حوكمى نێچرڤان و حوكمى قەرەقوش
Monday, 01/10/2012, 12:00
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ناوى دامەزراوانى ئەمسال بۆ پیشەى مامۆستایەتى لە لایەن حكومەتە نا بەرپرس و گەندەلەكەى لەمەڕ خۆمان ڕاگەیەنرا ،بەلام چۆن ڕاگەیاندنێك ،جارێ بەر لە هەر شتێك لایەنى كەمى ئەوەى پێى دەگوترێ دادپەروەرى لەم دامەزراندنەدا نەبوو . دیارە ئەمە بۆ ئێمە هیچ جێگەى شۆك و سەرسوڕمان نەبوو چونكە لە ڕاستیدا ئێمەش وەها چاوەڕوانییەكمان نەبوو .دیارە چاوەڕوانى داددپەروەرى لە كەس و لایەنێك دەكرێ كە ئەێل بێت .
ڕەنگە بوونى ئەم برادەرە لەم پۆستەدا لە سالى 1996ەوە تا ئێستا ، گەورەترین نا دادپەروەرى بێت. ئیتر چاوەڕوانى دادپەروەرى ئێمە لە كەسێكى وا هیچ نییە جگە لە گەمژەییەكى گەورە .بەلام ئێمە ئیشمان چییە تازە بێ كارین و تاكە ئەركمان دەرخستنى عەیب و عارى حكومەتەكەى ئەم برادەرەیە ،مادامەكێ حكومەتەكەى و دەستەو دایەرەكەى هیچ شتێك كاریان تێناكا و خۆیشى خەریكى فرۆشتنى نەوت و پركردنى زیاتر و زیاترى گیرفانەكەى خۆی و دەوروپشتەكەیەتى ، بۆیە ئێمەش لە دانیشتنێكا ئا ئاوا ڕوتێتى ئەم پاشایە بۆ خوێنەر و خەلكى كوردستان دەردەخەین ،بەلام بەچى دەچێت ؟ من لە داشۆرینا كەم توانام مەگەر دیوانەكەى شێخ ڕەزا فریام بكەوێ ،ئاخر هەر دەلێى شێخ ئەم شیعرەى بۆ وى گووتووە كە دەلێ :
پێستى ڕووى هێند قایمە شمشێرى میسرى نایبرێ
گەر بە كەوشى كەى دەمێنێ تا قیامەت نادڕێ
بەلێ حوكمى ئەم برادەرە تەواو قەرەقوشیانەیە ،ئەگەر وانییە چۆن و كەى مەنتە ؟ كەى ڕەوایە ؟كەى ئەخلاقە قووتابیەك كە ئەمسال دەرچووە دابمەزرێ. بەلام ئێمە كە سێ سالە دەرچوین لە مالەوە چاوەڕێین كەچى دانامەزرێین ؟؟ لە كاتێكدا ئەم برادەرانە بەر لەوەى فۆرمى دامەزراندن پڕ بكەینەوە ڕایانگەیاند، كە ئەولەویات بۆ ئەوانەیە ،كە پارسال فۆڕمیان پركردۆتەوە ،بەلام وەك بینیمان ئەو دامەزراوانەى كە ئەمسال دەرچوونە ژمارەیان لەودامەزراوانەى ،كە چەند سالێك بەر لە ئێستا دەرچوونە ،ئەگەر زیاتر نەبێ كەمتر نییە . ئەمە چییە ؟؟؟ ئەمە عەوام فریوییە ،ئەمە درۆو دەلەسەیەكى گەورەیە كە بەرامبەر ئێمە كردوویانە ،باسى مەرجى دامەزراندن دەكەن . مەرجەكانیان وا داناوە زۆرترین هەوادارى حیزبەكەى نێچیرڤان لێى سودمەند بن !! باسى شەهید دەكەن و كورى كۆنە جاشیان دامەزراندووە كە ئەمسال دەرچووە و پشتگیرى وەزارەتى شەهیدانیشیان داوەتێ ،حیزبەكەى ئەم برادەرە بۆیە شەهیدبوونى بەمەرج گرتووە تا هەركەسێك كە هەوادارى خۆیان بێت پشتگیرى بدەنێ و دیارە ئەمەش شانسى دامەزراندنى زیاتر دەكات بۆیە ئەوان دادەمەزرێن و ئێمەش هیچ!! ئەوان وادەزانن ئێمەش وەك هەوادارە دەروێش ئاساكانیان گێلین و لە فێل و فرت و تەلەكەبازییەكانیان تێناگەین !! دەنا خۆ دیارە ئەوە زیاتر لە بیست سالە كەس شەهید نەبووە !! من لەمرۆ بەدوواوە مادامەكێ هەر بێ ئیش دانیشتووین و بە بەرچاوى ئێمەش ڕەعیەتەكەى ئەو برادەرە دادەمەزرێ .بەلێن دەدەم هەموو ناشرینی و پۆخلەواتەكانیان ئاشكرا دەكەم و ناوى هەموو ئەوانەش بە لیست دەنوسم كە بە گەندەلى دامەزراون ،چونكە ئێمە (من)وا ڕانەهاتووم لە حەقى خۆم خۆش بم و ناعەدالەتیش لە هیچ كەسێك قبوول ناكەم ،هەرچەندە گەورە بێت ,ئەمەش ماناى وایە من هاونیشتیمانییەكى ڕەسەنم و ئەوانەى كە گەندەلیش دەكەن و ئەوانەش كە ئیشیان ماستاو ساردكردنەوەیە بێگوومان هاونیشتیمانى تەزویڕ و نا ڕەسەنن!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست