هەموومان خەونەكەى (مارتن لۆتەر كینگ)مان هەیە، بەڵام...............
Wednesday, 18/08/2010, 12:00
مارتن لۆتەر كینگ پیاوى ئایینى و ڕووناكبیرو ڕێبەرى ڕەش پێستەكانى ئەمریكا، كە خەباتێكى بێوچانى كرد لە پێناو نەهێشتنى جیاوازى ڕەگەزى و ڕەنگى پێست لە ئەمریكا. لە ڕێپێوانێكى گەورەداو لە بەردەم هەزاران كەسدا، ساڵى 1963 لاى پەیكەرى لینكۆڵن وتارێكى پێشكەش كرد بەناوى (من خەونێكم هەیە). ووتى: (من خەون بەوەوە دەبینم ڕۆژێك بێت هەر چوار منداڵەكەم لەناو گەلێكدا بژین كەس لەبەر ڕەنگى پێست تەماشا نەكرێ، بەڵكو بەو ئەخلاقەى كە هەیەتى سەیر بكرێت).
لەوانەیە هەموومان ئەم خەونەى مارتنمان هەبێت بەڵام ئێمە لێرەدا دەبێت ئاماژە بە دوو كێشە بكەین:
1. لێرەدا ئێمە جیاوازى ڕِەنگى پێستمان نییە، بەڵكو جیاوازى چینایەتیمان هەیە كە لەسەردەمى دەسەڵاتى كوردییەوە دەستى پێكردووە. مەبەستمە بڵێم چینى هەژاران بە ڕەنگى پێستیان لە چینى سەروەتمەندانى حیزب جیاناكرێنەوە، بەڵكو ڕەنگى پێستى هەردوولامان لەیەك دەچێت كەواتە ئاسان نییە بەڕەنگى پێست هەژاران و حیزب پێداوەكان بناسین بەڵكو ئەوەى هەژاران و ئەوان لە یەك جودا دەكاتەوە قەسرى بەرزو ڤێلاو ڕەوە مۆنیكاو پیترۆڵە.
2. ئێمە سەركردەیەكى وەكو مارتن شك نابەین (كە بەهیوام بزووتنەوەى گۆڕان ئەم جێگە پڕبكاتەوە) تاكو دەست بدەینە خەباتێكى مەدەنیانەو لە ڕێگاى یاساوە جیاوازییە چینایەتیەكەى نێوانمان چارەسەر بكەین وەك چۆن لە ئەمریكاو لەسەر دەستى مارتن ئەمە گەیشت بە بەرهەم و ئێستا ڕەش پێستێك سەرۆكى ئەمریكایە.
* * ************ * *
ڕەنگە بهناو سەركردەكانى ئێمەش ئەم خەونەى مارتنیان هەبێت بەڵام كاتێك وەرى دەگێڕینە سەر واقعى كوردستان واتە یارمەتى لە ڕۆحى ژیاندۆستى مارتن وەربگرین و بڵێین: (ئێمە خەون بەوەوە دەبینین ڕۆژێك بێت هەموو منداڵەكانمان لە ناو گەلێكدا بژین كەس لە بەر هەژارییان تەماشاییان نەكات، بەڵكو بەو ئەخلاقەى كە هەیانە سەیر بكرێت).كاتێك كە دەڵێم: ڕەنگە سەركردەكانى كوردستان ئەم خەونەى مارتنیان هەبێت مەبەستمە بڵێم: ئەوانیش حەز دەكەن خۆیان و هاوڵاتیەكى ئاسایى بە یەكسانى بژین وەك چۆن كاتێك لە شاخدا بوون و خەباتیان دەكرد لە پێناو ئازادیدا جەختیان لە یەكسانى و دادپەروەرى دەكردەوە كەچى لە واقع و حوكمكردندا ناشیرینترین نموونەى دنیایان پێشكەش بە مرۆڤایەتى كرد (ئاخۆ هۆكارى ئەم پارادیسمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى كە پەروەردەیەكى نیشتمانى نەكرابوون بەڵكو هەر ستەمە نەتەوەییەكە كردنى بە خەباتكار. یان بڕوا نەبوون بەو خەباتەى دەستیان پێكردبوو كە ڕۆژێك لە ڕۆژان دەبنە حوكمڕانى وڵاتێكى پلیشاوەى پۆستاڵى بەعس و هێزەكانى ئەنفال یان ئەو شەهامەتە درۆزنانەى كە بۆ خۆیانیان دروست كردووە كە ئەمڕۆ ناتوانن دروشمەكانى زەمانى خەبات و پێشمەرگایەتى جێبەجێ بكەن، یان لەزەت لەوە دەبەن كە هەمیشە بڕێكى زۆر خەڵك هەبن تا لە شاشەكانەوە لە ئەوان بپاڕێنەوەو داواى یارمەتى و چارەسەرى دەردەكانیان لە ئەوان بكەن. چونكە ئەوان چێژ لەم ڕەوشتانە دەبینن و پیاوەتى خۆیان لەو پارەدا دەبینن كە دەیكەن (بە پیاوەتى بەسەر ئاوى حەمامەوە) یان دەیانەوێ لەم ڕێگەوە بزانن كام ماڵ ئاتاجن و هەژارى بڕستى لێبڕیون و دەزانن لەم ڕێگەوە كچەكانیان یان ژنەكانیان دەكەونە داوەوەو دەبێتە ژەمێكى چەورى ڕابوواردنى خەباتكارانى نیشتمان پەروەرى جاران و ............ پەروەرانى ئێستا ئەمەش بە ئامادەكردنى لەلایەن ستافى تەلەفزیۆنە خەمخۆرەكانى ئەم وڵاتە پڕ لە هەژارەدا دەگاتە ئەنجام. وەك چۆن جارێك لە گۆڤارێكەوە ئامادەكارى یەكێك لەو بەرنامانە بە دوورو درێژى باسى لێكردوو دڵنیاییدا كە زۆربەى ئەو بەرنامانە بۆ خستنە داوەوەیە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست