کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مردن لە ژێر سایەى دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكاندا.. پێشكەشە بە گیانى پاكى سەردەشت عوسمان

Wednesday, 04/05/2011, 12:00







ڕێڕەوى ژیان هەروا بەردەوام دێت و مرۆڤەكان ئەبەخشێت بە زەمینى ئەم هەسارەى كە هەندێك مرۆڤ ئەتك و كاولكارییان بۆ هانیوە بە دیارى و هەندێكى تریش ویستویانە بەر بەم مرۆڤە هەڵپەخوازو هەڵپەدارانە بگرن و ڕێگەى ڕاستەقینەى مرۆڤایەتیان پیشانبەنەوە، بەڵام لەم نێوانەدا ئەم مرۆڤە چاكەخوازو هۆشیارانەش كەوتونەتە بەر ڕق و دیكتاتۆریەتى ئەم هەڵپەبازانەو بوون بە سیمبولى سەردەم و مێژوو. بەڵام ئەبێت چى بەسەر ئەو مرۆڤە هۆشیارانە بێت كە لە نیشتمانێكدا ئەژین كە دەسەڵاتێكى تۆتالیتارو هەواڵگرى وەكو مێگەل بەڕێوەى ببات و هەرچى ئەو وتى، هەر ئەوە ئاقارو تەوژم بێت. بێگومان بە كوشتن و تیرۆركردنیان ئەوان لە زەین و ئاوەزى ئەو مێگەلەدا لە خیانەتكارو تیرۆرستێك و جەردەیەك زیاتر نییە. بۆیە هەردەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرو خوێنمژەكان گرەوییان لەسەر بە جاهیل هێشتنەوەى مرۆڤ و تەواوى كۆمەڵگا كردووە، چونكە ڕوون و ڕەوان بووە لایان كە هۆشیار بوونەوە چۆن ئەوان ئەنێرێت بەرەو هەڵدێرى ئاوابوون. مرۆڤ لە وڵاتانى عەرەبیدا چەندین ساڵە بە ناوى دوژمنى دەرەكى و دوژمنى زایۆنى بێ ئیرادەو بێ كاریگەر كراوە، واتە هەرگیز مرۆڤ لە وڵاتانى عەرەبیدا باوەڕى بەوە نەما بوو ڕۆژێك بتوانێت ئیرادەى خۆى دەربخات و خۆى پیشانى دنیاى دەرەوە بدات و بیسەلمێنێ هەر سەرۆك لەم وڵاتەدا نییە كە خەریكى بازرگانیە. بەڵكو ئەویش مرۆڤێكى بە ئیرادەو كاریگەرە و لەم وڵاتەدا ئەژى. بەڵام سەرۆك منى والێكردووە كە خۆم نەناسم و خۆم ونبكەم. بەڵام لە چركە ساتێكدا (محمد بوعزیزى) یەك لە شارى (سیدى بوزەید)ى تونسیەوە، بەو گڕەى لە خۆى بەردا لە تاو هەژارى و نادادى. بووبە گڕێكى گەورەو عەرشى هەموو دیكتاتۆرەكانى گرتەوەو هێدى هێدیش هەڵیانئەدێرێت. ڕەنگە ئەم گەنجە ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان دەنگى بگەشتایەتە (زین العابدین بن على) چەندین ڕێگە چارەى گرنگى پێ بووتایە تاكو ئەم مەترسی ڕووخان و ڕاپەڕینە نەیگرێتەوە بەڵام، ئیدى دیكتاتۆرەكان تا مەتافێك گوێ ئەدەن، دواى ئەوە لە ناو گێلى و گەوجیا نوقم ئەبن و نازانن دوو گوێشیان هەیە، بۆیە ئەوان ئیدى وادەزانن كە كۆشكەكانى خۆیان بێدەنگ بوو هەموو دنیاش بەو جۆرە بێدەنگە.
سەردەشت عوسمان وەك سیمبولى تەواوى سەردەمەكان
سەردەشت عوسمان مرۆڤێكى جوامێر، لەسەردەم و شوێنێكدا دەركەوت كە لێوان لێو بوو لە ئەتككردنى ئەو مرۆڤانەى جیاواز لە بەرژەوەندى گروپ و خێڵێكى دیارى كراو بیرى بكردایەتەوە، سەردەشت نەیتوانى وەك هەموو كەس بیروباوەڕو دنیا بینیەكانى لە ناخى خۆیدا قوفڵ و سەرنگونكات لە ترسى مردن. بەڵكو ئەو شۆڕشگێڕانەو نەترسانە بەرەنگارى ئەم گروپە بووەو نوسینەكان و مردنەكەشى شاهیدن لەسەر ئەمە. شارەكەى ئەو شارێكى كۆڵۆنیاڵكراوى بەعس پارتى (خێڵى بارزانى) بوو، دەركەوتنى ئەو كەوتە دواى ڕووخانى بەعس بۆیە هەموو هێزى تۆقێنەرانەى هاوپەیمانەكەى (بەعس) لە پارتیدا كۆبووەوە، مردنە پڕ تراژیدییەكەى سەردەشتیش گەواهى ئەمە ئەدات، پارتى بە مردنى بەعس برینداربوو بۆیە وەك مارى بریندار قەپ بە دارو بەردا ئەكات.
ئەوەى لە هەمووى ترسناكترە ئەم پارتە كە هەژموونى خێڵێكى بەسەردا زاڵە تەواوى دەزگاكانى ئاسایش و دادگایان لەسەر خۆیان قۆرخكردووە، بۆیە دەبینین بەوەشەوە نەوەستان كە تیرۆریانكرد، بەڵكو تاوانى جۆراوجۆریشیان دایە پاڵ. سەردەشت لەسەر وشەو وتن تیرۆركرا بۆیە ئەو سیمبولى تەواوى مرۆڤایەتى و تەواوى سەردەمەكان و تەواوى مێژووە.
با بێینە سەر كۆمەڵگاى كوردى و شارە داگیركراوەكەى سەردەشت، وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا مرۆڤە هۆشیارەكان گومناو ئەبن یان ناوزەد ئەبن بە تیرۆرست، جەردە، ...هتد. ئەگەر لە كۆمەڵگایەكا بن دەسەڵاتێكى ستەمكار، وەك مێگەل ئاڕاستەى بكات. كوردستان هەر لە دواى ڕاپەڕینەوە بووە بە كۆمەڵگایەكى پارچەكراوو لەت لەتكراو بەهۆى سیاسەتى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارەوە كە لە بنەمادا كاریان بۆ دوو بنەماڵەو بۆ دوژمنانى كورد كردووە. ئێستاش خراپتر پارەپارە بووە بەهۆى پەیدا بوونى ئۆپۆزسیۆنەوە. لەم نێوەدا حیزبى كوردى چون سیاسەتى خێڵ و بنەماڵە دەیبا بەڕێوە بوارى ئەوەى بە مرۆڤى كورد نەداوە لەسەر بنەماى بیركردنەوەو پرۆژە ڕوو لە سندوقەكانى دەنگدان بكات. بەڵكو ئەوان لە جیاتى گشت بیریانكردۆتەوەو بڕیاریانداوە. لێرەوە ئیدى دەروێشگەلێكى سەیر بۆ ئەم بنەماڵەو سەركردە نەفامانە دروست ئەبێت كە جگە لە كاریزمایەكى ڕووكەش هیچ نابینێ. بۆ نموونە مەسعود بارزانى چەند ساڵ لەمەوبەر وتى : (ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر كوردستان، ئەوا ئەوانە لە دیاربەكرەوە شۆڕش هەڵئەگیرسێنن) بەڵام ئەمساڵ بۆ پێشوازى كردن لە ئەردۆگان هەولێرى دیل بە ئاڵاى توركیا داپۆشرا. دەروێشەكانى بنەماڵە یەكەم ئەبینن بەڵام ناپرسن ئەرێ دووەم بۆ وایە ؟ ئەم دەروێشانە لە هەولێرا هەر تەنها لایەنگرى ئەم حیزبە نین و بەس بەڵكو سەرتاپا شانەى جاسوسى و هەواڵگرین بۆیە هەولێر شارێكى داگیركراوەو دەزگاى جاسوسى و هەواڵگرى و قەمعى بۆ ماوە لە بەعسەوە بەڕێوەى ئەبات. لەم هەژموونە ترسناكە حیزبیەشدا هیچ كەس ناتواتێت باوەڕو متمانە بە كەسى تر بكات، ئەمەشە كە بووەتە هۆى ئەوەى كۆمەڵگاى كوردى لەسایەى ئەم سیستەمە حیزبۆكراتیەوە بەردەوام بەرەو لێكهەڵوەشان دەچێت. لەسەرو بەندى تیرۆركردنى سەردەشت عوسماندا ئەگەر كوردستان پۆست و ناوچەى سلێمانى و دەوروبەرى و ئۆپۆزسیۆن نەبووایە ئەوا ئەم تاوانە گەورەى پارتى كە بەرامبەر بە وشە و دەنگى ئازاد كردى وەك هەموو تاوانەكانى تر پەردەپۆش دەبوو بۆیان وەك نیشتمان پەروەرەكەى جاران دەمانەوەو ماسكەكەیان نەدەكەوتە خوارەوە. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە كە بڵێم هەولێر ڕازییە بە دیكتانۆریەتى پارتى و پارتیش وەك مێگەل لێیدەخوڕێت، نەخێر لە 31ى ئابەوە خەڵكی هەولێر ئەزانن كە داگیركراون، باشیش دەزانن كە دەزگاى هەواڵگرییەیەكانى پارتى تەواوى كوچەو كۆڵانەكانى ئەو شارەى داپۆشیوەو، هێزە سەركوتكەرەكەشى كە بەعس لە چاویا قوتابیە لە هەموو شوێنێك ئامادەیە. بۆیە بەبێ ئەوەى بمەوێت یەك دڵ لە هەولێر لە خۆم بیەشێنم دەڵێم ئەگەر سلێمانى و كوردستان پۆست و ئۆپۆزسیۆن نەبووایە ئەم ماسكە نەدەكەوتە خوارەوەو، ئەم حەقیقەتە روون نەدەبووەوە. بەڵام ئەو خۆپیشاندانە گەورەش كە بە چەند ڕۆژێك لە دواى تیرۆركردنەكەى لە هەولێر ڕوویدا، دەریخست كە پارتى هێزێكى ڕسواو بوودەڵەیە، ئەوەى هێشتویەتیەوە هێزو درۆو خیانەت و پارەیە. كۆتایى بەم بەشە بەم ڕستە ئەهێنم هیوادارم ئەوانەى لەم وڵاتا ئەژین بیر لەم ڕستە بكەنەوەو پاشان بۆ خۆیان بڕیار بدەن كە لە چ ڵاتێكى ترسناكدا ئەژین، ئەویش ئەمەیە : (هەموو مردنێك گوماناوییە لە سایەى دەوڵەتێكى هەواڵگرى، دیكتاتۆرى كە ماكینەیەكى ڕاگەیاندنى بە هێز بە دڵى دەسەڵات ڕووماڵ و ڕتوشیبدات)
پەیامى من بۆ شەهیدى وشەو جوانى و ئازادى سەردەشت عوسمان
سەردەشت گیان، تۆ ئارام بنوو ئەوانەى وا بڕوا ئەكەن كە تۆ مردویت، خۆیان شوێن سەرابەكانى مردن كەوتوون، نا سەردەشت گیان تۆ لە دڵى هەزاران گەنج و پیرى ئەم وڵاتەدا هەر ئەژیت و ڕۆحى یاخیگەرانەى خۆت لە هەمووماندا مانیفێست ئەكەى، سەردەشت گیان تۆ تەنها حیزبێكى بێ مۆراڵى تەنگەتاو تیرۆریان نەكردى، ئەوانەى تۆیان تیرۆر كرد، ڕۆحى خێڵ و ڕۆحى بەعس و ڕۆحى تیرۆرسازى جمهورى ئیسلامى و ڕۆحى جیاوازى نەخوازى میتى ئەتا تورك و پاراستنەكەى بنەماڵەى بارزانى و زانیارییەكەى بنەماڵەى تاڵەبانى بوو كە لە دەستە ڕەشەكانى ئەم حیزبەدا كۆبووەتەوە. ئێستاش هەر بەوەوە نەوەستاوە ، ڕۆحى بەلتەجیانەى حسنى موبارەك و مرۆڤ كوژانەى معەمەر قەزافى و على عبداللە ێالح و بەشار ئەسەدیشى كۆكردۆتەوە. ئەوەنیە هەر كەس ئەمڕۆ لە هەولێرە دیلەكەى تۆدا باسى خۆپیشاندان بكات چۆن بە چەقۆو حەربەو كێرد بەلتەجیەكانى سەرۆك تێى بەرئەبن. سەردەشت گیان تۆ زۆر بە گەورەى مردیت چونكە نیوەى فاشیەكانى دنیا لە تیرۆركردنى تۆدا بەشدار بوون. سەردەشت گیان تۆ ئەزانى بۆچى ئەو فاشیانە بەو جۆرە تۆیان بە ڕۆژى ڕووناك فڕاند، بۆ ئەوەبوو كە بە هەولێرو هەرچیشى تیایە بڵێن هیچ كەس قسە نەكات بەرامبەرمان ئەگینا سەردەشتتان بینى... . سەردەشت گیان دواى ڕۆشتنى تۆ لایەك لە هەولێر بەدەست ئەو بنەماڵەى كە تۆ عاشقى كچەكەیان بوویت ئەتك كران. هەموو هاوڕێكانت لێیاندرا، بەڵام ئەوان هەتا بێت سوك و ڕسوا ئەبن. سەردەشت گیان دواى تۆ هەموومان گریاین و شەزا ئەحمەدى شاعیرى عێراقى بۆى نووسیت : "ئەبوایە چاوەڕێت بكردایە تاكو هەموو ئەمانەت بزانیایە" هەروەها نووسیبویشى (هەموو پاڵەوانەكانى دەورى مێزەكان خاڵى نین لە غەدرو خیانەت) بەڵام ئاخۆ كێ ئەتوانێ چاوەڕێبكات، كە مرۆڤەكان لەم وڵاتەدا لەسەر شەقام و لەناو ماڵ و باخ و ترۆمبیلەكانا ئەتك ئەكرێت. غەدیرو خیانەتكارانیش زۆر بڕۆن و زۆر بكەن كۆتاییان ڕسوابوونە. ئیدى بۆ بارزانى بێت یان بۆ ێدام، بۆ عەرەب بێت یان بۆ كورد.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە