کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نوێژى مەیدانەكانى ئازادى و ترسى دەسەڵاتە گەندەڵەكان بۆچى دەسەڵات بەربۆتە گیانى مامۆستاییانى ئایینى

Sunday, 10/04/2011, 12:00


ژیان بەبێ ئازادى وەك جەستەیەكە بەبێ گیان..... جبران خلیل جبران
ئیسلام وەك دینێك كە لە نیمچە دوورگەى عەرەبییەوە سەریهەڵدا، هەموو ئەو چەمكە یونیڤرساڵیانەى كە پێویستن بۆ ژیانێكى پڕ لە كەرامەت بۆ مرۆڤایەتى لە خۆیدا هەڵیگرتبوو. تا ئەمڕۆش ئەو چەمكانە زیندوون و بۆ هەتایەش زیندوون. بەمانایەكى تر ئیسلام هەموو ئەو مانانەى لە خۆیدا هەڵگرتووە كە ئەشێت مرۆڤى یاخى یان شۆڕشگێڕ دروست بكات. ئەو چەمكانەش بریتین لە : ئازادى، یەكسانى، دادپەروەرى، سەروەرى،...هتد. لەناو دەقەكانى قورئاندا چەندین ئاماژەى ڕوون بۆ ئەم چەمكانە هەیە، لەناو سورەتەكانى قورئاندا چەندین چیرۆك هەیە كە دەریدەخات زۆبەى پێغەمبەران بۆ ئەوە هاتوون كە ئازادى و كەرامەت بۆ مرۆڤ بگێڕنەوەو ڕسواى بكەنە بەشى ئەو ستەمكارانەى كە خەڵكى كۆیلە دەكەن. لە ئایەتەكانى قورئاندا هەندین ئیماى ڕوون هەیە بۆ فەرمانكردن بە كارى باش و خۆدوورگرتن لە كارى خراپ. لە فەرموودەكان و ژیانى پێغەمبەر موحەمەد (د.خ) چەندین فەرموودەو ڕووداو هەیە كە بەڵگەى ڕوونن لەسەر ئەم چەمكانە وەكو ئازادكردنى كۆیلەكان و سەندنەوەى مافى مافخوراوان، لە هەمووشى گرنگتر ئازادبوونى مرۆڤ لە پەرستنى بتەكان و كەسە لوتبەرزە خۆ بەخوازانەكان. بیلالى حەبەشى كۆیلەیەك بوو لەسەردەمى ئیسلامدا ئازاد بوو، كاتێك كە بانگدان بووبە شیعارى ئیسلام بیلال بوو بە بانگ بێژ. ئەمە ئاماژەیەكى ڕوونە بەوەى كە بیلال زۆر بە جوانى تێدەگات ئازادى چییەو كپكردنى دەنگ چ سوكایەتیەكە. بۆیە ڕەنگە كەس وەك بیلال نەتوانێت بە دەنگى تەعبیر لە ساتى ئازادیى بكات. بوونى پەیامبەرى ئیسلام بە دوواین پەیامبەر ئەكرێت وەك ئاماژەیەك بێت بۆ ئەوەى كە لەو پەڕاوەیدا (قورئان) كە جێیهێشتووە بۆ مرۆڤایەتى هەموو ڕێگایەكى بە شۆڕشگێر بوونى تێدایە بۆ مرۆڤەكان و هەموو ئەو چەمكە گەردوونیانەشى تێدایە كە لە دەستدانیان ڕووكردنە كۆیلایەتییە بە پێى خۆ. لەم سۆنگەوە باسكردن لە نوێژى سەر مەیدان و شەقامەكان و وتاردانى مامۆستایانى ئایینى بۆ شۆڕشگێڕانى سپى، كارێكە ئەمڕۆ دەسەڵاتى كوێر كردووەو ترسى گەورەى لە دڵدا دروستكردووە. لە دواى ڕاپەڕینەوە دەسەڵاتى كوردى مزگەوتەكانى بە بیانووى ئیسلامى سیاسى خاڵى كرد لە پەروەردە (وەك شوێنى خوێندن و فێربوون وەك لە مێژوودا دیارە، مزگەوت قوتابخانەى كورد بووە). پاشان دەستگرتن بەسەر دەزگاو وەزارەتى ئەوقاف تاكو ئەوەى بە دڵى دەسەڵات نەبێت باس نەكرێت، تا واى لێهات خەڵكى هەمیشە گوێى لە وتارى دووبارە دەگرت، تەنها بۆ لەسەر كەوتنى فەرزەكان خەڵك دەچووە نوێژى هەینى. ئەو چەمكە ژیارییانە زۆر بەكەمى ئەگەر لەلایەن مەلایەكەوە باس بكرایە. بەباسكردنى ئەو بابەتانەش ئەگەر دەسەڵات وەزعى باش نەبوایە ئەوا زۆر ئاسان سوكایەتى بە مەلاكان دەكرا. (كە ئێستا ئەم ڕەوشتە بۆگەنەى دەسەڵات لە لوتكەدایە). سایتى ویكلیكس لە بەڵگەنامەیەكیدا بڵاویكردەوە كە وەزارەتى ناوخۆى حوكمەتى هەرێم لە هەموو مزگەوتێكدا بەلاى كەمەوە جاسوسێكى بەسەر وتاربێژەكانەوە داناوە. لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە دەسەڵاتى كوردى یەك زەڕە ئازادى و دیموكراسى تێدا نییە بەڵكو ئەوەى باسى دەكات تەنها فیشاڵێكەو بەس. ئەگینا لە دنیا دەسەڵاتە دیموكراتەكان لە كۆبوونەوەى خەڵك ناترسن، بەڵكو ئەوە بەعس بوو لە كۆبوونەوەى خەڵك دەترسا، وە ئێستەش ئەوە دەسەڵاتى كوردییە لە كۆبوونەوەى خەڵك دەترسێت. بۆیە دەبینین كاتێك مامۆستایەكى ئایینى لە شارۆچكەى سۆران باس لە دادپەروەرى دەكات ماڵەكەى دەدرێتە بەر بەرد. ئەمڕۆ مرۆڤى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگشتى ئەوەى دۆزیوەتەوە كە تا ئێستا دەسەڵات بە ناوى ئایینیشەوە درۆى بۆ كردووە.
وەك چۆن دەسەڵات هەمیشە پێویستى بە نوسەرو ڕۆژنامەنووسى دەربار هەیە ئاواش پێویستى بە مەلاى دەربار هەیە، بەڵام لەم نێوانەدا ئەگەر چەند مامۆستایەكى ئایینى بەهۆى ستەمى دەسەڵاتەوە قوربانیان بەو چەمكانە كردبێت و شاردبێتیانەوە ئەوا مەلا دەربارەكان ئامادەن فتواى درۆینەش بەناوى دینەوە دژ بە خەڵك و شۆڕشگێران دەربكەن. ئەو مەلانەى كە بەهۆى زۆردارى دەسەڵاتەوە هەندێك لە حەقیقەتە جوانەكانى ئیسلامیان باسنەكرد، ئەوا لە ناخى خۆیاندا زۆر باش هەستیان بەو ستەمە كردووە كە لە دینى دەكەن، بۆیە كاتێك كە خەڵكى دەڕژێتە سەر شەقامەكان ئەوانیش بە زوویى دێن و مرۆڤەكان بەم چەمكە جوانانە ئاشت دەكەنەوە. ئەمڕۆ مرۆڤ دەتوانێت دین لە سودى خۆى بەكاربێنێ، ئێوە بڕوانن هەموو هەینیەكان بۆتە ڕۆژى ڕسواكردنى دیكتاتۆرەكان، ئێوە بڕوانن لە مزگەوتەكانەوە چ شۆڕشێك هەڵدەگیرسێ. ئەوەى ئەمڕۆ دەبینرێت مرۆڤێكە دەڵێت : ئازادى، دادپەروەرى، یەكسانى، سەربەستى، هەموو چەمكە گەردوونییەكان لە ئاسمانەوە خواى گەورە بۆى ناردووم بۆیە قبوڵى ناكەم هیچ مرۆڤێكى بوودەڵەو گرگن لێمى بدزێت و نازم بەسەرا بكات. دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان و دەسەڵاتى كوردیش لەناویاندا زۆر لە هۆشیاربوونەوەى دەستە جەمعى دەترسن بۆیە بەردەوام هەوڵەدەن بە چەند ڕۆشنبیرو چالاكوانى ژنان و ڕۆژنامەنووس و مەلایەكى دەربارەوە هەموو شتێك لە خەڵك حەرامدەكەن، لەو لاشەوە بە هێزى سەركوتكەرى زۆرەوە بەسەر نوێژخوێنانەوە ئامادەن. ئەم ترسە دەسەڵاتى كوردى ئەبات بۆ زبڵدانە بۆگەنەكەى مێژوو. درەنگ یا زوو؟ دەوەستێتە سەر خەڵكى پایتەخت (هەولێر) كە چۆن بایكۆتى ئەم دەسەڵاتە ئەكەن و هەموو ناڕەزاییەكان دەدەنە بەر خۆیان و ئەیهێنن بۆ سەر شەقامەكان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە