لەم سەرو بەندى مۆندیالەدا شانازى بە ماندێلاوە دەكەم ..
Thursday, 17/06/2010, 12:00
تا بە ئارامى و خامۆشى نەمرم دەمەوێ بنوسم.....
....... هەندێك جار ئاواتەخوازم دەوروبەرم چۆڵەوانیەك زیاتر هیچ نەبێت. تاكو لە سۆى ئەو نادادییانەى دەیبینم هاوارێك بكەم هەموو گێتى دەنگ بداتەوە. ئاخر ئێمە دەبێت لە كوێوە دەستمان پێكردبێت وا هێندە لەناو بێ سەرو بەریدا غەرق بووین. سەركردەكانى ئەم وڵاتە لە ڕێگاى مەقاش قەڵەمەكانیانەوە یان هەندێك جار بۆ خۆیان دێن و لە شاشەكانیانەوە هەرچى قسەى تڕۆهات هەیە ئەیدەن بە تەنگەى ئەم میللەتە پڕ لە ئازارو برینا. وەك ئەوەى ئەوان نەبوون وەك ئێمەو ئیمڕۆ بۆ ڕۆژێك درەو یان دەسكەنەكردن لە ئێرانا مەمنوونى كشاوەرزێكى سادە دەبوون. كەچى ئەمڕۆ كاتێ خۆیان لە بچوكترین شتەوە تاكو بوونى باڵەخانەو كارگە لە وڵاتانى دراوسێ و ئەوروپا هەموو ئیمتیازاتێكى خۆشگوزەرانیان هەیە لە كوردستانێكدا كە هەندێك خەڵك هێشتا لەسەر زبڵەكانى چەمى تانجەرۆ ئەژین.و چەندەهاش وەك ڕۆژانى ئاوارەیى ئەوان بێ ڕۆژێك ئیشكردن یەك خێزان ژیانى دەكەوێتە مەترسیەوە. ئاخر هەموو مرۆڤێك ڕۆژانە پێویستى بەبڕى تەواو لە ڤیتامین و پرۆتین و چەورى و توخمە ماددەكان هەیە كە هەریەكەیان و هەر جۆرێكیان لە ماددەیەكى خۆراكى تایبەتەوە دەستدەكەوێ. واتە مرۆ لە ڕۆژێكدا پێویستى بە خواردنى (گۆشت، نان، برنج یان هاوشێوەیەكى، ئاو، سەوزەو میوە) هەیە تاكو هەموو پێداویستیەكى گەشەكردن و بەردەوامى ژیانى دەستكەوێت. بەڵام بەلاى كەمەوە 50%ى ئەم وڵاتەى ئێمە ناتوانێت لە هەفتەیەكیشدا ئەمانە بخوات. ئەدى پرسى خوێندن و خوێندنەوەو ڕۆشنبیرى و كتێب و ڕۆژنامە دەگاتە كوێ؟ ئایا خەڵك سكى خاڵى بێت، دەیپەرژێتە سەر مێشك، دەیپەرژێتە سەر بیركردنەوە؟من لێرەدا گومان دەبەم كە ڕەنگە ئەم دەسەڵاتە بە ئەنقەست ئەم سیاسەتە پەیڕەوكات تاكو خەڵك لە جیاتى بیركردنەوە بۆ ژیانێكى باشتر، بیربكەنەوە بۆ لە برسا نەمردن. ئەوەنیە م. گۆران بەرپرسى پەیوەندییەكانى پێشووى پارتى "ئەگەر بەهەڵەدا نە چووبم" لە دیمانەیەكى گۆڤارى لڤیندا دەڵێ:(هەتا خەڵك هوشیارتر بێتەوە لە زیانى پارتییە) ئاخر ڕەنگە هەر لەبەر خاترى ئائەمەش بێت كە لەكاتى موناقەشەى بودجەى 2010دا نەیان هێشت پارەى ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنوسەكانى نزیك لە حیزب ببڕن تاكو وەكو ڕۆژنامەى هەولێر هەر بە بەلاش بڵاوى بكەنەوە چونكە ئەوان باش دەزانن كۆمەڵگا زۆرێكى هەژارەو مەگەر هەر ئەو بەللوشیە بخوێنێتەوە بۆ نەگبەتى كورد ئێستا ئەو ڕۆژنامە چوار پاشكویشى هەیە واتە بەهەدەردانى ماڵى میللەتیان دووقات كردووە. لەهەمووشى نەگبەتى تر ئەم ڕۆژنامە جورئەتى وتنى وشەیەكى ڕاستیى نیە. لە كاتێكدا دەبێت رۆژنامە بە تایبەتى ئەدەب(كە ئەم ڕۆژنامە پاشكۆى فەرهەنگى هەیە) بتوانێت خەڵك یاخى بكات. بەكورتى ئەوەى لە دژى حیزبەكەى ئەوان بێت لەم ڕۆژنامەو هاوشێوەكانى بڵاونابێتەوە ئەگەر هێرشێكى هاوشێوەى 31/ئابیش بێت. ئەم سیاسەتە ڕەنگە لەدواى جودابوونەوەى باڵى ریفۆرم لاى یەكێتیش پەرەى پێدرابێ.
ئەوا نزیكەى 20ساڵ بەسەر ڕاپەڕیندا گوزەرى كەچى هێشتا ئەم دەسەڵاتە نەیتوانیوە بە عەقڵانیانە كیشەى كەس و كارى پاشماوەى ئەنفال چارەسەر بكات و بیانهێنێتەوە ناو ژیانى ئاسایى. یان لێرەشدا مافى خۆمە گومان ببەم كە بە عەمدى دەیەوێت ئاوا بژین تاكو جل شۆرى و نانكەرى و كرێكارى بۆ هەندێك حیزبپێداوى ئەو ناوچانە بكەن.
هەتا ئێستا سەدان زامدارى تاوانى كیمیابارانى هەڵەبجە لە مەمرەو مەژیدان و كەچى زۆر ئاسانە پارە لە گۆرانى بێژێكى تورك،فارس و عەرەب سەرف دەكرێت كە كۆنسێرتێكى تایبەت بۆ خۆیان دەكات.
لەلایەكى تریشەوە لەم دنیا پڕ جەنجاڵەى ئێمەدا هەر كەسەو لەلاى خۆیەوە خەریكن ڕەخنە دەگرن. خەڵك لە هەموو شوێنێ گلەى دەكەن، ڕۆژنامەكان دەنووسن، TVییەكان دەڵێن. كەچى پێناچێ كەس بەباشى گوێ بگرێ.
من لەم سەروبوندى دەستپێكردنى مۆندیالەدا زۆر شانازى بە نیڵسۆن ماندێلاوە دەكەم. ئاخر منێكى كورد بۆ دەبێ شانازى بە پیاوێكى ئەفریقیەوە بكەم؟. حەقمە شانازى پێوە بكەم چونكە ئەو مرۆڤێكە بەهۆى بزوتنەوەیەكى ناتوندوتیژی و مەدەنییەوە توانى ئەفریقاى باشور بگەیەنێتە ئەم ڕۆژە كە جیهان ڕێزى لێبگرن. ئەبێ شانازى پێوە بكەم چونكە ئەو دامەزرێنەرى كلتورێكە خوێن ڕشتن ڕەتدەكاتەوە وەكو غاندى و لۆتەر كینگ. ئەمەش تەنها ئاواتى منە وەكو كوردێك كە ئیدى وشەو گفتوگۆ جێگەى تفەنگ، گوللە و خوێن بگرێتەوە.شانازى دەكەم بەو پیاوەى كە لە پێناو ئەفریقادا ئەشكەنجەى زیندانى كێشاو لە كاتى ئازادى و دەستكەوتدا ئەو دەسەڵاتى وەلاوەنا بۆ خەڵكانى تر. ئەو پیاوەى كە ئەمساڵ وڵاتەكەى میواندارى گەورەترین ڕووداوى دنیا (كاسى جیهانى) دەكات كە ئەو لە پێناوىدا تێكۆشا، لەوانەیە ئەو پیاوە شەرەفى ئەوەى پێ بدرێت جامەكە بدات بە براوەى مۆندیال وەك چۆن بە شەرەفەوە ئامادەى یەكەم یارى و مەراسیمى كردنەوەى دەبێت.(بەداخەوە بەهۆى مردنى مناڵێكى خێزانەكەیەوە نەیتوانى بەشدار بێت.) زۆر بە داخەوە سەرۆكەكەى ئێمەش كە چوو بۆ توركیا گەورەترین سوكایەتیان لەسەر ئاڵا پێكرد وەك چۆن هەمیشە تورك ئاكامى هەموو دەردە سەرییەكى ئێمە بووە ئەمجارەش بەم سەردانە پڕ لە فریودانە دەیەوێت دوبارە شەر ِى براكانمان پێ بكاتەوە. لە هەمووشى كارەسات تر ئەوەیە وەزیرى دەرەوەى توركیا لە كاتى باسكردنى كێشەى ئاڵادا بە سەرۆكى هەرێم دەڵێت كەسایەتیەكى بەناوبانگى بنەماڵەیەكى عێراقیە. لەكاتێكدا ڕاگەیاندنى پارتى بە سەرۆكى كوردستان لاف لێدەدەن. سەرۆكى هەرێم چەند جارێك دەڵێت: داواى لێبوردن دەكەین لەو شەڕى براكوژیەى ڕوویدا لە نێوانماندا. باشە ئەگەر ئەو خۆى بە سەرۆكى هەرێم دەزانێ چ مانایەتى كە هەموو ڕەفتارێكى لە سەرۆكى حیزب و عەشرەت ئەچێت ئاخر ئەو ئەگەر سەرۆكى هەرێمە با هەندێك تەنەزول بۆ یەكێتى بكات لە پێناو كوردستاندا خۆ خۆى هەر دەبێتە سەرۆكى هەمووان. بەڵام ئەو تا ئێستا لەسەر كورسى مدیر ناحیەیەكیش لەگەڵ یەكێتیدا فیفتى بە فیفتى دەكات. بۆیە ەبێت چاوەڕێ بین خەڵكى تریش سوكایەتیمان پێبكەن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست