کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


(ئەگەر قەرارە مرۆڤایەتى سەرى ڕێز بۆ كەسێك نەوى كات ئەوا ئەو كەسە مامۆستایە)

Sunday, 28/11/2010, 12:00


هەموومان ئەو ڕۆژانەمان لە بیرە كە مامۆستا بۆ بژێوى ژیانى و سەرشۆڕنەكردنى لە پێناو پاروویەك ناندا كەلوپەل و پێداویستیەكانى ناو ماڵەكەیى و تەنانەت لە فرۆشتنى خانووەكەشى سڵى نەدەكردەوە، ئەو ڕۆژگارانە شەڕى براكانیش بەردەوام بوو لەسەر پۆست و پلەو پارەى گومرگ، كوشتن و دەربەدەركردن. خەڵكى بێ دەرەتان و كەمدەرامەتیش بۆ خاترى پارویەك نان چەكیان هەڵدەگرت (ئەوەى دەستى تفەنگ دەگرێ سوغرە كێشى ژەمێ نانە1).
لەجیاتى سەرفكردنى سەروەت و سامانى وڵات بۆ پەروەردەكردنى مناڵان بۆ ئەوەى ئەو مناڵانە كە ژن و پیاوى ئەمڕۆن ئێستا بیانزانیایە جاش چى بوو؟ بیانزانیایە پێشمەرگە چى بوو؟ بیانزانیایە خۆ فرۆش كێ بوو؟ بیشیانزانیایە نیشتمان پەروەر كێ بوو؟ نەك وەك خۆیان هەمیشە شوێن هاش و هوش و بژى و بمرێ و قەرەباڵغى بكەوێت. كەچى هەردوو زلحیزبەكەى كوردستان داهاتى وڵاتیان دەدا بە فیشەك و تفەنگ و ئاگرو ئاسن بۆ لەناوبردنى (سوغرەكێشەكانى نان2) و كۆچكردنى هەزاران گەنج بۆ غوربەت.
مامۆستاش بەڕەەو فەرشەكەى ژێر خۆى، خانوو ئۆتۆمبیلەكەى دەفرۆشت تاكو بە سەربەرزییەوە هەموو بەیانیەك هێز بدات بەخۆى و بە مناڵان بفەرمووێ: بە دەنگێكى زوڵاڵەوە بڵێن: (خوایە وەتەن ئاواكەى چەند دڵگیرو شیرینە3). تەنانەت لە كاتى شەڕەكانیشیاندا مامۆستا وەك باوك و دایكێكى دڵسۆز دەستى بەسەرى مناڵان دەهێناو فرمێسكیان دەسڕین و دڵیان دەدانەوە تاكو دەنگى تەقو تۆقى تفەنگوكانى غەدر خامۆش ئەبوون.
بەڵام ئەمانە هەر هێندە أچعف الأیمان شەڕیان لە كۆڵ بووەوە، هاتن هەموو شتێكیان دابەشكرد. وەك (شاعیرى گەورە د. عبداللە پەشێو) بەجوانى و دوورو درێژى ئاماژەى پێكردووە: ژن، ئافرەت- قوتابى، خوێندكار- .................. هتد. ئەو ڕێكخراوانەى لەوەو پێش هەیانبوو یان دواى ڕاپەڕین دروستیانكرد هەموویان ڕاسپارد وەكو جاسوس بەسەر چین و توێژەكانى كۆمەڵەوە. ئەمە هەتاكو ئەمڕۆش درێژەى هەیە.
ئەمڕۆكە وا بەرەو پیرى هەڵبژاردنى مامۆستایان هەنگاو دەنێین. بۆ هەڵبژاردنى ئەو ڕێكخراوەى كە ناوى (یەكێتى مامۆستایانى كوردستان)ە ئەم ڕێكخراوە ماوەى 18ساڵە بووەتە گیاندارێكى ترسناك بەسەر بودجەو بێدەنگ كردن و بچوك كردنەوەى مامۆستایان لەبەردەم ماڵى حیزب و مەسولینى حیزب. مامۆستایان وا لێكرد جگە لە پیشەى پیرۆزى خۆى (پەروەردەو فێركردن) بگەڕێ بە شوێن ئیشى دووەم و سێیەمدا. تەنانەت مەسولینى وڵات هەندێك مامۆستایان وا لێكرد پرسیارى تاقیكردنەوەكان بفرۆشێت. ئەم حیزبانە پارەو پول و ئیش و كارو هەموو شتێكیان كۆنترۆڵ كرد و خستیانە ژێر دەستى خۆیان. كارو كشتوكاڵیان ئیفلیج كرد، ئەم حیزبانە بەمەشەوە نەوەستان، تەنانەت تەزكیەى حیزبیانكرد بۆ هەموو بەڕێوەبەرەكان وە هەر كەسێكیان بكردایە بە مامۆستا، فەرمانبەر،..... هەر كارێك لە هەركەرتێكى حكومیدا پێویستى بە تەزكیەى حیزبى دەكرد. ئەمە واى كرد مامۆستایان لە بەردەمیاندا خۆیان بچوك بێتە بەر چاو.
با بێینەوە سەر باسى هەڵبژاردنى مامۆستایان بۆ كۆنفرانسى مامۆستایان. لە سەرو بەندى ئەم هەڵبژاردنەدا لە هەموو شارو شارۆچكەكان بەڕێوەبەرى هەموو قوتابخانەكان ئاگاداردەكرێنەوە بۆ سەردانى كۆمیتەو مەڵبەند و ناوچەو لقەكان. لەوێش نەخوێنەوارێكى حیزبى هەڵدەستێت بە قسەكردن و سەفسەتە لێدان بۆ مامۆستایان و ئەگەر پێویستیش بكات سوكایەتیش بە مامۆستیان دەكەن. بە تایبەتى ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانەى كە لەسایەى حیزبەوە بوون بە شت.
من لێرەوە بانگ لە هەموو مامۆستایان دەكەم كە هەرگیز مەچن بە پیر ئەم بانگەشە حیزبیانەوە چونكە ئەمە دەبێتە هۆى سوككردن و ڕسواكردن و بچوككردنەوەى گشت مامۆستایان لە حزورى حیزب و پیاوەكانیا. ئاخر تێكڕا مرۆڤایەتى قەرزارى مامۆستان، ئەگەر قەرار بێت مرۆڤایەتى بە تێكڕا سەردانى جێگەیەك بكەن ئەبێت ماڵى مامۆستا بێت، ئەگەر قەرار بێت مرۆڤایەتى سەرى ڕێز بۆ كەسێك دابنەوێنێت، ئەبێ سەر بۆ مامۆستا نەوى كات. لەبەر ئەوە نە كە مامۆستا پیرۆزو بێ كەموكوڕیى بێ. نەخێر بەڵكو لەبەرئەوەى مامۆستا هەموو مرۆڤێك لە تاریكی نەزانیەوە دەخاتە ناو ڕووناكى زانین. واتە مامۆستا كلیلى زانست دەدات بە هەموو مرۆڤێك بۆ ئەوەى دەرگاكانى نەزانى پێبكاتەوە. مامۆستا تەورى زانینمان ئەداتێ تاكو زنجیرەكانى جەهل بپسێنین. لەبەر خاترى ئەمە ئەبێت مامۆستا گەورە سەیربكرێت تەنانەت لەلاى سەرۆك و پاشاو وەزیرو گزیرەكان نەك هەوڵى بەستنەوەو كۆیلەكردنى بدرێت.
با قسەیەك لەبارەى دەنگدانى مامۆستایان لەم پرۆسەیەدا بكەم كە 2/12/2010 ئەنجامدەدرێت. بە ڕاى من ئەم پرۆسەش بەشێكە لەو پرۆسە سیاسیەى كە ئەمڕۆ لە كوردستاندا هەیەو كێشمە كێش و جووڵەیەكى تێكەوتوە. بۆیە دەبێت مامۆستایان دەنگى خۆیان بەو شێوە بەكاربێنن كە كۆمەڵگاى زیاتر پێ هۆشیار بكەنەوەو ئەو بەستەڵەك و ترسەیش كە ئەقڵ و ڕۆحى زۆر كەسى گرتووە بە هۆشیارییەكى بەرپرسیارییەوە تێك بشكێنن. دەنگدان بە لیستى مامۆستایانى پارتى و یەكێتى مانایەكى ترسناك تەنها بۆ خودى مامۆستایان دروست ناكات، بەڵكو هەنگاوێكیش كۆمەڵگا دەگێڕێتەوە ناو بەستەڵەكى سادەیى! چونكە لە زۆر شوێنى كوردستاندا هیشتا مامۆستا پیرۆزى خۆى لە دەست نەداوەو لە زۆر شوێن و جێگا، هێشتا شوێن پێى مامۆستا هەڵدەگرن. هیوادارم مامۆستایان لە ئاستى ئەو بەرپرسیاریەدا بن كە من و هەزارانى وەك من چاوەڕێى دەكەین كە بەردێكى گەورەى تر ببینین بخرێتە ناو گۆمى شڵەقاوى گۆڕانكاریەوە.
هیواى سەركەوتن بۆ گشت مامۆستایانى كوردستان دەخوازم.

1. ئاماژەیە بۆ گۆرانیەكى هونەرمەند كەمال محمد.
2. مەبەست لە سوغرە كێشەكانى نان : ئەو كەسانە بوون كە بۆ خاترى بڕێك پارە دەبوونە چەكدارى حیزب كە تا ئێستاش هەندێكیان بێ سەرو شوێنن. بەڵام سەركردەكان لافى برایەتى لێدەدەن.
3. ئەو سرودەیە كە هەموو مناڵانى كوردستان بەیانیان لە قوتابخانەكان دەێڵێن و لەگەڵ هەناسە و جریوەى پاساریەكان تێكەڵ دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە