گەشتەكەى بارزانى بۆ دەڤەرى پشدەر
Sunday, 27/12/2009, 12:00
دواى كارەساتەكەى 31ى ئاب بۆ یەكەمجار بارزانى بە یاوەرى شاندێك رۆژى 26-12-2009 گەشتێكى بۆ دەڤەرى پشدەر و بتوێن كرد، سەرەتاى گەشتەكەى بۆ دەڤەرى پشدەر بوو، من نامەوێت باس لە ناوەڕۆك و گرنگى ئەو گەشتە بكەم، چونكە ئەوە كارى من نییە، بەڵام گرنگ لاى من بینینى دیمەنى هاتنەكەیەتى، كە هەر لە شەوەكەیەوە بەو سەرمایە هێزەكانى ناوخۆ شەو سەرقاڵى ئێشكگرى بوون بۆ پاراستنى رێگاكان، رۆژیش هەر لەسەر ئەو رێگایە بوون بۆ هەمان مەبەست، ئەوانە تارادەیەك ئاسایین.
بەڵام من لە ئێوەى خوێنەر دەپرسم لە كاتێكدا كە ئەو هەموو پاسەوانە لە سەر رێگاكە هەیە و نێوان هەر پاسەوانێك تەنها دە مەتر بێت، چ پێویست دەكات بە بەردەوامى ئۆتۆمبیلێكى پڕ لە ئاسایش و پۆلیسى سەر بە پارتى بەسەر ئەو رێگایەدا بسوڕێنەوە بۆ چاودێرى، مەگەر تەنها ئەوەندەى من تێیبگەم بێ متمانەیى نێوان هێزەكانى هەر دوو پارتەكە، ئەگەرنا ئەو هەموو پاسەوانە هەبێت چ پێویست دەكات بە ئۆتۆمبیل رێگا بپشكنى، هەروەها لە نزیك فەرماندەى دۆڵەبەفرە كۆمەڵێك چەكدارى خۆت بە دۆشكە بۆ پاسەوانى رێگا دابنێى، دواتریش بڕواناكەم ئەوەندە دڵرەق بین بە دەستى خۆمان ئازارى سەرۆكى ههرێم بدەین، چونكە ئێمە وەك ئێوە نین ئازارى كەس بدەین، هەمان شەو لە هەواڵەكان بینیم ئۆباماى سەرۆكى ئەمریكا بە نیوقۆلأ دەسوڕایەوە و یادى لە دایكبوونى حەزرەتى مەسیحى دەكردەوە لە ناو خەڵكى خۆى، كە بەراوردێك لە نێوان خۆمان و ئەوان بكەین كە رەنگە لە 1%ى ئەمریكا بین چەندە جیاوازین.
ئەو كاتەى ئەو دیمەنانەم دەبینى من وەك خۆم رۆژانى رەشى نەوەتەكانم بیر دەكەوتەوە ئەو كاتەى كەمن مندالأ بووم، ئەو هەموو هێزەم لە ناو كۆلانەكان دەبینى، بەڵام جیاوازى ئێستا و ئەو كات تەنها ئەوە بوو لەو هێزانە نەدەترساین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست