بپرسم گەر لەو پەیامە رۆژنامەنووسیەت دەست پێبكەم كەتۆ هەڵگریەتى بۆ رۆژێك نەمانبینى لەنێو دەیان كارى ئەستەم و پڕزەحمەتدا نووكی قەڵمەكێت دوو رستەى هەڵسەنگاندنى نوێكارى .. نوێخازى ببینى و دەستخۆشى ئافەرین ئاراستەى كارى سەرەتاى ئەو كەناڵە بكەى، بۆهەر رەوایە مەبەست و ناورۆكى ئاراستەیەكى نوێخوازى لەكۆمەڵگەدا بە ئاقارێكى ترى شێواو ببەى .
بەرێزم ئەوەى تۆى لەرۆژنامە سەرقاڵ كردووە و ئەوەیشى لە واقیعدا خەونى پێوە دەبینى و دەتەوێ لەئەستیدا خۆت ببینیتەوە ئەستەمە، بۆیە پەنا وەبەر ئامرارزو رەفتارێك دەبەى كەمەرامى ناخ تێربكات، بۆیە هەمیشە ئاساییە كەسانى وەك بەرێزتان ئەو مێشە دەبین كە لەچەشنى گامێش خۆى دەنوێنێ، تۆیێك تەماناو خولیات بۆ ئەوەیە لەسەر ناو و كارى دەیانى تر ناو و نرخ بۆ نووسین و باسەكانت دەستبخەى، ئەگەینا چۆن لەوباورەداى ئامانج و مەبەستى پرۆگرامى(ئەڤین ژن وژیان) و خودى خاتوو ئەڤین ئاسۆ، شێواندنى ئاست و بەرەو ئاقارى خراپ بردنى گەنجانى كوردبێت .
دەمەوێ ئەوەشت لێبپرسم كاكە كاوە هەموو پرسیارێك گومانێكى دەخەیتە پاڵ ، بۆ هەر وابێت كەباسى خۆشەویستى كرا وێنەى فیلم و دراماى ئیغرا لەهزرتدا بەرجەستەبكەیت، بۆ هەرپێت وایە خۆشەویستى رەگەزى مێ.. نێربێت و هى نێر.. مێ بێت ؟ بۆ رەوا نەبێت لەبرى وشەى رەق و بێ رۆح بەرووى یەكتردا بدەین.. بۆ نابێت نەوەى نوێ فێرى خەوشەیستى بێت ؟.
لەوەى ئەڤین ئاسۆ دەیەوێت باسى بكات هەمان پەرلەمنانتارو مەلا بەرێزەكانن كە هەریەكەو لەمینبەرى پەرلەمان و مینبەرى پیرۆزى مزگەوتەوە داكۆكى لەئافرەتدا دەكەن .
برالە جارێ كارى زێدە لەوە گرنگتر لەپێشدان كەئافرەتانمان لەتوندو تیژى و نێو ژوورى ماڵ و سەنتەر و رێكخراوە ئافرەت پارێزەكان بپارێزین كە لەدەرنجامى نەبوونى رۆشنبیرى گشتى و دابڕاو لەدنیاى پێشكەوتووى ئەمرۆدا تووشى دەیان كارەساتى جەرگ بڕدەبن، با لەدەستى برایەكى نەخوێندەوارو باوێكى هەژار و كەمدەرامەت رزگاربكەین.
كاكە برا گەر پێت وایە دەیان كارى خزمەتگوزار لەبوارى ئافرەت دا بێ بەهابن نەخاسمە لەبوارى هونەریدا كە هەردوو كەناڵى ئاسمانى چواروكۆرەك كارى بۆ دەكەن بۆ بەتەنها نیو رستەیەكى نێو دەیان رستەو وشە و قسەى بەپێز و داكۆكیكارى لەبوارى ژندا لەنێو گێژاوى بیرتدا خول دەخوات، بەڵام زۆرجار رەوایە رقێكى تۆزلەسەرنیشتوو لەدەرفەتێكى وەهادا بەها مرۆییە زیندووەكانى پێ پیس بكرێت !!.
كاتێ وتەو قسەى بەرێزێك لەسەر بەشدارى میوانان دەكەیتە مانشێت و رستەى زەق ورەق.. بیرت نەچێ تۆى رۆژنامەنووس گەر یەكەم كەس نەبووبیت دڵنیات دووەم كەس بوویت بەوەى هەمیشە لۆمەى ئەو كەناڵ و ئەم كەناڵت كردووە بۆ بەشدارى پێنەكردنى گەنج و پەراوێز خستنیان راى جیاوازت هەبووبێت ، كە گەنجێكیش لەو تەمەنە بەرهەڤ دەبێت بەپێى ئاست و سەلیقەى خۆى باس و خواسى لەگەڵ بكرێت.
تۆ كەپێت وایە ئەو لاوە بەشداربووانەى پرۆگرام بێ ئاستن و ئاستت لەوان بەزایتر دەزانى، دەپرسم : بۆ راپرسییەكى نهێنى بۆ خۆت ناكەى كە لاوى ئەو تەمەنەى تۆ باسى دەكەى و لەنێو پرۆگرامەكەدا بەشداربوونە كە بزانە بەقەد دەیان كچى زانكۆ ئاقڵ و پڕ زانیارى نیین لەهەر بوارێكى كۆمەڵایەتى.! ئەرك نەبێت لەوتەى پەرلەمانتارەكەى یەكگرتووى ئیسلامى وردبۆوە بزانە كە دەڵێت كچى چوارى ئامادەیى خۆشەویستى دەكات.
بۆ هەر كەدەمى هەر تاكێكى ئەو كۆمەڵگەیەى خۆمان دەكەیتەوە لەپاڵ دەیان خۆزگە و حەزى تر ، ئاواتى هەرە لەمێژینەى ئەوەیە ئێمە كۆمەڵگەى ئێمە لەهەموو بوارەكانەوە گۆرانى بەسەر دابێت بەتایبەت بوارى كۆمەڵایەتى رزگاربوونى لەداب ونەتەریتى دواكەوتووى.. بۆ كە دەیان ئەڤین ئاسۆ هەنگاو بۆ مەسەلانە دەهاوێژن دەیان رۆشنبیرى وەك بەرێزتان لەكۆرو كۆبوونەوەكان قسەى سێ بەچوارى لەو جۆرە دەكەن .. كەچى بۆ دەوڵمەند كردنى رووپەرى رۆژنامەو خۆناساندنى زیاتر دەیان وشە بەسەریەكەوە دەدەن... گوتیان جارێكیان لەدێیەك كابرایەك پرسى چى بكەم تا ناوم هەمیشە لەسەر زارى خەڵك بێت .. گوتیان:(بچۆ گ.... بكە لەكانیاوى گوندى)گەر ئەوەت مەبەستە بۆ نا ؟!.
تاكەى پاساوى نابەجێ بەوە دەهێنیەوە بۆ راى جیا لەراى تۆ، كۆمەڵگە تەقبولى ئەو شتانەى پێ ناكرێت .. دەكرێ بزانین كەى كۆمەڵگەى ئێمە لەبوارى كۆمەڵایەتیدا هەنگاوى نوێخوازى دەهاوێژێ ؟؟. دوایین ئەوەى كۆمەڵگەى ئێمەى پێ ناسراوە سەربارى هەر پێشكەوتنێك لەهەر بوارێك بێت لاڕێ و یاخى نەبووە و خۆى بیرنەچووە بەئەساڵەتى خۆى پابەند بووە بەڵام ئەوەى تۆى باسى لێوە دەكەى جیا لەچەواشەكارى نەبێت هیچى تر نییە چونكە لەوباوەردانیم ئەڤین ئاسۆ خۆى وا پێناسە بكات كۆمەڵگە دەگۆرێت ، مەگەر بەتەنها هەنگاوێك و دووان بۆ ئایندەیەكى جوان بەگەنجى كورد لەپێى ئاست وكارى خۆى بهاوێژێ.
ئەوەتە خاتوو كوێستان دەڵى خۆشەویستى شتێك نییە كۆنترۆڵ بكرێت و سنوورى بۆ دابندرێت با ئەڤین ئاسۆش باسى خۆشەویستى نەكات دەیان ئەڤین ئاسۆ لەوڵاتى من باسى لێوە دەكەن . خەڵك هەست و نەستى هەیە و هیچ كات كارى خراپ ناكات گەر خراپەكاران كارى بۆ نەكەن، بۆ مەسەلەى تەلەفۆن نازانم و ئەوە دەكرێت كەسانى نێو تەلەڤزیۆن وەڵامت بدەنەوە، بەڵام ئەوەندەش دەپرسم گەر تۆ رۆژنامەنووسى دەكرا وەك رۆژنامەنووسێك بەر لەوەى باسەكەت بڵاوكردایەتەوە سەردانێكى مەیدانى ئەو تەلەڤزیۆنەت بكرادایە بۆ ئەوەى باشتر و زیاتر بتزانیایە كە بەرەو رووت دێن یان نا و وەڵامیان دەبێت یان نا ، نەك وەك خۆت دەڵێت تەلەفۆنەكەت بە روو داخراوەتەوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست