حاڵی حازر تاڵەبانی لە كۆسرەت رەسوڵ بێ منەتەو لە مانەوەشی نیگەرانە!
Tuesday, 21/04/2009, 12:00
بە پێی ئەو زانیارییانەی كە دەستمان كەوتوونە تاڵەبانی زۆر بێ منەتە لە كۆسرەت و دەرگای بۆ خستووەتە سەر پشت، چونكە بە باشی ئەو راستییە دەزانێت مانەوەی كۆسرەت رەسوڵ، واتای ئەوە دەگەیەنێت كە خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەو كاتەی كە تاڵەبانی برووسكەی مەرگ یەخەی بگرێ و زۆر ئاساییە بە هێزترین كەس كە خاوەنی زۆرترین پێگەی جەماوەری بێت لە دووای تاڵەبانیەوە كۆسرەت رەسولە، كە بە هۆی ئەو پێگە جەماوەریەوە دەتوانێت ببێت بە خاوەن میراسی یەكێتی و لە دووای كۆچی ئەو جڵەوی دەسەڵات لە ژێر ركێفی بنەماڵەكەی دەربهێنێ و هەرچی سەر بە هێڵی گشتیی ئەو حیزبەیشە بۆ بەرژەوەندی خۆی كۆنترۆڵیان بكات. هەر چەندە ئەم زانییاریانە تا ئێستا هیچ ناوەندێكی راگەیاندن یان شرۆڤەكاریكی سیاسیی بابەتی هاوشێوەی ئەمەیان نە ورووژاندووە، ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە چونكە لە سەر ئەو كەسانەی كە لە نزیكەوە چاودێری ئەو تەوەرە دەكەن گران دەكەوێت، هەروەكو چۆن لە كاتی ئینشیقاقەكەی دوو مانگ بەر لە ئێستا كە ئەوسا كۆسرەت رەسول فاكتەرێكی بە هێزی ئەو ئینشیقاقە بوو، تاڵەبانی لە بەرنامەیدا بوو گۆچانەكەی بخاتە خزمەتی ئەویشەوە، ئەو لێی دێتە وەڵام و بە تاڵەبانی دەڵێت دەستت بەرز بكەیتەوە دەبێت لێرە خوێن بڕژێت! تاڵەبانیش بە باشی لەو راستییە گەیشتبوو كە ئەگەر هەڵەی وا ئەنجام بدات، ئەوا كۆسرەت لێی قبووڵ ناكات، بۆیە دان بە خۆیدا دەگرێ و گوێ بۆ داواكارییەكانی شل دەكات! گەڕاندنەوەو جیا بوونەوەی كۆسرەت رەسول لە ئەندامانی مەكتەب سیاسیی، یەك مانا دەدات بە دەستەوە، ئەویش ئەگەر ئەوان داوای هێندێك شتی گشتییان دەكرد، ئەوا كۆسرەت لە هەوڵی شتی شەخسیدایە، هەروەكو چۆن دەست لە كار كێشانەوەی ئەو ئەندام مەكتەب سیاسیانە لە بەرژەوەندی ئەودایەو رێگای بۆ تەخت دەبێت بۆ گەیشتن بە پۆستی سكرتێری گشتی لە دوای مەرگی تاڵەبانی، چونكە لێی روونە ئەگەر بە كۆنگرەیش بێت كەس ناتوانێت مونافەسەی بكات.
بۆیە تاڵەبانی زۆر لەوە نیگەرانە كە لە پاش مەرگی خۆی نەتوانێت یان ناتوانێت كوڕەكانی بكات بە شوێنگری خۆی، چونكە كۆسرەت رەسول ئەو كاراكتەرەیە كە لووتی گۆچانەكەی دەستی شكاند، لەوە دڵنیایە كە هەیبەتی بنەماڵەكەیشی دەشكێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست