کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەردەشت بۆ هەتایە سیمبولى نەمرى و ئازادى گەنجان و ئازادى خوازانەو شەهیدى ڕێگاى وشەى ئازادە

Wednesday, 29/09/2010, 12:00



بەشى یەكەم/ نامەیەك بۆ مەسعود بارزانى

سڵاو سەرۆك
بەو پێیەى منیش وەك هەر گەنجێكى بەش مەینەتى ئەم وڵاتە زەمەنى مناڵى و هەرزەكارى خۆم بە چەپڵەرێزان و خۆدڵخۆشكردن و خۆ غەمباركردن بۆ شەڕە براكوژیەكانى ئێوە تەرخانكردبوو لەبەر ڕادیۆ دەمشڕو پڕ جنێوەكانتان دائەنیشتم و ڕۆژانێك دڵخۆش گوێم ڕادەگرت و ڕۆژانێكیش نائومیدانە بە گۆرانى و موزیكە پڕ لە شەڕەنگێزییەكانتان حەماس و ترس ئەیگرتم ئەگەر لەم سەردەمى نا ئومێدیەشمدا قسەكانم پڕن لە ڕەقى و برینداركردن ئەوا تۆش چەند ساتێك گوێ لە خەمەكانمان بگرەو قبوڵى كە ئەگەر پێشت قبوڵناكرێت منیش ئەمڕۆكە پێشمەرگەى ڕێبازەكەى سەردەشت و سۆرانم دڵى تۆم بۆ گرنگ نیە دڵى گەنجانى وڵاتەكەم بۆ من گرنگە ئەو گەنجانەى كە لەبەر ڕەوە مۆنیكاكانى ئێوەدا پڕ ئەبن لە حەسرەت و پارەى لەفەیەكیان نیە سكى برسیانى پێ تێربكەن. سەرۆك ڕۆژێك لە ڕۆژان منیش جەزبە گرتمى و هۆشم كردەوە سیحرى وشەو جوانى و پەڕتووك منى بۆ دنیاى خۆى برد ئەو دنیاى كە توشى یاخى بوونى كردم لە هەموو بتەكان كە تۆو هاوبیرەكانت دروستى دەكەن. ئەو تەورە ئیبراهیمیەى كە یەكەمجار گرتمە دەستم و بت بەبتى ناخم پێ شكاندو پیرۆزى لام بێ مانابوو، دیوانى (براكوژى) عبداللە پەشێو بوو.
بەڵام ئەوەى ئێستاكێ وەك گاتاكانى زەردەشت پێغەمبەر لام پیرۆزە وەك چۆن لاى زەردەشتیەكان پیرۆزە ئاواش نوسین و ڕەخنەكانى سەرۆ زەردەشت [سەردەشت عوسمان]لاى من پیرۆزە. چونكە ئەو نوسینانە ئاسۆییەكى ڕوونى لەبەردەم گشت نوسەرێكى ئازادیخوازو گەنجێكى لەخۆبردووى كردەوە، چونكە زەردەشتى زەمانە یەك ڕاستى گەورەى بۆمان خستە ڕوو ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر بەهەر جۆرێك نۆكەرو كلكى ئێوە بین ژیانێكى خۆش دەگوزەرێنین، ئەو پێى وتین كە ئێمە كوردبوونمان لە حیزبى بوون و كلك گرێدانە لەگەڵ ئێوەدا ئەگینا نیشتمان و نەتەوە لاى جەنابتان جگە لە ئەفسانەى ڕۆژى هەڵبژادن زیاتر هیچ نییە.
سەرۆك بەوە دڵت خۆش نەبێت كە من بە سەرۆكت بزانم نا، من كاتێك هەڵبژاردنى ناوچەكان و لقەكانى حیزبەكەتم بینى بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆنگرەى داهاتوتان كە هەمووى پڕ بوو لە تەزویرو فرت و فێڵ بۆم دەركەوت كە تۆیش هەر بڕوات بەم جۆرە (سیاسەتە) قێزەونە هەیەو ئێستە ئەبێت لێت بپرسم ئایا سەدا چەندى دەنگەكانى تۆش تەزویر بوو. چونكە ئەوە ئەو ئاوە موبارەكەیە بەڕێزتان ڕشتوتانە بۆ ئەو ئەندامە موبارەكانەتان ئەگەر پێى تێنەخەن ئەوا دوورنیە بەلادان بۆیان حسابنەكرێ. سەرۆك ئێمە دواى ئەوەى زانیمان ئێوە بە ناوى شۆڕش و خەباتەوە هەر خەریكى چاڵهەڵكەندن بوون بۆ یەكترى و پاشقول لەیەكگرتن بوون كە ڕوون بۆوەوە ئێوە بۆ خاترى ڕازیكردنى ئاغاكانتان لە تاران و ئەنقەرە كوردانى ڕۆژهەڵات و باكورتان بە هەدیە بۆ بردوون. بۆیە بڕیارماندا بۆ خاترى ئاگاییمان لەو هەموو قوڕ بەسەرییەى سەربارى بەعس ئێوەو هاوپەیمانە ستراتیجەكەى ئەمڕۆت و یەكەم دوژمنەكەى دوێنێت (مام جەلال) بكەوینە خوێندنەوەى مێژوو. لەئەنجامدا ئەزانى چیم بۆ دەركەوت. دەركەوت كە كورد سێ جاران تووشى نائومێدى زۆر گەورەو دەستەجەمعى بووە وەك (گەل). یەكەمیان دواى نسكۆى شۆڕشى ئەیلول كە هەموو خەباتكارانى كورد خۆیان و تفەنگیان هاتن خۆیان دا بەدەست ئەو دوژمنەى كە هاوڕێى تۆ بوو لە 31ى ئابى 1996. ئەم قۆناغە وەك لە سەرچاوە مێژوویەكانەوە باسى دەكات سەرتاپاى كوردستان وەك جەستەیەكى مردوو پێكڕا بێ حەواس و جووڵە بووە. كەچى سەرۆكى ئەم شۆڕشە مەلا مستەفاى باوكتان لە ڕۆژنامەى كەیهانى ئێرانیەوە كە گۆڤارى ڕێگا كردووەیە بە كوردى دەڵێ: ئیتر ئیشى من تەواو.......... هەروەها دەڵێ: ئیستا لە هەموو كاتێك خۆشحاڵ ترێكم. ئەبێت بڵێین سوپاس بۆ ئەو ڕۆژگارە كە عەولەمە زۆر پێشنەكەوتبوو ئەگینا وەك ئەمڕۆ بە كلیكێك هەموو شتێكمان بزانیایە ئەبێت چەند كەس لە نائومێدیا خۆیان بكوشتایە كە پەیامبەرى ئازادیەكەیان وادەڵێ. دووەم نائومێدى نائومێدى گەل و دەستەجەمعى دواى پرۆسەكانى ئەنفالە كە هەموو شۆڕشگێڕانى كورد بۆ ڕێگایەك دەگەڕان تاكو خۆیان لە ئەوروپا گیركەن یان خۆیان بدەن بەدەست یەكێك لە سەرۆك جاشێكەوە كە ئێستا زۆربەیان لاى تۆ پلەو پایەیان بەرز بەرزە. سەرۆك، سێیەم نائومێدى و گەورەترین نائومێدى كە توشى هاتین وەك گەلێك فڕاندن و كوشتنى ڕۆژنامەنوس و خوێندكار سەردەشت عوسمان بوو كە چەند مانگێك پێش ئێستا ڕوویدا ئەم ڕووداوە تەواو نائومێدى كردین و دڵنیاى كردین پێى وتین كە ئیتر چاوەڕێ نەبین وڵاتمان ببێتە وڵاتی سیستەم و یاسا. هەرگیز چاوەڕێى ئەوەم لێنەكردووى كە لەسەر دەستى تۆ وڵاتێكى بەداد و ئازاد ببینم ئەوەشى هەیە بەناوى یاساو پۆلیس و ئاسایش شتێكە تاكو پرۆژە بازرگانیەكانى خۆتانتان لە كیس نەچێت ئەگینا ئێوە لە یەك ڕۆژدا ئەتوانن كوردستان بكەنە جهەنم بە كارە تیرۆراوى هەواڵگریەكانتان و بیخەنە ملى أنێار الاسلام و بەو مەكینە زەبەلاحەى ڕاگەیاندنیشتان شتایەكمان پێبڵێن كە قابیلى بیستن نین. سەرۆك دەزگا هەواڵگریەكانى حیزبەكەت لەماوەى یەك حەفتا كوردستانیان وا شێواند مەپرسە. لە هەولێر سەردەشت دەفڕێنن و لە سلێمانیش محمدى كوڕى شێخ عبدالفادرى چوێسە لەلایەن باندە تیرۆرستیە هەواڵگریەكەى كەركوتانەوە دەڕفێنرێ. ئێستە هەموو كەس لەدواى بڵاوكردنەوەى نامەكەى باوكى محمد بۆ بەڕێزتان لە گۆڤارى لڤین دڵنیایە كە ئەویش دەستى پارتى پارتان بوو. سەرۆك من با لە ڕێى ئەم نامەوە بەخەڵك بڵێم كە ئێوە بۆ كەوتونەتە گیانى ئازادى خواهان و ڕۆژنامەو گۆڤارە ئازادو ئەهلیەكان. ئێوە لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژیەكەى ئەمڕۆتان بە هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆو براكوژى دواى ڕاپەڕین وڵاتتان برد بەرەو بەستەڵەك و جامدى عەقڵ و ڕۆح و كەس جگە لە بیركردنەوەى ئەو دووەتان نەیئەوێراو نەیئەزانى بیربكاتەوە، كۆمەڵگاو وڵاتتان برد بەرەو بەستەڵەكى عەقڵ و دەریاى خوێن ئەوەى پێى بوترێت زەین و چاو یان هۆكارى بینین ئێوە هەموویتان كوێر كرد یان لە خۆشەویستى و دەروێشى ئێوەوە خۆیان كوێر كرد. بەڵام خۆشبەختانە لەساڵى 2001 یەكەم ڕۆژنامەى ئەهلى (هاوڵاتى) هاتە ناو ڕاگەیاندنى كوردى و پاشان بەدوایدا لڤین و ئاوێنە ئەم ڕاگەیاندنانە من ناویان دەنێم چاوى چەپى كۆمەڵگا واتە لە دواى ساڵى 2001ەوە كۆمەڵگاى كوردى چاوێكى هەیە پێى بڕوات بەڕێوە كە ئێوە پێتانخۆش نەبوو بیبێت. لە 25/7/ 2009ش چاوى ڕاستى كۆمەڵگا (ئۆپۆزیسیۆن) دەركەوت دواكەوتنى ئەم چاوە ئەكرێت بخرێتە ملى یەكگرتووى ئیسلامى چونكە ئەوان ئەو كاتەى پێویست بوو ئەم دەورەیان نەگێڕا ئیتر لە شەرما،ترسا یان نەیانەویست بەرژەوەندیە نامەشروعانەكانى پارتى و یەكێتى بخەنە مەترسیەوەو خۆشیان بخەنە مەترسیەوە چونكە وەڵامدانەوەى ئەم دوو حیزبە وەڵامى مافیایى و ترسناكن بۆ هەر كەسێك پرۆژە مافیایەكانیان بخاتە ژێر پرسیارەوە. سەرۆك وەك دەردەكەوێت لە ڕاگەیاندنەكانەوە ئێوە لیستى ئەو ڕۆژنامەنوسانەتان هەبووە كە ویستوتانە پاكتاوى فیزیكیان بكەن كە هەندێكیانتان تیرۆركرد بەهۆى نالەبارى موقعى جوگرافیەوە ئێوە سەركەوتن لە جێهێنانى مەرامە نانیشتمانیەكانتان و خوێنى بە ناحەق ڕژاوى ئەوانیش چوە ڕووبارى خیانەتەكانى ئێوەوە، وەك سۆرانى مامە حەمەو عبدالستار تاهیر شریف. بەڵام هەندێكتان بۆ نەچووە سەر وەك تیروركردنى أحمد میرەى سەرنوسەرى لڤین بەڵام تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان بەجارێ دەمامكى ئێوەى لاداو ڕووى ڕاستەقینەتان بۆ خەڵكى دەركەوت. ئیستا كە ئێوە كەوتونەتە تۆماركردنى دەعوا لەسەر گۆڤارو ڕۆژنامەى ئەهلى و خەڵكانى سەربەخۆ لەبەر ئەوە نیە كە ئێوە بڕواتان بە یاسا هەیە بەڵكو لە تیرۆركردنى سەردەشت عوسمانەوە بۆتان دەركەوت كە كوشتنى ڕۆژنامەنوسان پاروویەكى ئاسان نیە. بۆیە ئەتانەوێت بەو یاسانەى كەبەس دەتوانێت ئێوە بپارێزێت و خەڵكى كۆت و دیل بكات هەموو گۆڤارو ڕۆژنامەو ئازادیخوازان دەمكوت بكەن و پاشانیش لافى سەروەرى یاسا بەسەر خەڵكدا لێبدەن. سەرۆك بەهۆى ئەو كردەوانەى حیزبەكەت كردوونى لە كوشتن و دەمكوتكردن پێشبینى ئەوە دەكرێت كە حیزبەكەت لە هەڵبژاردنى داهاتوودا شكستى گەورە بهێنێت تەنها تكام لێت ئەوەیە كە پەنا بۆ تەزوویرو تۆقاندنى خەڵكى مەبە چونكە ئەوەى دەمێنێتەوە ئەو نەتەوەیە ناوى كوردە نەك بەرژەوەندى حیزب و عەشیرەت ئەمانە ناتوانن جێگەى بەرژەوەندى نەتەوەى بگرن. ئیتر سوپاس..............
 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە