دەروازەیەك بۆ چەمكەكانى: لەكاروان دامەبڕێ.. دەقەتێ.. لەگەڵی بڕۆ
Monday, 02/12/2013, 12:00
پێشینانمان هەمیشە بەبایەخەوە سەیری ژیانیان كردووە و تێڕوانینیان بۆ شتەكانى دەوروبەر هێندە ورد و ژیربێژانە بووە، تەنانەت كاتێك بەڕێگادا ڕۆیشتوون حسێبیان بۆ ئەو هەنگاوانەناوە كە خستوویانەتە بەر و زانیویانە چۆن و بە چ شێوەیەك وەڵامی ئەوانە بدەنەوە كە لە هەواڵ و ئەحواڵیان پرسیون.
ئەگەر لەتاى تەرازووى مەنتیقەوە بەراوردێكی سەرپێیانەى ئەو قسە جوان و قشت و نەستەقانە بكەین تا بەئەمڕۆمان دەگات و تێكهەڵكێشییەك لەمەڕ بۆچوونەكان و ڕوئیای ئەو ئان و ساتە بەجیاواز دەگەڵ ئەمڕۆماندا بكەین، تێدەگەین و حاڵی دەبین لە گەورەیی بیركردنەوە و هزركردنى ئەو سەردەمە و بۆمان دەردەكەوێ ئەوانە چ جای سادەییان دەرهەق بەشتەكان، چەنێ مەزن و گەورەیش بوونە؟
جاران تەیارە و ماشێن نەبووە و خەڵكە عەوامەكە كاروانسەرا بەدەستەجەمعی و بەكۆمەڵ لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكى دیكە ڕۆیشتوون و گەشتیان كردووە نەخاسمە ئەگەر گەشتەكەیان بۆ بازرگانى و فرۆشتنى كەل و پەلەكانیان بووبێت تا بەروبووم و بەرهەمەكانیان لە دەڤەر و تخووبێكى دیكەى ساغ بكەنەوە، هەمیشە وتەكیان كردبووە سەر وێردی زمانیان كە بڵێن: ئەگەر لەگەڵ كاروان بەڕێ كەوتى لەكاروان دامەبڕێ..یاخود وتوویانە: ئەگەر لەگەڵ كاروان بەڕێ كەوتى بەپێش كاروان مەكەوە.
سەنگى مەحەك بۆ ئەو پەیڤە نەخش ئاساییە ئەوەیە ئەگەر كەسێك خۆی لەو كاروانە بەپێش خست و خۆی لەوانى دیكە جیاكردەوە و پێشكەوت، ئەوە دەبێ هەموو ئەگەرێك بۆخۆی دانێ، ئاخۆ كێ دەڵێ لەم كەین و بەینەدا ڕێ بزر ناكات؟ كێ دەڵێ كە لەو خەڵكە دابڕا بزر نابێ و كێ دەڵێ ناكەوێتە نێو ئەو بۆسانەى لێرەولەوێ دایدەنێنەوە یاخود كێ دەڵێ تووشی ڕێگر و دز و جەردە نایێ؟
خۆ ئەگەر لەو كاروانەیش دابڕا و كەوتە دواوە، ڕەنگە ئەوەش خراپبێ بەتایبەت ئەگەر لەو هەوراز و نشێوەى پێیدا گوزەر دەكات هەندێ جار وا دێتە پێشەوە بارەكەى دابگرێ یا بارەكەى لێ بكەوێ، ئەمەش سەرئێشەیە كە ئەگەر بەتەنهابێ ڕەنگە نەتوانێ بارەكەى باربكاتەوە سەر وڵاغەكەى یان لەو چۆڵەوانیە تووشی دڕندە و شتى لەو بابەتەبێت و نەتوانێ دەستكاتەوە و بەرگری لەخۆی و بارەكەى بكات.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بووەتە بنێشتە خۆشەى سەر زمان كاتێ یەكێك پرسیار لەیەكێك دەكات بەدەستەواژەى: ئەرێ حاڵ و ئەحواڵت چۆنە.
بەوەڵامدانەوەى: دەقەتێ.. دەگوزەرێ، كۆتایی بەهەموو شتێك دێنێ وەك ئاماژەیەك كە هیچ عەیبم نییە و خراپ نیم.
بابەتى (لەگەڵی بڕۆ) چەمكێكی هێندە گرینگە لێیەوە فێر دەبین چۆن بەڕێگادا بڕۆین چ بەپیادەبێ یان بەگەڕێن(سەیارە) ئەوەتا پێمان دەفەرموون: وریابە ئەگەر بەڕێگادا ڕۆیشتى نە لەسەرخۆ بڕۆ نە بە پەلە.
هەڵبەتە وردكردنەوە ئەم وتە جوانە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەى لەگەڵ هەموو شتەكانى دیكەى هاوچەرخ هاوكووفە، ئەوەتە بۆ هاتوچۆی ئەوانەى ئوتومبێل دەهاژوون یاسا و ڕێسایێ هەیە، ئەو هیمایانەى لەچەقی ڕێگاكان و شوێنە گشتى و تەنانەت دەرەوەیش داندراون حیكەمەتى ئەو وتە جوانەیە، فەرموو لەشوێنە قەرەباڵغیەكان و شوێنە تایبەتیەكان كە نیشانەیەك هەڵواسراوە بۆ نموونە كە دەنووسرێ :30یان 40 ئەوە حیكمەتەكەى لەوەدایە ئەو شوێنە وادەخوازێ كە تۆی شوفێر لەسەرخۆ بڕۆی و هەر خێراییەكت لەو ئەندازە كارەساتى لێ دەكەوێتەوە.. یاخود كە نووسراوە:80یان 100 دیسان لەسەرخۆیی شوفێر بێ بەخێرایی 30-40 بڕوات ئەوەش وادەكات ڕێڕەوى هاتووچۆ پەكى بكەوێت و جەنجاڵی دروست ببێت یاخود لێخوڕینى زیاتر لەو ئەندازە وەكو ئەوەى لە120-یا150 و زیاتر بڕوات ئەوەش ئەو خەتەرناكەیە چ جای ئەوەى ژیانى خۆی و خەڵكانیش دەخاتە مەترسیەوە لەهەمان كات ئەگەر كامێرای چاودێری داندرابێت بێشك دەبێ سزای ئەو خێراییە بدات،كەواتە با هەموومان بەپێی پێوەرەكان ژیان هەنگاو بنێین و بزانین چۆن بەڕێگادا دەڕۆین و چۆنیش قسە دەكەین؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست