دکتۆر سه‌لیم ڕه‌شید کاندیدی لیستی گۆڕان کێ یه‌ ؟

Wednesday, 27/01/2010, 12:00


له‌ سه‌ره‌تا ڕێزو خۆشه‌ویستیم بۆ کوردستان پۆست که‌ به‌هێزترین خه‌نجه‌ره‌ بۆ ‌دڵی سامان دزه‌کانی کوردستان. ڕێزو حورمه‌ت‌
1. من وه‌کو کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان له‌ سه‌ره‌تاکانی ساڵانی هه‌شتاکانه‌وه‌ دکتۆر سه‌لیم ڕه‌شید ده‌ناسم و تاکو ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ئه‌و شایه‌دی یه‌ ده‌ده‌م بۆ مێژوو.
ئه‌و به‌ڕێزه‌ له‌دایکبووی ساڵی 1956 و خه‌ڵکی گوندی جانه‌ی سه‌ربه‌ قه‌زای مه‌خموره، ساڵانی خوێندنی له‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی تاکو ته‌واوکردنی قۆناغی دواناوه‌ندی به‌زمانی عاره‌بی خوێندووه‌ تاکو قۆناغی مامۆستایه‌تیشی ته‌واوکردووه‌ خوێندنی هه‌ربه‌ زمانی عاره‌بی بووه‌، له‌دواتریش بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ مامۆستای زمانی عاره‌بی بووه‌و هه‌ربه‌ زمانی عاره‌بیش وانه‌ی گوتۆته‌وه‌ له‌ قه‌زای مه‌خمورو ناحیه‌ی باقرته‌.
2. هه‌رله‌ سه‌رتاکانی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردساتان دکتۆر سه‌لیم یه‌کێك بوو له‌ قاره‌مانه‌ چالاکه‌کانی شانه‌ی ڕێکخراوه‌ نهێنی یه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان له‌ ناو شارکاری ده‌کرد، وه‌‌ له‌ ساڵی 1979/ 1980 به‌هۆی ده‌ستگیرکردنی هه‌ندێك له‌ هاوڕێه‌کانی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ له‌ لایه‌ن ڕژێمی فاشستی به‌غداد، به‌ڕێز دکتۆر سه‌لیم ڕه‌شید (سه‌لیم جانه‌) به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کاغه‌زو بڵاوکراوه‌ی سه‌ربه‌ کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستانی له ده‌ستگیرا ، ئه‌ویش بۆ یه‌که‌م جار ده‌ستگیرکرا له‌لایه‌ن فاشسته‌کانی به‌غداد وه‌کو هاوڕێ یه‌ دڵسۆزه‌کانی کۆمه‌ڵه ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ی ئه‌بوغرێب کرا وه‌ دواتر له‌ دادگای سه‌وره‌ فه‌رمانی ئیعدامی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا به‌هۆی ئه‌ندامه‌تی بوونی سه‌ر به ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه‌. دواتر سزاکه‌ی کرا به‌ زیندانی هه‌تا هه‌تای(موئه‌به‌د). دواتر له‌ ساڵی 1982 به‌رلێبوردنی گشتی که‌وت، هه‌رله‌ ده‌رچوونی له‌زیندان یه‌کسه‌ر هاته‌ ڕێزی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ که‌رتی ڕێکخستنی شه‌قلاوه‌ له بالیسان.
3. دکتۆر سه‌لیم ڕه‌شید له‌ ساڵی 1983 له‌گه‌ڵ سێ قاره‌مانی تری کۆمه‌ڵه‌ له‌شه‌رێکی خوێناوی له‌ دژی ڕژێمی سه‌دام به‌برینداری ده‌ستگیرکران که‌ ئه‌مانه‌ بوون (1.دکتۆر وه‌لی ئه‌و به‌ڕێزه‌ ئێستا له‌ هه‌ولێره‌ له‌ کوردستان، 2. عه‌بدولسه‌مه‌د سالح ناسراو به‌ ئاکۆ، که‌ ئه‌ندازیاری نه‌وت بوو ئێستا ئه‌و به‌ڕێزه‌ دانیشتووی له‌نده‌ن/ به‌ریتانیا. 3. عه‌بدولستار خه‌ڵکی شاری هه‌ولێر ئێستا ئه‌و به‌ڕێزه‌ دانیشتووی ووڵاتی سوێده‌). ئه‌م چوار قاره‌مانه‌ شۆڕشگێڕه‌ به‌ڕێزه‌ نیشمان په‌روه‌رانه‌ حوکمی ئیعدامیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا. واته‌ دکتۆر سه‌لیم ڕه‌شید بۆ جاری دووه‌م حوکمی ئیعدامی بۆده‌رچوو، به‌ڵام ئه‌وجاره‌یان ئه‌وکاتی مفاوه‌زاتی به‌سه‌رداهات و له‌کاتی گفتۆکردن له‌گه‌ل میری دا (به‌ ووته‌ی جه‌لالیه‌کان)، ئه‌وکاتی به‌ ئاڵوگۆرکردن به‌ چه‌ند ئه‌فسه‌رێکی پله‌ به‌رزی سوپای عێراقی گۆڕدرانه‌و ئه‌و چوار قاره‌مانه‌ ئازادکران و بۆ جارێکی تر دووباره‌ هاتنه‌وه ناو سه‌نگه‌ری خه‌بات. به‌ڕێز سه‌لیم ڕه‌شید تاکو ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 به‌رده‌وام بوو له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی له‌ڕیزه‌کانی ی. ن. ك‌‌ .
4. له‌ ساڵی 1997 بوو به‌ مدیرعام له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و ناوه‌خۆ له‌ حکومه‌تی ئیداره‌ی سلێمانی. خوێندنی ماجستیر له‌ ساڵی 2001 وه‌ دواتر دکتۆرای له‌ ساڵی 2006 ته‌واوکردووه له‌ به‌شی (اسلوب) واته‌ شێواز. ئێستاش ماموستای زانکۆیه‌ له‌ شاری کۆیه‌. شاره‌زایی یه‌کی زۆرباشی هه‌یه‌ له‌زمانی عاره‌بی و کلتورو فه‌رهه‌نگی عاره‌ب وه‌ زمانی فارسی و ئینگلیزیش ده‌زانێت.
ئێستاش دکتۆ سه‌لیم ڕه‌شید هه‌ر ئه‌و دڵسۆزو قاره‌مانه‌ی سه‌رده‌می شاخه، که‌سێکی خۆشه‌ویست و قسه‌ خۆش و شاره‌زا له‌ بواری سیاسی و دیبلوماسی وکۆمه‌ڵا‌یه‌تی.
به‌نده‌ لێره‌دا بۆیه‌ ئه‌و ڕوونکردنه‌وه‌ تێروته‌سه‌له‌ی نووسیووه‌ بۆ مێژوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رکه‌سه‌و به‌ئاره‌زووی خۆی سوکایه‌تی به‌ کاندیده‌کانی لیستی گۆڕان نه‌کات یان شتی هه‌ڵه‌ و ناڕاست نه‌نووسن ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی دڵنیا نه‌بوون. چونکه‌‌ له‌ 27.11.2009 له‌ کوردستان پۆستی خۆشه‌ویست دا بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ گوایه‌ ئه‌م کاندیدانه‌ی لیستی گۆڕان له‌ هه‌ولێر بۆ په‌رله‌مانی عێراق زۆربه‌یان و له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیاری و خزمایه‌تی دانراوون هیچ په‌یوه‌ندی به‌ کافه‌ئه‌ته‌وه‌ نی یه‌و زۆربه‌شیان زمانی عاره‌بی نازانن. ئه‌م هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ ڕاستی.
ئه‌م به‌ڕێزه‌ دکتۆر سه‌لیم هیچی که‌متر نییه‌ له‌ قاره‌مانه به‌ناوبانگه‌کانی‌ شۆڕشه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی جیهان وه‌ شایانی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ملوانکه‌و تاجی ئاڵتون و ئه‌ڵماسی پێشکه‌ش بکرێت نه‌ك هه‌واڵی ناڕاستی له‌سه‌ر بڵاوبکرێته‌وه‌.
دڵنیام ڕۆژانی داهاتووش ده‌یسه‌لمێنێت و دکتۆر سه‌لیم ڕه‌شید بۆ میلله‌تی کوردو کوردستانی ده‌سه‌لمێنێت که‌ چ خزمه‌تێك به‌ گه‌ل و نیشتمان ده‌کات له‌ دوای هه‌ڵبژاردن. سه‌رکه‌وتن بۆ کورد و کوردستان، بۆ گۆڕانخوازان.

26.01.2010‌
‌‌ ‌ ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە