به‌ره‌ی یه‌کگرتووی نیشتمانی

Monday, 22/11/2010, 12:00


ده‌مێکه‌ "که‌م تا کورت" باسی به‌ره‌یه‌کی به‌رفراوان له‌ نێوان سازه‌ کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتدا که‌وتۆته‌‌ سه‌ر ڕۆژه‌ڤی مێدیای کوردی. هێندێک به‌ر له‌وه‌ باسی یه‌کگرتنه‌وه‌ی دابڕاوه‌کان له‌ ژێر درووشمی دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، لای ئه‌مانه‌ به‌ره‌ی یه‌کگرتوی نیشتمانی ره‌نگ زه‌رده‌‌. ئه‌وه‌ی که‌ راستی بێ، گشت لایه‌نێک به‌ردی به‌ره‌ و یه‌کگرتوویی له‌ ژێر ناوو نیشانی جیاواز له‌ سنگی ئه‌دا، چ کێشه‌یه‌ک له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ که‌ چ به‌ره یاخود یه‌کگرتووییه‌ک تا ئێستا پێک نه‌هاتووه‌ ته‌نانه‌ت وه‌کی پێده‌چێ جارێ بزاوی کوردی ڕۆژهه‌ڵات زۆر دووره‌ له‌و کات و شۆێنه‌. ‌با تۆسقاڵێک سرنج بده‌ین سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ که‌ ڕۆڵی گرینگی له‌ چۆنیه‌تی ره‌وتی به‌ره‌وپێش چوونی رووداوه‌کاندا هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ل و مه‌رجی هه‌نوکه‌ییدا له‌ سه‌ر پرسی "به‌ره‌" و "یه‌کگرتوویی نیشتمانی".
پاش ئاڵوگۆره‌ بنه‌ره‌تیه‌کانی سالانی 70 و به‌ره‌و ئێستا که‌ ریشه‌ی له‌ کاتی پێشوترداهه‌بوو، دوو فاکته‌ر ڕۆڵی ئاشکرایان له‌ ره‌وتی به‌ره‌وپێش چوونی رووداوه‌کان پاش ده‌سپێکی هه‌بوو. یه‌کیان لاوازی کارامه‌یی به‌ هۆی بێ ئه‌زموونی له‌ ناو ریزی سازه‌کانی سیاسی بوو که‌ پاش نزیکه‌ی 50 ساڵ خه‌ونه‌مۆته‌ وشیار ببۆوه‌. ئه‌می تریان کاریگه‌ری فه‌رهه‌نگی داگیرکه‌ری ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵات بوو، لانی که‌م به‌ درێژایی 50 ساڵ له‌ سه‌رده‌می نۆێدا.
کۆمه‌ڵگا له‌ ژێر کارتێکه‌ری ئاڵووگۆری ناونه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و گۆرانکاری سه‌ره‌وژێر ببۆوه‌، هێدی هێدی ریزه‌کان جیاوازیان به‌سه‌راهات، هه‌ر ریزه‌و نۆێنه‌ری سیاسی خۆی داوا ده‌کرد، به‌ هۆی پێکهاتنی ریزه‌کانی نۆێ له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌دا دوو رێکخراوه‌ مه‌زنه‌که‌ی کوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا تووشی شه‌ق بوون بوو. حیزبی دێمۆکرات و رێکخراوی کۆمه‌ڵه‌ وه‌ک ته‌نیا سازه‌کانی ره‌سه‌نی کوردی که‌وتنه‌ ناو گێژه‌ڵوکه‌ی ئاڵوگۆر که‌ هه‌ر وا به‌رده‌وامه‌. هه‌ڵبه‌ت بارودۆخی شکست و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ گێژاوه‌که‌ی به‌گوڕتر کردووه‌.
دوو بابه‌ت له‌ ناو سازه‌کانی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتدا "تابۆ"ن، واته‌ ناکرێ ناویشیان بێته‌ سه‌ر زار، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ مه‌به‌ستی تاوتۆێ بۆ داهێنانیش بێت. یه‌کیان که‌م ئه‌زموونی و کورته‌ هێنان له‌ کارامه‌یی له‌ مه‌یدانی خه‌باتی سیاسیدایه‌، ئه‌می تریان ڕۆڵی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی سازه‌کانی کوردیه‌. ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و دوو بابه‌ته‌ زیاتر بخه‌ینه‌ به‌ر باس ئه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ گشتی سازه‌کانی کوردی لایان وایه‌ که‌ هه‌رچی ئه‌وان ده‌ڵێن راسته‌ و له‌ هیچ بارێکه‌وه‌ پێویستیان به‌ چ به‌ خۆدا چوونه‌وه‌یه‌ک نیه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌ر ده‌که‌وێت که‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی سازه‌کان سه‌ره‌ڕای فرمێسک و خۆێن و گیان به‌ختکردن، جار جار ڕۆڵی سه‌ربازه‌ قوڕێنه‌کانی "خاقانی چین" ده‌گێرن، واته‌ ده‌سته‌ووه‌ستان بۆ ڕاپه‌راندنی "ئه‌مر" له‌ "خزمه‌ت"دان، ته‌نانه‌ت له‌ ژێر خاکیشدا، بێ ئه‌وه‌ی که‌ خۆیان به‌ خواستی خۆیان کارتێکه‌ریان هه‌بێ له‌ به‌رنامه‌ و پێره‌وی سازه‌که‌یان. هۆکاری ئه‌مه‌یان ته‌نیا کارتێکه‌ری کوولتووری زاڵی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات.
ئاڵووگۆره‌کانی سه‌رده‌می ئێستا ئه‌وه‌ فه‌رز ده‌کات که‌ هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ به‌ خۆداچوونه‌وه‌ بۆ که‌لک وه‌رگرتن له‌ مێژووی دڵته‌زێنی 30 ساڵی رابووردوو هه‌ڵبگیرێ، واته‌ ئه‌و راستیه‌ قه‌بووڵ بکرێ که‌ چین و تۆێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات پێویستیان به‌ نۆێنه‌رایه‌تی سیاسی خۆی هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ که‌ فره‌چه‌شنی له‌ بیروڕا، له‌ خزمه‌تی دێمۆکراتیدایه‌ و ئیمکانی زیاتر هه‌ڵبژاردن ده‌به‌خشێته‌ کۆمه‌ڵگا. نه‌بوونی فره‌چه‌شنی له‌ بیروڕا، کۆمه‌ڵگه‌ نزیکتر ده‌کاته‌وه‌ له‌ هه‌ڵدێری دیکتاتۆری.
سه‌باره‌ت به‌ ئاڵووگۆڕ له‌ به‌رنامه‌ و پێره‌وی سازه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات جگه‌ له‌ هێندێک باس له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و هێندێک تاریخ و ناو، چی وا به‌رچاو به‌دی ناکرێ. جیگه‌ی پرسیاره‌ له‌ سازه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات که‌ له‌ هه‌لومه‌رجی هه‌نووکه‌ییدا چ پلانێکیان بۆ داکۆکی له‌ که‌مترین مافه‌کانی مرۆڤایه‌تی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردوستان هه‌یه‌؟ لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ بخه‌مه‌ به‌ر چاو که‌ به‌خۆداچۆنه‌وه‌ و ئاڵووگۆڕی بنه‌ره‌تی له‌ سازه‌کاندا پێداویستیه‌کی یکجار زۆر گرینگه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نیا ئه‌رکی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانه له‌ ناو سازه‌کاندا‌. ئه‌گه‌ر ئه‌ندامان و لایه‌نگران وه‌ جه‌مووجۆڵ نه‌که‌ون هه‌رگیز ئاڵووگۆر پێک نایه‌، ئاڵووگۆڕێک که‌ له‌ سه‌ر تا پای سازه‌که‌ له‌ خۆبگرێته‌وه‌.
ساڵانی پاش تێکشکانی شۆڕشی بارزانی، باشوور و به‌ گشتی سه‌رجه‌می ئێراق که‌وته‌ دۆخێکی تایبه‌تی. ژان و ئازاری تێکشکانه‌که‌ ئه‌و هێزانه‌ی که‌ مابوونه‌وه‌ په‌رت و بڵاو کردبوو. بێ باوه‌ری له‌ پێشدا به‌ خۆ، پاشان به‌ "ئه‌وانی تر" ده‌ناو ریزه‌کانی شۆڕشگێردا خه‌وخای ده‌کرد. دوژمنی به‌عسی ده‌ که‌یف خۆشی دا نوقم ببوون. ئه‌و کات هه‌ر که‌سه‌و لێکدانه‌وه‌ و بۆچوونی جیاوازی له‌ وشه‌ی به‌ره‌ هه‌بوو، که‌س بۆ چوونی "ئه‌وی تری" پێ راست نه‌بوو، ته‌نانه‌ت که‌س له‌ "وی تر" حاڵی نه‌بوو. هه‌وڵی بێ پشوودان وه‌ک گرینگی سه‌ره‌کی، بۆ گه‌یشتن به‌ قۆناخی یه‌کگرتوویی له‌ ناو ریزه‌کانی سیاسی عێراقی دا زیاتر له‌ 20 ساڵی خایاند. بارودۆخی هه‌نووکه‌ ده‌گه‌ڵ ئه‌وکات زۆر جیاوازه‌ به‌ڵام چۆنیه‌تی به‌ره‌وپێش چوونی رووداوه‌کان هه‌ر وه‌ک جاران ره‌وتی مه‌نتقی خۆی هه‌یه‌ که‌ وه‌ک رێچکه‌یه‌کی به‌ر هه‌تاو دیاره‌.
پێویسته‌ سازه‌کانی سیاسی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌و راستیه‌ بسه‌لمێنن که‌ فره‌چه‌شنی له‌ روانگه‌ و بیروڕا ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌ له‌ مه‌یدانی خه‌باتی دێمۆکراتی و ده‌بێته‌ به‌ که‌ره‌سته‌یه‌کی قورس و کاریگه‌ر، ئه‌گه‌ر ئاراسته‌ی یه‌ک ئامانجی هاوبه‌ش بکرێ. سازه‌کان لێک جیا بوونه‌وه‌، پاشان تێکه‌ڵ بوونه‌وه‌، هه‌میسان جیا بوونه‌وه‌، ئه‌وه‌ پێداویستیه‌که‌ بۆ مه‌یدانی خه‌باتی سیاسی، که‌واته‌ بیرکردنه‌وه‌ له‌ به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو ده‌توانێ باشتر له‌ خزمه‌تی ئامانجی سازه‌کان، واته‌ داکۆکی کردن له‌ مافه‌کانی ره‌وای گه‌لی کورده‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات بێت.
  21/11/10


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە