کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچى خیانەتى 31/ئابى/1996 ترسناكە1؟

Monday, 30/08/2010, 12:00


لوتكەى شەڕى براكوژى دوو زلحیزبەكەى كوردستان گەیشتە گەورەترین خیانەت لە مێژووى نزیكى كوردو كوردستاندا. ئەم خیانەتە لاپەڕەیەكى هەرە ڕەشى لە مێژووى ئێمەدا گرتووەو بە ئاسانى ناتوانرێت سپى بكرێتەوە. ئەم مێژووى خیانەتە ئەبێت وەك بابەتێكى میژوویى بێ لایەن و شیكارى ڕاست و دروست بگەیەنرێت بە نەوەى داهاتوو. چونكە ئەوان زۆر باشتر لە ئێمەو ئەمڕۆ لە ترسناكى خیانەت و مەرگەساتەكانى كورد تێدەگەن و كارى لەسەر دەكەن و دەیكەن بەژێر خانى ڕامیارى بۆ دەوڵەتى داهاتووى كوردى. بە داخەوە ئەم نەوەیە لەسایەى بە قاچاخبردنى نەوت و سامانى میللەت دەبێ تەنها ئاگادارى ئەوەبێت نەمرێت لە برسیا. ئەم رۆژە بە هەر كلۆجێك لێكدانەوەى بۆ بكەین دەبێتە خیانەتێكى گەورە لە مێژووى نزیكى كوردداو لاپەڕەیەكى هەرە ڕەش و شوومە لە نەهامەتى و دەردەسەرییەكانى كورد.
روودانى ئەم خیانەتە لەم ڕۆژەدا چۆن و بۆچى ڕوویدا؟ ڕەنگە زۆربەمان بزانین بەڵام ئەوەى گرنگە دەبێت مێژوونوسانێك لە دەرەوەى حیزب و دەسەڵات و سوڵتانەكان ئەم ڕۆژە بەبێ لایەنانەو وەك خۆى بنوسنەوەو شیكارییەكى ئەقڵانى و هەمەلایەنەى بۆ بكرێت چونكە هەندێك مەرگەسات و رووداو هەن لە مێژووى دوورو نزیكدا كە ئێمە (نەوەى ئەمڕۆ) (جگە لە نوخبەیەكى زۆر كەم) هەست بە ترسناكییان ناكەین. بۆیە دەبێت ئەم ڕووداوو مەرگەساتانە بەباشى بگوێزرێتەوە بۆ نەوەى ئایندەى كورد چونكم ئەوان لە ترسناكى مەرگەساتەكانى وەك ئەنفال و هەڵەبجەو قاڕنێ و كوشت و بڕى كوردانى دەرسیم و زەوتكردنى مافى هاوڵاتى بوون لە كوردانى قامیشلۆو خیانەتى گەورەى 31ى ئاب تێدەگەن.
من بەپێى توانا هەوڵدەدەم وەڵامى ئەو پرسیارە بدەمەوە: بۆچى ڕووداوى 31ى ئاب خیانەتێكى ترسناكە؟ هیوادارم لە یادى ئەم ڕۆژە شومەدا زۆربەى نووسەرانى كورد لەم بابەتەو دەرەنجامەكانى بكۆڵنەوەو بنووسن تا هۆشیارییەكى سیاسى لاى هەمووان دروست ببێت بە تایبەتى كاركردن لەسەر ئەم پرسیارە........
- بۆچى 31ى ئاب خیانەتێكى ترسناكە؟
كورد لە دواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 كە هێشتا حیزبەكان ئەفسانەى قسە حەماسیەكانى خۆیانیان نەدەزانى ناچاربوون هەڵبژاردن بكەن. هەڵبژاردنێك كە ئیتر ڕەوتى كەشتى ژیانى كوردى برد بەرەو شەڕێكى ناوخۆیى گەورە لە پێناو چەند كورسیەك و پارەى داهات و گومرگ. ئەم نەهامەتى و تراژیدیاى برا كوژییە لە ساڵى 1994 بلێسەى گرت و لە 31/ئابى/ساڵى 1996 گەیشتە ئەوجى نا ئەخلاقیەت و داڕمانى بەها مرۆییەكان. ئا لەم ڕۆژەدا كوردانى هۆشیار نەفرەتیان لە كوردبوونى خۆیان كردو كوردانى بێ ئاگاو مشەخۆرى حیزب یان ئاهەنگیان دەگێڕا یان شیوەن. ڕاپەڕین سەرەتایەكى گەش بوو دەتوانرا گەلێكى خاوەن ئیرادەو سەربەخۆ دروست بكرێت، دەتوانرا سیستەمێكى سیاسى تۆكمە دابنرێت، دەتوانرا پەروەردەیەكى پێشكەوتوو بۆ مناڵانى كورد دابنرێت، دەتوانرا سیستەمێكى كشتوكاڵى پڕ لە داهات بۆ جوتیاران و لادێكانى كوردستان دابنرێت. بۆ؟ چونكە كورد توانى بێ وچان و بێ پشوودان خەباتبكات تاكو دەسەڵاتێكى دیكتاتۆرو ئیستبدادى و نەژاد پەرستى وەك بەعس بە چۆكدا بێنێت و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنى ئاسایشى نێونەتەوەیى سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ناوچەى دژە فڕین بۆ پاراستنى كورد لە باشور دروست بكات.
بەهۆى شەڕى برا كوژى باشور لە ڕۆژى 31/ئابى/1996 پارتى و بنەماڵەى بەرزانى لەگەڵ بەعس و ێەدامدا ڕێككەوتن توانیان بە جاش بوونیان هەولێرى پایتەخت، سەرچاوەى دەسەڵات و تەشریع (پەرلەمان)و بڕیار داگیر بكەن بە پاڵپشتى دەبابەكانى بەعس.
ئەبێت لێرەدا بزانین بەعس و ڕژێمى عێراق چییان بەسەر كوردا هێنا، ئینجا ئەزانین ترسناكى جاشێتى و خیانەتى 31ى ئاب/1996 چەندە مەرگەسات و ترسناكەو جێگەى شەرمەزارییە بۆ كۆنترین نەتەوەى سەر ڕووى زەوى2.
* بەعس وێدام نزیكەى ملیۆنێك كوردى فەیلیان ئاوارەى ئێران كرد و ڕەگەزنامەى عێراقییان لێسەندنەوەو ژمارەیەكى زۆریشیان بەكۆمەڵ كوشتن و لەسێدارەیاندان.
* لە ساڵى 1978 بەعس لە شەڕى ئێران-عێراق دا شارى سەردەشتى لە ڕۆژهەڵاتى كوردستان كیمیابارانكرد.
* لەساڵى 1987-1988 زیاتر لە 200جارو جێگاى جیاواز بەعس كیمیایى كرد بەسەر خاك و گەلى كوردستاندا كە لە لوتكەدا گەیشتە كیمیابارانكردنى هەڵەبجەو شەهیدكردنى 5000كورد.
* لە مانگى شوباتى 1988 تاكو 6/ ئەیلولى 1988 بەعس 182000كوردى ئەنفالكردو زیاتر لە 5000 لادێى كوردستانیان وێرانكرد كە هەموو كەس دەزانێت پرۆسەى ئەنفال بە 8قۆناغ و لە 8ناوچەى بەرفراوان و گرنگ و ستراتیجى كوردستاندا بەڕێوە چوو.
* لە 24/4/1974 شارۆچكەى قەڵادزێیان لەگەڵ زەویدا تەخت كردو نەخشەى وێرانكردنى چەندەها شارۆچكەى تر دانرابوو وێرانبكرێت.
* لە دروست بوونى عێراقەوە تا ئێستا كورد لە هەردوو پارێزگاى موسڵ و كەركوكدا ڕووبەڕووى دەربەدەرى و ماڵوێرانى بووەوە كە لە سەرەمى بەعسدا ئەم ڕەوشە گەیشتە لوتكەو لە ئاكامدا موسڵ تەعریب كراو كەركوكیش ئێستا بە ماددەى 140ى ڕیسواهێنەرى دەستورى عێراق دەیانەوێت بیگێڕنەوە سەر كوردستان.
بە پێى هەموو یاسا نیودەوڵەتیەكان كورد جینۆسایدى بەرامبەر ئەنجامدراوە لەسەر دەستى بەعس.*
چەندەها ماڵ وێرانى و مەرگەساتى تر كە بەعس بەسەر كوردیا هێنا........... .*
ئایا ترسناك نییە سوپاى ئەنفال و كیمیاباران بهێنرێت بۆ یەكلاكردنەوەى ململانێ ناشەریفانەكەى ئەم دوو خیانەتكارە؟ ئایا ترسناك نییە بەدەستى خۆمان سوپاى ئەتككەرى ژنانى كورد سوپایەك و ڕژێمێك كە ژنان و كچانى كوردیان فرۆشت بە مەلهاكانى وڵاتانى عەرەبى ئێستا بیانهێنن بۆ لەناوبردنى جیاوازییەكان؟ ئایا ترسناك نییە سوپایەك كە لادێكانى كوردستانى وێرانكرد ئەمڕۆ بێت لە هەولێردا بنوێت و پەرلەمانى كوردستان وەك ئۆتێلى حەوانەوەى سەربازانى بەكاربهێنێت؟ ئایا ترسناك نییە دەسەڵاتێك بێتە ناو یارییە خوێناوییەكانەوە كە لە دروست بوونی فكرەى بەعسەوە لەسەر دەستى میشێل عەفلەقەوە لەناوبردنى كورد بەشێكە لەو نەخشەى كە عەرەب دەگەیەنێتە كەنارى ئارام؟ لەهەمووى ترسناكتر ئەوەیە كە بنەماڵەیەك و حیزبێك كە هەمیشە لافى نەتەوایەتى بە میللەتێكى رەشو ڕووت دەفرۆشن كەچى هەر گەرمى گەیشتە قولە پێیان خیانەت وەك ئاو خواردنەوە وایە لایان و پاشان بە نەتەوایەتى پێمان دەفرۆشن؟.
بەڵام بەداخەوە........... -
پارتى وەك حیزبێك كە تەمەنى لە نیو سەدە تێپەڕیوە لە ڕووداوەكانى كوردستاندا دەوورى هەبووە هەمیشە بە عەقڵى بنەماڵەیەك بە ڕێگاى بەرژەوەندییەكانى بنەماڵەیەكدا كارى كردووە. ئەم حیزبە جگە لە بارزانیەكان و بنەماڵەى بارزانیەكان هەرگیز سۆرانیەك نەیتوانیوە لە ژێر بەتانیشدا بێت خەیاڵ بەسەرۆكایەتى پارتییەوە بكات نەك نەك لە گۆنگرەدا بیەوێت بەئاشكرا خۆى بپاڵێوێت بۆ جیگەكەى مەسعود. بۆیە دەبینین هەموو ئەندامانى ئەم حیزبەش بە عەقڵى ئەم بنەماڵە دۆگماو چەقبەستوەوە بیرجەكەنەوە تائێستا زۆربەى ئەندامانى پارتى شانازى بەم ڕۆژە شومەوە دەكەن هەرگیز نەمان بینى ئەندامێكى ئەم حیزبە وەك هەڵوێستێك لەبەرامبەر ئەم خیانەتە واز لەم حیزبە بهێنێت. تەنانەت لە سەردەمى ڕێككەوتنە ستراتیژییەكەشیاندا3 لەگەڵ یەكێتى كە پارتى دەستى سوورە بە خوێنى دوو گەنجى ڕۆژنامەنووس (سۆرانى مامە حەمەو سەردەشت عوسمان) و نوسەرو مامۆستاى زانكۆ (د. عبدالستار تاهیر شەریف)و دانانى پلان بۆ تیرۆركردنى ژمارەیەك ڕِۆژنامەنووس. یەك ئەندامیان نەیوێرا وەك هەڵوێستێك واز لەم حیزبە بهێنێت و پێ لێنێ كە بەڵێ ئەم حیزبە خائینن.
پەراوێز:
1- لەیادى ڕۆژى شومى 31ى ئابدا تەنها باسى ئەم خیانەتە ئەكەم كە پارتى و بنەماڵەى بارزانى كردیان ئەگینا هێنانى ئێران لەلایەن یەكێتیەوە لە شەرى گەردەلوولى تۆڵەو هێنانى توركیا دیسان لەلایەن پارتیەوە بۆ ناو خاكى كوردستان بۆ لێدانى پەكەكەو پاشان یەكێتى هەروەك هێنانى بەعس ترسناكن چونكە ئەمانیش هەمان ئەجندایان هەیە بەرامبەر كورد و دوو بەشى گەورەى كورد لەژێر دەستى ئەم دوو رژێمەدا بەردەوام دووچارى جینۆسایدێكى بەردەوام دەبنەوە. پێویستە لە یادى ئەو ڕۆژە شومانەشدا قەڵەم بخەینە كار بۆ هۆشیار كردنەوەى میللەت.
2- مەبەستم ئەوەیە كە كورد دەبێت لە دژى ئەم ئاكارو كردەوانە هەڵوێست وەربگرێت و ڕازى نەبێت بە دووبارەبوونەوەى ئەم ڕووداوانە چونكە (بێدەنگى نیشانەى ڕەزامەندییە).
3- ئەوەى لە نێوان پارتى و یەكێتیدا هەیە تەنها ڕێككەوتنە بۆ قۆرخكردنى سامان و سەروەتى خەڵك ئەگینا ئەوە لەپێناو گەل و بەرژەوەندى باڵاى كورددا نیە زیاتر مەبەستم لەوەیە ئەگەر ئەوكات عوزرێك هەبێت و لەترسى ستەمى یەكێتى نەیانوێرا دەست بەردارى پارتى ببن ئەى ئێستا كە خیانەتى تیرۆركردنى ڕۆژنامەنووسان جێبەجێدەكرێت بۆ دەترسن.
28-29/8/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە