کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تكایە لێگەڕێ با سەرئێشەو سەرەتانەكانمان بنبڕ كەین بۆ/ دكتۆر فەرهاد پیرباڵ

Sunday, 27/03/2011, 12:00


بمانەوێت و نەمانەوێت كوردستانیش ئەو شەپۆلى گۆڕانە گرتیەوە، كە چاوەڕواندەكرێت زۆربەى وڵاتانى دیكتاتۆرو تۆتالیتار بگرێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ میدیایەك هەیە كە میدیاو ڕاگەیاندكارى حیزبیە ئەیەوێت واى ڕابگەیەنێت : كە نا ئەمە تەنها چەند كەسێكى كەمینەن و ئۆپۆزسیۆن مۆنۆپۆلى كردوون و ئاڕاستەیان ئەكات. ئەم ڕاگەیاندنە ڕێك بۆ ئەوە ئیش ئەكات سەرۆكەكەى لە خەوى خۆش خەیاڵى بەخەبەر نەیەنێت ڕێك وەك ئەوەى كە ڕووناكبیر فازڵ قەرەداغى لە هاوڵاتى نووسى (نا گەورەم هیچ نییە. ئەوە خەوە ئەیبینى) تۆ ببینە لە كفرییەوە تاكو تەقتەق، دكتۆر كەمال میراودەلى لە هەڵبژاردنى 25/7/2009دا زۆرینەى دەنگەكانى بە دەست هێنا كەچى جەنابى سەرۆك ئەڵێت ئەگەر 50هەزار كەس ناڕازى بێت ئەوا دەست لەكار دەكێشمەوە. ئەمە ڕێك ئەوەمان بۆ بەیاندەكات كە سەرۆك سوپایەك لە درۆزنى بەدەورەوەیە لە درۆ زیاتر هیچى دەرخوارد نادەن. ئەگەر سەرۆك پێشى وایە من هەڵەم فەرموو تەنها یەك ڕۆژ جەللادەكانت ببە دەرەوەى هەولێر. بزانە لەوێش ڕاپەڕین نییە؟.
ئا لێرا ئارەزوو دەكەم یەك نوكتەى ڕاگەیاندكارێكى پارتیتان بۆ بگێرمەوە پاشان بچمە سەر مەبەستى سەرەكى
پێشكەشكارى بەرنامەى [ئەمڕۆ (بەڕێز: عبدالوهاب) لەو بەرنامەى كە بەرپرسى لقى ڕانیەى پارتى داوەت كردبوو ویستى بڵێت سەرانى گۆڕان بەڵام لەبەر ئەوەى هەمیشە بە بوغزەوە باسى گۆڕان و سەركردەكانى دەكات لێى تێكچوو و ووتى : برادەرانى سەرى سو...................... . پاشان قسەكەى گێراوەو كردیە سەرانى گۆڕان. ئالەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەمانە تەنها پارەیە دەیانبەستێت بە ڕاگەیاندنەوە نەك دڵسۆزى بۆ سەرۆكەكەى سەرى سو.........
ئێمە با نیشانەى پرسیار لە سەر ڕۆشنبیرەكان دانێین، من وەك خۆم داوادەكەم لە سایتى كوردستانپۆستى شۆرشگێڕ كە فایلێك لەسەر ڕۆشنبیر بكاتەوە تاكو هەموو نوسەرانى بەڕێز دیدى خۆیان لەبارەى ڕۆشنبیرەوە بخەنە ڕوو. بۆچى؟ چونكە نوسەران و ڕۆشنبیرانى بەڕێز ڕۆژ دواى ڕۆژ خەریكن لە قازانجى دەسەڵات دەور ئەگێڕن.
لە سۆفیگەریدا دنیا بینیەكى جوان هەیە كە بەم جۆرەیە : (ناكرێت لەبەر ڕەوشتێكى ناشیرین كەلە كەسێكدا هەبێت ڕق لە تەواوى كەسێتى كەسێك هەڵبگیرێت، بەڵكو تەنها ڕق لەو ڕەوشتە ناشیرینەى دەكرێت).
با ئێمە ئەم ڕوانینە تەوزیف بكەینە سەر ئەتمۆسفێرێكى ئازاد. واتە چوارچێوەیەك كە ئازادى لەسەرو هەموو شتێكەوە بێت و ئەم ڕوانینە بەو جۆرە لێكدەینەو كە بڵێین : لەم ئەتمۆسفێرە ئازادەدا هەر كەس هەوڵى كڕینى ئازادى كەسێك بدات یان هەر كەسێك ئازادى خۆى بە كەس و گروپێك بفرۆشێت ئەوا ڕەوشتێكى ناشیرینى نواندووەو دەبێت سەركۆنە بكرێت. ئالێرەوە با قسەكانى د. فەرهاد پیرباڵ لێكبدەینەوە بزانین ئاخۆ ئەم بەڕێزە كە ڕِۆژانێك ئێمەى گەنجانى هاندەدا بۆ یاخى بوون چییە وا ئەمڕۆ بووە بە فریادڕەس و ڕزگارخوازى دەسەڵاتى مافیاو گەندەڵى كوردى. ڕەنگە هەندێك كەس ڕەخنە بگرێت و بڵێت : كەى لە كوردستاندا ئەو ئازادییە بەر فراوانە هەیە تاكو ئەمڕۆ كەسێك بە فرۆشتنى ئازادى خۆى تاوانبار بكرێت؟ منیش دەڵێم ڕاستە بەڵام كەسێك هەمیشە هاوار بكات بۆ ئازادى و تفكردن لە حیزب و دەسەڵات تەڵاقدان و .......هەزاران شیعارى ترى بەرز دەكردەوەو ئێمەى گەنجى هاندەدا تاكو لە دەسەڵات و حیزب و خێڵ یاخى بین. كەچى لە هەڵبژاردنى 25/7/2009 داواى دەكرد گەنجان دەنگ بە مەسعود بارزانى بدەن. كەچى كاتێك گەنجانى شارى كەلار كتێبەكانیان سوتاند خۆى بە ماف خوراو دەزانى، بەڵام ئا لێرەوە بۆى دەركەوت كە ئیتر بانێك و دوو هەواكەى بۆ عالەم كەوتە دەر. بۆیە ئالێرەوە پێیەوە دیار بوو كە چەندێك غەمبار بوو بەم مەسەلەیە. بەڵام ئەبێت بزانێت هۆكەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو ئەرزشى بۆ قسەكانى ماوەى پازدە ساڵى خۆى دانەنا. بۆیە گەنج تا یەك خاڵ لەدوات دێن لە جێگەیەكدا كە گەنج پێویستى بە تۆیەو تۆ پشتیان تێدەكەیت و ڕوودەكەیتە دەسەڵات ئیتر ئەم قسە زلانەى لە دوو توێى كتێبەكانتدان ئەبێت چ بڕیارێكى لەسەر بدرێت........؟!!!
د. فەرهاد لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ كەناڵى زاگرۆس دەیوت (داواى لێبوردن ئەكەم لە خوێنەران كە قسەكانم وەكو خۆى لەبەر نییە بەڵام هەوڵ ئەدەم مەبەستەكەى دكتۆر فەرهاد پیرباڵ تەواو دەربڕم) : (ئەگەر خوا لە دۆزەخ بمسوتێنێت ئەو وەزعە "مەبەستى خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەكەى سلیمانى"دەستى ئێمە بوو ئەو ڕۆشنبیرانەى كە ڕۆژانێك ڕەخنەمان لە دەسەڵات گرت و كەموكورتیەكانیمان خستەڕوو بۆیە ئەیانەوێت بارودۆخەكەش خۆیان هێورى كەنەوە). ئەگەر مرۆڤى هۆشیار لەمە بڕوانێت بۆى دەردەكەوێت ئەم قسانە هۆكارەكەى بۆ ئەوە دەگەڕبَتەوە كە خاوەنەكەى نەخۆشى هەیە لەگەڵ ئەو كەسانەى كە بوێرانە قسەى خەڵكیان كردو بوێرانە ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد. بۆ ئەم قسەشم بەڵگەم هەیە. با ئێستا بپرسین باشە نوسەرێك كە ڕۆژانێك ڕەخنەى لەم دەسەڵاتە گرت بۆ ئەمڕۆ قبووڵى نییە لەسەر ڕەخنەو تیۆرەكانى بزوتنەوەیەك بنیاد بنرێت و گەشە بكات؟ بۆ ئەم دكتۆرە فەزڵى خێڵەكیەكى وەكو مەسعود بارزانى دا بەسەر ڕۆشنبیرێكى وەكو دكتۆر كەمال میراودەلى؟ بۆ ئەم بەڕێزە ئەمڕۆ قبوڵى نیە خەڵك لەسەر تیزو تیۆرەكانى ڕێڕەوى ڕاپەڕین داڕێژن و هۆكارى سەرئێشەو سەرەتانەكەیان بنبڕ بكەن؟
بۆ ئەم پرسیارانە جوابێك ئەنووسم : بەڕاى من هۆكارى ئەمە هەمووى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەم بەڕێزە ڕۆژانێك گەنجێكى زۆر بە دەورییەوە بوون و قسەكانى بۆیان ئومێدى هەڵگرتبوو بەڵام ئەم نەیتوانى ڕاستگۆبێت لەگەڵ تێزەكانى خۆى بۆیە لەگەڵ دروست بوونى بزووتنەوەى گۆڕان ئەم بەڕێزە كە دى ئەو هەموو گەنجەى لێكۆبوەتەوە ئیتر پاشەكشەى كرد. بۆیە من پێى ەڵێم : تەنها تیۆرەكان و قسەكان بەس نین بەڵكو كردارەكان پێویستترن. پاشان ئەبێت بیشزانێت كە ئەمڕۆ هۆى چییە خوێنەرى گۆڤارو ڕۆژنامەكان لە چاو ساڵانى پێشوودا هێندە كەمبۆتەوە هۆكار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئیتر سەردەمى قسە بەسەر چووە بەڵكو سەردەمى كردارە. وە ئالێرا سایتى فەیسبوك و ویكلیكس زۆر لە تەوقیتێكى ورددا كەوتنە خزمەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتە داخراوەكان. ویكلیكس بۆ بڵاوكردنەوەى گەندەڵى دكتاتۆرەكان و فەیسبوكیش بۆ دروستكردنى ڕاى گشتى!.
بەڕێز فەرهاد پیرباڵ كە خۆى وتەنى دكتۆراى لە زانكۆى سۆربۆن هێنایتەوە وادەزانێت ئۆپۆزسیۆن هەر دەبێت لە دەستى چەند ڕۆشنبیرێكدا بێت و ئۆپۆزسیۆن هەر لەسەر شەقام بێت. بۆیە دواى دروستبوونى گۆڕان و بردنەوەى 25 كورسى، بابەتێكى نووسى لە گۆڤارى بەڵگە كە لە ژێر وێنەیەكدا كە بەسەر شانى گەنجێكەوە بوو نوسرا بوو (ئەمەیە ئۆپۆزسیۆنى ڕاستەقینە). ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كە نەخۆشى لەگەڵ ترسنۆكى خۆیدا هەیە كە زوو نەیتوانى گەنجان لەدەورى خۆى كۆبكاتەوە، تازە كار لەكاریش ترازاوە گەنج زۆر باش ناسیان.
# مێژووى هەولێر لە 31/ئابەوە دەست پێدەكات
ئەمەى سەرەوە هەموومان ئەزانین قسەى فەرهاد پیرباڵە لە چاوپێكەوتنەكەى كەناڵى زاگرۆسدا، ئەم بەڕێزە بەم قسەى گەورەترین سوكایەتى كرد بە مێژووى هەولێر چونكە ئێمە ئەزانین یەكێك لە ساتە مێژووییەكانى هەولێر بریتییە لە بەزاندن و تێكشاكاندنى سوپاى هۆلاكۆ كە تائێستەش هەولێر بە(هۆلاكۆ بەزێن) ناودەبرێت. بەڕێز فەرهاد پیرباڵ، ئەم قسەى بۆیە كرد چونكە پارتى لە دواى 31/ئابەوە چەند شەقام و پاركێكى باشیان كردووە. بەڵام لە بەرامبەردا دكتاتۆریەتێكى لە بەعس بانتر هەولێرى كۆنترۆڵكردووە. لە هەولێردا حوكمى هەواڵگرى و ترس و تۆقاندن كاردەكات. هەردەمێك لە هەولێرو كوردستانیشدا بەگشتى ئەگەر دەسەڵاتى حیزب هەڕەشەى لەسەر نەبوو ئەوا خۆشترین ئاسایش ئامادەییە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتى حیزبى كەوتە مەترسیەوە ئەوا وەك ئەمڕۆ هیچ كەس لە ماڵ و ژیانى خۆى دڵنیانابێ. ئەمڕۆ ئەگەر تەماشا بكەین ڕاپەڕینى گەنجانى سوریا یەكسەر سوتاندنى چەندێن دەزگاى حیزبى و حوكمى لێكەوتەوە. هۆى ئەمە بۆچى دەگەڕێتەوە؟ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى كە سەركوتكردن و ترساندن لە سوریاى بەعسى لە ڕادەبەدەر ترسناكە و هیچ دەلاقەیەك بۆ ئازادى و خاڵیكردنەوەى توڕەى خەڵك نییە. بۆیە یەكەم هەنگاو بەزەبرو گورچك بڕە بۆ هەموو دیكتاتۆرێك. ڕێك وەك یاساى سێیەمى ئیسحاق نیوتن كە دەڵێت : (هەموو كارێك كاردانەوەى هەیە لە بڕدا یەكسان و لە ئاڕاستەدا پێچەوانە). لە هەلێریش ئەبێت پارتیش و فەرهاد پیرباڵیش چاوەڕێبن ئەم یاسا فیزیاییە ها لە ئان و ساتدا هەولێر ئەتەنێت. وە دوور نییە هەموو ئەو پرۆژانەى پارتى كردویەتى توشى تێكشان نەبێت بەدەست گەنجانى توڕەو بێ ئازادى.
داواكارییەك لە كوردستانپۆست/ داواكارم فایلێك یان ڕۆژێك دابنێن بۆ بڵاوكردنەوەى بابەت لەسەر ڕۆشنبیر بۆ ئەوەى هەموومان بتوانین دیدى خۆمان لەم بارەوە دەربڕین چونكە ناكرێت خەڵك بەقسەى زل و باق و بریق گەنج هەڵخەڵەتێنێ و خۆى لە باوەشى دەسەڵاتدا تەڕاتێن بكات.
24/3/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە