کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بژى سەرۆك ...

Tuesday, 11/01/2011, 12:00


چیرۆك
ئاى لەو ئێوارە كە بە دوو دڵى یەكى زۆرەوە لەناو باخەكەى شاردا چاوت بە پیتەكانى ڕۆژنامەكەدا دەخشاندو نەت ئەزانى ئاخۆ چى نووسراوەو باس چییە؟ سێبەر ورد ورد ئەهات بە مل سێبەرى دارەكانداو هەموو شوێنێكى بەرەو كەنارى ئارامى و تاریكى دەبرد. ئەگەر كەسێك وەك من ئاگاى لەناخ و دەروونت نەبووایە وایان دەزانى لە سەرماندا هەڵدەلەرزى، تۆ لە ناخى خۆتەوە وات لێك ئەدایەوە كە هەڕەشەو گوڕەشەكان شتێكى بەو جۆرە نەبێت و وەك هەمیشە لەسەر كارەكانى خۆت بەردەوام دەبیت ، وەك ڕۆژنامەنوسە بەهەڵوێست و ئازاكەى جاران بنوسیت لە پێناو خەڵكانى ڕەش و ڕووتى ئەم وڵاتە. ئەو ڕۆژنامەى بە دەستەوە بوو كە بەنابەدڵى هەندێك جار چاوت پیادەخشاند بابەتێكى خۆتى تێدا بوو لەسەر پیرۆزى سەرۆك. تۆ لەو نوسینەدا نوسیبووت سەرۆكیش وەك هەر كەسێكى ئاسایى قابیلى هەڵە كردنەو پێویست ناكات هەموو هەنگاوێكى سەرۆك شایەنى پیا هەڵدان بێت. چونكە زۆر پیا هەڵدان سەرۆك نابینا دەكات، تۆ نووسیبووت لەشكرى نووسەرانى حیزب وا باسى كارەكانى سەرۆك دەكەن وەك باسى ساحیرێك بكەن وایە. كە شتى زۆر محاڵ ئەنجام بدات. تۆ چەندین جار باست لەوە كردووە كە مێژوو بۆ هیچ كەس پیرۆزو مقدس نییە بەڵكو ئەبێت هەموو باشەو خراپەكانى مێژوو بخەینە ژێر وردبینى لێكۆڵینەوەوەو جارێكى تر دووبارەى نەكەینەوە.
لە ڕاستیدا تۆ ببووى بە جێگەى ئومێدى خەڵكێكى زۆر چونكم هەم بەكارە ڕۆژنامەگەرییەكانت و بەدەرخستنى دزى و گەندەڵى بەرپرس و حیزبەكان و هەمیش بە نوسینى هەندێك وتارى تیۆر ئامێز ئومێدى گەورەت لەلاى خوێنەرو نوسەرەكانیش دروست كردبوو. ئاگام لێت بوو هەمیشە بیرت لەلاى ئەو بەیانیە شومەدا ئەچوو كە دوو كەس لە پیاوانى حیزب هاتنە ڕێت و ڕێكو ڕەوان پێیان گوتیت یان مردن یان وازهێنان لەم جۆرە نووسینانە. بەڵام پاشان هەندێك هەڕەشەكانیان خاوكردەوەو كۆمەڵێك تەماحى ماڵیان خستە بەردەمت. ئاى تۆ ئیدى لەو چركەساتەوە بیرت لە زیندانە ترسناكەكان و سزا توندو بێ بەزەییانەكان دەكردەوە. ئیدى تۆ ئەژنۆكانت شكا. ئاگام لێت بوو كە وەك مرۆڤێك ركەِێگایەكى دوورى گرتبێتە بەر لە دووڕیانێكدا وەستا بووى نەتئەزانى بەرەو كام لا بڕۆى؟ ڕۆشتن بەرەو خەڵك و نەمرى یان بەرەو باوەشى دەسەڵاتێكى گەندەڵ و مردنێكى لەناكاوى مەعنەوى. لەم مۆنۆلۆگەدا تیۆرەیەكى گرنگت بۆ هات كە ئەویش ئەوە بوو: (كە لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدا بۆشاییەك هەیە كە بە هیچ هێزێك یەكانگیرنابێتەوە چونكە خەڵك لەبەر برسێتى و هەژارى هەردەم ڕووەو هەڵدێرى مردن دەچن و دەسەڵاتدارانیش لە حوبى دەسەڵات و پول و پارەدا هەردەم بەرەو باوەشى خۆشگوزەرانى دووردەكەونەوە). بە فریا نەكەوتى ئەم تیۆریە لە ژمارەى داهاتووى ڕۆژنامەكەتدا بڵاو بكەیتەوە. چون لەناكاو كەسێك دایبە پشتداو ووتى : ها بڕیارى چیت دا... تۆش لە هەژمەتا وەك تۆپێك بە ئاسماندا چویت و تف لە قوڕگتدا وشك بوو. نەتتوانى هیچ بڵێى بەبێ ویستى خۆت دەستت بەگریاننێكى قوڵ كرد. جەلادەكەش پێى وتیت : گوێم لێگرە، تۆش لە ترسى گیانى خۆت گوێت گرت ئەویش وتى: ژیانت هەر هێندەى ماوە تا من دەگەمە بەر دەركى باخەكە، ئەوا ئێمە لە جیاتى دوو ڕێگا تەنها یەك ڕێگامان بۆ داناوى ئەویش ئەوەیە لە دەزگاكانى ئێمە كاربكەى و ببیتە جەنگاوەرێكى دروستكەرى پیرۆزى لە لەشكرەكەماندا. ئیتر كارتى ژمارەى تەلەفۆنە باخەڵیەكەى خۆى پێتدا، ئەو هەستاو ڕۆیشت . تۆش لە ترسى گیانى خۆت نەتهێشت ئەو بگاتە بەر دەرگاى باخەكە تەلەفۆنت بۆ كردوو وتت من ڕازیم. ئەویش وتى كەواتە بەیانى وەرە بۆ دەزگاى ڕاگەیاندنى حیزبەكەمان. تۆش بەیانى ڕۆشتیت و سەرۆكى دەزگا سەرنوسەرى ڕۆژنامەیەكى پێدایت و پێشى وتیت ئەبێت هەموو ژمارەیەك نوسینێكى پیرۆز ئامێز بۆ پیرۆزكردنى سەرۆك بنوسیت. تۆش هەروات كرد بەڵام نەتزانى ئەم ڕووداوە لە دەرەوە سایكۆلۆجیەتى هەمووجەماوەرى تێكداوە. بەڵام تۆ لە نوسینى هەموو بابەتێكدا لە دڵەوە بێزت لە سەرۆك ئەكردەوە. ڕۆژێك بۆ نوسنى بابەتێكى نوێ كە دەست نا بە كیبۆردى كۆمپیوتەرەكەدا پێكەنینێكى بەرز گرتیتى سكرتێرەكەت كە كچێكى جوان بوو هاتە ژوورەوەو وتى: ئەوە بۆ پێدەكەنى تۆش وتت: بژى سەرۆك. ئیدى بابەتەكەت بەناوى بژى سەرۆك نووسیوو بڵاوكردەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە