هه‌‌ڕه‌شه‌ی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ سه‌ر ئه‌حمه‌د میره به‌ تووندی ئیدانه‌ ده‌که‌ین

Tuesday, 17/05/2011, 12:00




شه‌وی‌ ٢٥/٤/٢٠١١ شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا چه‌ندین هه‌ره‌شه‌ی‌ توندو قسه‌ی‌ ناشرین به‌ سه‌رنوسه‌ری‌ گۆڤاری‌ لڤین ده‌ڵێت.

ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی وه‌زیری ناوبراو یه‌که‌مجار نیه‌و ئه‌و پێشترو به‌ ئاشکرا له‌ شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیونه‌کانه‌وه‌و به‌تۆماركراوی‌ هه‌ره‌شه‌ی‌ توندی‌ كردۆته‌‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و به‌ به‌ره‌وڵاو چه‌قۆ كێش ناوی‌ بردوون. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵکو ده‌یوت هێزه‌كانمان ده‌ستیان كراوه‌یه‌ بۆ ته‌قه‌کردن و‌ پێویست ناكات ئه‌مر له‌ ئێمه‌ وه‌ربگرن.

ئەم جۆرە هەڕەشەو کرده‌وانه‌ بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان و وه‌زیره چه‌قۆکێشه‌کانی شتێکی نامۆو سه‌رسوڕهێنه‌ر نیه‌. ئه‌مه‌ به‌شێکه‌ له‌ په‌یکه‌ره‌ی ئیداری و سیاسی و هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه‌ی ئه‌و هێزانه‌و ته‌نهاش له‌ سه‌رکوتی خوێناوی وبه‌عس ئاسای دوای ١۷ی شوباته‌وه ده‌ستیپێنه‌کردووه‌،‌ به‌ڵکو مێژووی ٢٠ ساڵه‌ی ئیداره‌ی ئه‌م هێزانه‌ له‌سه‌ر تێکشکاندنو سه‌رکوتی ده‌نگه‌ ئازادیخوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بنیاتنراوه‌.

شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فای وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ته‌نها نمونه‌یه‌کی بچووکی ئه‌و هه‌موو سوکایه‌تی و هه‌ڕه‌شانه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان ٢٠ ساڵه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌رم ده‌کات. ئه‌وه‌ی که‌ خسوسیاتێك ده‌دات به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌و جیای ده‌کاته‌وه‌ له‌ هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌کانی تر، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیتر ناکرێت و نابێت خه‌ڵکی کوردستان بێده‌نگ و لاموبالات بن به‌رامبه‌ر به‌ گیانی هه‌ر ده‌نگێکی ئازادیخواز که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌کرێت. بێده‌نگیکردن له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌زیرێکی چه‌قۆکێش له‌ قه‌ڵه‌مێکی ئازاد، نیشانه‌ی به‌رده‌وامبوونه‌ له‌ ژیانی ژێرده‌سته‌یی و سپاردنی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستانه‌ به‌ کۆمه‌ڵێك مافیا که‌له‌سه‌ر خوێن و چاره‌نوسی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م خه‌ڵکه‌ بازرگانی ده‌که‌ن.

به‌رگرتن و پاراستنی گیانی ئه‌حمه‌د میره‌و ته‌واوی ئازادیخوازانی کوردستان که‌ رۆژانه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن و گرتنی ده‌سه‌ڵاتدان، بیناکردنی ڕیزێکی به‌رفراوانه‌ له‌ تۆڕو شه‌به‌که‌ی کۆمه‌ڵاتی و سیاسی چالاك به‌ ده‌وری پلاتفۆرمێکی سیاسی ڕۆشن که‌ بتوانێت نه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵات و چه‌قۆکێشه‌کانی ئیفلیج بکات له‌ فه‌تواو هه‌ڕه‌شه‌، به‌ڵکو هه‌نگاوێکیش بێت بۆ کۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتێکی میلیشیایی و مافیایی و هه‌نگاوه‌کانی بنیانتنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سالمی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌له‌سه‌ر کۆڵه‌که‌کانی مافه‌ ئینسانیه‌کان بنیاتنرابێت فه‌راهه‌م بکات.

ئێمه‌ نه‌ك وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵکو سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌رپرس ده‌که‌ین له‌ پاراستنی گیانی ئه‌حمه‌د میره‌و هه‌ر ئازادیخوازێکی تر. ئه‌گه‌رچی پێشمان وایه‌ که یاساکانی حوکمڕانی له‌ کوردستان به‌ ته‌واوی حزبیه‌و له‌ حزمه‌ت پاراستنی نه‌زم و نیزامی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان نوسراوه‌ته‌وه‌و نه‌ك هه‌ر ئه‌م جۆره‌ تاوانبارانه‌ ناداته‌ دادگا به‌ڵکو وه‌ك تاوانباره‌که‌ی لقی چواری پارتی خه‌ڵاتده‌کرێت و پله‌که‌ی به‌رز ده‌کرێته‌وه‌.

ئێمه‌ وه‌ك کورده‌کانی‌ وڵاتی نه‌رویج و وه‌ك به‌شێك له‌و ده‌نگه‌ ئازادیخوازه‌ی که‌له‌ کوردستان هه‌یه‌، هه‌ڕه‌شه‌کانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ر ئه‌حمه‌د میره‌ ئیدانه‌ ده‌که‌ین. له‌م نێوه‌دا کۆمیته‌ی پشتگیری له‌ خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌ نه‌رویج ده‌ستده‌کات به‌ چالاکی جۆراجۆر له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حکومی و حزبه‌ سیاسیه‌کان و ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و هه‌وڵده‌دات ئه‌م هه‌ڕاشانه‌و ته‌واوی کرده‌وه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بگه‌ێنێت به‌ ناوه‌ندی بڕیار له‌م وڵاته‌داو ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ربخات.


14.05.2011
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە