بەڵێ، ژینگەى كوردستان مەترسیدارە...
Monday, 07/02/2011, 12:00
خوایە وەتەن ئاواكەى ***** چەند دڵگیرو شیرینە
دەشتى خۆش و ڕەنگینە ***** ئاوى كەوسەرە خاكى گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە
بەڵام ئێستا نیشتمان پڕ لە دوكەڵى سەیارەو كارگە نا شەرعیەكان، پڕە لە دەبە و قوتوو شوشەى بیرەو خواردنەوە غازییەكان، پڕە لە دەبە و پلاستیكى ماست و دۆى ئێرانى و توركى كە ڕاستەوخۆ هۆكارى شێرپەنجەن، پڕە لە لایلۆن و عەلاگەى ڕەش و ڕەنگاو ڕەنگ. ئەم پاشا گەردانیەى كوردستان كە لەڕووى ژینگەوە توشى بووە وەك هەموو لایەنەكانى تر هۆكارەكەى یەكەم جار دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتى حیزبۆكراتى و حسابنەكردن بۆ كەسانى شارەزا دووەمیش بۆ قورسى بارى ژیان و نا شارەزاى خەڵك لە بەرامبەر ژینگەو دوژمنەكانى. دەسەڵاتى كوردى لە چركە ساتى ڕاپەڕینەوە تاكو ئەمڕۆ پلانێكى نەبوو بتوانێت یەك مانگ لەسەرى بەردەوام بێت، نە خوازمە ساڵ و دووان. ئەم دەسەڵاتە هەرچى دەكات بۆ ئەوە دەیكات كە مرۆڤى كورد بیر نەكاتەوە لە بەها مرۆییەكان و ئازادى و دادپەروەرى و كەرامەتى مرۆڤـ . بەڵكو ئەیانەوێت مرۆڤى كوردى و كۆمەڵگاى كوردى هەمیشە دنیایەك پێداویستى هەبێت ئەمەش وا دەكات بەردەوام خەڵكى بە ئومێدى دابینكردنى پێداویستیەكانەوە بژین كە خۆى لە ڕاستیدا ئەو ئومێدە جگە لە دۆریەك هیچى تر نییە. بەڵام چاوى دڵى هاوڵاتى كوردى فەقیرەو ناتوانێت ببینێت كە ئەم كەشكۆڵە ئومێدەى ڕۆژانە گوێى بۆ ڕائەدێرێت كەشكۆڵێك درۆیە. دەسەڵات بەم سیاسەتە ئەیەوێت مرۆڤى خاوەن كەرامەت دروست نەبێت ، بەڵكو مرۆڤێكى ئەوێت كە بەردەوام بۆ بچوكترین پێداویستى داوا لەو بكەن و پەنا بۆ ئەو ببەن تاكو بەردەوام وێنەیەكى یەزدانیانەى خۆیمان پیشان بدات. ئەوان ئەیانەوێت ئێمە هەمیشە بە شوێن ئەوانەوە بین. ئەو دەسەڵاتەى كە مرۆڤی خاوەن كەرامەت و ئازاو ئازاد دروست دەكات چاوەڕێى خەڵك ناكات بێت داواى لێبكات، بەڵكو خۆى دەڕوات لە خەڵك دەپرسێت چ پێویستیەك هەیە.
با ئێمە چەند نموونەیەك باس بكەین لەبارەى پلانى حكومەتەوە، كە ئەگەر حكومەت پلانى هەبووایە دەمێكە چارەسەر ببوون. كێشەى كارەبا ئەگەر دەسەڵاتى كوردى بۆ ماوەى چوار ساڵ بە جدى كارى تێدا بكردایە ئێستا كێشەى كارەبا وەك دە ساڵ پێشتر نەدەبوو. یان كێشەى گۆڕینى سیستەم و مەنهەجى خوێندن، لە ڕاستیدا ئەم گۆڕینە پێویستى بە پلانێكى درێژ بوو نەك بە چوار ساڵ هەموو مەنهەج بگۆڕیت و سیستەمى سویدى بێنیت بۆ ناو كۆمەڵگاى كوردى تا ڕادەیەك خێڵەكى. گۆڕینى مەنهەج بەلاى كەمەوە 12 ساڵى دەویست نەك بە یەك ساڵ (پۆلەكانى 1، 2 ، 3، 4 ى سەرەتایى و 1و 2ى ناوەندى و 4 و 5 ى ئامادەیى بگۆڕیت) وە (ئەم ساڵیش 4و5ى سەرەتایى و 3ى ناوەندى و 6ى ئامادەیى گۆڕا كە پڕە لە هەڵەى زۆر ئابڕوبەر لە كاتێكدا ئەم پۆلە [6] دیارخەرى مەسیرى خوێندكارە) [هەروەها لەگەڵ ئامادەكارى پێشتر بۆ ئەم گۆڕانكارییە لە ڕووى بیناى پێویست و كادیرى پەروەردەیى] كە ئەم پەلە پەلە واى كرد زۆربەى مەنهەجەكان پڕن لە هەڵەى زانستى زۆر گەورەو ئابڕو بەر، ئاخر دەسەڵاتى كوردى هەر دەڵێت بودجە نییە. دەى دەبێت یەك بودجەیەكى زەبەلاحى تر ئامادە بكات بۆ كۆمپانیاى جیوبرۆجكستى لوبنانى بۆ دووبارە راِستكردنەوەو چاپكردنەوەى ئەم پەرتوكە پڕ هەڵەو بێ ناوەڕۆكانە. وە من پێموایە پەلەكردن لەم كارەدا دەگەڕێتەوە بۆ موشتاقى وەزیرى پێشو تا ئەو كتێبە بەرگ جوانانە ببینێت. هەتاكو ئەو چوار ساڵەى لە وەزارەتى پەروەردایە، بۆ ئەوەى ئەویش هەندێك قسەى چوارگۆشەى پێ بێت بۆ ئەم خەڵكە داماوە.
كەواتە دەسەڵاتى كوردى بۆ هەر گۆڕانێك كە بیەوێت بیكات یان زۆر پەلەیە یان بە خێراى كیسەڵ دەڕوات ئەمەش بەڵگەیەكى ڕوونە لەسەر (كەسى نەشیاو لە شوێنى هەستیار) ئەم جۆرە كاركردنەش وا دەكات كە هیچ لە پێداویستیەكانى خەڵك بە تەواوى بنبڕ نەبێت و هەمیشە خەڵك بە گشتى هەموو كێشەیەكیان هەبێت وەكو پەروەردە، تەندروستى، كارەبا، هاتووچۆ، ژینگە، ......هتد.
با ئێستا بێینە سەر باسى ژینگەى كوردستان، ئەگەر چى باسكردن لە ژینگە پێویستى بە كارى مەیدانى هەیە بەڵام من بە قەبارەى ئەو زانیارییانەى كە هەمە باسێك لەم بارەوە دەكەم كە چاكەو وروژاندنى بابەتەكە دەگەڕێتەوە بۆ بابەتەكەى بەڕێز كاك ئازاد فایەق محمد بەناوى (ژینگەو ژیانى سلێمانى لە مەترسیدایە)
ئەو هۆكارانەى ژینگە پیس دەكەن
- ئۆتۆمبیل : بازرگانى ئۆتۆمبیل لەم وڵاتەدا وەك هەموو كایەكانى تر بەدەست چەند بەرپرسێكى حیزبییەوەیە، هیچ كەس ناتوانێت چاودێرییان بكات كە سەیارە زۆرەو شەقام و ژینگەكانى كوردستان بەرگەى ناگرێت بەڵكو باخەڵى خۆیان لەسەرو هەموو شتێكەوەیە. چۆن خۆراكە پڕ مەترسى و ئێكسپایەرەكان كوردستانى ژەهراوى كردووە، ئاواش شەقامەكانیان پڕ كردووە لە ئۆتۆمبیلى بێ مەرجى تەندروستى و ژینگەیى.
ئۆتۆمبیل زۆربەیان بۆ كاركردن و ڕۆشن بوونیان بەنزین و هەندێكیشیان گاز بەكار دێنن سوتاندنى ئەم شلە سوتەمەنیانەش پێویستى بە گازى ئۆكسجین O2 هەیە بۆ سوتان. بە سوتانى سوتەمەنى ئۆتۆمبیلەكان چەند جۆرێك ماددەى زیان بەخش فڕێ دەداتە هەواوە كە ئەوانیش دوانۆكسیدى كاربۆن CO2 ، یەكەم ئۆكسیدى كاربۆن CO ، دووەم ئۆكسیدى نایترۆجین NO2 یەكەم ئۆكسیدى نایترۆجین NO و دووەم ئۆكسیدى گۆگرد SO2 لەگەڵ دەرچوونى چەند تەنۆكەیەكى وردى ترسناك. با پێش ئەوەى باسى هەریەك لەم ماددانە بكەین بزانین ڕێژەى سەیارە لە كوردستاندا چۆنە؟ بە پێى بابەتێك بە ناونیشانى (شەقامەكانى هەرێمى كوردستان بە ئۆتۆمبیل خنكێنراون) لە پێگە ئەلكترۆتى (المدى) لە بەروارى 15/2/2010 واتە نزیكەى ساڵیك پێشتر كە ئەمیش لە ئاكانیوزى وەرگرتووە دەڵێَت : [ ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە پارێزگاى هەولێر لە (83) گەڕەك پێكهاتووەو ژمارەى دانیشتوانیشى (807000) كەسە، ژمارەى ئۆتۆمبیلە تۆمار كراوەكانیش لە بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆ بەم شێوەیە : (144000) ئۆتۆمبیلى تایبەت،(72284) بارهەڵگر، (33411) تاكسى، (4047) ئۆتۆمیلى كشتوكاڵى، (2790) پیشەسازى و (6007) مۆتۆڕ سكیل. ئەمە جگە لە ئۆتۆمبیلى حكومى و ئەوانەى لە پاریزگاكانى ترى عێراقەوە هاتوون.] كە كۆى هەمووى دەكاتە (262539) ئۆتۆمبیل. بەم پێیەش لە پایتەختدا هەر سێ كەسێك و یەك ئۆتۆمبیلى بەر دەكەوێت. بێگومان ئەم ڕێژە ئێستا زۆرى كردووە بەو پێیەى كە لە سەرەتاى ڕاپۆرتەكە دەڵێت :[ بەردەوام ئۆتۆمبێل دێتە ئەم دیوا بە هەموو جۆرو قەبارەیەك بێ ئەوەى هیچ چاودێرییەكى لەسەر بێت] بێگومان ئەمیش ئەبێت وەك ماددەخۆراكیەكان كە دێن كەس دەس نەخاتە ڕێیان چونكم بەرپرسى زلى لە پشتە. ئەكرێت ئاماژە بەوەش بدەین كە ڕێژەى سەوزایى لە هەولێردا (2%) ە. یەك دارى سەوز ساڵانە دەتوانێت (90 كگم) گازى دووەم ئۆكسیدى كاربۆن لە شانەكانیدا كۆدەكاتەوە، نزیكەى (نیو كگم) ئۆزۆنى زەمینى و (یەك كگم) لە دووەم ئۆكسیدى گۆگردو نایترۆجین. كەواتە درەخت دەورێكى گرنگى هەیە لە پاكردنەوەى ژینگەدا. بڕى ئەو درەختانەى لەسەر یەك دۆنم زەوى دەتوانێت هەموو ئەو دوانۆكسیدە بمژێت كە ئۆتۆمبیلێك لە 28كم ڕێكردندا دەیبڕێت. درەختێكى تەواو گەشە كردوو دەتوانێت ئۆكسجینى 4 كەس لە ڕۆژێكدا دابین بكات، بەڵام یەك ئۆتۆمبیل ئەتوانێت هەمووى لە ماوەى یەك خولەك كاركردندا بسوتێنێت.
1. دوانۆكسیدى كاربۆن CO2 : ئەم گازە لە بنەڕەتدا ئەبێت ڕێژە سروشتیەكەى (310ppm) بێت. بەڵام ئێستا لە جیهاندا ئەم ڕێژەى تێپەڕاندووە و گەشتۆتە (455ppm) ئەم ڕێژەش لەو وڵاتانەدا دیارى كراوە كە تاڕادەیەك ڕێژەى سەوزاییان لە ئاستى ستانداردایە، بەڵام لە كوردستانى ئێمەدا كە بە دەیان جار ڕێژەى سەوزایى لە ژێر ئاستى ستانداردەوەیە ئەبێت ڕێژەى ئەم گازە لە چەندا بێت ؟ ئەم گازە یەكێكە لەو گازانەى كە دەبێتە هۆى دروستكردنى شوشەبەندە سەوزەكان. واتە گەرمبوونى جیهانى Global worming دروست دەكات كە ئەمە كێشەیەكى لە ڕادەبەدەرى ئەمڕۆ بۆ جیهان دروستكردووە كە خۆى لە گۆڕانكارى خێراى كەش و هەوا دەبینێتەوە لەگەڵ دروست بوونى لافاوى زۆر زیاناوى گەورە، بۆ نموونە وەك ئەو لافاوەى لە عەرەبستانى سعودیدا ڕوویدا كە لە مێژوودا شتى وا لەو بیابانەدا لە نوكتە ئەچێت. زیانە تەندروستیەكانى ئەم گازە ئەوەیە كە دەبێتە هۆى تەنگە نەفەسى و خنكان و یەكگرتن لەگەڵ هیمۆگلۆبینى خوێندا لە هەمان كاتیشدا كارلێكى ئۆكسجین لەگەڵ هیمۆگلۆبینى خوێندا كەم دەكاتەوە.
2. یەكەم ئۆكسیدى كاربۆن CO : ئەم گازە تواناى یەكگرتنى لەگەڵ خڕۆكە سورەكانى خوێندا زۆر خێراترە لە ئۆكسجین لەو شوێنەى كە بە ڕێژەیەكى بەرز هەبێت. كە ئەمەش بە بەراورد بە شەقامە تەسك و بێ ڕووەكەكان و پڕ سەیارەكانى كوردستان ئەگەرى ڕوودانى زۆر بەرزە. ئەم گازە لەبەرئەوەى بێ بۆن و بێ ڕەنگ و بێ تامە هەستى پێناكرێت تاكو لە ناكاودا هەست بە بێزارى و داهێزران دەكەیت، ئەگەر ڕێژەى هەڵمژینى زۆربێت لەلایەن هەر كەسێكەوە ئەوا دەبێتە هۆى تێكدانى شانەكان و مردنى كوت وپڕ.
3. ئۆكسیدەكانى نایترۆجین و گۆگرد NO, NO2 , SO2 : ئەم گازانە هەموویان بە خێرایى لە ئاودا ئەتوێنەوە، وە بە هەڵم بوونى ئاو ئەو هەورەى لێی پێكدێت كە ترشە باران دەبارێنێت كە زیانى بۆ ڕووەك و ڕووكارى باڵەخانەكان و ژیانى زیندەوەرانى ئاوى هەیە، سەرەڕاى ئەوەش لە هەوادا لەسەر كۆئەندامى هەناسە زیانى زۆریان هەیە.
4. ئۆزۆنى زەوینى O3 : ئۆزۆن یەكێكە لە پێكهێنەرەكانى بەرگە هەوا كە دەكەوێتە ناو چینى ستراتۆسفێرى بەرگە هەواوە ئەم بەرگە هەواییە هەڵدەستێت بە مژین و لەناوبردنى تیشكە سەرو وەنەوشەییەكان (UV). ئەم گازە لەسەر ڕووى زەوى دروست دەبێت لەو كاتەى كە ئەگزۆزى ئۆتۆمبێلەكان و دوكەڵكێشى كارگەكان بڕێكى زۆر پاشماوە بەرەڵاى ناو هەوا بكەن. وە لە ئەنجامى كارلێكى تیشكى خۆر لەگەڵ ئەم پاشماوانەدا ئۆزۆنى زەمینى دروست دەبێت. كە یەك چینى ڕەش دروست دەكات بەسەر شارەكانەوە بە چڕ بوونەوەى ئەم تەمە ڕەشە و نزمبوونەوەى بە دەیان قوربانى دەخاتەوە. وەك ئەوەى كە لەساڵى 1952 دا لە لەندەن ڕوویداو لە چوار ڕۆژدا (5000) هەزار كەس گیانى لەدەستدا. ئەم تەمە ڕەشە كە پێى دەوترێت ئۆزۆنى زەمینى لە ئێستادا بەسەر شارەكانى سلێمانى و هەولێرەوە لە بەیانیاندا دەبینرێت.
5. گروپى PM2.5 : ئەم ماددانەش لە ئەگزۆزى ئۆتۆمبیلەكانەوە دەردەچن. كۆمەڵێك ماددەن كە تیرەیان لە نێوان (2.5) تا (10) مایكرۆمترە، لە ئەنجامى هەڵمژینى هەوا ئەم ماددانە لە ڕیگاى لوتەوە دەچنە سییەكانەوەو دەلكێن بە شانەكانى سی دا، كە دەبێتە هۆى تەنگەنەفەسى و ئازارێكى زۆر و پاشان مردن.
6. ماددە كاربۆنیەكان HC : ئەم ماددەش بە هەمان شێوە لە سوتەمەنى ئۆتۆمبیلەكانەوە دەردەچێت، بەشێكى ئەم ماددە هۆكارى توش بوونە بە شێرپەنجەو بەشێكیشى كێشە بۆ كۆئەندامى بینین و هەناسەدان دروست دەكات.
لە هەمووشى ترسناكتر زۆربەى بەنزینەكانى كوردستان یان لە كاتى پاڵاوتندا گزى تێدا دەكرێت و ئۆكتانەكەى نزم دەكرێتەوە یان لە وێستگەكان ماددەى ترى تێكەڵدەكەن وەك (ئاو) ئەمەش كێشە لە سوتانیدا دروست دەكات. جا بۆ چارەسەركردنى ئەمەو خێرا سوتانى ماددەى قوڕقوشمى تێدەكرێت كە كانزایەكى زۆر قورسە، ئەم ماددە ڕاستەوخۆ كاریگەرى لەسەر كۆئەندامى دەماخ دەبێت و دەبێتە هۆى لە بیر چوونەوە. هەروەها زۆر ئاسان كار لە مناڵ دەكات.
- سپلیت و مەعتتەر : ئەوەى كە لە هەموو شتێك زۆرتر و هەرزانترە لە كوردستاندا و لە هەموو جێگەیەك دەست دەكەوێت مەعتتەرەكانە بە هۆى زۆرى و هەرزانیان لەسەر عارەبانەكان بۆ خۆم گومانم وایە كە بەبێ تێپەڕبوون بە هیچ فلتەرێكى كوالیتى كۆنترۆڵدا دێن. هەروەها شتێكى دیكە سپلێتەكانە، كە بەرپرسەكان بۆ خۆشگوزورانى خۆیان یان بە هۆى بازرگانیە بێ چاودێرییەكانیانەوە هێنایان، بەڵام بێ ئەوەى گوێ بەوە بدەن كە ئەم ئامێرە بۆ ئەو كارەبا 24 كاژێرییەى كوردستان نابێت بەڵكو بۆ یابان باشترە! . ئەم دوو شتە هەردووكیان ماددە فریۆنیەكانیان (CFC) (كلۆرۆ فلۆرۆ كاربۆن). ئەم ماددانە هەڵدەستن بە تێكشاندنى چینى ئۆزۆن بە كارلێك كردنى نێوان گەردى ئۆزۆن لەگەڵ كلۆردا ئەبێتە هۆى تێكدانى سیستەمە پارێزەرەكى زەوى كە یەك گەردیان ئەتوانێت 100000 گەردى ئۆزۆن تێكبشكێنێت. بەمەش كردارى كون بوونى ئۆزۆن ڕوودەدات و ئیتر پارێزراو نابین لە تیشكە زیان بەخشەكانى سەروو وەنەوشەیى (ئەم كردارە لە ڕووى كارلێكە كیمیاییەكەیەوە تا ڕادەیەك ئاڵۆزە بە پێویستم نەزانى باسى بكەم) ئەمە سەرەڕاى ئەوەى ئامێرى سپلێت لە هاویندا هەوایەكى زۆر گەرم دەكاتە هەواوە كە ڕاستەخۆ كاریگەرى هەیە لەسەر زیاتر بەرزكردنەوەى پلەى گەرمى و كەمكردنەوى ڕێژەى شێ لە هەوادا. ئیدى خوێنەرى بەڕێز خۆى دەتوانێت بیر بكاتەوە لەماوەى ئەو چەند مانگەى هاویندا چەند سپلێت لە كوردستاندا كاردەكات؟! ئەمەیە ئەقڵیەتى حوكمدارى كوردى.
- كارگەكانى دەوروبەرى شارەكان : ئەم كارگانە بۆ كاركردنیان زۆربەیان سوتەمەنى نەوت بەكاردێنن. واتە ئەمانە ئۆكسیدەكانى گۆگرد و نایترۆجین زۆردەكەن لە هەوادا كە كاریگەریشى هەیە لەسەر دروستكردنى ترشە باران وەك باسمانكرد. بەڵام لەلایەكى ترەوە ئەم كارگانە هەرسێ ڕگەزەكەى ژینگەیان پیسكردووە (هەوا ، ئاو ، خاك) دوكەڵ كێشەكانیان هیچ مەرجێكى ژینگەیى و تەندروستیان بەسەردا نەدراوە، چونكە زۆربەیان یان هى حیزبن یان پیاوى حیزبیان لە پشتە! دووەمیش هەموو پاشەڕۆ شلەكانیان دەكەنە سەر چەمەكان و بە زۆرى تێكەڵ بە دەریاچەى دووكان و دەربەندیخان دەبن، پاشماوە ڕەقەكانیشیان بە دەورى خۆیانداو لە ناو زەوییە كشتوكاڵیەكاندا فڕێى دەدەن. ئیدى هەموومان دەبینین دوكەڵكێشى ئەم كارگانە چۆن تەم و مژو غوبار بڵاو دەكەنەوە بەسەر شارەكاندا. كە ڕاستەوخۆ كردەى هەناسەدان ئاستەنگ دەكات. هەروها گروپى PM10 كە تەنۆچكەى زۆر تیرە ورد بەرهەم دێنن، كە تیرەیان لە 10مایكرۆمتر كەمترە ئەمانە سەرەڕاى ئاستەنگ كردنى هەناسەدان بەگشتى و بە تایبەتى و ترسناكتر بۆ ئەو كەسانەى كە ڕەبۆ یان تەنگە نەفەسیان هەیە، ئاسۆى بینینیش كەمدەكاتەوەو تەم و غوبار بەسەر شارەكاندا بڵاو دەكەنەوە. ئەم كارگانە بەتایبەتى ترسناكن بۆ ئەو گەڕەكانەى كە نزیكن لێیانەوە. زۆربەى خەڵكى ئەم گەڕەكانە توشى نەخۆشى دەكەن، وەك ئەو گوندەى كە لە نزیك كارگەى چیمەنتۆى تاسڵوجەوەیە زۆربەى مناڵەكانیان توشى شێرپەنجە هاتوون.
- پاشماوەى ماڵان (زبڵ) : وڵاتانى پێشكەوتوو دەمێكە گەشتوونەتە ئەو باوەڕەى كە ناكرێت پاشماوەى ئەو حەشاماتە زۆرەى شارەكان لە ناوببریێت، لە ڕێگاى سوتاندن بێت یان بە ژێر خۆڵەوە كردن. چونكە بەكارهێنان زۆر زۆرە. بۆیە ئەو وڵاتانە دەمێكە كردارى دووبارە كردنەوە Recyclin بەكار دێنن بۆ ڕزگار بوون لە پاشماوەكان. بەڵام تا ئێستا لاى ئێمە سوتاندن چارەسەرەى ئەم كێشە گەورەیە، ئەم پاشماوانە تەنها پاشماوەى ماڵان نییە كە لە جێگەیەكدا كۆدەكرێنەوەو پاشان دەسوتێنرێن و پاشان بە لافاوى باران دەچنە سەر ئاوى بەكارهێنان و دەریاچەكان وەك (دوكان و دەربەندیخان) كە بەرزترین پلەى ژەهراوى بوون دروست دەكات. بەڵكو پاشماوەى هەموو نەخۆشخانەكانیش تێكەڵ بەم زبڵە دەكرێت. بۆ نموونە پاشماوەى زۆربەى نەخۆشخانەكانى سلێمانى لە چەمى تانجەرۆدا فڕێ دەدرێت كە ئەنجامەكەى ئەوەیە تێكەڵ بە دەریاچەى دەربەندیخان دەبێت و ژەهراوى و پیسى دەكات. هەروەها ئەم پاشماوانەو ئەو زەلكاوو پیسیانەشى كە لەم لاولا دروست دەبن یان ئاوى مەجارییەكان هەموویان جۆرە بەكتریایەك كاریان تێدا دەكات كە دەتوانێت گازى میسان (میپان) بەرهەم بێنێت ئەم گازەش دیسان لە دروستكردنى دیاردەى پەنگ خواردنەوەى گەرمیدا دەورێكى باڵاى هەیە.
هەر بۆ زانیاری و بیرخستنەوەى خوێنەرانیش بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا كە تایبەتە بە نەخۆشى شێر پەنجە لە تەلەفزیۆنى KNN ەوە ڕایگەیاند كە ڕۆژ نییە نەخۆشى تازە لەم نەخۆشخانەدا نەنوسرێت. هیوادارم خەڵكى كوردستان هوشیاربن و ئاگادارى تەندروستى خۆیان بن، چونكە دەسەڵات لەم وڵاتەدا خەمى تەنها دەسەڵات و پارەیەتى. هاوڵاتى لاى دەسەڵات تەنها بۆ جوانكردنى دیكۆرى ئەوانە. هیوادرام كەسانى شارەزا لەم بوارەو بوارى خواردەمەنییە توركى و ئێرانیەكان كە ماددەى پارێزەر (مواد الحافڤە)ى تێدەكرێت وەك باس دەكرێت هۆكارى سەرەكى شێرپەنجەن بۆ هاوڵاتیان زیاتر باس و ڕوونبكرێتەوە بەڵكو پێكەوە بتوانین تەندروستیمان بپارێزین.
لە نوسینى داهاتوودا هەوڵ دەدەم لەسەر ئەوە بنووسم ئایا دەسەڵاتى كوردى بەڕاست خەمى ژینگەى هەیە.
Ppm: واتە بەش لە ملیۆن part per milion
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست